شاندی لەنگە

Monday, 08/01/2018, 14:51

4566 بینراوە


شاندی سێ لایەن: گۆڕان، کۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری"، بێ پارتی چوون بۆ بەغداد و لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان کۆبوونەوە. ئەوان دەیانەوێت ئەم چوونە بکەن بە هەڵوێست، بۆ موزایەدەی سیاسی، ڕاکێشانی سەرنج و دەنگی شەقام، کە گوایە ئەوان، لە حکومەت کشاونەتەوە، بوون بە ئۆپۆزسیۆن و هەژماریان بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی نەکردوە!؟
ئاشکرایە، کە هەندێک لەو لایەنانە، دەمێکە دەرکراون لە حکومەتی بنەکە فڕەوان. سەرەڕای ئەوەش ئامادە نەبوون دەسەڵات بەجێبهێڵن. جگە لەوەش، هەر ئەمان بوون دەنگی ناڕەزای شەقامی کوردییان خنکاند.  ئەمانە، هەمان کەسایەتیی جارانن، کە ٢٦ ساڵە، بوون بە کۆڵکەی سەڕەکیی، بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان، پاش و پێش گۆڕینی "سەنگەری گیرفان پڕ کردن"! ئەمانە، هەڵقوڵاوی هەمان سەرچاوەن، لە عەقڵیەت و جۆری بیرکردنەوە و ئاڕاستە کردنی رووداوەکاندا هەمان ڕێچەڵەکە دەگرنە بەر! ئینگلیز گوتەیەکیان هەیە دەڵێن"کەلوپەلی دەستی دوو، مەکڕە، چونکە ئەگەر خێری تێددا مابایە خاوەنەکەی هەراجی نەدەکردن"!.
شاند، لە سەردانەکەی بۆ بەغداد، چەند دەستەکەوتێکی مەزنی بە دەست هێنا لە، وێنەگرتن، خۆدەرخستن لە میدیاکان و زەردەخەنە دابەشکردن بە چوار دەوری خۆیاندا. بەڵام لەم دەستکەوتانە بترازێت، شاند، هیچ دەستکەوتێکی سیاسیی، نیشتمانیی و نەتەوەیی نەبووە.
 بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە، ئەگەر سەرنجی لێداوانەکانی سەڕۆکی شاندەکە بدرێت، دەردەکەوێت کە دەست بە تاڵ گەڕاونەتەوە، هەمان قسەی جاران دەکەن، کە کاتی خۆی بە شاندی هاوبەش لەگەڵ ینک و پدک دەچوون بۆ بەغداد، وەکو سەڕۆکی شاند دەنووسێت:
 " هەموویان بەڵێنی پشتیوانیكردنی داواكارییەكانمان بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران‌ و شایستە داراییەكانی جوتیارانمان لێوەرگرتن"."بەڵێنی تەواویان دا بۆ كۆتاییهێنان بەتەجاوزاتەكانی دوز و كەركوك‌و سەرگەڕان‌و گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان". بەڵێنیان دا! "ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد وەك باشترین رێگای دەستاودەستكردنی دەسەڵات بابەتێكی تر بوو، كە هەموو لایەك بەڵێنی كاركردنیان لەو پێناوەیاندا بەڕێكارە یاساییە تەندروستەكان". !
هەموو قسەکانی سەڕۆکی شاند، تەنیا بریتی بوو لە "بەڵێنیاندا و بەڵێنمان وەرگرت"! نەک "فڵانە دەستکەوتمان بەدەستهێنا و فڵانە شتمان وەرگرت و فڵانە ڕێککەوتنمان واژۆ کرد"! 
باشوور، جگە لەوەی کە بە دەستی  قەیرانی دارایی و سیاسی دەناڵێنێ، قەیرانی نەبوونی کەسایەتیی و سەرکردەی دڵسۆز، هەڵگری بیروباوەڕی نیشتمانیی و نەتەوەیی خاوەن کالیزماشی هەیە. وێرای ئەوەش، نەبوونی پارتێکی پێشڕەو، گەورەترین گرفت و کارەساتە، ڕووبەڕووی گەلەکەمان دەبێتەوە لە باشوور. لە دەرئەنجامی ئەوەدا، هەنوکە، میللەتێکی "٧" ملیۆنی خاوەن بەرنامە و ستراتیژیەتێکی دیاریکراوی سیاسیی نیشتمانیی و نەتەوەیی یەکگرتوو نییە و دەنگی ناڕەزای شەقام وێڵە! ئەو میللەتە دراوەتە دەست قەزاو قەدەر، وەک ئەوەی لە کەشتیەکدا بێت لە دەریا، تەنیا بە هێز و وزەی تەوژمی با ئاراستە بکرێت و خەڵکی بێویژدان لە هەوڵی ئەوەدا بن نقومی بکەن!
ئەمڕۆ، لە بارودۆخی پڕ هەستیاری کوردستان و ناوچەکە، لێپرسراوەتی سەرشانی دڵسۆزانی میللەتەکەمان لە ڕۆشەنبیر، نووسەر، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە تایبەتی سەرکردە دڵسۆزەکانی خاوەن ئەزموون لە باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵات، هەوڵبدەن باشوور لەو بارودۆخە نەجات بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە