بۆ گۆڕان: خوا ئەم کوڕەتان لێنەسێنێت

Monday, 08/01/2018, 22:21

7881 بینراوە


هەمومان ئەو وێنەیەى هەڤاڵ ئەبوبەکرى پارێزگارى گۆڕانمان بینى کە چۆن لە قادرمەى ئەو فرۆکە تایبەتیەى کە کۆسرەت ڕەسولى بۆ فرۆکەخانەى سلێمانى ئەهێنایەوە، چوو بووە بن هەنگڵى و چاوى لەسەر پلەى قادرمەکانى فڕۆکەکە بوو، نەبادا قاچى کۆسرەت بترازێت و کارەساتێکى گەورە بقەومێ، ئاخر کۆسرەت هەر بەو قاچانە هەزارەها هەنگاوى خیانەتى ناوە، هەر بەو قاچ و دەستانەى کە ئێستا دەمارى زیندوى بەدەگمەن تێدا ماوە هەزاراران داگیرکارى و دزى و گەندەڵى و شەڕواڵپیسی کردووە، هەر ئەو دەستانەیە چەندەها دیلى پێکوشتووە هەر بەو قاچانەى کە ئێستا چاوى هەڤاڵ ئەبوبەکرى لەسەرە، خیانەت و ڕیفراندۆمى بەرەو سەرى ڕەش و مەسعود ئەنا، بەو دەمەى کە ئێستا تەنها خڕەخڕێکى ماوە و دەڵێیت ڕادیۆی شکاوە، فەرمانى بەسوکایەتى و شەقوەشاندن و نانبڕینى گۆڕانخوازان کردووە.
 
هەڤاڵ زۆر چۆتە قوڵایى مەوزوعەکەوە، وا دیارە بۆى ناکرێت و ئەیەوێت کۆسرەت بکاتە کۆڵ و بیبات بۆ گردەکە و لەێ مۆمێکى بەسەرا بتوێننەوە هەتا گۆڕانچیەکان قسەى پێنەڵێن. لەوانەیە هەر لەسەر قادرمەکان ئەو کاتەى کە نەی ئەهێشت کۆسرەت قاچى ساتمەبکات ئەیتوانى بە کۆسرەت بڵێت: خۆتۆ خۆت خەستەخانەت هەیە و بازرگانى دەرمانیت بۆچى نەچویتە خەستەخانەکەى خۆت، ئەمەش تۆزێک ئەقل نایبرێت، چونکە ڕێکخەرى گشتی گۆڕانیش زاتى قسەیەکى وەها ناکات.
 ئەم جۆرە پشوازیەى هەڤاڵ لە کۆسرەت و هێنانەوەى شاسوار عبدلواحید بۆ گوندى ئەڵمانى پاش بەردانى لە ئاسایش و ئامادەیى و ماتەمینى بۆ مردنى تاڵەبانى و خۆئامادەکردن بۆ شەوى یەڵدا و ئامۆژگارى هاوڵاتیان هەتا نەوت لە هاوێندا بکڕن، دەستکەوتى گرنگن بۆ پرۆژەکانی گۆڕان و لە ئایندەدا ئەگەر گۆڕان ئەوانە ئەکات بە پاکێجێکی تر دەوڵەمەند ترى ناکات.
کاتێک ئەدهەم بەرزانى سلێمانى جێدەهێڵێت هەڤاڵ هەتا کانى وەتمان بەڕێى ئەکات و لەوێ نانێکى تەبایى ئەخۆن بەیادى حکومەتى بنکە فراوان.

زۆر داخ لەخەڵکێک ئەخۆم کە ڕۆژانێک هیوایان بەوە بووە کە گۆڕان نمونەیەکى جوان و بەرجەستە لە سیستەمێکى حوکمداریى دێنێتە ئاراوە زۆر لەوە زیاتریش خەم لەو چارەڕەشانە ئەخۆم کە لەلایەن حیزبەکەى کۆسرەت و هاوپەیمانە ستراتیژەکەى پارتى و بەهۆى گۆڕانەکەى کاک هەڤاڵ و خانەى ڕاپەڕاندن توشى لێدان و گرتن و ڕاونان و برسێتى و نانبڕین و دەربەدەرى بوون.
 بە مێژووى ئەوانەى پارێزگارى سلێمانى بوون هەتا ئێستا کەسێکى ئاوەها سوک و بێماهیەتى وەک ئەم هەڤاڵەى تیانەبووە، پێش ڕاپەرین سلێمانى پارێزگاڕێکى هەبوو بەناوى کاکل ئاغا سەرەڕاى ئەوەى کە ڕژێمى پێشوو داینابوو کەسێکى بەهێز و بەشەخسیەت هەتا ئەو ماوەیەى کە پارێزگار بوو خزمەتێکى گەورەى بەسلێمانى کرد، پارێزگار سەرۆکى حکومەتى خۆجێیە ئەبێت کەسایەتى وشکۆى شارەکەى بپارێزیت نەک وەکو ئاکار و ڕەفتارى ئەم هەڤاڵە گۆڕانچیە کە ماستاوچى و ڕووقایمێکى بێوێنەیە، من ئەیبینم سلێمانى لەنزیک ماوەدا بەشەقێک هەڵیدەنە ئەو دیوو پەرژینى گردەکە.
 بەمێژوى نزیکى سلێمانى پارێزگار خانویەکى حکومەتى هەبووە هەرکاتێک پارێزگار گۆڕابێت، پارێزگارى کۆن بۆ نوێی چۆڵکردووە و خانوى پارێزگار کە ئەکەوێتە شەقامى سالم لەسەر گردێکى دڵگیرە کۆسرەت ئەم خانوەى داگیرکردووە و ئێستا تێدا نیشتەجێیە، ئەبوایە هەڤاڵ یەکێک لە کارەکانى گەڕاندنەوەى ئەم خانوە بوایە، نەک لەبەر پێی کۆسرەتدا هەنگاوى شەرمەزارى بنێت هەتا بەسەلامەتى بگاتەوە خانووە داگیر کراوەکەى پارێزگار.
 هەڤال باشترین کەڵک لە ئەزمونى ڕێباز حەملان وەرئەگرێت کە چۆن خۆى بەقاچى نێچیر و پارتیا هەڵواسى بۆ مانەوەى، ئەوەتا هەڤاڵیش خۆی بە قاچى کۆسرەتدا هەڵواسیوە، ئەوە بەکەڵکى دێت نەک ئەوانەى دەنگیان پێدا و لە سەر ئەو و حیزبەکەى نانبڕاو و ماڵ کاول بوون، کۆسرەتە شفاعەتى خێرى لەلاى دەسەڵاتى دز و مافیا بۆ ئەکات، کۆسرەتە مانەوەى مسۆگەر ئەکات، ئیتر هەڤاڵ بۆ نەبێت بە هاوڕێ و هەڤاڵى دەسەڵاتى دز و مافیا کە خەو خەیاڵى پۆست و خۆ نمایشکردنە.
 لەدوایى ٣١ى ئاب و گەڕانەوەى یەکێتى کۆسرەت لە نزیک پردى خێوەتەى شارباژێڕ پێنج چەکدارى پارتى ئەگریت و یەکەیەکە پرسیاریان لێدەکات یەکێکیان خەڵکى هەولێرە و پێی دەڵێت خوێڕى ئەتۆ هەولێریت و پارتیت، چەکدارەکەش سور ئەزانێت کە گوللە بارانى ئەکات و یەکسەر ئەڵێت: ئەگەر خوێڕى نەبومایە نە ئەکەوتمە بەردەستى تۆ.ئێستا هەڤاڵى خاوەن پۆست نەک لەبەر دەستى کۆسرەتدایە بەلکو لەبەر قاچیدایە.
 
دوایى خامۆشکردنى خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییە و کاتێک شاسوار عەبدول واحید لە زیندانى ئاسایشى یەکێتى بەردرا خێرا هەڤاڵ خۆى گەیاندە ئاسایش و شاسوارى هێنایەوە (وەکو ئەوەى لە ڤیدێۆ کەدا دیارە)

نەکەس بەخێر هاتنی کرد نەکەس سوپاسیکرد، کەى ئەو جۆرە کارە ئیشى پارێزگارە ؟
پارێزگار ئەبوایە مافى خۆپیشاندانى بپاراستایە ئەبوایە ڕێگر بوایە لەوەى سلێمانى بکرێتە شارێکى داگیرکراو لەلایەن میلیشیاکانى یەکێتى و زێڕەفانى سەرى ڕەشەوە، ئەبوایە ڕێگر بوایە لە ڕەشبگیرى و لێدان و ئەشکەنجەى گەنجان، لەو بڕوایەدام هیچ زەمانەتێک نیە خۆشى نەگیرێت، کاتێک شاسوار بەیاوەرى هەڤاڵ گەڕایەوە و بەدایکى شادبۆوە زو هەڤاڵ بە دایکى شاسوارى ئەوت: خوا ئەم کوڕەت ڵێنەسێنێت.
 ئێمەش بەگۆڕان و خانەى غەفڵەت ئەڵێین: خوا ئەم کوڕەتان لێنەسێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە