یا شێخ دەستت بێنە با ماچی کەم!!

Thursday, 02.01.2018, 22:55

2854 بینراوە


سەرەتای نەوەدەکان بوو ، لە پرسەیەکدا دانیشتبووین، لە پڕ یەکێک لە شێخە ناسراوەکانی ئەو ناوچەیە، خۆی کرد بە ژووردا، هەر ئەوەندەی فاتیحا خوێندن تەواو بوو، پۆل پۆل خەڵک نۆرەیان گرت بۆ دەست ماچ کردنی جەنابی شێخ، کەسێک کە بە (دەست ماچ کەری شێخ و بەگزادەکان ناسراوبوو) لە نێوان من و بۆرە بەرپرسێکی یەکێتیدا دانیشتبوو، کە خۆی بە سۆسیال دیموکرات دەزانی و هەر لەم سۆنگەیەشەوە رووی کردە ( کابرای دەست ماچکەر) و وتی ئەمە چییە ئەم دەست ماچکردن و کۆیلایەتییە؟! کاکی دەستماچکەر بۆ ڕازیکردن و هاوبیری بەرپرسەکە وتی : ئاخر عەیب و شورەیی ئەم دەست ماچکردنە چییە ؟!
 من دەمزانی کاکی دەستماچکەر خەریک بوو سوێی دەبوویەوە بۆ ئەوەی بچێتە نۆرەوە و ئەویش وەک بەشێک لە خەڵکەکە دەستی یاشێخ ماچ بکات، نەیدەزانی کاکی بەرپرس ڕازی بکات لە خۆی، کە رەنگە سبەی کارێکی پێێ هەبێت، یان خۆی لە گەڵ یا شێخ و کولتورە کۆمەڵایەتییە باوەکەدا بگونجێنێت؟! 
لەم بێنە و بەردەیەدا کە هێشتا نۆرەی دەست ماچ کردنەکە، کۆتایی پێ نەهاتبوو، کاکی بەرپرس بێزار بوو، فاتیحایەکی خوێندو ڕۆیشت، کاکی دەست ماچکەریش کە لە تەنیشتی مندا دانیشتبوو، چاوێکی لە سەر دەرگای چوونە دەرەوەکە بوو، بۆ ئەوەی بزانێت کەی بەرپرسەکە لە چاو ون دەبێت و چاوێکیشی لە سەر ڕیزی دەست ماچ کردنەکە بوو، نەبادا ڕیزەکە تەواو ببێت و ئەم لە گەڵ بەجێ بمێنێت و فریا نەکەوێت دەستی موبارەکی یاشێخ ماچ بکات . 
هەر کە دڵنیابوو بەرپرسی لە چاو ون بوو، یەکسەر پڕە پێ قونەیەکی خێرای بۆ کردو، کەنگەر ئاسا ، چەند بازێکی گەورەی داو خۆی گەیاندە بەردەمی شێخ و چەند جارێک دەستی ماچکرد، تەنانەت چەند جارێک زیاتر لەوانەی پێش خۆی دەستی شێخی ماچ کرد.
بە بڕوای من بەشێکی زۆر لەوانەی کە لە چواردەوری گردەکە و نەوشیروان مستەفا دا بوون، هەر لەو نەسیجە کۆمەڵایەتییەی کاکی دەست ماچکەرن و هەر بە میتۆدەکەی ئەو برادەرە کاردەکەن، هەر لە گەڵ کۆچی دوایی کاک نەوشیروان و لە چاو ونبوونی، ئیتر هەڵەداوان تا لە نۆرەی دەست ماچکردندا بوەستن و دەستی یاشێخ ماچ بکەن، بیرمان نەچێت بەشێکی زۆر لەو کاراکتەرانەی گردەکە، هەمان کاراکتەرن کە لە ٢٦ ساڵی ڕابردوودا، چووبوونە بن هەنگڵێ ئەو دەسەڵاتە ئیفلیج و گەندەڵەی کوردستان، تا بتوانێت لە سەر پێی خۆی بوەستێت و بە سەر پشتی خەڵکی هەژار و بەشمەینەتی کوردستاندا بڕوات. 
 وەک دەڵێن مرۆڤ زۆر خێرا دەگەڕیتەوە سەر ئەسڵی خۆی، ئەگەر فرسەتی گەڕانەوەی بۆ هەڵ کەوێت، هەر بۆیە د.هەڤاڵ هەر کە یەکەم فیکەی خۆی گوێ لێ بوو، خێرا گەڕایەوە سەر ئەسڵی خۆی و  کارێکی کرد، کە چەندین جار پێشتر کردبووی. هەڤاڵ ئەبوبەکر تا ئەو جێگەیەی کە تاکێکی موجەرەدە ، ئازادە لەوەی چی دەکات و بروای بە چی هەیە، دەستی شیخ ماچ دەکات یان دەستی بەگ، بەڵام کاتێک خۆی دەکات بە فیگەرێکی کۆمەڵایەتی و قسە لە سەر کۆتایی هاتنی گەندەڵی و ئاڵ و گۆڕ دەکات و دەسەڵات و رەمزەکانی بە گەندەڵ وەسف دەکات ، کاتێک گەنجی خێر لە خۆ نەدیوی کوردستان هان دەدات کە لە دژایەتی کردنی گەندەڵێدا خوێنی خۆیان بڕێژن ، بەڵام زۆر بێ شەرمانەش دەچێت بن باڵی یەکێک لە کاراکتەرە بەهێزەکانی ئەو دەسەڵاتە (کە خۆی بە گەندەڵ و مافییا ناوی بردوون) دەگرێت تا لە پلەکانی فڕۆکەکە نەکەوێتە خوارەوە ، کاتێک دەبێتە دارشەقی بن دەستی ئەو ڕەمز و دەسەڵاتە کە گەنجی لە دژیان  هان دەدا، ئیتر مافە کەسێتی لە دەست دەدات و ناکرێت لەو پارادۆکسەی هەڤاڵ ئەبوبەکر چاوپۆشی بکرێت.
گۆران علی
 





(دەنگدراوە: 7 . زۆرباشە: 4.5/5)