تاوانەکانی سەردەمی شاخ (کوشتنی چواربرا پاش دیلگرتنیان)

Sunday, 21/01/2018, 20:25

13087 بینراوە


نەفرەت لەو گۆڕەی کۆسرەت رەسوڵ دەگرێتە خۆی، لەو خۆڵەش کە لاشە بۆگەنەکەی دەشارێتەوە!
مێژووی تاوان و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کورد بەناوی شۆڕش و پێشمەرگە، هیچی کەمتر نیە لە تاوان و کوشتارەکانی ڕژێمی بەعس کە لە بەرانبەر گەلی کورددا ئەنجامیان داوە.
پێناسەیەکی کورت بەر لە ڕووداوەکە:
(غازی نورەدین خورشید) ناسراو بە غازی بەگ خەڵکی شەقڵاوە بوو. ئەوانەی غازی بەگ دەناسن دەزانن کابرايه كى چەند دڵسۆز و باش بوو. زیان و زەرەری بۆ کەس نەبووە.
لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ڕژێم لە ساڵی ١٩٨٣ دا، فەوجو سریەی جاشەکان لە کوردستان زۆر بوون. زۆرێک لە دەرەبەگ، ئاغا و سەرۆک عەشیرەتەکان فەوجیان وەردەگرت و ڕژێم هاوکاری دەکردن. هەر ئامیر فەوجێک کۆمەڵێک خەڵکی ناونووس ئەکرد. زیاتریش ئەو فه وجانه  بۆ خۆپارستن بو لە گرتن و ڕاوەدونانی خەڵک بۆ سەربازی.  فەوجەکان دابەش ببون بەسەر هێزەکان. ئەوکاتە فەوجی غازی بەگی شەقڵاوە ژمارە ٣١٣ی بۆ دیاریکرابو لە لایەن ڕژێم. زۆربەی ئەوانەی لای غازی بەگ بوون، خەڵکی شەقڵاوە و گوندەکانی دەوروبەری بوون. لەناو ئەوانەشدا خەڵکەکە لەو کەسانە پێکدەهاتن کە نەدەچونە خزمەتی سەربازی و هاوکات نەیاندەتوانی ببنە پێشمەرگە "جاش وەرەقە.". 
غازی بەگ هێرشی نەکردبوە سەر گوندەکان، خەڵکی نەگرتبو و ڕادەستی دائیرەی ئەمنی نەکردبوون. ناوبراو هیچ کاتێک پێشمەرگەی شەهید نەکردبو، کەمینی بۆ دانەنابونەوە و شەوان لەگەڵ ڕژێم نەدەچوە دەرەوە. جگە لەوە ئەو پیاوە یەک جاریش براو باوکی پێشمەرگەی نەگرتبو، بەپێچەوانە وەک کەسێکی دڵسۆز هاوکاری زۆری پێشمەرگەی کردبو. ئەو ئامیر فەوجە فیشەک، خواردن و کەلوپەلی بۆ بارەگاکانی پێشمەرگە دەنارد. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: بۆ دەبێ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاری لێدانی فەوجەکەی غازی بەگی بدات
ئەوانەی خەڵکی شەقڵاوە و دەوروبەرن دەزانن کێ تاوانبار بوە و کێ هاوکاری ڕژێمی دەکرد. ئەگەر مەبەستی یەکێتی کوشتنی جاش و پیاوە خراپەکان بوایە، دەبوایە ئەوان هەوڵی کوشتنی (حەسەن ئاغای ماوەرانی، کەمال سوێرەیی، سەیدۆی دەشتی هەریر و ئەنوەر کوورەگێسکی) بدابوایە. ئەو چوارجاشەی کە ناوم هێناون، بەبەڵگەوە لامە پێشمەرگەیان شەهیدکردووە و هاوکاری دەزگای ئەمنیان کردوە. ئەو جۆرە کەسانە چەندین جار کەمینیان بۆ پێشمەرگە دادەنایەوە. شەوان لەگەڵ دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم دەچونە سەر ماڵە پێشمەرگەکان، خەڵکیان دەگرت و ڕادەستی دائیرەی ئەمنیان دەکردنەوە. لە هەمووشی سەیرتر، دوای ئەو هەموو تاوانانە، حیزبەکان لە دوای راپەرینی ساڵی ١٩٩١ یارمەتیان داون و بە پلەی باش باش خانەنشینیان کردوون.
ڕووداو و تاوانەکە
لەسەر فەرمانی کۆسرەت ڕەسوڵ، بڕیاری لێدانی فەوجی غازی بەگ و جەمیل ئاغای کۆڕێ وەرگیرا لە شارۆچکەی مەسیف سڵاحەدین. فەرمان درا، بە تیپی ٩١ی سەفین، تیپی ٨٥ی بەڕانەتی و مەفرەزەیەکی مەڵبەند تاکو بڕیارەکە جێبەجێ بکەن. تەحسین کاوانی سەرکردایەتی تیپی ٨٥ی بەرانەتی ئەکرد. ئامیرکەرتەکان پێکهاتبوون لە ئاسۆ ئەڵمانی فایلدار، بورهان سەعید سۆفی و حاجی مەسیفی کە پیاوی کۆسرەت بوون و لە دیلکوشتن و شەڕی ناوخۆییدا ڕۆڵێکی قارەمانانەیان هەبوو. تیپی ٩١ی سەفین لەلایەن سەفین مەلاقەرە سەرکردایەتی ئەکرا و ئامیرکەرتەکان پێکهاتبوون لە هاشیم باپیر، وەستا عەلی و لادێ حەسەن. ئەو تیپە وەک تیپەکانی دیکە دیلکوژ و شەڕخواز نەبوون. بەتایبەتی سەفین مەلا قەرە و کاک لادێ، بەقسەی کۆسرەتیان نەدەکرد و کاروفەرمانەکانیان جێبەجێ نەدەکرد. 
شەوی ١١/١٢-١٢ی ١٩٨٧ هێزەکانی یەکێتی هێرشیان کردە سەر هەردوو فەوجی جەمیل ئاغاو غازی بەگ. تیپی٨٥ ی بەرانەتی ئەرکی هێرشکردنە سەر سرییەکانی پێ سپێردرابو و لە ماوەیەکی کەمدا، توانیان فەوجەکان بگرن.
تیپی ٩١ی سەفین هێرشی کردە سەر ره بايه كان دەوروبەری سریەکان و سەرجەم ره بايه نانيان تێکشکاندن و لەکاتی شەڕەکەدا لە بارەگای مقر سریە، ئامیرکەرتێکی تیپی ٨٥ ی بەرانەتی بەناوی فوادە ڕەش، شەهید دەبێ. هەروەها لە هەمان شوێندا دوو پێشمەرگە بەناوی لوقمان خۆشناو و جەوهەر بریندار دەبن. لە سریەکەی غازی بەگدا ١٠ جاش کوژران لەناو کوژراوەکاندا، شێرزاد کەمال لەگەڵ ئیسماعیل ساڵح لە بنەماڵەی غازی بەگ بوون. هەروەها چەند کەسێک بەدیل گیران یەکێک لەوانە عزیز لوشی بو لە دەستی تیپی ٩١ی سەفین، بەڵام ڕێزیان لێی گرتبو.
ئەوەی جێگای نێگەرانی و شەرمەزاری بوو، ئەو چەکدارانەی تیپی ٨٥ی بەرانەتی بەناو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە، چوار کوڕی غازی بەگ کە لە تەمەنی منداڵی دابوون و چەکداریش نەبوون بەدیل دەگرن و لەگەڵ خۆیان دەبەن. بە قسەی یەکێک لە جاشە دیلەکان ئەو مناڵانەی غازی بەگ، لە هەولێر گەڕابونەوە و لە فەوجەکە لایاندابو بۆ ئەوەی کەسوکاری خۆیان ببینن.
چەکدارەکانی تیپی ٨٥ی بەرانەتی کوڕەکانی غازی بەگ بەرەو گوندی زياره ت  دەبەن. ڕۆژی دوایی تیپی ٩١ی سەفین لەگەڵ دیلەکان بەڕێگای ڕەزگە، سەرکەند و ماوەران دەگەڕێنەوە ناوچەی خۆشناوەتی و لە گوندی پڵینگە دادەنیشن. چەند پێشمەرگەیەک پێشنیار دەکەن، لەسەر ڕێگای خۆیان هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەکانی ئاڵای شۆڕش و لەناویان ببەن، بەڵام سەرتیپی ٩١ی سەفین "سەفین مەلا قەرە" خۆیان لێ توڕەدەکان و پێیان ئەلێ: "ئەگەر حەزتان لە کوشتنی خەڵکە، بڕۆنە شەقڵاوە، پیاوانی ڕژێم بکوژن". 
ڕۆژی ١٢/١٢/١٩٨٧ پێشمەرگەکانی بەرانەتی لە نێوان گوندی ئاژگە و زياره ت ، لێکۆڵێنەوە لەگەڵ چوار کوڕەکانی غازی بەگ دەکەن. دواتر بە جیهاز قسە لەگەڵ کۆسرەت دەکەن و ئەنجامی چالاکیەکەیانی پێ ئەڵێن:
"فەوجەکەمان گرت، بەڵام لەکاتی هێرشەکەدا، ئامیرکەرت فوادە ڕەش شەهید بوو و هەروەها دوو پێشمەرگەی بریندارمان هەیە"
کۆسرەت داوایان لێ دەکات، ئەو چوار کوڕەی غازی بەگ مه هيننه مەڵبەند.
یەکێک لە پێشمەرگەکان بۆی گێڕامەوە و گوتی: شەهیدبوونی فوادە ڕەش لە ناخەوە هەژاندمی، بەڵام دوای ئەوەی زانیم ئەو چوار برایە گولەباران دەکەن، باوەڕیم بە شۆڕش و پێشمەرگایەتی نەما. 
هەمان ئێوارە، تیپی ٨٥ی بەرانەتی لە نێوان مەسیف و کۆڕێ بەرەو گۆڕەشێر دەپەڕنەوە و دواتر خۆیان دەگەیەننە بارەگای مەڵبەند. ئەوان ئەو چوار مناڵە بێتاوانانە ڕادەستی کۆمەڵێک پێشمەرگە دەکەن. پاشان بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ یاسایەک، بەبێلێپێچینەوە و ترس لە خوا، پێشمەرگەکان ئەو چوار منداڵە لە شوێنێکی نادیاردا گولەباران دەکەن، کە تا ئێستاش کەس نازانێ چیان بە تەرمەکانیانەوە کردوە. 
ئەمەش ناوی هەرچوار منداڵەکانی غازی بەگ کە بە ناحەق دوای بەدیلگرتنیان گولەبارانیان کردن:
- نورەدین غازی لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٦ تەمەن ٢١ ساڵ
- سەربەست غازی لە دایکبووی ساڵی ١٩٧١ تەمەن ١٦ ساڵ
- بەدرخان غازی لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٤ تەمەن ١٣ ساڵ
- سەرهەنگ غازی لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٦ تەمەن ١١ ساڵ
پاش ئەو ڕووداوە، غازی بەگ و عوسمان بەگ چەندین کەسیان ناردنە لای کۆسرەت و مەڵبەندی چوار بۆ سۆراغی کوڕەکانیان. ئەوان پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن بەتەنیا لە پێناوی دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکانیان، بەڵام کۆسرەت و پیاوکوژەکانی، وەڵامیان نادەنەوەو پێشیان ناڵێن لە کوێ ئەو چوار منداڵانەیان گولەباران کردوونە.
ئەو هەڵوێستە نامرۆڤانەی کۆسرەت و پیاوکوژەکانی خەڵکی شەقڵاوە و چەندین پێشمەرگە نیگەران دەکات لە بەرانبەر ئەو تاوانەدا.
دوای ئەو کارەساتە، بەڕێوەبەری ئەمنی شەقڵاوە لەدوای غازی بەگ دەنێرێت و پێی ئەڵێ: "تۆ ئازادی، هەر چ کەسێکت دەوێ، بەتایبەتی ماڵە پێشمەرگەکان دەتوانی بیانکوژیت". بەڵام غازی بەگ، ئامادە نابێ هیچ کارێکی خراپ ئەنجام بدات.
دوای راپەرینەکەی ساڵی ١٩٩١ کۆسرەت ڕەسوڵ دەچێتە ماڵی غازی بەگ و پێی ئەڵێ: "منیش پێمناخۆش بو، منداڵەکانی تۆیان بەو شێوەیە کوشتوە، من ئاگادار نیم". لەمەش سەیرتر کۆسرەت، سەرجەم تاوانەکانە دەخاتە ئەستۆی تەحسین کاوانی و پێی ئەڵێت: "تەحسین کاوانی سەرپەرشتیاری تیپی بەڕانەتی بوە و ئەو و چەند کەسێکی دیکە ئەوکارەیان ئەنجامداوە. من ئامادەم هەر شتێکتان بوێ، بۆتانی ئەنجام بدەم. هەروەها ئامادەم کوڕەکانت بە شەهید دابنێم."
غازی بەگ لە وەڵامدا ئەو داوایەی کۆسرەت ڕەددەکاتەوە و ئەڵێ: "چاوم بەرایی نادات پێشمەرگە ببینم. تاوانباران ڕادەستی خوا دەکەم". 
من وەک پێشمەرگەیەک کە ٨ ساڵ لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا خەباتم کردوە، دەیان ڕووداوی وا ناخۆش و کارەساتئامێز و دیلکوشتنم بینیوە. 
لەمەودوا، ڕاستی ئەو ڕووداوانە بەناوی "پێشمەرگەیەک" ئەڵقە بە ئەڵقە بڵاودەکەمەوە.
لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ هەمووتان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە