چەند پرسیارێک لەسەر شاسوارو دوو کۆمپانییا بییانییەکە

Wednesday, 20/12/2017, 15:31

7678 بینراوە


کوردستانپۆست ئەم نووسینەی لە سایتی ئاوێنەوە وەرگرتووە، تا وەکو بەڵگە لە ئەرشیفدا بمێنێتەوە، وێنەکە پەیوەندیی بە راو وبۆچوونی نووسەرەوە نییە، هەڵوێست و بەدواداچوونی کوردستانپۆستە لەسەر ئەم بازرگانە تاوانبارە، کە دەسەڵات بۆ خۆیان دروستیان کردووە و شاسواریش وەکو ئەکتەرێک بۆیان جێ بەجێ دەکات، بۆ ئەوەی دزیی و تاوانەکان سپی بکاتەوە، رێکخراوی سیاسیی وەکو نەوەی نوێی پێدروست دەکەن، بەریدەدەنە گەنج و خەڵکی نارازیی، تا ئەوانەی لە دەستیان چووە، لە رێگای شاسوارەوە بیانهێننە ژێر بار، یان بێدەنگیان بکەن، شاسوار دروستکراوی خۆیانە، ئەو کارانەی دەیکات، بۆ ئەوەیە لەناو ئەو رێکخراوەدا وەکو دز و خائین و سیخوڕێک ملی نەکرێت بە پەتی رق و کینەی خەڵکدا. ئەوەی خوارەوە بخوێنەرەوە، بزانە گەمەکە لە کوێوە دەست پێ دەکات. ئایا کەسێک ئەگەر تەوێڵی سپی و دەستی پاک بێت، بەم جۆرە رەفتار دەکات؟ ئەو هەموو پارە و سامانە دەدزێت، ئەگەر دەسەڵاتی لە پشت نەبێت!؟ خەڵکی دەبێت وشیارببنەوە، بە قسەی لوسی ئەم تاوانبار و دزانە هەڵنەخەڵەتێ!
--------------------------------------
ئارام رەفعەت
شاسوارعەبدولواحید لە ٢٠/١١/٢٠١٧دا رایگەیاند کە تەلەفزیۆن و کۆمپانییا بازرگانییەکانی بە دوو کۆمپانییای بیانی بە بڕی ٦٨١ ملیۆن دۆلار فرۆشتووە. 
پرسی فرۆشتنی ئەو کۆمپانییایانە لەو سات و وەختە ئاڵۆز و ناجێگیرەدا و بەو بڕە پارە زەخمە و بەو ناروونی و نارۆشنیی و ناشەفافییە کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت، کە من هەندێکییان دەخەمە روو.
١) ئەوەندەی من ئاگادار بم، هیچ میدیایەکی کوردستانی تا ئێستا زانیاری لەسەر ئەو کۆمپانییایانە بڵاونەکردۆتەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە:
+ ئەو کۆمپانییا بیانییە کێن؟
+ کۆمپانییاکان هی چی وڵاتێکن؟
+ دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم تا چەندە ئاگاداری ئەم کڕین و فرۆشییە و هاتنی ئەو کۆمپانییا بیانییانەن؟
+ دوای ماسمیدیای پارتی، کەناڵە میدییاییەکانی نالییا دێت، بۆچی دەبێت دەزگا پەیوەندی دارەکان و رای گشتی خەڵکی کوردستان بێ ئاگا بن لە ناسنامەی خاوەنە بییانییەکانی دووەم گەورەترین گروپی میدییای هەرێم؟
٢) کاک شاسوار لە روونکردنەوەکەیدا تەنها ئاماژەی بەوەدا کە پشکەکانی بە دوو کۆمپانییای بیانی فرۆشتووە، بەڵام ناوی کۆمپانییاکانی نەهێنا. 
پرسیار ئەوەیە:
+ بۆچی ناوی کۆمپانییاکانی نەهێنا و بە نهێنی هێشتەوە؟
+ بۆچی لانی کەم ئاماژەی بە ناشناڵەتی (وڵاتی) ئەو کۆمپایانە نەدا؟
+ بۆچی پێشتر راینەگەیاندبوو کە پشکەکانی دەفرۆشێت؟
+ بۆچی ئەو شانسەی بە کۆمپانییا خۆماڵییەکان، یان لانی کەم بە کۆمپانییا عێڕاقییەکان نەدا؟
٣) کاک شاسوار کۆمپانییاکانی لە بارودۆخێکدا فرۆشتووە کە:
– کوردستان بەهۆی ریفراندۆمێکی فاشیل و سەرنەکەوتوو قەیرانێکی قوڵی بێپێشینەدا بوو کە لە دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦وە ئەو کێشە و قەیرانانەی بەخۆوە نەدیبوو.
– زۆربەی وڵاتانی دونیا، بە ئەمەریکا و تورکیاشەوە، پشتییان لەهەرێم کردوو هەموو جۆرە ئیستیسمارێکی بیانی لە هەرێمدا بەتەواوی وەستابوو.
– حەشد گەییشتبووە قەرەهەنجیر و پردێ و هەڕەشەی ئەوەی دەکرد هەموو کوردستان کۆنترۆڵ دەکاتەوە.
– کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەدوای ریفراندۆم هێندە فراوان بووبوو هەرەشەی تەقینەوەیەکی سەرتاسەری لێدەکرا.
– کێشەی ناو باڵەکانی یەکێتی کە حاکمی زۆنی سەوزە (شوێنی ئیستیسماری کۆمپانییاکانی شاسوار) لە ئاستانەی تەقینەوەدا بوو.
– کێشەی نێوان ئۆپۆسزیۆن و دەسەڵات تا دەهات قوڵتر ببوەوە و دواجار دوای کەمتر لە مانگێک و لە ١٨ی کانونی یەکەم نارەزایەتییەکان سەرتاپای پارێزگای سلێمانی گرتەوە.
– لەهەموو ئەوانەی سەرەوە سەرنجراکێشتر ئەوەیە، کڕین و فرۆشییەکە لە کاتێکدا کراون کە هێشتا سێ هەفتە تێنەپەڕیبوون بەسەر پەلاماری لایەنگرانی پارتی بۆ سەر نوسینگەکانی ئێن ئارتی لە هەولێر و دهۆک و تاڵانکردن و تێکدانی زۆربەی نوسینگەکانی ئەو دوو پارێزگایەدا. 
– لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هەڵوێستە بوێرەکانی ئێن ئارتی ئەو کەناڵە چەندان جار رووبەڕووی سوتاندن و تاڵانکردنا هاتووە.
– خودی کەناڵی ئێن ئارتی بەردەوام ئەو هەقیقەتەی خستۆتە روو کە میدیا و میدیاکاران لە کوردستاندا لەژێر هەڕەشەدان.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە و بە ئیزافەکردنی ئەو رێسا ئابوورییەی کە سەقامگیری و گەشەسەندن لەکوێ بێت سەرمایە و ئیستیسماریش لەوێیە، ئەم پرسیارانە سەر هەڵدەدەن:
+ ئایا هاتنی دوو کۆمپانییای بیانی بە گوژمەی ٦٨١ ملیۆن دۆلارەوە بۆ هەرێمێکی ناسەقامگیر و ئابوری دارماو و لەبەردەم هەرەشەی شەڕی ناوخۆ و پەلاماری حەشددا پێچەوانەی هەموو یاسا و رێسا بازرگانی و ئابوورییەکان نییە؟
+ ئایا لە مێژووی بازرگانیدا سەرمایەدارێک هەبووە هێندە نەفام بێت بڕی ٦٨١ ملیۆن دۆلار بخاتە هەرێمێکی بیانییەوە کە لەئاستانە دارماندایە؟
٤) کەرتی میدیایی لەهەرێمی کوردستان کەرتێکی قازانجبەخش نییە، لەهەرێمی کوردستاندا:
– نە پرۆژە هەیە و نە ریکلام، هیچ تەلەفزیۆنێک ناتوانێت بەشی ئیدارەدانی خۆی سەرمایە پەیدا بکات و تەنانەت گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش کێشەی ئیدارەدانی یەک کەناڵییان هەیە. 
– هەمان شت راستە بۆ میدیاکانی نالیا و تەنانەت شاسوار خۆی پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەو قازانجێک کە لە کۆمپانییا بازرگانییەکانی دەستدەکەوێت بۆ ئیدارە دانی تەلەفزیۆنەکانی تەرخان دەکات. 
پرسیارگەلێک کە بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن ئەوانەن: 
+ ئایا رێی تێدەچێت هیچ کەسێکی بیانی ئامادە بێت نەک ٦٨١ ملیۆن دۆلار بەڵکو ٦٨١ هەزار دۆلار بخاتە چەند پرۆژەیەکی میدیایی و گەشتیاری و بیناسازی هەرێمێک ئەویش بۆ چەند کۆمپانییایەک کە هەم بەشێکی زۆری قەرزاری خەڵکە و هەم بەشێکی قەرزەکانیشی لای خەڵکن؟
٥) بەگوێرەی پەیامەکەی شاسوار بێت ١٠٠%ی پشکەکانی بە دوو کۆمپانییا بییانییەکە فرۆشتتووە، بە رادیۆ و کەناڵە تەلەفزیۆنەکانیشییەوە. 
پرسیارەکان ئەمانەن؛
– لەهیچ شوێنێکی دوونیادا هەبووە، کۆمپانییای بییانییەکان خاوەندارێتی ١٠٠%ی کەناڵە تەلەفزیۆنە لۆکاڵییەکانی وڵاتێکی تر بکەن؟
– بۆچی هیچ لەنەهج و لایەندارێتی کەناڵەکانی نالیا نەگۆڕاوە و وەک پێشوتر تەرەفداری لایەنێک دەکات؟
– ئایا هیچ سەرمایەدارێکی هێندە نەفام لەدونیادا هەیە سەدان ملیۆن دۆلار بخاتە پرۆژەیەکەوە و پرۆژەکەش بخاتە خزمەت جوڵانەوەیەکی سیاسی و لەهەرێمێکدا کە زۆربەی جارەکان حیزبە حاکمەکان لەرێگای چەکەوە کێشەکانییان لەگەڵ حیزبەکانی تردا، بەتایبەت حیزبە بچوکە مەدەنییەکاندا یەکلا دەکاتەوە.
خوێنەری بەرێز دەتوانێت ژمارەیەکی تری پرسیار ئیزافەی ئەم پرسیارانە بکات. بەو هیوایەی خاوەنە کۆن و تازەکانی کۆمپانییاکانی نالیا بەرچاورونییەک بدەنە خەڵکی باشوری کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە