گۆڕان به‌خاك و خوڵه‌وه‌ موڵكى بنه‌ماڵه‌یه‌

Friday, 12.29.2017, 22:24

5973 بینراوە


ئەم بابەتە تایبەتە بە کوردستانپۆست.
----------------------
به‌درێژایى شه‌ش حه‌وت ساڵى ڕابردو پارتى و یه‌كێتى ڕێگا نه‌ما نه‌یگرنه‌به‌ر تا گۆڕان بكه‌نه‌ نوسخه‌یه‌كى ناشرین له‌خۆیان و له‌هه‌مو جوانییه‌ك به‌تاڵى بكه‌نه‌وه‌، له‌هه‌ر هه‌نگاوێكدا سه‌ریان ده‌كه‌وت به‌و تاشه‌ به‌ردانه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا به‌چنه‌گه‌كڕێ دانه‌ دانه‌ له‌گردى زه‌رگه‌ته‌ داینان، به‌ڵام دواى تێپه‌ڕبونى شه‌ش بۆ حه‌وت مانگ به‌سه‌ر كۆچیدا، جگه‌ له‌ وێكچون شتێك نه‌ما ناوى جیاوازیبێت، له‌ته‌كه‌تولبازیی و پیاوپیاوێنه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ تاپۆكردنى ماڵى گشتى و به‌بنه‌ماڵه‌یكردنى حزب.
ئه‌وه‌ى ماڵى بارزانى و تاڵه‌بانى به‌ 50 ساڵ بۆیان چووه‌ سه‌ر، كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان به‌كه‌متر له‌سالێك كردیان، سه‌ره‌تاى هه‌وڵه‌كانیان به‌ دانانى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى به‌ڕێكخه‌رى گشتى گۆڕان ده‌ستپێكرد، یه‌كێتى و پارتیش له‌مه‌دا هاوكاری زۆریان كردن چونكه‌ جگه‌ له‌ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى ده‌ستوه‌ردان له‌ناو گۆڕان، ئه‌وانیش (عومه‌ر سه‌ید عه‌لى)یان به‌پیاوێكى سه‌لامه‌ت و بێمه‌ترسى ده‌زانى بۆ سه‌ر به‌رژوه‌ندییه‌كانیان، هاوكات ده‌ستى كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروانیشیان به‌باشى خوێندبۆوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مى ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و هه‌له‌ ئاڵتونیه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌ده‌ستى ناده‌ن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى شه‌ڕى گه‌وره‌شیان كرد بۆ دانانى حه‌مه‌ تۆفیقى مێردى  پوریان له‌خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ئه‌وشیان دانا.
به‌هانه‌ى ئاشكراى كوڕه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ پشتیوانیكردن له‌عومه‌ر سه‌ید عه‌لى ئه‌وه‌بو، ئه‌م كابرایه‌ هه‌رچیه‌ك بێت هاوڕێكانى نافرۆشێت یان وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ئه‌عوانه‌كانیان بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌، گوایه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا وتویه‌تى دواى من سه‌ید عومه‌رتان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ هیچیان راست نین، به‌ڵكو ڕاستیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (عومه‌ر سه‌ید عه‌لى)یان به‌كه‌سێكى بێترس و سه‌لامه‌ت زانی كه‌ هه‌رگیز نابێته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م له‌هه‌نگاوه‌كانیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى ته‌واوه‌تى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌ڕاستیدا بۆچونه‌كه‌شیان له‌شوێنى خۆیدا بو چونكه‌ هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ى كه‌ عومه‌ر سه‌ید عه‌لى به‌ڕێكخه‌رى گۆڕان هه‌ڵبژێرا، كۆڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان ته‌واوى گردى زه‌رگه‌ته‌و موڵك و پشكه‌كانى ترى گۆڕانیان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆكرد به‌بێ ئه‌وه‌ى بچوكترین ترسیان له‌كاردانه‌وه‌ى ڕێكخه‌رى گۆڕان هه‌بێت  كه‌ هه‌مو خه‌ڵك قسه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و ئابڕوبه‌رییه‌ گه‌وره‌یه‌ كرد ته‌نها ئه‌و كابرایه‌ نه‌بێت، له‌كاتێكدا له‌هه‌مو كه‌س پێویست تر  ده‌بو ئه‌و قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بكات و ڕێگه‌نه‌دات گۆڕان به‌وشێوه‌یه‌ هه‌ڵخلیسكێت و پێش یه‌كێتى و پارتیش بداته‌وه‌ له‌تاپۆكردنى ماڵى گشتى، به‌ڵام وه‌ك چاوه‌ڕوانده‌كرا خۆى كرد به‌كه‌ڕه‌ى شه‌ربه‌ت و ته‌نانه‌ت زاتى ئه‌وه‌ى نه‌كرد له‌كۆبونه‌وه‌ى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنیشدا بچوكترین ئاماژه‌ى پێبكات. 
بۆچى گۆڕانه‌كان پێیانناخۆشه‌ پێیانبڵێن حزبه‌كه‌تان نه‌ك به‌ره‌و به‌بنه‌ماڵه‌یى ده‌چێت به‌ڵكو به‌خاك و خۆڵه‌یشه‌وه‌ بوه‌ به‌موڵكى تایبه‌ت؟ ڕێكخه‌رى گۆڕان و به‌شێك له‌ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن ئه‌وان دایانناون، گردى زه‌رگه‌ته‌و دار و به‌ردى گۆڕان به‌ناوى ئه‌وانه‌یه‌وه‌، هه‌رچى پیاوى خۆیانه‌ ورده‌ ورده‌ له‌ده‌زگا گرنگه‌كانى گۆڕان ده‌یخزێنن و ده‌یانكه‌ن به‌خاوه‌نى ده‌نگ له‌ناو جڤاتى نیشتمانى، دوا هه‌نگاویشیان دانانى ئاكۆ حه‌مه‌ كه‌ریمه‌ وه‌ك به‌رپرسى میدیاى گۆڕان به‌ناوى ئه‌نجامدانى گۆڕانكارى و چاككردنى میدیا، له‌كاتێكدا تاكه‌ خه‌سڵه‌تى ئه‌م زاته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێكى نزیكى كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروانه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ دواین كه‌س و دواین شت كه‌ پێویسته‌ ئه‌م به‌رێزه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر بكات كارى ڕۆژنامه‌وانى و میدیایه‌، ئه‌ى باشه‌ چۆن دانرا؟ وه‌ڵامه‌كه‌ى ڕونه‌، ئه‌ى كێ دایناوه‌ و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك دانراوه‌؟ ئه‌وه‌ش هه‌ر ڕونه‌، ئه‌ى گوایه‌ كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان (عومه‌ر سه‌ید عه‌لی)یان بۆ كردوه‌ به‌ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ دو شتى وانه‌بێت، پرسیارێك لێره‌دا خۆى فه‌رزبكات ئه‌وه‌یه‌، ئیتر كوێ ماوه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردابگرن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌بنه‌ماڵه‌یكردنى حزب نه‌بێت، ئه‌ى به‌بنه‌ماڵیكردن چۆن چۆنیه‌؟.
 به‌كورتى، ئه‌م به‌رێزانه‌ى ئێستا بڕیارده‌رى گۆڕانن بزانن یان نه‌زانن ڕۆڵێكی كاتی ده‌گێڕن تا ئاماده‌بونى كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ى كاك نه‌وشیروان بۆ ڕێكخه‌رى گشتى، هه‌مو ئه‌مانه‌ش به‌به‌رچاو و ئاگادارى و بگره‌ پشتیوانى ئه‌و ده‌نگانه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێت كه‌ به‌حساب ئازان و له‌سه‌ر ته‌له‌فیزۆنه‌كان شه‌ڕى وه‌رگرتنه‌وه‌ى قوتى خه‌ڵك و بنه‌ماڵه‌ سیاسیه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ هۆكارێكى گه‌وره‌ى بێمه‌نتى پارتى و یه‌كێتی له‌گۆڕان چونكه‌ ئاگادارى ورده‌كارى یارییه‌كانیان و له‌هه‌ندێ جوڵه‌شدا به‌شدارن و ده‌زانن له‌ئاینده‌یه‌كى نزیكدا گۆڕانیش ده‌چێته‌ ڕیزه‌كه‌وه‌، ئه‌وجا ئه‌وانه‌ى پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ خه‌وه‌و گۆڕان نابێت به‌حزبى بنه‌ماڵه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ باش بزانن ئه‌م حزبه‌ بوه‌ به‌حزبى گروپێكى دوڕو موزایه‌ده‌چى، چۆن یه‌كێتى نیشتمانى كۆسره‌ت و مه‌لابه‌ختیار و سه‌عدى پیره‌ و ئه‌رسه‌لان بایزى هه‌یه‌، گۆڕانیش پڕ بوه‌ له‌م نمونانه‌ به‌ڵام له‌پشت په‌رده‌وه‌و ئه‌وه‌ى به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان چه‌ند كورسى ده‌هێنێت و پێگه‌ى سیاسى له‌داهاتودا چۆن ده‌بێت، به‌ڵكو خاڵى گرنگ به‌لایانه‌وه‌ چۆن ده‌ست به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌دا بگرن، كێ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتیه‌كان شتیان له‌سه‌ر ده‌نوسێت و چۆن نه‌یاره‌كانیان ده‌رپه‌ڕێنن و حزبێكى یه‌ك ڕه‌نگى بێده‌نگ  بۆ ئاینده‌ ئاماده‌بكه‌ن.
هەڵسوڕاوێكى گوَڕان