بێگومان باران بارین مایەی خێروبێر و فەڕ و هات و بوژانەوەیەی زەوییە، مـژدەی خۆشی و شادییە، ئاو زۆر دەبێت و دەغڵ و دان و باخ و بێستان پاراودەبن، لەوەڕ و گژوگیا زۆر دەبن. باران هیوا و بەختەوەری و شادی و گەشی و خۆشی بە جووتیاران دەبەخشێت، چونکە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیان، بەروبوومی دەغڵ و دان و دانەوێڵە و بەری باخ و بێستان و ئاژەڵەکانیانە.. سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویش ئاوی باران و بەفرە.. زۆر ساڵ بە هۆی کەم بارین و وشکە ساڵییەوە.. ئاو کەمی کردووە، دەغڵ و دان بێ بەرهەم بوونە و، ئاوی کانی و بیر و جۆگە و خڕ و چەمەکان وشکیان کردووە، گیا و گۆڵ و لەوەڕ و کەم بوونە و زوو وشکبوونەتەوە.. بەشێک لە گوندنشینەکانمان ناچار بوونە کە بە ماڵ و مەڕ و ماڵاتەکانیانەوە بەرەو کوێستانەکانی کوردستان رەوبکەن و بە دوای ئاو و لەوەڕدا بگەڕێن.. ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ درووستکردبوون.
بووکە بە بارانە.. نەریتێکی کۆنی کوردانە.. هەر ساڵێک کە باران نەبارێت یا کاتی پەڵە بەسەربچێت و ترسی وشکە ساڵی هەبێت. منداڵان و مێردمنداڵانی کـوڕان و کچـانی کورد لە گوندەکان و شارۆچکەکان و لە هەندێ لە گەڕەکەکانی شارەکانی کوردستان دا، لە ناوەڕاستی وەرزی پایـز، یا لە سەرەتای بەهاردا، بووکە بە بارانە دەکەن. بە گۆرانی و یاری و چەپڵەلێدان و بەزم، ئەم ریوڕەسمە کوردەوارییە، بە شێوەیەکی خۆش بەڕێوە دەبەن.. منداڵان نزا دەکەن و لە خوا دەپاڕێنەوە کە بەزەیی بە فەقیر و بە هەژاران و بە جووتیاران دا بێتەوە، بارانیان بۆ ببارێنێت و دڵیان خۆش بکات و هیوایان ببوژێنێتەوە و نیگەرانیان بڕەوێنێتەوە و گرانی روویان لێنەکات.
هەر لە دێر زەمانەوە، رێوڕەسمی (بووکـە بە بارانـە) بە زۆری لە لایەن منداڵانەوە بەڕێوەبراوە، چونکە منداڵان هێمای دڵپاکی و بێگوناهی و بێتاوانین، خۆشەویستی خوان.. بە بڕوای خەڵکیش، خوا دڵی منداڵان ناشکێنێت و نزا و پاڕانەوەکانیان قبووڵ دەکات و باران دەبارێنێت.