هێرۆ لە سلێمانی دوکانی گوڵفرۆشتنی داناوە

Monday, 25/12/2017, 1:26

5637 بینراوە


لە مێژوودا هاتوە کە میسریەکان یەکەم میللەتن لە ٢٥٠٠ساڵ پێش زاینیی "گوڵ"یان خستۆتە نێو "گوڵدان" و "ئینجانە" بە مەبەستی ڕازاندوە و جوانکردنی دیکۆر وەکو، ڕازاندنەوەی "تابوت"، هۆنینەوەی گوڵ وەک ملوانکە، دروستکردنی کردنی چەپڵە "گوڵ"ی رەنگاوڕەنگ لە "گوڵ"ی جۆراوجۆر. دواتر یۆنانییەکان "خونچە"یان بەکارهێناوە بۆ ڕازاندنەوەی مێزی نانخوارند لە بۆنە جیاجیاکاندا. چینییەکان لە زەمانێکی زووەوە "گوڵ"یان بەکارهێناوە بۆ مەبەستی وتنەوەی وانە ئایینیەکان. ئەوروپا بەهەمان جۆر "گوڵ"یان بەکارهێناوە بۆ ڕازندنەوەی کەنیسەکان و جۆرێک لە گوڵیان بەکارهێناوە بۆ خواردن. لە میژوودا ئیتالییەکان یەکەم میللەت بوون "تابلۆ" هونەریەکانیان تێکەڵ کردوە بە "گوڵ"ی ڕەنگاوڕەنگ. ئەمریکییەکان دانانی گوڵی لاسک درێژ لە نیو "گوڵدان" بە مانای سەرکەوتن و خۆشی بووە لایان. 
ئەم جۆرە مێژووە کاردانەوەی هەبووە لە سەر نەوکانی ئەو وڵاتانە، لە جۆری مامەڵەیان و تێڕوانینیان بۆ "گوڵ" و بەکارهێنانی لە نێوان یەکتری لە بۆنە جیاکاندا بە مەبەستی رێز و دەربڕینی هەستی جوان بەرامبەر بە یەکتر. ئەم جۆرە کولتوورە لای ئەو میللەتانە باوە بۆ نمونە "گوڵ" دەکەن بە دیاری بۆ هەواڵپرسینی "نەخۆش". دوو خوشەویست لە نێوان یەکتری بۆ دەربڕینی هەستی ناسک بە دیاری "گوڵ" دەدەن بە یەکتر. بێگومان لە نێو ئەو جۆرە کولتوورەدا تاکەکان شاڕەزاییان هەیە کە هەر جۆر و ڕەنگی "گوڵ" بۆ چی بۆنەیەک بەکاردەهێنرێت. 
ئەمڕۆ، لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە مامەڵەکردن بە "گوڵ" لە کولتووریاندا ڕەگیکی مێژووی هەیە بازرگانی کردن بە "گوڵ" بووە بە سەرچاوەیەک بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان وە تێبینی دەکرێت لە زۆربەی شارەکانی ئەوروپا، ئەمریکا، چین، ژاپۆن و وڵاتانی تر بە سەدان دوکانی گوڵفڕۆشتن دانراوە و بووە بە سەرچاوەیەکی بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان و بازرگانی. 
ئاشکرایە کە لە نیو میللەتی کورددا ئەو جۆرە کولتوورە باو نییە و ڕەگێکی مێژووی نییە، پارەدان بە "گوڵ" و بەدیاری بردنی بۆ یەکتری لە نێوان تاکەکانی میللەتی کورددا لە "کوردستان" بە دەگمەن بینراوە و دەبینرێت.
کاتێک کە پێشمەرگە بووم، لە زۆربەی دانیشتنەکان لەگەڵ "هێرۆ"ی خێزانی "تاڵەبانی"، بە سەدان جار گویبیستی ئەوە بووم کە "هێرۆ" دەیگوت " ئەگەر هاتوو رۆژێ لە ڕۆژان گەڕاینەوە شار و قۆناغی شاخ کۆتایی هات، "!؟ "من تێکەڵاوی سیاسەت نابم، لە سلێمانی دوکانێکی گوڵفڕۆشتن دادەنێم و گوڵ دەفڕۆشم"!
٢٦ ساڵە قۆناغی شاخ تەواو بوو و "هێرۆ"ی خێزانی تاڵەبانی لە شاری "سلێمانی" ژیانی شاهانە بەسەر دەبات لە بڕی بوون بە گوڵفرۆش بوو بە نەوت فڕۆش!
 "هێرۆ" لە بڕی کردنەوەی دوکانی گوڵفڕۆشی لە سلێمانی، دەستی کرد بە کردنەوەی  کۆمپانیای بازرگانی تایبەت بەخۆی، میدیا و کەناڵی تەلەفزیۆنی درۆزنی سەربەخۆی، "سلێمانی" پڕ کرد لە دەزگای ئیتیلاعاتی ئیرانی، بنکەی عاشوورە، دەزگای هەواڵگریی میتیی تورکی، دەزگای ئاسایش بۆ تۆقاندنی خەڵک، دەزگای فڕاندن،  کوشتن و دەزگای دژە تیڕۆڕ.
ئەمڕۆ، کۆتایی ساڵی ٢٠١٧یە لە بڕی ڕازانەوەی شاری سلێمانی بە "گوڵ" بۆ ماڵئاوایی لە ساڵی ٢٠١٧ و پێشوازی کردن لە ساڵی تازەی ٢٠١٨، "هێرۆ" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و دەنگە ناڕەزاکانی دژ بە خۆی و کوڕەکان و خزم و کەسی، شەقامەکانی شاری "سلێمانی" تەنیوە بە زریپۆش و "زیرەڤانی"!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە