عەفرین قۆناغی شۆکی تێپەراند

Wednesday, 24/01/2018, 23:15

6391 بینراوە


لە هەرشەڕ و کیشەیەکدا چ سەربازیی یا سیاسی وهەتا ئابوریی و کۆمە‌ڵایە‌تی بێت، یەکەم هەنگاو کار و هێرش بەقۆناغی شۆک دا دەنرێت تا لایە‌نی بەرامبە‌ر دووچاری سەر لێشێواوی و ناهاوسە‌نگی دە‌رونی بێت بە جۆرێ کەهەستی لاوازیی بێت دە‌سە‌ڵاتی و بێ ئیرادە‌یی زاڵ بێ و سەر ئە‌نجام جگە لە خۆ بەدە‌ستە‌وەدان چارە‌ و رێگە‌یە‌کی تری نەبێ.بە‌ڵام هەرکاتێک توانرا قۆناغی شۆک تێپە‌رێنرێ ئە‌وا ئیتر قۆناغێکی تازە دە‌ست پێ ئە‌کات بۆ مامڵە لەگە‌ڵ شەر و کیشەکاندا کە قۆناغی خێرایی کۆکردنە‌وە‌ی هۆش و عەقڵ وئیرادە‌یە لەگە‌ڵ گە‌ڕانە‌وە‌ی ئارامیی و هاوسە‌نگی دە‌رونی کە ئە‌شێ پێی بوترێ قۆناغی دە‌ست پێشخە‌ری - مبادە‌رە‌/ initiative بۆ بڕیاردانی عاقڵانە وسە‌رکە‌وتوانە‌.
سەرە‌تای شە‌ڕ بۆعفرین واتە بۆهەموو کورد ئە‌مانە شۆکی جددی بوون.
1- کشانەوە‌ی هێزە‌کانی رووسیا وە‌ک هێزێکی گە‌ورە‌ی سە‌ربازی جیهانی ئاماژە‌یە‌ک بوو بۆ رێکە‌وتنێکی جیهانی لە سەر بنە‌مای بە‌رژە‌وە‌ندییە ستراتیجی و سیاسی و ئابورییەکانی هێزە گەورە‌کانی جیهانی و ناوچەییەکان بێ لەبە‌رچاوگرتنی بە‌رژە‌وە‌ندی نە‌تەو‌ە‌یی کورد و وە‌ک رووسەکان بەکوردە‌کانیان وتبوو ئەبێ ‌عفرین رادە‌ستی رژێمی ئەسەد بکە‌ن ئەگە‌رنا ئێمە ئە‌کشێینە‌وە، واتە بە دە‌ستی سوپای تورکیا گورگ خواردتان دەکە‌ین.
2-  دە‌ستپێکردنی هێرشی فراوانی زە‌مینی ئاسمانی سوپای تورکیا بە هاوکاری دە‌ها هەزار چە‌کداری گروپە‌کانی سووری بۆ سەرعفرین کە لە سێ لاوە زیاتر گە‌مارۆ دراوە‌.
بە‌ڵام بڕیاری خۆبەدە‌ستەوەنە‌دان و بەرگری بە پشتبەستن بەتوانای خۆییەکان و هێزی گەل لە48 سەعاتی شەڕەکە کورد قۆناغی شۆکی تێپەڕاند و ئیستا دە‌ستپێشخە‌ری لە سەرئاستی سەربازیی و سیاسی و دبلۆماسی بەدەست کوردەوە‌یە، کە ئەشێ ئاڕاستە‌ی رووداوە‌کان بە‌رە‌و وە‌رچە‌رخانێکی مێژوویی بگۆڕێت لە بە‌رژە‌وە‌ندی ژیان و داهاتوویە‌کی ئاشتیانە بۆ کورد و گە‌لانی ناوچەکە، ئەگە‌ر ژیانی ئاشتیانەی هاوبە‌ش ئامانجی لایە‌نە‌کانی تریش بێت .
بریاری بەرخۆدان بە‌م فۆرمە‌ی رۆژئاوا و خۆبەدەستەوەنە‌دان نەک هەر بەهێزە لۆکاڵی و ناوچەییەکان بەڵکو بەتایبە‌ت بەهێزە گە‌ورە‌کانی جیهانیش دووبارە وە‌رچە‌ڕخانێکی مێژووییە، کە ئیتر قۆناخی مۆنۆپۆڵی بە‌رژەوە‌ندییەکان لەلایە‌ن هێزە گە‌ورە‌کانی جیهان لە سەر ئە‌ژماری‌‌‌ بە‌رژە‌وە‌ندی گە‌لانی تر ناکرێت، بەردەوام بێ و ناتوانێ ئاشتیی و ئارامیی جیهای فە‌راهەم بکات بێ ڕێزگرتن لە ژیان و بە‌رژە‌وە‌ندی گە‌لانی تر.
سە‌رئە‌نجام و تا ئێستا بە‌رخۆدانی عەفرین پەیامێکی زیندوە بۆ هەموان، کە ئەمەی لە کەرکوک رووی دا لە شوێنە‌کانی تری کوردستان دووبارە نابێتە‌وە و بۆ کورد نەک هەر هێورکەرەوەی ئازاری کەرکوکە، بە‌ڵکو وانە‌یە‌کی مێژوویشە‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە