چای حیکمەت

Saturday, 03/02/2018, 22:53

7614 بینراوە


 بەهۆی ڕیکلامی کەناڵەکانەوە هەموومان ئاشنای چای ئەحمەد، چای سیلان، چای سیپەچاو، هەروەها سەدان جۆری تری چا بووین، منیش لێرەوە ئاشناتان دەکەم بەنوێترین جۆری چا، ئەویش چای مەلاحیکمەتە بە بۆنی درۆوە.
--------------------------
خوایە گیان بەگوناح و زەم بۆم مەنوسە وا بزانم ڕۆژی پێنچشەمە ٢-١ی ئەمساڵ مەلا بەختیار خۆی وەک کەسێکی سادە وێنادەکات و بەتاقی تەنها لای چایچیەکی گەڕۆکی شاری سلێمانی چایەک دەخواتەوە پاشانیش لە پەیجەکەی خۆیدا بەناونیشانی (چێژی ژیان و خۆشبەختی ھەمیشە لە ناوخەڵك و لە سادەییدایە) وێنەی خۆی لەگەڵ پیاڵە چاکەدا بڵاوکردۆتەوە.
ساڵی ٢٠١١ بە هەشت زنجیرە نوسین لەکوردستانپۆستدا وردەکاری ژیانی مەلابەختیارم نوسی بەناونیشانی (مەلا بەختیار لەزیندانەکەی یاخسەمەردا) ئەودەمە بەفەرمانی جەلال تاڵەبانی ساڵی ١٩٨٦ لەشاخدا ماوەی شەش مانگ لەو زیندانەدا خۆشم یەکێک بووم لەو پێشمەرگانەی وەک ئەرک و دیسپلینی حیزبی حەرەسیاتم گرتوە.
مەلا بەختیار وەک ئێستای ئەوکاتەش کە سجن بوو وەستای داهێنانی درۆ بوو لە بیست و قسورکۆپتەرەکەوە بگرە تا دەگاتە ئەوەی ووتی گەرمام جەلال زمان بگرێتەوە ئەوکاتە پێتان دەڵێت مەلا بەختیارهەم شەهیدی زیندوە و هەم یەکەم پێشمەرگەی مەفرزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ بووە.
 لە سجنەکەی یاخسەمەردا مەلابەختیار لەکاتی ژەمەخواردنەکانماندا لەبری ئەوەی پەیامی ئاڵای شۆڕش (ئاش) بۆ پێشمەرگەکان ڕوون بکاتەوە هێندە نوکتەی سێکسی وروژێنەری بۆ پێشمەرگە ڕەبەنەکان دەکرد بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی بەزەیی بۆخۆی کوڕ ئەو کوڕەبوو سەرەی ئاودەستی بەربکەوێت.
با بێمەوە سەرکرۆکی مەبەستی من لە هەرشتێک پەشیمان بم لەخەباتی شاخمدا لەوە پەشیمان نیم کە یەکێک بووم لەو پێشمەرگانەی ساڵی ١٩٨٧ مەلامان وەک زیندانیەک لە یاخسەمەرەوە برد بۆ دەشتی کۆیە سەرەتا لە گوندی سێکانیان مەلا بەختیارمان وەرگرت پاش تێپەڕبونمان لەگوندی قەمچوغە و پەڕینەوەمان لە سەر جادەی دوکان - سلێمانی دوای بڕینی بەرزاییەکانی گوندی تەلان گەیشتینە چەمی سورقاوشان لە قووڵایی چەمی سورقاوشاندا جوتیارێک چایخانەیەکی دانابووهەمووان هیلاک و ماندووبووین هاشمی جیهاز کە بەرپرسی ئەرکی گەیاندنی مەلا بوو بۆمقەڕی تیپی ٩٣ی کۆیە داوای لەخاوەنی چایخانە کرد تا خورادنمان بۆ ئامادە بکات ئەوەی هەبوو تەنها نان و ماست و چابوو پیش ئەوەی بەڕێ بکەوین هاشمی جیهاز بانگی جوتیارە چایچیەکەی کرد تا پارەی بداتێ خاوەن چایخانەکە ووتی کۆی خواردنەکەتان دەکاتە ٢٥ دینار لەو کاتەدا مەلا بەختیار ووتی بۆ پیاڵەی چات بە چەند حساب کردوە ؟ خاوەنی چاخانەکە ووتی بە سێ ڕوبع کە ئەو کاتە دەیکردە ٧٥٠ فلس. مەلا بەزەردەخەنە درۆ ئامێزەکەیەوە ووتی من ساڵی ١٩٨١ لە ژێر بورجەکەی ئیڤڵی پاریسی پایتەختی فەڕەنسادا یەک چام خواردۆتەوە بەیەک ڕوبعی ئەوکاتەی پارەی عێراقی.
پێش ئەوەی لە چەمی سورقاوشان بەرەو بارەگای تیپی ٩٣ی کۆیە جوڵە بکەین داوامان لە هاشمی جیهاز کرد بۆئەوەی لە لوشکەلوشک و چڵم هەڵ لوشین وگریانی مەلا نەجاتمان بێت گوێدرێژێک بکڕێت یان بەکرێی بگرێت تا مەلا بگەیەنینە جێگەی مەبەست. هاشمی جیهاز بە قسەی کردین.
هەرمرۆڤێک لەبری مەلا بوایە نەک هەر چای نەدەخواردەوە بەڵکو سزای ماڵی تاڵەبانیشی دەدا کە یەکەم بازرگانی هاوردەی جۆری چاکانن لە ئێرانەوە بۆ باشوری کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە