کورد و ئیسلام

Friday, 02.09.2018, 1:21

2116 بینراوە


کێشەی کورد کێشەیەکی ئاینی نییە، بەڵکو کێشەی نەتەوایەتیە، کێشەی خاکی داگیرکراو و مافی زەوتکراوە ، کێشەی ڕەتکردنەوەی بوون و ناسنامە و ڕاستینەی خاوەن مێژووە .کێشەی کورد کێشەیەکی نەتەوەییە ، کێشەی ئاینی نیە ، کاتێک کێشەی کورد کراوە بە کێشەیەکی ئاینی ئەمە پیلانگێڕی میللەتە مسوڵمانەکانە ، تا لەو ڕێگەیەوە بە ناوی جیهادەوە ڕەوایەتی بە جینۆساید و بەردەوامی پڕۆسەی داگیرکاری و دابەشکاری کوردستان بدەن ، ئەمە لە کاتێکدا هیچ دەق و یاسایەک ڕێگە بە جینۆسایدکردنی هیچ میللەتێک نادات ، جەوهەری دین ئەمە ڕەتدەکاتەوە.
لە دوای هاتنی ئاینی ئیسلام و سەردەمی عەباسی و ئومەوی و عوسمانی و سەفەوی و دواتریش ، و بە تایبەتیش دوای جەنگی یەکەمی جیهان و دروستبوونی دەوڵەت نەتەوە، و دواتریش ، دوو گروپی ئاینی و دژە ئاین لە ناو کورد دا سەریهەڵداوە ، کە هەریەکەیان پاساویان بۆ ڕێگەکەیان هەیە، و هەردووکیشیان زەبری کوشندەیان لە کێشەی کورد داوە ، مەرجیش نییە ئەم دوو گروپە هەردووکیان لە چوارچێوەی پارت و ڕێکخراو و حیزبدا بن ، واتا مەرج نیە چوارچێوە و پێکهاتەیەکی سیاسییان هەبێت . لەم کاتی داگیرکارییەی عەفرینش لەلایەن تورکیاوە زیاتر ئەم بابەتە زەقکردبۆتەوە و بۆشایی نێوان هەردوو گروپەکەش گەورەتر بووە ، کە بە زیانی گەورەی نەتەوایەتی کورد و بە قازانجی داگیرکاری عەرەب و تورک و فارسی ئیسلامی دەشکێتەوە .
گروپی یەکەم . ئەوەی ڕاستیەکی بەڵگە نەویستی مێژووییە ئەوەیە کە زۆربەی سەردار و سەرکردەی جوڵانەوە کوردییەکان لەدوای هاتنی ئیسلام تا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو سەید و شێخ و مەلا بووە ، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و دواتر دابەش بوونی کوردستان جوڵانەوەی نەتەوەیی کوردی بە بەرگی ئاینەوە پەرەی سەند ، کە سەید و شێح و مەلا ڕابەرایەتیان دەکرد ، لەوانە سەید ڕەزای دەرسیمی ، شێخ سەعیدی پیران ، شێخ مەحمودی حەفید ، شێخ ئەحمەد بارزانی ، مەلا مستەفای بارزانی ، پێشەوا قازی محەمەد . ( هۆکاری شکست و سەرنەکەوتن و ئەدای جوڵانەوەکان و حوکمدارییان ئەوە بابەتێکی دیکەیە کە باسی ئێمە نیە لەم نووسینەدا).
لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووش بزووتنەوە و جوڵانەوەی ئاینی بە تایبەتی لە باشوری کوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە چوو ، کە پشکی گەورەی لە شکست و سەرکەوتنەکاندا هەیە . بەڵام گەورەترین کێشەی ئەم گروپە ئەوەیە کە دەیەوێت کوردی خاوەن خاک و مێژوو لە بۆتەی عەرەبی جزیرەی عەرەبی و تورکی ڕاکردووی خۆرهەڵاتی ئاسیا بۆ ئەنادۆڵ بتوێننەوە ، پێی وایە داگیرکاری کوردستان ئیستمار و ئیمپریالیزمە ، لە کاتێکدا لە هاتنی ئیسلام تا جەنگی یەکەمی جیهانی داگیرکاری کوردستان عەرەب و دواتر تورکی ئیسلامی بوون ، دوای لۆزانیش تاکو ئێستا داگیرکاری کوردستان عەرەب و تورک و فارسی سوننە و شیعەی ئیسلامییە ، ئەم گروپە بە ناوی ئیسلامەوە حوکمداری ئەوانی قبوڵە ، بەڵام فەرمانڕەوای و حوکمداری کوردی بچوک دەکاتەوە لە فراوانخوازییەکانی دوژمن دا . بۆ ئێستاش بە ناوی ئاینەوە سوڵتانیەتی ئەردۆغانی قبوڵە بەڵام بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆرئاوا بە پیلانی سەهیۆنی و ئەمریکی دەزانێت . هەروەها هەڵەیەکی دیکەی ئەم گروپە دژایەتیکردن و سوکایەتیکردنە بە ئاین و ئاینزاکانی دیکە ، و دەرکردنی فەتوای کوشتن و ڕاونانی گەورە ئەدیب و نوسەر و ڕوناکبیرەکانی کورد .
ئەم گروپە دینیە هەرگیز مێژوو و خەبات و تێکۆشانی گروپی نادینی بە بەشێک لە خۆی نازانێت ، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەشدایە مێژووشیان بشێوێنت ، و بە مێژووی کوفر لەقەڵەمبدات ، لەکاتێکدا تێکۆشانی گروپی نادینی دەرفەتی گەورەی کارکردنی بۆ گروپی دینی ڕەخساندووە بە تایبەتی لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانەوە تاکو ئێستا .
گروپی دووەم . لە چلەکانەوە گروپی ناسیۆنالیستی و شیوعی و دواتر مارکس - لینین و دواتر عەلمانی لە کوردستان سەریهەڵداوە و پەرەی سەندووە ، ئەوەی ڕاستییەکی بەڵگە نەویستە ڕۆڵی گەورەشیان لە هەڵسانەوەی کورددا بینیوە سەرەڕای هەڵە گەورەکانیشیان ، ئەم گروپە پێیان وایە ئیسلام هۆکاری جینۆساید و داگیرکاری کوردستانە بەو بەڵگەیەی دوژمنەکانمان ئیسلامن ، تورک و عەرەب و فارس لە ژێر پەردەی ئیسلام دا پڕۆسەی داگیرکاری و جینۆسایدی کورد و کوردستانیان ئەنجامداوە.
گەورەترین هەڵەی ئەم گروپە ئەوەیە دژایەتیکردنی دوژمنیان گواستۆتەوە بۆ دژایەتیکردنی خەڵکەکە دیندارەکەی خۆیان ، کە تێکۆشانیان لە پێناویاندا ئەنجامداوە ، زۆرجار سوکایەتی گەورەیان به پیرۆزییەکان و قورئان و مزگەوت و شوێنە ئاینیەکانی دیکە کردووە ، بە بیانووی دواکەوتووی کۆمەڵگا و هۆکاری دەستی دوژمن ، هەر لەبەر ئەمە نەیانتوانی ببنە شوێن باوەڕی تەواوی کۆمەڵگا و پاڵپشتی تەواوی خەڵکە دیندارەکەشیان بە دەست نەهێنا ، لە کاتێکدا دەیان توانی بە لێکۆڵینەوەی زانستی و ڕەخنە و کۆڕ و کۆنگرەی فراوان جەوهەری ئاین بۆ خەڵک و جوڵانەوەکەیان شرۆڤە و پڕاکتیک بکەن .
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم گروپە مێژووی جوڵانەوە کوردییەکانی بیستەکان تا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشێک لە مێژووی خۆی دەزانێت ، سەرەڕای ڕەخنە و تێبینیەکانیان لەسەر جوڵانەوە و شێوازی کار و حوکمکردنیان . ئەمەش بەو مانایە نیە کە گروپی نادینی هێزی نەتەوەیی ڕاستەقینە بن ، بەڵکو لە نێو هەردوو گروپەکەدا هێزگەلی زۆر هەن لە سەر هێڵی خیانەتن .
لەڕاستیدا هەر دوو گروپەکە ، هەردوو ڕەوتەکە زەبری کوشندەی لە یەکێتی و یەکڕیز و کێشەی کورد داوە ، مامەڵە و بیرکردنەوەی گروپی یەکەم بەکۆیلەکردن و بچوککردنەوەی کوردە لە چاو میللەتە مسوڵمانەکانی ناوچەکە ، تێگەیشتنیان بەو جۆرەیە : ئیسلامەتی واتا ڕەتکردنەوەی نەتەوەیی بوون ، بوونە بەشێک و توانەوە لە ناو ئوممەی ئیسلامی دەسەڵاتداری تورک و عەرەبی سوننە یان فارس و عەرەبی شیعه ، گرێدراوی و کرێگرتەی ئەوانەی بانگەشەی سوڵتانیەت و خەلەفەت دەکەن ، و ڕەتکردنەوەی حوکمداری و دەوڵەتداری و فەرمانڕەوای کوردی ، ڕەوایەتی دەدەن بە جینۆسایدکردن و داگیرکردنی ووڵات لەلایەن ئەوانەوە کە بانگەشەی ئیخوانی و میانڕەوی و ئوممەی ئیسلامی دەکەن ، بەڵام بەرخۆدان و شۆڕشی کورد ڕەتدەکەنەوە ، کە تێکۆشان دەکەن لە پێناو کۆتایهێنان بە جینۆساید و ئیتنۆساید و داگیرکاری .
گروپی دووەمیش بە هۆی ئەوەی دژایەتی ئاینەکانی کۆمەڵگایان کردووە زەبریان لە کێشەی کورد داوە ، کە نەیانتوانیوە ببنە جێگەی باوەڕی زۆرینەی کۆمەڵگا لە کاتی تێکۆشان و خەباتی چەکداری و فکری و ڕۆشنبیریان ، کاتێک خەبات دەکرێت لە پێناو خەڵکی چەوساوە و داگیرکراو و چینی ناوەڕاست و هەژاری دینداردا دەکرێت ، کە دەبنە داینەمۆ و پێکهاتەی سەرەکی و گەوەرەی خەباتەکە ، بەڵام کە سوکایەتی بە باوەڕ و پیرۆزییەکانیان بکرێت چۆن دەبنە بەشێک لەو تێکۆشانە . چۆن بەرگری لە جوڵانەوە و فکرەیەک دەکەن کە پیرۆزییەکانیان هەڕاج بکات ، و دەستدرێژی بکاتە سەر باوەڕیان ، کە زۆرجار تێکۆشەران و خەباتگێڕان سوکایەتی گەورەیان بە سمبول و ڕموزە ئاینیەکان کردووە ، لە سەردەمە جیاوازەکاندا . ئەمەش بە درێژایی سەردەمی ئاینەکان لە کوردستان بە تایبەتی سەردەمی ئیسلام تاکو ئێستا دەرفەت بووە بۆ دوژمنانی کورد بێنە ناو ئەو بۆشاییەی لە نێوان شۆڕشگێڕان و کۆمەڵگادا دروست ببووە و دەبێت ، تاکو لەو ڕێگەیەوە درێژە بە داگیرکاری و هەموو جۆرە جینۆساید و ئیتنۆسایدێک بدەن بە ناوی ئاینەوە.
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێک بدەم . بەشێکی هێزە دینییەکانی باشور بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی داگیرکاری تورکیا دەکەن بۆ سەر عەفرین، لەگەڵ کۆیلایەتی و ژێردەستەیی تورکدان ، بە پاساو و بیانووی ئەوەی هێزی بەرخۆدانی خۆرئاوا لادینن ، ئەمە لە کاتێکدا ئەو ئەردۆغانەی ئەوان بە کاریزماترین سەرکردەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان دەزانی ، بە کاریزمای ڕزگاری ئیسلامیان دەزانی ، ئێستا بانگەشەی جیهاد دژی عەفرینی خاوەن ڕاستی دەکات ، لەکاتێکدا ئەو هێزەی خۆرئاوا هێزی لە فەلسەفەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەرگرتووە ، کە لە سەر پێشنیاری ئەو لەم ساڵانەدا کۆنگرەی دیموکراتی ئیسلامی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بەسترا ، تا جەوهەری دین بۆ شۆڕش و تێکۆشان و کۆمەڵگا بگەڕێتەوە ، و دین لەدەستی ئەو هێزانە دەربهێنرێت کە بۆ کاولکاری و جینۆساید بەکاریدێنن.
لە کۆتاییدا دەڵێن ناکرێت بە ناوی ئاینیەوە دژایەتی بەرخۆدانی عەفرین بکرێت و ڕەوایەتی بە داگیرکاری تورکیا بدرێت ، کە لە کاتێکدا تورک جینۆسایدی کورد دەکات نەک جینۆسایدی کوردی نادینی ، لە کاتێکدا دینی و نادینی هەر کوردن ، بە چ شەریعەتێک ئەوان پاک و فریشتە و نوێنەری خودان ! هەروەها ناکرێت بە هۆی دژایەتی تورکیاشەوە دژایەتی دینداری خەڵک بکرێت لە ناوخۆی کوردستان ، کە خەڵکی مسوڵمانی کورد هیچ بەرپرس نین لە داگیرکاری دوژمن دا ، بەڵکِو دەبێت دین بکرێتە فاکتەری بەهێزی پێکەوە ژیان و یەکێتی نەتەوەیمان . چونکە جەوهەری هەموو دینەکان یەکسانی و پێکەوەژیان و دادپەروەری و ژیان دۆستی و بنیاتنانی شارستانیەتە ، و کێشەی ئێمە کێشەی نەتەوەییە نەک کێشەی ئاینی ، هەرگیز نابێت ڕێگە بە حوکمکردنی بێگانە بدەین بەسەر کوردەوە بە ناوی ئاین و بە گەورە زانین ، و تورک و عەرەبی خاوەن فەزڵ ! . بەڵکو پێویست ئاینەکان بکرێتە بنەمای ئاشتی و سەرکەوتنی گەلی کوردی جینۆسایدکراوی دەستی میللەتانی ئیسلامی . لە ناوخۆشدا پێویستە ئازادی ئاینی بۆ پەیڕەوانی هەموو ئاینەکان فەراهەم بکرێت ، بێ ئەوەی هیچ ئاینێک ڕەها بکرێت بەسەر ئاین و ئاینزاکانی دیکەدا . پاڵپشتی شۆڕش و بەرخۆدانی نەتەوەیی بین هەڵگری هەر فکرە و ئایدیایەک بێت ، چاودێر و ڕەخنەگری ڕەفتارەکانیشیان بین بۆ ئاواکردنی سیستمێکی دیموکراتی و بە دیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی ئاینی و سیاسی و ئازادی تاک.




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 3.5/5)