هەڵبژاردنی گاڵتەجاری موستەحەقی بایكۆتە

Sunday, 11/02/2018, 21:44

2541 بینراوە


هەڵبژاردن شێوازێكی دیموكراتیە بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەژێر سایەی دەولەتی دامەزراوەیی وسەروەری یاسا، بە شێوەیەك هاوڵاتیان لە سایەیدا خاوەنی ئیرادەی خۆیان بن و ئازادانە گوزارشت لە ویست وبژاردەكانیان بكەن. نەك دیموكراسیەت دروشمێكی بێ‌  ناوەرۆك بێ و هەڵبژاردنیش گاڵتەجاری بەیعەتدانەوە بێ‌ بە سستەمی زالمی سەپێنراو بەسەر كۆمەڵگاوە.
     بیست وحەوت ساڵە لێرە لافی دیموكراتیەت و دادپەروەری كۆمەڵایەتی لێدەدەن، كار گەیشتبوە ئەوەی داوادەكرا بەغدا لاسایی ئەو ئەزمونە دیموكراتیەمان بكاتەوە !!، بەڵام ئەوەی وجودی نەبو لە ئەزمونی حوكمرانی هەرێمدا ئەو مەسەلانەبون، بەڵكو حوكمرانیەتیەك پەیرەوكرا دوور لەهەرچی بنەمای دیموكراتی بەرادەیەك مافە دەستوریەكانی خەڵك لەسایەیدا تا ئەوپەری رووبەرووی پێشێلكاری بونەوە، لە سەروویاندا مافی هاوڵاتیبون و مافی یەكسانی هاوڵاتیان.
     جگە لەوەی ماوەی بیست وحەوت ساڵە حوكمرانیەتی حیزب و بنەماڵە لەو هەرێمەدا زاڵە و ئیرادە و دەسەڵاتی گەل زەوتكراوە ، وا بۆ سێ‌ ساڵیش  دەروا خەڵك بە ئەنقەست برسی كراوە و قوتی ژیانی براوە، كەچی هەمو حیزبە سیاسیەكانی ئەو هەرێمە بە عیلمانی وئیسلامیەوە ، دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنەوە، چەپگەرو راسترەوەوە، مێش میوانیان نیەو ئەوەی بەخەیاڵیان دانەیەت سەختی گوزەران وژیانی خەڵكە و رۆژێك خۆیان بە خاوەنی میللەت نەزانیوە تا بێن و پێشرەوی داخوازیەكانی خەڵك بكەن. 
      لە دوای پرۆسەی راپرسی و ئاكامەكامەكانی ئەو پرۆسەیە، ئێستا دوكانی سیاسی نوێ‌ لە رەحمی ئەو دەسەڵاتە هاتونەتە دەرو  مەیدانیان گرتوە و خۆیان وەك بەدیلی ئەو دەسەڵاتە نمایش دەكەن، بەمەبەستی خوێن كردنەوە بە جەستەی سربوی پرۆسەی  هەڵبژاردندا كە لای خەڵكی كوردستان بەهایەكی بۆ نەماوەتەوەو مایەی هیچ ئومێدێك نیە بۆ بەرەوپێشبردن وچاككردنی سستەمی حوكمرانی ، بۆیە هەوڵی ئەوان بۆ گۆرانكاری نیە لەو سستەمە حوكمرانیە ، بەڵكو بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەو مەنزومەی حوكمرانیەیە كەخۆیان بەشێك بوین تیایداو رۆڵی كاریگەریشیان هەبوە لەسەپاندنی ئەو سستەمە نادیموكرات ونادادپەروەرەی كە ئێستا بە پێچەوانەوە بانگەشەی درۆینەی حوكمی شەفافی ودیموكراسی بۆ دەكەن. گەرمكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بە فێل و رێك كەوتنی ژێربەژێری نێوان زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسیەكانی هەرێم ، هەوڵێكی جدی هەمەلایەنەیە بۆ شەرعیەتدان و درێژكردنەوەی حوكمی حیزب وبنەماڵەكان لە كوردستان، لەبەرئەوەی هەڵبژاردن ناتوانێت هیچ لە دۆخی هەرێم بگۆرێت و گۆمی مەنگی بشلەقێنێ‌، ئەو راستیەش لەدوای  2009 راشكاوانە سەلمێنرا، بەوەی هەڵبژاردن وئیرادەی گەل دروشمی درۆینەو بریقەدارو موزەیەفن كاتێ‌ پێشێلكران و خرانە ژێر پێوە لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوزدا.
     ئێستا دوای سێ‌ ساڵ لە برسیكردن ونانبرین ودزینی موچەی فەرمانبەران، هیچ حزب ولایەنێكی سیاسی لەو هەرێمە دڵسۆزو راستگۆیانە خۆی نەكرد بەخاوەنی ئەو كێشەیە، تاراشكاوانە بێتە بەرەی خەڵك و لەسەر هەمو ئاستەكان كار بۆ چارەسەری و هێنانەدی خواستەكانی بكات، بە پێچەوانەوە بەدرێژایی ئەو ماوەیە نارەزایی وداواكارییەكانی شەقام بێ‌ پشت وپەنا مانەوە و هیچ حزب و لایەن وكەسایەتیەكی سیاسی جورئەتی رابەرایەتیكردنی داواو نارەزایەتیەكانی خەڵكیان نەكرد. بەڵام لەگەڵ نزیك بونەوەی وادەی هەڵبژاردن هەندێ‌ لایەنی سیاسی هەوڵ وكۆششیان خستۆتە گەر بۆ گەوجاندنی خەڵك بە گرتنە بەری هەندێ‌ رێو وشوێن لە وەقتی زایعدا . 
     بۆیە وشیاربونەوەی خەڵك لە مەبەستی لایەنە سیاسیەكان كارێكی پێویستە و بەجامێ‌ ئاو نەكەوینەوە مەلە بۆیان، ئیتر گەر ئێمە وا بۆسێ‌ ساڵە سزای زالمانەی دەستی ئەوان دەچێژین و بە هیچ شێوەیەك گوێ‌ لە هاوارو داوامان ناگرن ونەهامەتیەكانی ژیانی ئێمەیان بەلاوە گرنگ نیە ، با ئێمەش بۆ تەنیا جارێك و رۆژێك بە هەڵوێستێكی مەردانە رووبەروویان ببینەوە،  بەوەی بایكۆتی هەڵبژاردن بكەین تا لە پێش چاوی میدیا و رای گشتی ناوخۆ ودونیا رسوایان بكەین و شەرعیەتی پرۆسەكە بخەینە ژێر پرسیارەوە بە بەشداری نەكردنمان لە دەنگدان و مانەوەمان لە ماڵەكانمان بەمەش سیمای شارەكان و بنكەكانی دەنگدان بەتایبەتی چۆل و هۆل دەنوێنن، ئەو كاتە ئیرادەی گەل بەسەر ئیرادەی ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانە زاڵ دەبێ. كەواتە هاوڵاتی بەرێز .... لەمرۆدا مانەوەمان لە ماڵەكانمان وبایكۆتی هەڵبژاردن تاكە چەكی كاریگەری دەستی ئێمەیە بۆ هێنانەدی خواستەكانمان. جا حزبەكان  هەر هەوڵێك بدەن بۆ تەزویرو تەزویركاری بە پركردنەوەی كارتە بەتاڵەكانی دەنگدان و گۆرینی دەرەنجامەكان بێ‌ سوودە و زیادەرەویان بۆ ناچێتە سەر بەهۆی نزمی ئاستی  رێژەی بەشداربوان ودەنگدەرانەوە. چونكە شەرعیەتی هەمو هەڵبژاردنێك بەندە بەرێژەی بەشداربوانەوە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە