کورتەیەک لە مێژووی" رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە".(بەشی سیانزدەهەم) و کۆتایی

Monday, 29/01/2018, 23:31

2991 بینراوە


ڕاپەڕینی ١٩٩١ و وەرچەرخانێکی نوێ
قۆناخێکی تری ژیانی سۆکسە،کە ناکرێ نادیدەی بگرین،ئەویش گۆڕانکارییەکانی ناوەی کوردستان و هەڵوێستی و بڕیاری هاوبیران و پاسۆک بوو. لە کوردستان هەڵبژاردن ئەنجام درا، بۆ دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، رێژەی %٧،دانا بۆ حیزبەکان. لە ئاکام دا  پاسۆک و ئەوانی تریش رێژەی پێویستییان نەهێنا و بودجەیان لێبڕا و بەرەو تاساندن و گەمارۆدان چوون. گۆڕەپانی کوردستان بووە قوربانی سیاسەتی فیفتی فیفتی نێوان پارتی و یەکێتی و بۆ ماوەیەک بۆخۆیانیان قۆرخ کرد. ساڵی ١٩٩٢، پاسۆک لەتەک دوو پارتی تردا، یەکگرتنی ئەنجام دا. هاوبیرانی سۆکسە و لقی ئەوروپای پاسۆک لە دەرەوەی وڵات، بە زۆرینەی رەها،لەگەڵ هەنگاوەکەی هاوبیرانی کوردستان دا،نەبووین،چونکە پێمان وابوو،لە رووی ماهیەت و فکر و ستراتیژ و بونیادی رێکخستنیەوە،جیاوازی زۆر لە نێوان پاسۆک و ئەوانی تردا هەیە و هێشتاش زەمینەی رەسەن و ژینگەی تەندروستی یەکگرتن شین نەبووە و نەسازاوە. بەم شێوەیە مۆمی پاسۆکیشمان لێ کوژایەوە و ئەو تروسکە و هیوایەشمان نەما. بەڵام بە بڕێارێکی ڕوون و ئاشکراوە لێبڕاوانەتر لە جاران توانیمان ١٣ ساڵی رەبەقی تر، بەو پەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسییەوە،بێ سیمبۆلەکانمان درێژە بە تەمەنی کار و چالاکییەکانمان بدەین. بە ئەرک و ماندووبوون و دڵسۆزییەکی گەورەوە سەروەرییەکی ترمان خستە سەر لاپەڕە گەشەکانی بزوتنەوەی خوێندکارانی و مێژووی تێکۆشانی هاوبیرانی نەتەوەیی لەدەرەوەی کوردستان. کەچی بەداخەوە مامۆستا جەمال نەبەز لە کتێبی ناوبراودا، بەوە تاوانبارمان دەکات، کەوا ئێمە هەر خەریکی ئەوە بووین شەڕ بەو  بفرۆشین.
 دوای جەنگی کەنداوی سێیەم،کە بەرووخانی رژێمی بەعس و سەدام لە ٢٠٠٣ دا ناسراوە، ئیدی دەرفەتی کاری خوێندکاری بەرەو کزبوون چوو. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەستگاکانی میدیای جیهانی خۆیان راستەوخۆ چوونە کوردستان و چاویان بە ئازار و مەینەتەکانی کورد کەوت. حیزبە کوردییەکان دەرفەتیان پێدرا،بە فەرمی لە وڵاتانی ئەوروپا کار بکەن و نوسینگە و نوێنەرایەتی خۆیان بکەنەوە. هاوسات ئەندامانی سۆکسەش، کەسی وەک خوێندکار نەمابوون. بە گشتی هەلومەرجێکی نوێ هاتبووە کایەوە  و پێداویستییەکی تازە  خۆی قووت کردبۆوە. ئەم وەرچەرخانە گرنگە کاریگەرێتی لەسەر سۆکسەش کرد و  ئێمەی خستە بەردەم بڕیاڕێکی چارەنووسساز،چونکە سات بە سات هەلومەرجی تیکۆشان لە دەرەوەی وڵات،تەسک دەبۆوە و چالاکییەکانی سۆکسە کز و بێ بڕشت دەبوون. 
ئەوە بوو داوای کۆنفراسێکمان کرد لە شاری بەرلین و دوای لێدانەوە و نرخاندنێکی بەدیقەت، بە تێکڕای دەنگ، بە چاکمان زانی هەوڵ بدەین بە پرۆژەیەکەوە بچینەوە بۆ کوردستان و داوای مۆڵەتی کارکردن بکەین. هاوکات بڕیاری وەستانی چالاکییەکانی سۆکسەمان دا و لە رۆژی ٢١/٣/٢٠٠٥ دا بە فەرمی کۆتایی پێهێنا. لە ١٢/٤/٢٠٠٥ دا، بە نامە ئاگاداری پۆلیسمان کردەوە،کە سۆکسە چالاکییەکانی رادەگرێ و لە ٢٢/٤/٢٠٠٥،وەرامەکەی پۆلیس گەشتەوە پێمان. ئیدی لەمە بەدواوە،چ چالاکییەکمان بەناوی سۆکسەوە نەکرد. 
شایانی باس کردنە، کاتێ پرۆژەکەمان بردەوە، کاتەکەی سەوەختێ بوو، کۆک بوو لەگەڵ پێکهاتنی حکومەتێکی یەکگرتوو لە کوردستاندا و دوو ئیدارەیی کۆتایی پێ هاتبوو. خۆشبەختانە بە هەر شێوەیەک و فۆرمێک بێت، سیمای دوو ئیدارەیی نەما بوو،حکومەتێکی یەکگرتوو هاتبووە کایەوە. ئەمەش هیوا و خواستی ئێمە بوو، چونکە پێش ئەم یەکگرتنە،لە دەڤەری سەوز یاخود زەرد دەکرا،دەست بەکار بین،لێ ئەوە ئامانج و باوەڕی ئێمە نەبوو، خۆمان بەسەر لایەکدا ساخ بکەینەوە و بینە هاوپەیمانی حیزبێک. بەهەرحاڵ هاوبیران لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات کەوتینە هەوڵ وجموجووڵ، بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی فەرمی لە حکومەت، تاوەکو سەربەستانە و بێ ساخبوونەوە بەسەر لایەکدا،لە سلێمانی و هەولێر و شار و ناوچەکانی دیکە کار بکەین. دیارە بە ناو و بەرنامەی نوێوە و زیاتر لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی رۆشنبیریدا. زۆر هەوڵمان دا کارمان بۆ پرۆژەکە کرد و داوای مۆڵەتمان کرد، بەڵام مەخابن هەوڵەکانمان بێ ئاکام دەرچوو. چونکە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ،ماف و مۆڵەتی کارکردنی نەداینێ.
شایانی ئاماژە پێدانە، ئەو ساتانە ماڵپەڕێکمان لە ئینتەرنێتدا بە ناوی پاسۆکەوە کردبۆوە. لەم سەکۆیەشەوە، هەرچیمان بویستایە، لە رێگای ئەم دەستگا پاک و خێرایەوە، بڵاومان دەکردەوە و بە خەرجییەکی کەمی ساڵانە ئەنجاممان دەدا. بۆیە هەر بە ئومێدی وەدەستهێنانی مۆڵەت ماینەوە و کەچی تا ئێستاش چ ئاکامێکی لێ شین نەبوو.لەکاتێکدا مۆڵەتی کارکردن بە سەدان بنکە و رێکخراو و حیزب و دەستە و گرووپی جۆڕاوجۆر درا بوو، بۆ مەبەستگەلی سەیروسەمەرە،ناونیشانیان لە خۆیان دابوو.
 ئیدی بۆمان دەرکەوت تەواوی هەلومەرجەکە گۆڕاوە، و بستە زەمینێ  نییە بۆ کارکردن و تێکۆشانی هاوبیرانی نەتەوەیی. بۆیە فۆرمی دیکەمان بۆ خزمەتکردن هەڵبژارد،وەک هەوڵی کردنەوەی بنکەی نەتەوەیی ڕۆشنبیریی یاخود دەرکردنی بڵاوە. ئەوانەش رێگریان لێ کرا و بوارمان بەتەواوی لێ تەنرا. لە ئاکامدا و پاش ٢٥ ساڵ تێکۆشان و خزمەتی زۆر و دڵسۆزی نواندن و ماندووبوونێکی لە شومار نەهاتوو، دەستبەرداری رێکخراوەکەمان سۆکسەی ژیکەڵە بووین.
بەم جۆرە ڕوونمان کردەوە، کەوا سەروبەر،ئەو مێژووە دژوار و تاڵە، هۆکاری نەمانی سۆکسە بوون، نەک بێ جەماوەری و سارد و سڕی هاوبیرانی و کەمتەرخەمی کردن لە راپەڕاندنی ئەرکەکاندا. 
کاتێ چالاکییەکانمان راگرت، هێشتا سۆکسە نێزیک بە ٥٠ هاوبیری ئەندامی چالاکی ئیشکەری هەبوو. ئاخر زانراوە و سەلمێندراوە، هاوبیرانی سۆکسە هەم لەرووی کەسایەتی و چەندایەتییەوە، هەمیش لەرووی چۆنییەتەوە، دیار و جێ پەنجەی خزمەتکردنیان بەدرێژایی ساڵانی کارکردن دیار و نەخشین بووە.  

 سەرچاوە و بەڵگەنامە و وێنەکان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە