بای بای کەرکوک.. پارە و پۆست بەرامبەر بە خاک

Sunday, 07/01/2018, 1:39

3610 بینراوە


‎بەهەموو حیزبەکانی  هەرێم، ناتوانن لەسەر پارێزگارێكی كورد، بۆ كەركوك  ڕێك بكەون، كەچی بەردەگای ئۆفیسەکەی عەبادی، لەبەر شاندو باندی كوردییەكان بەركەس ناكەوێ.
‎كێشەی ناسنامەو نەتەوەو خاك، هەمووی فت، ئەمڕۆ ڕۆژ ڕۆژی مووچەو پارەیە، وەك ئەوەی كورد هەزاران ڕۆڵەی بۆ مووچەو پارە بەخت كردبێ. سەدان گوندو دێهات و شاری، بۆ عئڕاقی یەكگرتوو، تەفروتونا كرابێ!
‎ئەمڕۆ كەشاندی حیزبەكان خەریكی نوێكردنەوەی بەیعەت بوون بۆ عێڕاق عەرەبیی، دواین ئاڵای نەخێشندراو لەكەكوك، ژێرپێ نراو سڕایەوە.
‎ئەگەربەپێی دەستور  ئەو ناوچانە بە كێشەلەسەر دانراون، دەبێ هەمان ماف بەكورد بدرێ لەبەڕێوەبردن و هەڵكردنی ئاڵای هەرێم تێیدا. لەهەموو ووڵاتێكی فیدڕاڵی ودیموکراسی ودەستوریدا، هاووڵاتییانی هەرێمەكان، بەئازادی دەتوانن ئاڵاو زمانی خۆیان بەكار بهێنن، لە هەركوێیەكی دەوڵەتە فیدڕاڵیەكەدا بێت.
‎تەنانەت بەشێك لەهەرێمەكان، دەتوانن دراوی تایبەت بەخۆیان هەبێت، وەك دروای سكۆتلەندی، كەلەهەموو بەریتانیادا دەتوانن بەكاری بهێنن.
‎تەنانەت  زۆربەی تابلۆی ئۆتۆمبیلەكان خۆیان ئاڵای هەرێمەكانیان لەسەر داناوە.
‎ئەگەرووڵاتان بەفەرمی  پێشوازی لەوەفدی هەرێم بكەن و ئاڵاو زمانی كوردی بەرزبكەنەوە، چۆن دەكرێ و دەبێ، ووڵاتەكەی خۆت مافت پێنەدا، لەهەر شوێنێكی ووڵات كەكورد هەبێ، ئاڵاو زمانت ڕێ پێنەدرێ؟!
‎یان هەمووتان  خاك و ئاڵاو نەتەوە وەلا دەنێن و كاتێك دێتە سەر پارە، هەمووتان  یەك خواتان  هەیە..
‎هەروەك  لە٢٠٠٣ كاتێك گەڕانەوە باوەشی بەغداد، لەجیاتی گەڕاندنەوە خاك و نەتەوەو دیاری كردنی سنور، شەڕی بەشە پارەوە پلەو پۆستان كرد، ئەمڕۆش  هەمان تاس و حەمام دووبارە دەكەنەوە.  گۆڕت پڕ نوربێ فایەق بێکەسی نەمر كە فەرموتە:

‎کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد ، نۆکەری بێگانەیە ؛
دوو دڵن ، پیسن لەگەڵ یەک ، بۆیە وا بێ لانەیە!
میللەتێکن ، بۆ نەمانی یەکتری هەر هەوڵ ئەدەن ،
داخەکەم ، ورد و درشتی ، شێت و شەیدای ئانەیە .
سەنعەت و ، عیلم و مەعاریف ، زەڕڕەیەک باوی نیە !
پیاوەتی لایان به تەنها ، چەفتەو و جامانەیە !
بۆ قسەی زل بێ قوسوورن ، باسی کوردییەت ئەکەن ،
کوردییەت ، خورمایە بۆچی؟ یا قسەی شێتانەیە !
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق ، چۆن به ئیستیقلال ئەگا؟
واسیتەی بەرز و تەرەقی ،هیمەتی مەردانەیە !

‎ئەگەر فاكتەری دەرەكی و  ناوچەی بەشێكبن لەگاریگەری نەگەڕانەوەی كەركوك  و ناچەكانی دیكە بۆسەر هەرێم، ئەوە دۆخی نێوماڵەوێرانەكەی كورد، هۆكاری سەرەكی بووە لەو پرسەدا.
‎ئەو كاتەی كورد گەڕایەوە بەغدای  بێ دەسەڵات وبێ سوپاو بێ دەستور لە٢٠٠٣، نەێتوانی كێشەی سنور خاك و نەتەوە دیاری بكا، خەونێكی پوچە ئێمڕۆ بتوانێت لەو عێڕاقە تایفی و خاوەن سەدان هێزە جیاوازەی، پاڵپشت بەدەستی دەرەکی و  هێزی نیودەوڵەتی،  قەوارەی خۆی بەهێزبكاتەوە جارێكی دیكە.
‎شیعەكان پێداگیریدەکەن لەپاشەكشەی كورد، بۆ سنورەكانی پێش ڕوخانی ڕژێم، كوردەكان نەک هەرناوێرن و ناپرسن، ئەی ئێو پێش  ئەو زەمەنە لەكوێ بوون؟ كە ئێمە نزیكەی سەدەیەكە بۆ سنوری كوردستان دەجەنگین، بەڵکو زۆریش شوكرن بەعێڕاقییەکی گوڕایەڵ قبوڵ بكرێن
‎ئەگەر كورد لەكەلەی شەیتان نەیەتە خوارەوە بەو پەرتەوازەییەو هەركەسەو مامە حەمەی بۆ لایەنێكی عئڕاقی بكات، وەك ئەمڕۆ دەیبینین، هیچ بەدووری مەزانن چەند ساڵێكی دیكە، زمان و كولتوری نەتەوەی كورد، وەك سەردەمی زوو یاساغ بكرێتەوە،
‎هەروەك  ئێستا ئاڵای كوردستان، لەكەركوك یاساغ كراوە.
‎لەدوزخورماتوش، كوردبون، ، مەرگ و دەربەدەركردنە.
‎كورد بەسەرۆك كۆماری عێڕاقەوە تا دەیان پەرلەمانتار، بەو هەموو حیزب و دەسەڵات وچەكدارەی ئیمڕۆ هەیەتی، بەو دەستورە شڕو ناتەواوەی خۆی دەستی لەنوسینیدا هەبووە، نەتوانێت ئاڵاو هەیمەنەتی كورد لەشارێكی وەك كەركوك دوزوخورماتو خانەقین  بپارێزێت،
‎دەبێ بەدستی بەتاڵ لێی دەرچێ.
‎بەسەرۆك كۆمارو وەزیرو زیاد لەشەست پارلەمانتاری كورد لەبەغداوە، ترسی هەبێت بچێتە شارۆچكیەكی كارەستباری وەك دوزخورماتو،
‎دەبێ خەڵكی ئەوناچانە چی ئومێدێكیان بەو نوێنەرانە هەبێت؟ لەكاتێكدا پارلەماتارە كوردەكانی باكور، لەسەر دەربڕینی ڕستیەك بەكوردی،چەندین ساڵ دەخرێنە زیندانەوە .
‎بێ هیوای كورد لەسەرلەدەستدانی كەركوك، لەو بێ بایەخەی سەرۆك وەزیران و كاربەدستەكانی دیكە دێ، كاتێك لەگەڵ  بەرپرسانی ووڵاتانی وەك ئەڵمانیاو فەرەنسا باڵێوزو كۆنسۆڵی دیکەی ووڵاتان لە
‎هەرێم كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، یاخود دانیشت دەكەن،  باسی  بەڕێوەبردنی كەركوك  و ناوچە جێ ناكۆكەكان ناكەن!
‎ئاماژەکان وانیشان دەدەن ئیدی حیزبە کوردییەکان، بییانەوێ بای بای لەکەرکوک بکەن، دوای سڕینەوەی ئاڵای کوردستان و لەجێی ئەوە ئاڵای عێڕاقیان، خستە ناودەستی پەیکەری پێشمەرگە٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە