بەمزوانە بزووتنەوەی گۆڕان دەبێتە دوو باڵ

Friday, 12.29.2017, 21:40

5380 بینراوە


سەرنجی کوردستانپۆست: ئەم بابەتەی کە بەناوی هەڵسوڕاوێکی گۆڕانەوە بڵاوی دەکەینەوە، نووسەرەکەی بە بێ ناونیشان بۆی ناردبووین، بۆیە پاش خوێندنەوەی ناوەرۆکەکەی ئەو ناونیشانەمان بە گونجاو زانی. ئەم نووسینە سەرنجڕاکێشە، بۆیە کوردستانپۆست بەبێ سانسۆر بڵاوی دەکاتەوە. چاوەڕوانی رۆژانی داهاتوو دەکەین،لە روودانی هەر گۆڕانکارییەک، کە لە ناو ئەو بزووتنەوەیە روو بدات. (ئەم بابەتە تایبەتە بە کوردستانپۆست).
-------------------------
ململانێكانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چونه‌ته‌ قۆناغی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، کە له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی به‌ باڵی كۆتر و ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ باڵی هه‌ڵۆكان ناوده‌برێن، یه‌كێكیان ده‌ستی ئه‌وی دیكه‌ تێک بشكێنێت.
ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ڵۆ و كۆتر ئیدیۆمێكی سیاسییه‌، كه‌ بۆ گوزارش له‌ سەر دوو ته‌وژمی جیاوازی ناو بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی دەکات و  به‌كارده‌هێنرێت، ئەو دەستەواژەیەش له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌ رێبازێکی سیاسی نه‌رم و خۆگونجاندن هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌ باوه‌ڕیان به‌ رێبازی سیاسه‌تێكی ڕادیكاڵانتره‌ هەیە بۆ پرسه‌ سیاسیه‌كان، هەڵبەت ئەمەش بە پشبەستن بە ئەزمون و تاقیکردنەوەکان، کە هەر یەکە هێڵێک و رێگایەکی جیاواز دەگرن بۆ چارەسەری گرفتە سیاسییەکان کە ئەو بزووتنەوەیە بەرەو رووی بۆتەوە.
پریارێک لە توێی ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوەدا ئێخەمان دەگرێت ، کە ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا توانی حیزبێكی دامه‌زراوه‌یی له‌دوای خۆی به‌جێبهێڵێت، كه‌ به‌ ئاسانی و رێكوپێكی به‌ڕێوه‌بچێت؟
 له‌وانه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ لای زۆر كه‌س له‌ سۆنگه‌ی سۆزدارییه‌وه‌ به‌ڵێ‌ بێت، به‌ڵام كاتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌یت، ده‌بینیت كه‌ گۆڕان بزووتنەوەیەکی سیاسییە، وا دروستكرا، کە ته‌نها بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا بێت.
بزوتنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر نه‌ریتی هه‌ڵۆ
به‌ڕای هه‌ڵسوڕاوه‌ گه‌نجه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌و جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌ی، كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا دایمه‌زراند له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی هه‌ڵۆ بوو نه‌ك كۆتر. هەرچەندە ئەو ئامانجی بوو پارتێكی سیاسی ناته‌قلیدی دروست بكات، كه‌ له‌ ڕووی سیاسی و فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ جیاوازبێت و سه‌ر به‌ نه‌ریتی حیزبی ته‌قلیدی نه‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن نه‌وشیروان مسته‌فا خواستی ئه‌وه‌بوو بنه‌ماكانی حیزبایه‌تی ته‌قلیدی هه‌ڵته‌كێنێت و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ‌ گۆڕان رێك بخات كه‌ توانای ده‌ستكاریكردن و راماڵینی ئه‌و دۆخه‌ سیاسیه‌ی ئێستای هه‌بێت و له‌به‌رامبه‌ریدا ئەڵتەرناتیڤێکی نوێ‌ پیشان بدات.
له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن ده‌ستی پێكرد و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕۆژنامه‌نووسان و گه‌نجانی له‌ ده‌وری خۆی كۆكرده‌وه‌. دواتریش باڵی ڕیفۆرمی ناو یه‌كێتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ پاڵی.
له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا له‌ 25/7/2009 نه‌وشیروان مسته‌فا لیستێكی ته‌واو جیاوازی دروستكرد له‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ له‌ ده‌وری بزوتنه‌وه‌كه‌ بوون و سه‌ركه‌وتنی گرنگی به‌ده‌ستهێنا و 25 كورسی له‌ په‌رله‌مان گرت، به‌ڵام له‌ دوای ساڵی 2011 كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و ئه‌وه‌ چوو له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ ببێته‌ حیزبێكی سیاسی و دامه‌زراوه‌ حیزبیه‌كانی دامه‌زراند، له‌م سه‌رده‌مه‌وه‌ باڵی ڕیفۆرمی ناو یه‌كێتی پێگه‌ گرنگه‌كانی حیزبه‌كه‌یان گرته‌ ده‌ست، چونكه‌ گه‌نجه‌كان په‌رت و بڵاوبوون و خاوه‌نی یه‌ك هه‌ڵوێستیش نه‌بوون. به‌ڵام باڵه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ كه‌ ئه‌زمونی شاخ و حیزبایه‌تیان هه‌بوو، ڕێكخراوتربوون و شاره‌زاتریش بوون له‌ كاروباری ڕێكخستن.به‌ ئاسانی ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر مه‌كۆ و ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ناو بزوتنه‌وه‌كه‌، ئه‌و مه‌كته‌ب سیاسیانه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌مویان ژووریان پێدرا له‌ گرده‌كه‌ و له‌ ده‌وری نه‌وشیروان مسته‌فا كۆبونه‌وه‌ و خه‌ڵك وه‌ك مه‌رجه‌ع سه‌ردانی ئه‌كردن.
له‌ هه‌ڵبژاردنی 2013 ی په‌رله‌مانی كوردستاندا ئه‌و باڵه‌ی كه‌ له‌ناو یه‌كێتیه‌وه‌ هاتبون و نه‌وشیروان مسته‌فا ناوینابون تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كان و گه‌نجه‌كانیش پێیان ده‌ڵێن باڵه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ی گۆڕان ، به‌هێزه‌وه‌ له‌ناو بڕیاری سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتن و لیستی خۆیان هه‌بوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان.
له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕاوه‌ گه‌نجه‌كانی گۆڕاندا، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ئاشكرا پێی وتون ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه‌ له‌یه‌كێتیدا هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا،(مه‌به‌ستی مه‌كته‌ب سیاسیه‌كان بوو)، له‌مه‌ودوا نیوه‌ به‌نیوه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن له‌ دروستكردنی لیست و ئۆرگانه‌كاندا.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش به‌شێكی زۆر له‌و كاندیدانه‌ی كه‌ له‌ دواهه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دانران كاندیدی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان بون و هه‌ریه‌كه‌یان پشتگیریان له‌ سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕانه‌وه‌ وه‌رده‌گرت.
هه‌رچه‌نده‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌میشه‌ ده‌یوت من  و هاوڕێكانم و هه‌رگیز  بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌ كه‌سێتی خۆیدا كۆنه‌ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام راستیه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ته‌نها خۆی حیزبێكی سیاسی گه‌وره‌بوو.
نه‌وشیروان موسته‌فا وه‌ك پارێزه‌ری به‌ره‌ی گه‌نجه‌كان
هه‌تا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ژیاندا بوو، بۆخۆی پارێزه‌ری ڕۆحی گه‌نجانه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ و پارسه‌نگی هێزی گه‌نجه‌كان بوو له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا.
گۆڕان له‌سه‌رده‌می نه‌وشیروان مسته‌فادا خاوه‌نی زۆر سیفه‌تی گه‌نجانه‌بوو، ڕۆحێكی یاخی پڕه‌ له‌ ووزه‌بوو، تونای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ و به‌ره‌نگاری هه‌بوو، چاوه‌ڕێی نه‌ده‌كرد ڕوداوو ڕوبدات، به‌ڵكو خۆی ڕوداوی ده‌خوڵقاند، ته‌سلیم نه‌ده‌بوو به‌ دۆخه‌كه‌ به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ دانه‌ئه‌نیشت به‌ڵكو توانای گۆڕینی دۆخی چه‌قبه‌ستوی هه‌بوو، له‌ هه‌مان كاتیش له‌و ململانێیه‌ی كه‌ له‌ نێوان به‌ره‌ی كۆن و نوێ‌ خۆی لایه‌نگری یه‌ره‌ی نوێ‌ بوو، ته‌نها له‌م دوایانه‌دا نه‌بێت كه‌ گه‌نجه‌كانی ناو گۆڕان له‌ چه‌ند شوێنێكدا نیگه‌رانیان كردوو به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌ڵوێستی گۆڕا به‌رامبه‌ریان.
له‌ دوای نه‌خۆشكه‌وتن و دوركه‌وتنه‌وه‌ی و سه‌فه‌ری هه‌نده‌ران ، بڕیاری سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست گروپێكی دیاریكراو له‌ سه‌ركرده‌كانی گۆڕان كه‌ هه‌مویان له‌ به‌ره‌ی سه‌ركرده‌ كۆنه‌كان بوون و به‌م دوایانه‌ هه‌ریه‌ك له‌ یوسف محه‌مه‌د و ئارامی شێخ محه‌مه‌دیان برده‌ ناو گروپه‌كه‌وه‌ وه‌ك نوێنه‌ری گه‌نجه‌كان.
دروستكردنی ئه‌و گروپه‌ به‌مانای له‌ده‌ستدانی پێگه‌ی گه‌نجه‌كان بوو له‌ ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا. چونكه‌ ئه‌و گروپه‌ به‌شی زۆریان له‌ڕوی بیركردنه‌وه‌وه‌ سه‌ر به‌ هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ته‌قلیدی ناو حیزبی كوردی بون. له‌سه‌ر ئاستی واقیع نه‌یتوانی سیاسه‌تی ئه‌و گه‌مارۆ سیاسیه‌ بشكێنن كه‌ پارتی و یه‌كێتی به‌ده‌وری گۆڕاندا دروستیان كرد .
ئێستا ئه‌و سه‌ركردانه‌ی گۆڕان بۆخۆیان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ "شتی گه‌وره‌یان نه‌كردوه‌" به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ده‌ڵێن "كه‌تنی گه‌وره‌شمان له‌ده‌ست نه‌قه‌وماوه‌".
ئایا مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا مردنی گۆڕان بوو؟
هه‌رچه‌نده‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌میشه‌ ده‌یوت من هاوڕێكانم و هه‌رگیز یز بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌ كه‌سێتی خۆیدا كۆنه‌ده‌كرده‌وه‌ به‌ڵام راستیه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ته‌نها خۆی حیزبێكی سیاسی گه‌وره‌بوو.
به‌ڵام ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا توانی حیزبێكی دامه‌زراوه‌یی له‌دوای خۆی به‌جێبهێڵێت كه‌ به‌ ئاسانی و رێكوپێكی به‌ڕێوه‌بڕوات؟. له‌وانه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ لای زۆر كه‌س له‌ سۆنگه‌ی سۆزداریه‌وه‌ به‌ڵێ‌ بێت، به‌ڵام كاتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌یت ده‌بینیت كه‌ گۆڕان حیزبێكه‌ وا دروستكراوه‌ ته‌نها بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ببێت، ته‌نانه‌ت تا له‌ژیاندابوو بۆخۆی پابه‌ندی به‌شێكی زۆر له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆیی گۆڕان نه‌بوو، هه‌رزوو دوای مردنیشی كێشه‌ی سروشتی په‌یوه‌ندی نێوان بزوتنه‌وه‌كه‌ و كۆمپانیای ووشه‌ سه‌ری هه‌ڵدا.
له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ئیداره‌دانی ئه‌و هه‌موو ته‌بیعه‌ت و ئه‌جێندا جیاوازانه‌ی له‌ناو گۆڕاندا هه‌بوو خاڵی به‌یه‌ك گه‌یشتن و كۆكه‌ره‌وه‌یان ته‌نها خودی خۆی بوو، به‌نه‌مانی ئه‌و خاڵی هاوبه‌ش و ناوه‌ند له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌شدا نه‌ما.
بۆیه‌ ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی پێییان وابوو مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا مردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌ زیده‌ڕۆییان كردبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕاسته‌ كه‌ به‌ مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی پیوانه‌یی كه‌مدا پیربوو.
هاتنه‌پێشه‌وه‌ی كۆتره‌كان له‌ گۆڕانی دوای نه‌وشیروان مسته‌فا
هێشتا كفنی نه‌وشیروان مسته‌فا زه‌رد نه‌بوبوو كه‌ ململانێی جێگرتنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ری هه‌ڵدا، له‌سه‌ره‌تادا ناوی قادری حاجی عه‌لی له‌ هه‌موو ناوه‌كان زیاتر بوو بۆ ڕێكخه‌ر تائه‌وكاته‌ی باڵۆنێكی تاقیكردنه‌وه‌ هاته‌ ناویاریه‌كه‌.
بڵاوكردنەوەی نامەی سێ‌ هەڵسوڕاوی گۆڕان لە میدیاكانەوە كە بە ئاشكرا داوای هەڵوەشاندنەوە و سڕكردنی خانەی ڕاپەڕاندنیان كرد، دواتریش نامەكەی قادری حاجی عەلی، دوو زەمینلەرزە
هەڵسوڕاوێكى گوَڕان