ڕێکخراوەکەی د. بەرهەم و ئیستیخباراتی ئیقلیمی

Sunday, 11/02/2018, 21:48

12063 بینراوە


کۆمەڵێک سەرەداو و زانیاری ووردم کەوتۆتە دەست کە گروپەکەی بەرهەم ساڵحیش وەک هەندێک پارت و ڕێکخراوی دیکە بەرلەوەی لە دایک ببن، کەوتونەتە ناو گەمەی ئیستیخباراتی وڵاتانی ئیقلیمی. لەبەر دوو هۆکار تەواوی زانیارییەکان لێرەدا ئاشکرا ناکەم.
-----------------------------
 یەکەمیان: باشتر وایە ئەو گوتارە سەرەتایەک بێ وەک ئاگادارکردنەوە بەر لە وەشاندنی چەکوچ.
دووەم: لەبەر ئەوەی گروپەکانی دیکەش کەمتر نین لە گروپی بەرهەم ساڵح و منیش هیچ بەرژەوەندیەکی سیاسی و حیزبیم لەو نوسینەدا نیە، بەتەنیا نوسینەکە وەک ئاگادارکردنەوەیەک و ڕەخنەیەک دەنوسم. ئەگەر سەرانی ئەو گروپە بەخۆیاندا بچنەوە، کۆتایی پێدینم. بەڵام ئەگەر ئینکاری ئەو زانیاریانە بکەن و بەردەوامبن، ئەوا لەلای من بێ یان خەڵکی دیکە، تەواوی دەمامکەکانیان لادەبرێن کە لەسەریان ناون.
دەمەوێ لەسەرەتاوە بەڕاشکاوانە بڵێم کە هیچ هۆکارێکی سیاسی، حیزبی و شەخسی لەپشت ئەو نوسینە نیە، بەپێچەوانە من چەندین مانگە چاودێری ئەو گروپە دەکەم و داواشم لە هاوڕێ ئەکادێمیسیان، سیاسی و نیشتیمانپەروەران کردوە، چاودێری بزووتنەوەکە بکەن و ئەگەر بە دڵیان بو کاریان لەگەڵدا بکەن. 
داخوازیە کەسیەکانی د.بەرهەم ساڵح 
دەزگا سیخوڕیەکانی وڵاتانی ئیقلیم باش بە دامەزراوەیی کراون و خاڵە لاوازەکانی کەس و گروپە سیاسیەکان باش دەقۆزنەوە. هەربۆ ئەوەش ئەگەر بزووتنەوەیەک دنیابینیەکی ڕوونی بۆ کێشەکان نەبو و جگە لە گەیشتن بە دەستەڵات و هەندێک دەستکەوتی شەخسی نەبو، ئەوا بە ئاسانی دەکەوێتە ناو ئەو داوانە.
بەرهەم ئەزموونێکی باشی هەیە لە ئیدارەی کوردستاندا و جارێک سەرۆکی ئیدارەی سلێمانی بوە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆییدا، جارێکیشیان سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوە بۆ ماوەی دو ساڵ. ئەو باش دەزانێ، ئەگەر هەر پۆستێک وەرگرێ، لەلایەن پارتی یان یەکێتی چ بەزمێکی پێ دەکرێ. د.بەرهەم لەو ڕۆژەوە کێشەکانی لەگەڵ یەکێتیدا قوڵبونەوە کە حیزبەکەی لە جیاتی ئەو، فواد مەعسومی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری دیاریکرد. ئێستاکەش کە هیچ هیوایەکی بە گۆڕانکاری و وەرگرتنی پۆست لە کوردستان نیە، چاوی بەرداوەتە سەرۆک کۆماری یان پۆستێکی باڵا لە عێراق. لێرەدا ڕەخنەکە ئەوەیە، کە ناوبراو نەک بەتەنیا کار بۆ گۆڕانکاری لە کوردستاندا ناکات، بەڵکو هیچ وورە، بوێری و فیداکاریەک بۆ ئەو یەکە نیشان نادات. ئەو حیزب دروست دەکات بۆ پۆستێکی باڵا لە عێراقدا. ڕەخنەی دووەم ئایا ئەگەر کاک بەرهەم ئەو پۆستەی وەرگرت، چ خزمەتێک بە کوردستان دەکات لە کاتێکدا مام جەلال پێشتر ئەو پۆستەی هەبوە و ئەگەر قابیلیەت و توانای شەخسی نەبوایە و شەڕی سوننە – شیعە یارمەتی نەدابوایە، نەیدەتوانی سەعاتێک کارەبای گەڕەکێک بۆ کوردستان دابین بکات. باشە کە حاڵی مام جەلال وابو، دەبێ بەرهەم بە چ سیحرێک ئەو پۆستە وەرگرێت و چ بەڵێنێک بەو هێزانە بدات کە بەبێ فەرمانی ئەوان یەک بڕیار لە عێراق جێبەجێ ناکرێ؟
مام جەلال سەرۆکی یەکێک لە بەهێزترین حیزبی، سیاسی، سەربازی، ئابووری کوردستان و عێراق بو. کاک مەسعود خواخوای بو لە کۆڵ کوردستانی بکاتەوە و شیعە و سوننیەکانیش ئەوکاتە زۆر پێویستیان پێبو بۆ ئەوەی کوردستان لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە، ئینجا بوە سەرۆک کۆمار. لەکاتێکدا بەرهەم ساڵح خاوەنی ئەو قودرەتە نیە و هیچ یەکێک لە هاوسەنگیەکانی ئەوکاتەی عێراق و ناوچەکە وەک خۆیان نەماون، چۆن و بە ئەمری کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار و کە بوە سەرۆک، فەرمان لە کێ وەردەگرێ؟
ئیخوانەکانی ناو گروپەکەی د.بەرهەم
ئەوانەی لە نزیکەوە شارەزای منن، باش دەزانن کە من دژ بە بەشداری ناسنامەی ئایینی، نەتەوەیی، ڕەگەزی و چینایەتی هیچ گروپێک نیم لەناو بزووتنەوەیەکی سیاسیدا، بەڵکو پشتگیریان لێ دەکەم. بۆ ئەوەش هەبوونی ئیسلامیەکی زۆر و زەوەندم لەناو گروپەکەی کاک دکتۆر بە دەوڵەمەندی وەرگرت. ئێستا دەبینم ئیخوانەکان چۆن ویستیان سەری گۆڕان و نەوشیروان بخۆن، بەرهەم ساڵحیشیان کەوڵ کردوە. زۆرم پێ سەیرە، ئایا د.بەرهەم نازانێ (ئارام قادر و حەمە رەوف)ەکان خەریکی چین؟ ئایا ئەو شارەزای فەتحوڵا گولەنەکانی کورد نیە یان خۆی لێ گێل کردوونە؟ ئایا یەکگرتوەکان بۆ چی چوونە ناو گروپەکەی بەرهەم؟ ئیخوان وەک خەتێکی ئیسلامی سەختە ئەوڕۆ لە تەواوی ناوچەکەدا بۆتە بەشێک لە تێرۆر کە لەلایەن قەطر-تورکیا و ئێرانیش سەرکردایەتی دەکرێ، بەڵام بەرهەم لە کۆتایی کامڵبوونی کاریارەکانی، خۆی لەناو ئەواندا خنکاندوە و ئەگەر وابڕوا هەرکەس دەزانێ ئاراستەکەی بەکوێ دەگات.
ئیخوانەکان لەناو بزووتنەوەی گۆڕانیشدا بەهێزوکاریگەر بوون، بەڵام ووریایی نەوشێروان موستەفا لە ئاست کێشەکانی گەلی کوردستان، ڕێگای پێ نەدەدان بگەن بە ئاواتەکانیان. ڕۆژێک برادەرێکم لە ئیدارەی گردەکە تەلفۆنی بۆ کردم و گوتی: "داوودئۆغڵۆ هاتبوە سلێمانی. کاک نەوشیروانی بۆ جارێ دووەم و بەشەخسی دەعوەتکردوە بۆ ئەنکەرە. هەرلە درێژەیدا گوتی کاندید ئەوەندە زۆرە لە گردەکە بۆ ئەوەی ببنە هاوسەفەری کاک نەوشێروان، جێگای دانیشتن نیەو چا لە گردەکە نەماوە". بەڵام زۆری نەبرد، نەوشیروان پێیگوتبوون تا ئۆجالان لە زینداندا بێ، تا خەڵکی کورد لە باکور بکوژرێ، ناتوانم سەفەر بۆ ئەوێ بکەم. 
نەوشێروان موستەفا بڕوای بە دەستکەوتی شەخسی، پۆست و پارە نەبو، بۆیە دەیتوانی بەرگە بگرێ. باشە کاک بەرهەم بەو هەمو داخوازیە شەخسیەوە چۆن دەتوانێ خۆی لە تەلەی ئیستیخباراتی وڵاتانی ئیقلیم بپارێزێ؟
 سەرباری سەرجەم ڕەخنە توندەکانم لە بزووتنەوەی گۆڕان، پێموایە تا ئەو جەماوەرە ڕادیکاڵەی هەبێ، سەرکردەکان ناوێرن ئەو هەڵەیە بکەن و ئاواتی ئیخوانە نوستوەکانیش نایەتە دی. بەڵام مرۆڤ کە تەماشای گروپەکەی بەرهەم دەکات، هەست دەکات کە ئیخوان لە کەسایەتی بەرهەمدا، سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە.
پێکهاتەی جینایەتی ڕێکخراوەکەی بەرهەم ساڵح
هەرچی تەماشای کۆڕ و کۆبونەوەکانی ئەوگروپە دەکەیت، بەشی هەرە زۆریان یان خوێندەوارە ئەریستۆکراتەکانی سلێمانین، یان ئاغاکانی هەولێرن، کەسەکان بەهیچ شێوەیەک نوێنەری چینەکانی کۆمەڵ نین. سەرکردایەتیەکەی بریتین لە کەسی لاواز، بێ ڕەواج، و ترسنۆک. ئایا سەرنجتان داوە ئەوانە هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر ئەو جینۆسایدەی کە لەسەر شاری عەفرین بەڕێوەدەچێ نیە؟ ئایا هۆی چیە بەرهەم لە تەواوی جموجۆڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بێدەنگە؟ ئایا هۆکار چیە کاک بەرهەم کۆنگرە دەبەستێ بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەو دو-سێ نیشتیمانپەروەرەی کە ڕێگایان غەڵەت کردوە و چونەتە ناو حیزبەکەی، بەڵام ناوی یەک ئیخوان، یەک سیاسی بێکەڵک و ترسنۆک و یەک ئاغای لەبیرناچێ؟ ئایا بەڕاستی ئێوە هەڵبژاردنتان کرد، یان ناوی کاندیدەکانتان خوێندەوە کە خۆتان دەستنیشانتان کردبوون و بەکۆمەڵ دەنگتان بۆ دان؟ 
لە کۆتاییدا ئەڵێم ئاخیرت خێربێ دکۆر بەرهەم هیوادارم گۆڕان و کۆمەڵیش نەکەیتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە کورسیەکەی سەرۆک کۆماری کە جگە لە بەڵا هیچ خێرێکی دیکەی بۆ ئەو میللەتە قوربەسەرە نیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە