خۆپیشاندانەکان بەرەو چ ئاڕاستەیەک؟

Wednesday, 20/12/2017, 0:20

4557 بینراوە


زیاتر لە چارەکە سەدەیەكە، کە دەسەڵاتدارانی کوردستان تەواوی هەلومەرجە گونجاوەکانی خەڵکی کوردستانی باشوریان لە دەست دا، شکۆی نەتەوەیی و کەسایەتیی کورد و تاکەکانی کۆمەڵگایان گەیاندە نزمترین ئاستی مرۆڤبوون.
شەڕ و وێرانکاری ناوخۆ، گەندەڵی و پیسخۆریی. دزیکردن لە سامانی نەتەوە و نیشتیمان بوو بە سیمای سیستەمی بەڕیوەبردن، بە ئاشکرا و بێترس گەورەترین خیانەتی نەتەوەییان لە خاک و لە نیشتیمان کرد، بێشەرمانە دەسیان خستە نێو دەستی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستانەوە. بۆ دژایەتی رزگاریخوازانی پارچەکانی دیکەی کوردستان سوپای داگیرکەرانیان پەلکێشی باشوور کرد، لەگەڵ ئەمانەشدا پاداشتی جاش و ئەنفالچییەکانیان بە بەخشینی پایە و پلەی سیاسی دایەوە و پارێزگاریان کردن،  دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور کەوتنە رفاندن و زیندانی کردن و ڕەشەکوژی هاوڵاتیانی ناڕازی و دەنگە ئازادەکان. لەپاڵ ئەمانەدا سیاسەتی برسی کردن، کوشتن و شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتیان کردە بەرنامە، لەشکرێك لە  پاسەوان و موچەخۆری بندیوار و میدیاکارانیان دروست کرد، کە لەسەر قوتی خەڵکی کوردستان بەڕێوەبچن. تەواویی ئەم تاوانانە بۆ بەرژەوەندی بنەماڵە و حیزبی و تاکەکەس و پیاوانی خۆیان و داگیرکەران بوو.
بۆیە جەماوەری خۆڕاگری کوردستان بە ئاراستەی چەندین شێوازی دەربڕین، ناڕەزایی خۆی دەربڕی، کە بە خۆپێشاندانی ١٧ی شوبات و زنجیرە خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد، دەنگی ناڕەزاییەکان لە ڕێگای میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرانەوە.
خۆپێشاندانەکانی ١٨ی کانونی دووهەم درێژەدانە بەو ناڕەزاییانە و خۆشبەختانە بە شێوازێکی بەهێزتر و فراوانتر شەقام جوڵێنراوە، ئەم ناڕەزایی دەربڕین و داواکارییە ڕەوایانەی خەڵك بە ئاراستەیەکدا دەڕوات، کە دەسەڵات چیدی ناتوانێت وەکو خۆپێشاندانە لەیەكداپچراوەکانی ڕابردوو سەرکوت بکرێتەوە. هەرچەند بەڕواڵەت  بەرەو ئەوە دەچێت.
تەواویی لایەن و دەزگاکانی دەسەڵات و پارتە سیاسیەکانی دەوروبەریان مەترسی ڕاپەرینی جەماوەریی و لە دەستدانی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیان باڵی بەسەردا کێشاون، بەشێک لە خاوەن پۆست و دەسەڵاتدارانیش وەکو هەمیشە دوو ڕووییانە رۆڵ دەبینن و پشتیوانی داواکاریەکانی خەڵك دەکەن، وەکو ئەوەی خۆیان رابەڕی خۆپیشاندانەکان بن، هەموو پارتەکان خۆیان دەڵین ئێمەش لەگەڵ داواکاری خۆپیشاندەرەکانداین! بە رادەیەک ئیدی هیچ داواکارییەک بۆ جەماوەر و خەڵکی کوردستان نامێنێتەوە، خۆیان وەک تاوانبارێک  نابینن، لەو نێوەندەدا، تاوانبارەکە، خۆی تێدا ون دەکات! ئەمەش لە خۆیدا جۆرێکە لە گاڵتەکردن بە خەڵکی، کە خۆیان دروستکەری نەهامەتییەکانی خەڵكی کوردستانن، لەم ڕێگایەشەوە هەڕەشەکانیان بە خەڵکی دەگەیەنن و داوا دەکەن، دووربن لە توندوتیژی. توندوتیژیی و بەکارهێنانی چەك تەنیا پیشەی خۆیان بووە نەك جەماوەر.
بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کە چەندین ساڵە روویەکیان لە دەسەڵات بووە ، بە شێوازی فەرمی و لە لایەن کەسایەتیەکانیانەوە هەمان ڕەوتی دەسەڵاتیان گرتۆتە بەر و داواکاریان تەنیا هێورکردنەوەی جەماوەری خۆپێشاندەران بووە، هەرگیز دەسەڵاتیان تاوانبار و سەرکونە نەکردووە، لە بری داواکردن لە دەسەڵات و هێزە سەرکوتکەر و میلیشیا حیزبیەکانیان، تەنیا داوایان لە جەماوەی توڕەی خۆپیشاندەران کردووە کە توندوتیژی بەرامبەر بە دەسەڵات بەکار نەهێنن، هەر بۆیە ئیتر خەڵکی بڕوای بە بزووتنەوەی گۆڕان و پارتە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانییش نەماوە، ئەمەش وای کردووە، سروشتی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە هاندەری ڕاستەوخۆ بن، کە جارێکی تر توندوتیژی بەکار بهێنن و تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن.
هەرچەندە ئەم خۆپیشاندانە بەشێوەیەک رێکخستن و بێ بەرنامە بەڕێوە چووە و دەچێت، بەڵام ئێمە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ناڕازیی خەڵکی باشووری کوردستان، داواکارین بە ئاراستەی راماڵینی دەسەڵاتی بنەماڵە و نەمانی دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور هەنگاو بنێت، دڵنیاشین پاشەرۆژ بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان و نەمانیش بۆ ئەم خائین و ناپاکانە دەبێت. لێرەدا کوردستانپۆست چەند پێشنیارێک دەخاتە بەردەم خۆپیشاندەران، کە رەوتی ئەو خۆپیشاندانانە بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە بەرن:
گوێ لە ئەدهەم بارزانی بگرن بزانن چی دەڵێت!؟
پێشنیارەکان:
• بەهیچ شیوەیەک پەلاماری بارەگا و دائیرە و خەستەخانە و شوێنە فەرمی و خزمەتگوزارییەکان نەدرێت و ئەو شوێنانە نەکرێنە ئامانج و نەسوتێنرێن.  
• ئەو شوێنانە موڵکی دەوڵەتی نیشتیمانیین، کە دوای نەمانی ئەمانە دەبێت بمێننەوە، چونکە لەلایەن ئەم دەسەڵات و پارت و بەرپرسانەوە داگیرکراون، موڵکی ئەوان نییە، بەڵکو موڵکی ئێوەیە.
• یەکێتی لە سلێمانی باڵادەستە و هەندێک جار هاندەرە بۆ ئەوەی بارەگای پارتیی و بارەگای هەندێک لە پارتەکانی دیکە پەلامار بدرێن و بسوتێنرێن، لە هەولێر و دهۆکیش بە پێچەوانەوە پارتیی هەمان سیاسەتی هەیە، بۆیە نابێت خۆپیشاندەران ئەو ئەرکە لە کۆڵ حیزبەکان بکەنەوە، هەموو پارتەکان تاوانبارن و دەبێت بەیەک چاو سەیریان بکرێت.
• رێگا نەدرێت هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدار و پەرلەمەنتار و بازرگانێکی گومانلێکراو بێنە ناو خۆپیشاندانەکانەوە، ببنە دەمراست و پێشڕەویتان بکەن.
• سەرا و گۆڕەپانەکان بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بەبێ چەک نەکرێنە شوێنی کۆبوونەوە و دەربڕینی دەنگی رازیی و چەقی تێدا ببەستن، ئەم کارە دەسەڵات ناترسێنێت بەڵکو هێزە چەکدارەکانی ئەو پارتانە، لەوێوە شکۆی دەنگتان دەشکێنن و دەستنیشانتان دەکەن بۆ دەستوەشاندن و گرتن و کوشتن.
• دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور ئەزمونیان هەیە لە هێورکردنەوە و ماندووکردنن و بێ هیوابوون، کە سەرەنجامەکەی بە خراپی بە سەر دەروونی خەڵکیی و خۆپیشاندەراندا دەشکێتەوە، پێویستە بە سەدان چەکداری نهێنی پاریزگاریی  رەوشی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندەرەکان بکات.
• ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان تەنیا بەرەو ماڵ و موڵکی بەرپرسەکان بچێت، ئاو و کارەبایان لێببڕن تا ئەوان وەکو خەڵکەکە هەست بە بێ ئاوایی و بێ کارەبایی و بێ خواردن بکەن. هەوڵ بدەن بەرپرسەکان لە نێو ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و دادگایی بکرێن. وەکو ئاگادارکراوینەتەوە، زۆربەی پارە و سامانی زۆری بەرپرسەکان ئەوانەی کە هێشتا فریانەکەوتوون بینێرنە دەرەوەی وڵات، لە شوێنی تۆکمەی ماڵەکانیاندا شاردوویانەتەوە هەوڵ بدەن دەستی بەسەردا بگرن.
• لە سەرچاوەی ئابووری و دزیی بەرپرسەکان بدرێت، وەک نمونە خۆپیشاندەران رێگا لە تانکەرە نەوتەکان بگرن، ئەگەر پێویستی کرد بسووترێن، تا دەسەڵات هیچ رێگایەکی دیکەی نەمێنی بۆ دزیی و تاڵانیی.
• هەر توندوتیژییەک کە هێزە میلیشیاکانی دەسەڵات بەرامبەر بە خەڵک بەکاری دەهێنن پێویستە دۆکۆمێنت بکرێن و بە ڤیدیۆ و کامیرا بگیرێن، تا لە پاشەڕۆژدا ئەو تاوانبار و پیاوکوژانە بەسزا بگەیەنرێن.
پارتەکانی باشوور و دەسەڵاتی کوردیی، گەورەترین تاوانبارن و دەبێت بەرپرسانی ئەم بارە ناهەموارەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە، هەموویان بە سزای دادگای گەل بگەیەنرێن، لە ئیساوە تەواوی ئەو لایەنانە شەرمەزار دەکەین کە ئەمانە تەنها توڕەییەکانی خەڵك و خۆ پێشاندەران دەبینن و چاویان لە ئاستی توندوتیژی و تاوانکارییەکانی دەسەڵات و هێزە میلیشییاییەکان دەبەستن. داوا لە تەواوی خەڵکانی ناڕازی و دڵسۆزانی ناو لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان بە تایبەتی دڵسۆزانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین، ئەوانەی کە لەگەڵ سیاسەتی سەرانی گۆڕاندا نیین، هەروەها ئەوانەی ناو پارتەکانی تر، کە کەمێک ویژدان و موڕاڵیان تێدا ماوە، با هەڵوێستیان ئاراستەی ڕاماڵینی دەسەڵات وەرگێڕن و بەو ئاراستەوە بەشدار و پشتیوانی خۆپێشاندەران بکەن، نەک بۆ پارتەکانی خۆیان، ببنە دوژمنی خەڵکی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە