ســروودی نەتەوەیی کورد

Wednesday, 12.08.2004, 10:00

7650 بینراوە


توخمی خیانەت: (لە هەموو تەمەنی خۆیدا جەلال تالەبانی تۆزقاڵێک ناپاکیی لە عێراقییبوونی خۆی نەکردووە)


ئاڵا، دروشم، ئارمی نیشتیمانیی و سروودی نەتەوەیی، چین؟ چۆن پێکدێن؟ پیرۆزیی و شەرعییەتی ئەمانە چۆن دروست دەبن ؟ کەی متمانەیان پێدەکرێت و دەبێتە پیرۆزیی نەتەوەیەک؟
ئەم پرسیارانە بۆیە دەکەین، چونکە ئێمەی کورد هێشتا وا دەزانین هەموو شتێک لەخۆیەوە دێت و لەخۆیشیەوە دەڕوات، لە کاتێکدا لە نێو کۆمەڵگای پێشکەتوودا ئەو هەموو شتانەی ئاماژەم پییان داوە بنەما و رێوشوێنی دەستووریی و یاسایی و عەقڵی و مەعریفی و زانستیی خۆی هەیە، هیچ شتێک بە ئارەزووی کەسێک یان لایەنێک سیفەتی شەرعی وەرناگرێت.
ئاڵا، دروشم، ئارمی نیشتیمانیی و سروودی نەتەوەیی، کاتێک شەرعییەتیان دەبێت کە لایەنێکی ڕەسمی بە پێی یاسا و دەستوورێکی نەتەوەیی یان نیشتیمانیی بڕیاریان لە سەر بدات.
ئێمەی کورد تا ئێستا، نە دەستوورمان هەیە نەیاسای دەوڵەتیی دەمانگرێتە خۆی و نەیاسای نەتەوەیی، چونکە وەک قەوارەیەکی کوردیی هێشتا بوونمان نییە، بەڵکو لەلایەن نەتەوەداگیرکەرەکانی دراوسێمانەوە بەشکراو و داگیرکراوین. دەستوور و یاسای ئەو وڵاتەداگیرکراوانەش (تورکیا، ئێران، عیراق و سووریا)، بە سەر کورددا سەپێنراون. جگە لەمە دەستوور و یاسایەک کە رای ئێمەی کوردی لە سەر وەرگیرابێت، بوونی نییە، بۆیە ئاڵا، دروشم و ئارمی نیشتیمانیی و سروودی نەتەوەیی ئەوان هەرگیز هی ئێمەی کورد نییە و هیچ شەرعییەتێکی لای ئێمە نابێت و قبووڵکردنیان سەرشۆڕیی و خیانەتە.
ئەگەر کەسێک بەپێی یاسا و دەستووری ئەو وڵاتەداگیرکەرانە بێت و مۆڵەتی دروستکردنی حیزبێکی سیاسیی وەربگرێت، ئەوە خیانەتە لە نەتەوەی کورد. سەرکردەی حیزبە سیاسییەکانی کورد لە باشووری کوردستان رێگە پێدراوی ئەو وڵاتانەن و لەوان مۆڵەتی کاریی سیاسییان پێدراوە، ئەمانیش بە خائین حیساب دەکرین، وەک حیزبە کارتۆنییەکانی سەردەمی رژێمی سەددام لە عیراق و حیزبە کوردییە رێگا پێدراوەکانی تورکیا و سووریا. (لەسەر هەدەپە لە تورکیا قسەی جیاوازترمان هەیە، کە لێرەدا باز بەسەر تایبەتمەندیی ئەودا دەدەم و بۆ کاتێکی گونجاوتری هەڵدەگرم).
وەک وتمان کورد تا ئێستا لە ناو خاکی خۆیدا و لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایەدا بوونێکی شەرعیی نییە، ئەگەرچی بوونی واقیعیی و سروشتیمان لە سەرخاکی مێژوویی خۆمان ئینکار ناکرێ، بەبێ بوونی شەرعیش هیچ شتێکمان شەرعی نابێ، نە ئاڵا، نە دروشم، نە ئارمی نیشتیمانی، نە سروودی نەتەوەیی، بۆیە باسکردنی ئەو رەمزە سیاسییانە، کاری نەزانانە و عاتفانەیە، لەسەر هیچ بنامەیەکی عەقڵی و شارستانیی، شێوەیەکی یاسایی و دەستوریی تێدا نییە. کەسێک بۆی هەیە خۆی باوەڕی پێی بێت و نرخی بۆ دابنێت، بەڵام بۆی نییە بەسەر خەڵکی دیکەدا بیسەپێنێ.
ئاڵا، دروشم، ئارمی نیشتیمانیی، سروودی نەتەوەیی دەبێ بە پێی دەستوور بێت، واتە لە دەستووری وڵاتەکەدا شێوەی گشتیی ئەو هێما و رەمزانە دەستنیشان کرابن، کە لە ئاڵا و دروشم و ئارمی نیشتیمانیی و سرووددا هەبن، پێشتریش دەبێ ئەو دەستوورە بە شێوەیەکی شەرعی و بەپێی رێوشوێن و هەنگاوەکانی یاسای نێودەوڵەتان دانرابێت و بە رێفراندۆم قبووڵ کرابێت، نەتەوە یان ئەو گەلەش بە زۆرینەی هەرە زۆر رای لە سەر دابێت.

مەرجەکان:

1- سروودی نەتەوەیی میللەتێک دەبێت لە لایەن دەستەیەک لە شارەزا و پسپۆڕ لە بواری ئەدەب و هونەردا بەتایبەت (هۆنراوە و میوزیک) دانرابێت و ئەوان هەڵیبژێرن، جا خۆیان دایاننابێ، یان خەڵکی دی گرنگ نییە، ئەوەش دەخرێتە بەر دەم پەرلەمان و ئەو بڕیاری لە سەر دەدات. پەرلەمانیش بە شێوەی شەرعیی دەبێت دروست بووبێت، چونکە دەسەڵاتێکی شۆرشگێریی، کە بە هۆی کودەتا، یان لە بارێکی ئاڵۆزی وڵاتدا هاتبێتە سەر حوکم، هیچ شەرعییەتێکی نابێت، تا بتوانێ شەرعییەت بە شتێکی تر بدات.
2- ئارم و دروشمیش بە شێوەیەکی هونەریی پێویستە لە لایەن کۆمەڵێک لە هونەرمەندی نیگارکێشەوە هەڵبژێرابێت و پەسەندبکرێت، ئەوجا دەستەیەکی هونەریی شارەزا، کە ئەمانیش بە شەرعی هەڵبژێرابن و بریاری لە سەر بدەن. یان ئەو (ئاڵا و دروشم و ئارمی نیشتیمانی و سروودی نەتەوەیی)یە پێشتر بخرێتە بەر چاو خەڵکی بۆ گفتوکۆ لەسەر کردن لە میدیاکاندا و ئینجا بە تێکڕا دەنگیان لە سەر بدرێت.
سرودی (ئەی ڕەقیب) وەک کێش و ئیقاع شیعرێکی زۆر لاوازە و ناوەرۆکەکەشی لەگەڵ گیانی سەردەمدا ناگونجێ. مامۆستا رەفیق چالاکی هونەرمەند و کەسێکی بەتوانای ئەو بوارە، کە خاوەنی دەیان ئاواز و سروودی نیشتیمانیی کوردییە و کەسێکی زۆر شارەزابوو، لە زمانی ئەوەوە ساڵی 1971 بۆ منی باسکرد، کە ئەو شیعرە کاردانەوەی سەردەمی کەمالییەکانی تورکیایە و لەوێشەوە وەرگیراوە، ئاوازەکەش کاریگەریی سروودێکی ئەو سەردەمەی ئەتاتورکی کوردکوژەکانە. جگە لەوە ناوەرۆکی هۆنراوەکە هەر شتێک بێت شیعر نییە، بەڵکو بە هەندێ وشەی نارێک و پێک دارێژراوە.
ئەگەر بەپێ ئەم هەلومەرجانەی سەرەوە بێت، ئێمە نە ئاڵامان هەیە، نە سروودمان هەیە و نە دروشمێکمان هەیە، چونکە ئێمە جارێ خۆمان نیین، ئێمەی کورد هیچ شەرعییەتێکمان نییە؛ نە نەتەوەیی و نە نیشتیمانی. دەسەڵاتی سیاسیی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی باشوور، دەسەڵاتی نیمچە شۆڕشگێڕیی، نیمچە جاشایەتیی و خیانەتکارییە، بۆ نموونە: سروودی بەناو نیشتیمانی عیراقیی کە سرودی وڵاتێکی داگیرکەرە، کە بە زمانی عەرەبییە، لە لایەن عەرەبەکانیش خۆیانەوە هێشتا بنەمایەکی شەرعیی عیراقیشی نییە، کەچی جەلال تاڵەبانیی لە پێش سروودی (ئەی رەقیب)دا و لە رێورەسمی دانانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی) سەپاندی بەسەر پەرلەمانە سەقەتەکەی هەرێمدا. بە فەرمانی جەلال تاڵەبانی سروودە عەرەبیەکە پێش سروودی (ئەی رەقیب) گوترا، کە نە پێشوەخت پەرلەمان بڕیاری لە سەردابوو، نە بۆ جەلال تالەبانییش هەبوو دەست بخاتە کاروباریی پەرلەمانەوە.
(پارتەکانی دەسەلاتی هەرێم ویستیان سروودی ئەی رەقیب لابەرن، بۆ ئەمە داوایان لە شێرکۆ بێکەس کرد کە مارش و سرودێکی نوێ بنووسێتەوە...):
هەرچەندە سروودی (ئەی ڕەقیب) لە سەرو ڕەخنەوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ناتەواوییەی کە لە سروودەکەدا هەیە، لێ بۆ ئەمڕۆ دەستکارییکردن و لابردنی سروودی ئەی رەقیب هیچی کەمتر نییە لە خیانەتێکی دیکەی نەتەوەیی.
جگە لەمانە (سرودی ئەی رەقیب)، (جێژنی نەورۆز) و (ئاڵای کوردستان)، ئەو ئاڵایەی کە دەسەڵاتی کوردی و پارتەکان کردوویانە بە ئاڵای خۆیان، کە لە چەند بۆنەیکدا جەلال تالەبانی فڕێیدا و لە سەر مێژزیی گفتوگۆ و سیمینارەکاندا وتی لەبەر چاوم لایبەرن، ئەم ئاڵایە لە هەندێک شوێن و کات و سەردەمدا، وەکو پێناسەیەک بۆ کورد دەیبینم، تا ئەو کاتەی کورد لە دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی و ئەم خائینانەی کە ئەمڕۆ رابەرایەتیی دەکەن، ئەگەر کورد بە ئامانجی خۆی گەیشت، ئەوا دەبێت پیاداچوونەوە بە هەموویاندا بکرێت. واتە هەموو پیرۆزییەک کە بنەمایەکی زانستیی و عەقڵانی نەبوو قابیلی گۆڕان و دەستتێوەردانە.

لە ساڵی ٢٠٠٣دا و لە هەڵچونێکی دەرونیدا نارەزایی و یاخییبوونی خۆمم راگەیاند. سرودی (ئەی رەقیب)م کردە ساتیرێک و لە سەر کاریگەریی مارشی نەتەوەیی رووسی کە چەند هونەرمەندێکی سویدیی هەڵیانگێڕاوەتەوە و کردوویانە بە ساتیرە، تێدا گەندەڵی سیاسییان نیشانداوە، بە گاڵتەوە رەخنە دەگرن.منیش بە هەمان شێوە، کردوومە بە ساتیرە ئەوەم وتووە، کە (حیزبە کوردییەکان بە سەرکردە و کەسانی سیاسیی تریانەوە، ناپاک و خاینن، ئێمەی کورد ئەگەر فریا نەکەوین نە کورد ئازادیی بە خۆیەوە دەبینێت، نە لە ژێردەستییش رزگارمان دەبێت! خۆ ئەگەر کورد نەتەوەیەکی مردوو نییە بۆ لاوانی کورد راناپەڕن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەمانە ناهێنن؟ ئەوانە سوکایەتیی بە خاک و نەتەوە و پاشه‌ڕۆژمانەوە دەکەن و شکۆمەندیی و کەرامەتی نەتەوەیەکیان شکاندووە.....!).
هەڵگێڕانەوەی ئەم سرودە، بۆ سوکایەتیی کردن نییە بە پیرۆزییەکانی کورد، هەروەکو چەند قەڵەمفرۆش و ماستاوچیی دەسەڵات کەوتنە رەخنەگرتن لە من.
نووسینی ئەم ساتیرە سروودە لەوەوە هات کە دوای رووخانی سەددام حسێن ئێمە (کوردستانپۆست) بۆ یەکەمجار ئەو زانیارییەمان دەست کەوت، کە لەناو شۆڕشی شاخ و کەوشدڕە بەرپرسەکاندا، کە لە دوای راپەڕین هاتنەوە ناو شار، کۆمەڵێک فایلی گرنگ ئاشکرا بوون، دەیان بەرپرسی کورد و هەندێک لەو سەرکردانەوە دەستیان لەگەڵ حکومەتی بەعسدا تێکەڵ کردبوو، بە دەیان فایل ئاشکرا بوون.
وشەی فایلدار لە کوردستانپۆستەوە داکەوت، کە بۆ ئەو جاسوس و خائینانەی دەرەوە، تا ئەمڕۆش هەر بەکار دەهێنرێت. هەڵگێڕانەوەی سروودی ئەی رەقیب گاڵتەپێککردن نییە بە سرودیی نەتەوەیی کورد، بەڵکو گاڵتەکردنە بەوەی کە شۆڕشی میللەتێک کەوتۆتە دەست کەسانی خائین و قوربانییەکانیش ئەو پێشمەرگە و کەسە دڵسۆزانە بوون، کە گیانی خۆیان کردە قوربانی.
کاتێک کوردستانپۆست ئەو فایلانەی بڵاوی کردەوە زۆر کەس باوەڕیان نەدەکرد و پەلاماریان دەداین، کۆمەڵێک نووسەر دژایەتییان کردین و لەسەریان نووسین، لەگەڵیاندا کۆمەلە و رێکخراوە حیزبییەکان ویستیان داوای یاسایی لە دژمان تۆمار بکەن. 
* ئەو ڤیدیۆیەی کە مارشی نەتەوەیی روسییە، سویدییەکان وەک گاڵتەپێکردن و ساتیر تەرجومەیەکی گاڵتەئامێزیان بۆی کردووە، زۆر ئاسایی وەرگیراوە و کێشەی دروست نەکردووە، نە رووسەکان دەڵێن گاڵتە بە سرودەکەمان کراوە، نە رەخنەش لە تێکستی نووسینەکە کراوە.
کرتە لەسەر ڤیدیۆکە بکە بۆ بینینی مارشە رووسیەکە، کە کراوە بە سویدی  و وێنەی کاریکاتێری بۆ دانراوە:

ئەی رەقیب

شیعری (......)
کۆیە: گەرەکی (تۆران ئۆغلو)
ئەی ڕەقیب ! هەر ماوە پارتیی و یەکێتیی
هەرچی جاش و پیاوخراپە ڕابەرێتی
کەس نەڵێ کورد زیندووە! کورد مردووە!
مردووە، قەت نایبینین ئاڵاکەمان
*********
ئێمە ڕۆڵەی مامە و کاکەی خائینین
دینیانە و ئاینیان هەر دوژمنان
کەس نەڵێ کورد زیندووە! کورد مردووە!
مردووە، قەت نایبینین ئاڵاکەمان
*********
ئێمە رۆڵەی! ڕەنگی زەرد و کەسسکین
سەیریکەن! جاسوسییە! ڕابردوویان
کەس نەڵێ کورد زیندووە! کورد مردووە!
مردووە، قەت نایبینین ئاڵاکەمان
*********
لاوی کورد هەر، گێژ و حۆلە ناجووڵێ
تا بە خوێن نەخشی بکا کەللەی سەریان!
کەس نەڵێ کورد زیندووە! کورد مردووە!
مردووە، قەت نایبینین ئاڵاکەمان
*گەرەکی (تۆران ئۆغلو) ئاماژەپێدانە بەو پارچەزەوییانەی جەلال تاڵەبانی لە کۆیە بە تۆرانییەکانی بەخشی، ئەگەر لە پاشەڕۆژدا تورکمانەکان ئاوەدانیانکردووە، ئەوە بێگومان ناوێکی تورکی لێدەنێن.