تەنگژەی ئەخلاق لای کوردەکانی ئێراق

Thursday, 02.15.2018, 18:33

1186 بینراوە


ڕیشەی کێشەی هەمەلایەنیی کوردەکانی ئێراق دەگەڕێتەوە بۆ تەنگژەی مۆرال (ئەخلاق). ئێمە لێرەدا بەندین بە ڕەفتاری مرۆڤییەوە لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. لەم لایەنەدا ئاشکرایە کە کوردەکانی ئێراق نزیکەی تەنیا ئێتیکی (ئەخلاقناسیی) ئیسلامییان هەبووە، ئەمڕۆش سەرباری سەرجەم دۆخە تەنگژاوییەکە بەهێزترین ئەخلاقناسییە لەنێویاندا. کەواتە ئەم ئەخلاقناسییەش لە تەنگژەدایە.
-----------------------
ئێمە بۆ ئەم دۆخەی ئەمڕۆی کوردەکانی ئێراق پێویستە بگەڕێینەوە بەرەو پاش بۆ سەرەتاکانی خەباتی "کۆمەڵە" دوای ئاشبەتاڵی 1975، چونکە کۆمەڵە کە بەحساب مارکسی-لێنینی بوو، پاڵهێزە سەرەکییەکەی ئەم دۆخەی ئەمڕۆیە. "کۆمەڵە" لە بنەڕەتدا بە ڕەوانبێژی دەکەوتە چالاککردنی ئەندامانی خۆی، نەک بە هزری مارکس کە یەکێکە لە ئەخلاقناسییە مۆدێرنەکان. ئاخر هزری مارکسیش داواکارییە بۆ دەستبەرداربوون، واتا بریتییە لە هزری "گەرەک" (das Soll)، کە دەبێژێت: "تۆ گەرەکە سۆسیال بیت، گەرەکە لیبەرال نەبیت"، یان "تۆ گەرەکە پێشڤەروو بیت، گەرەکە هەیەپارێز (کۆنزەرڤاتیڤ) یان پاشڤەروو نەبیت". لێرەدا سۆسیالبوون هەڵوێستێکی سەبژێکتیانەی (بکەرییانەی) کەسی بزاوتووە لەنێو پەیوەندیی نێوبکەرییانەدا. هزری مارکس پەیوەند بە کولتووری ئیسلامییەوە دەشێت وەک داواکارییەکی بەم چەشنە بیدەینەوە: تۆ گەرەک نییە کۆمەڵایەتی (ئیجتماعی) بیت و بەردەوام بە قاڵبوویی لەنێو عەوامدا، وەک کۆیلەی چاو و دەمی ئەویدی ببزوێیت، یان ئاستگەرا بیت و هەر کارێکی بەکۆمەڵ وەک هەلی سەندنی ئاستێکی دەرکەوتوو ببینیت، یان لەسەر جادە و نێو چایخانەکان خۆت بابدەیت و بتریست لەوە کە بە زیرەک یان پێشڤەروو دانەنرێیت و بۆ ئەو مەبەستەش ببیت بە پاشقولگرێکی بەدئەخلاق، بەڵکو بە پێچەوانەوە تۆ گەرەکە بوێریت بۆ پرسیار هەبێت، ئەوجا ڕەخنەی مەئریفە ئاڕاستەی خۆت بکەیت تاکو لەو جۆرە کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییە ناوبراوەوە کە لەنێو رواڵەتگەریدا نامۆبووە، بکەویتە سەر ڕێی بوون بە بکەرێکی ئاگامەند و کردارنوێنێکی سۆسیال، لێرەشدا خەبات بۆ دادی سۆسیال بهێنیتە نێوەندی کردارتەوە، کە ئیدی بەم شێوەیە خۆت پتر لەنێو پەیوەندیی نێوبکەرییانەی خەباتگێڕاندا و هاوکات پەیوەند بە ژینجیهانی خۆتەوە ئاوەڵابکەیت.
فەلسەفەی مارکس یەکێکە لە فەلسەفەکانی ئاگایی، بۆیە بەگشتی بۆ ئێراقییەکان پڕکێشەیە، چونکە ئەوان پتر لە هەست و سۆزەوە چالاک دەبن. کەواتە پرسەکە شیوعیەکانیش دەگرێتەوە، بەڵێ بە تایبەتی ئەوان دەگرێتەوە، لێ بۆ ئێمە "کۆمەڵە" لێرەدا ئۆبژێکتی پێوەخەریکبوونە.
ئێمە ئەم جۆرەی چالاکبوون لە بارگاویبوونی هەست و سۆزەوە ناو دەنێین چالاکبوونی پسکۆلۆژیانە کە دەشێت لە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەوە ڕووبدات. چالاکبوونەکە دەشێت خۆبەختکەرانە یان دەروێشییانە بێت کە بۆ کەسی چالاک سەرەنجامی ناهەموار، بەڵی تەنانەت لەناوچوونی لێ بکەوێتەوە. با مرۆ بیر لەو هەموو خەباتگێڕە کۆمەڵەییە بکاتەوە کە چۆن بە شێوەی جیا بەپیر مەرگەوە چوون. لێ چالاکبوونی پسکۆلۆژییانە لە لایەکی دی دەشێت ئەم دیاردانەی خوارەوە و پتریش لەوان لەخۆبگرێت، وەک: فێڵبازی، خۆمەڵاسدانی جەبانانە بۆ پاشقولگرتن یان دەستوەشاندنی چاوەڕواننەکراو تەنانەت لە هەڤاڵی خۆ، ئەوجا خۆمەڵاسدان بۆ گەیشتن بە پلە و پایە و هتد، لێرەشدا دەشێت کوردایەتی یان چەپچێتی دەسوێژی ئەو مەبەستە بن. ئەمە دۆخی ئاشکرای "کۆمەڵە" بوو لە ساڵانی یەکەمی دوای ئاشبەتاڵدا و لێوەی کێشەکانی ساڵانی دوایی ڕێکخراوەکە درێژبوونەوە. لە بنەڕەتدا سەرانی کۆمەڵە، هەروەها ئەو کەسانە کە خۆیان ناو دەنا مارکسی-لێنینی وەک ئەوە تەنانەت لە بوارە جیاکانی کولتووردا چالاک بوون، بەرانبەر گەنجە تازە پێگەیشتووە لەخۆبوردووەکان وەک ئەوپەڕی لەخشتەبەر و بگرە بەکوشدەر دەرکەوتن. ئەوە کە لەنێو "کۆمەڵە"دا یان لە دەوری ئەو پێگەیشت، بە کۆششی خۆی و هاوڕێ نزیکەکانی بوو نەک بە ئێتیکێکی (ئەخلاقناسییەکی) "مارکسیستی ی کۆمەڵەیی". بێگومان هەندێک بنەمای ڕەفتار دیاری کرابوون، کە بەو پێیە چۆن "هاوڕێ ی کۆمەڵە" لە گوند، یان لەگەڵ خەڵکاندا و هتد ڕەفتار دەنوێنێت، لێ ئەوانە پتر کوردەوارییانە بوون و بۆ بزاوتەکە بەپیت کرابوون. بە پێچەوانەوە گەر بەڕاستی لە ساڵەکانی سەرەتای دوای ئاشبەتاڵی 1975 بڕوانین، ئەوا دەبینین کە لەپاڵ هەڵپەی خەبات و خۆتوشکردنی (هەروەها توشکردنی) گەنجانی ڕاکێشراودا جەبانەکان لە هەموو لایەک تەراتێنیان دەکرد. مەبەستمان لەو ترسنۆکە خۆمەڵاسداوانەیە کە بەردەوام وشەکانی خەبات و زۆرانی چینایەتییان لەسەر زار بوو و خۆیان پێوە بادەدان، لێ لە هەناوەوە هەیەپارێز (کۆنزەرڤاتیڤ) بوون و کارەکتەری "خولە چەخماخە" مۆدێلی ژستی ئەوان بوو.  ئەوان هەر لە سەرەتاوە ئەوداڵ بوون "ببن بە شت" – کەواتە پێشڕەو نەبوون، بەڵکو وەک هەیەپارێز درێژەپێدەر بوون. ئەوان بەتایبەتی لەم پرسەی "شت-بوون"دا لەتەک باقییە خوێندەوارەکەی کۆمەڵدا بە زۆرینەی نووسەرانیشەوە یەکیان دەگرتەوە، بۆیە ئەوانیش هەردەم پرسی "شتێتی" یان "شتبوون"یان لەسەر زار بوو: "جا ئەوە شتە؟"؛ "ئەرێ ئەو زەلامە خۆی بە چی دەزانێت؟"؛ "تۆ سەیری ئەم تازە پیاکەوتووە بکە چۆن خۆی لێبووە بە شت!"؛ "جا ئەوە شیعرە؟"؛ "بە شەرەفم ببێت بە لێنین ئیعترافی پێ ناکەم". خوێندکارانی یان دەرچووانی فێرگە و زانکۆکان، یان فەرمانبەران و کارگوزارانی شارنشین، کە بڕێک کتێب یان هەندێک لاپەڕەی هەندێک کتێبیان خوێندبۆوە و بەو ڕێیەوە ناخیان بە سەدای بزاوتە کۆمونیستییەکانی جیهان بڕێک وروژابوو، بە کورتی بەپاڵ و لەتەک ئەمانەدا گەنجانی موراهیق نیازباشانە هاتبوونە مەیدانەوە و باوەڕیان بە خەباتی نوێ هەبوو، ئەوجا ئەو موراهیقە نیازباشانە بە کتێبەکانی ئاڤاناسیڤ و ژۆرژ پۆلیتسەر، بە گۆتەکانی ماو تسی تۆنگ و "ئەلدەولە وەلسەورە"ی لێنین وەک دێوانەیان لێ دەهات و باوەڕیان دەکرد هزری مارکسیستیانەی جیهانیان هەرس کردبێت. بەڵێ ئەو داماوانە تەنانەت قایل بوون لە گفتوگۆی نێو چایخانە و سەر شۆستەی جادەکاندا بەگەڕی بخەن. سەرەڕای ئەوە هەموویان لە کرۆکەوە کۆیلە بوون: کۆیلەی چاو و دەمی ئەوی دی کە ناچاربوون شەڕ بۆ "کوڕی-باش-بوون"ی خۆیان بکەن تاکو لەنێو پەیوەندییە باڵادەستە کۆمەڵایەتییەکاندا وەربگیرێن. بە زمانی مارکس ببێژین، ئەوان پێکڕا لە خۆیان نامۆ بوو بوون، کەواتە نەک نەکەوتبوونە بەردەم پرسیاری بێدرابوونەوەی کەسێتی و ڕەخنەی کەسێتیی سۆسۆکولتووری، بەڵکو گەر مرۆ بەو کەسێتییەی بناسینایە، دەبوون بە دوژمنی – هاوشێوەی ئەشکەوتییەکەی پلاتۆن، کە تەنانەت دوای ئەوەی جیهانی سێبەرەکانی جێهێشتووە و بابەتی سێبەرخەرەوە دەبینێت، هێشتا هەر بڕوای بە سێبەرەکانە و بە ڕاستییان دادەنێت. بە هەر حاڵ، لەنێو ئەم دۆخە بزوواوەدا بەتایبەتی جەبانەکان تەراتێنیان بوو و خۆیان بەردەوام لە بۆسەدا دەبینییەوە. لە بنەڕەتدا ئەم لایەنە زۆر کرۆکییە بۆ تێگەیشتن لە ئەمڕۆ، چونکە بە تایبەتی ئەمیان بوو کە لە شاخ لە میانەی تەقوتۆقی چەکداریدا وەک بەدنەریت چەسپی و پاشان دوای ڕاپەڕین هێنرایە نێو شارەکانەو. بە هەر حاڵ، ئەو جۆرە کەسانە "لێدان"ی پسیکۆلۆژیانەیان وەک فەزیلە دەبینی. ئەمانە خۆیان شانازانە ناو دەنا "کردە"، یان "کوڕی کۆن"، واتا کەسانێک بوون کە هەر بستێکی نێو شاریان بە ماڵی خۆیشیانەوە وەک بۆسە دەبینی – بێگومان بۆسەی دانراو بۆ دۆستی نزیک و دوور، یان تەنانەت بۆ هەر کەسێک کە بە "هەڤاڵی نزیک" دادەنرا. بەڵێ ئەوان تەنانەت لەدژی برای خۆیان لە بۆسەدا بوون، ئەوجا دەستوەشاندنی جەبانانەی خۆیان وەک "کردەیی" ڕاڤەدەکرد: "بە شەرەفم لە کۆڕەکەدا لێدانێکم لێ دا نەبێتەوە!". فێڵبازییەکی دیکەی ئەو جەبانانە کە ئەویشیان بە فەزیلە دادەنا و شانازییان پێوەدەکرد، بریتی بوو لە "خۆبێدەنگکردنی ئەنقەست" یان "وەڵامنەدانەوە" کە بە تایبەتی بۆ گەنجی موراهیقی تازە هاتوو بۆ نێو ژیانی کۆمەڵایەتی زۆر ناخۆش بوو. ئاخر گەنجیش پێویستی بە ناساندنە. ئەوە بۆ نموونە لە گفتۆگۆدا لەبارەی پرسێک دەردەکەوت، جا پرسەکە سیاسی بووایە یان هزری یان ئەدەبی و هتد. لێرەدا مەبەستمان لەوەیە کە مرۆ لەکاتی گفتوگۆکەدا "بێدەنگی" یان "وەڵامنەدانەوە"ی هەڵدەبژارد، لێرەشدا ئامانجە سەرەکیەکەی ئەوە بوو کە کەسی بەرانبەر تەریق بکاتەوە، هاوکات وەهمی "قودسییەتی کەسی" ڕابگرێت. ئاخر کوڕەی "کردە" دەبێت شت بێت، شتیش ئەوەیە کە بێغیرەتانە هەردەم لە بۆسەدا بێت تاکو بە چاکی پاشقولەکانی بگرێت، بە پێچەوانەی بوێرانی سۆسیالەوە کە هەردەم ڕێ بۆ ئاوەڵابوونی جیهانێکی نوێی دانوستاندن خۆش دەکەن. جەبانەکان دەیانویست پەردەی رواڵەت بەسەر ڕەوشەکەدا دابدەنەوە تاکو هاوکات ناڕاستەوخۆ جەخت لە "زیرەکێتی" یان "فرەزانین"ی خۆیان بکەن، ئەوجا لە نێوەندی کولتووریدا لافی "مامۆستا"یەتیی گەنجان یان کەشخەی ئەدەبناسی و هونەرناسی لێبدەن. هیچ کەس نەیدەتوانی جوودایی دەربخات. گەر کەسێک ئەوەی بکردایە، ئەوا یەکسەر بە توانج و پێڕابواردن دەخرایەوە نێو قاوغی خۆی.
لەم ڕوانگەیەوە ئەو ڕۆژە کە چالاکبووەکانی نێو "کۆمەڵە" بڕیاری خەباتیان دا، هەردوو جۆرەکەی کەسێتیی پڕ هەست و سۆز چالاک بوون، لێرەشدا بە تایبەتی کەسێتییە نێگەتیڤە ناوبراوەکەی سەرەوە باڵادەستیی وەرگرت. بەم شێوەیە کۆمەڵەییەکان هاوکات بڕیاریان دا بۆ تەشەنەدان بە کۆیلەتی، فشەکەرێتی و قەتڵ و ژیاندنی خێڵەکێتی. ئەوە کۆمەڵەییەکانی دوێنێن کە پاڵهێزی سەرەکین بۆ دروستبوونی ئەمڕۆ نەک خێڵەکییە کێوییەکان! ئەوان بوون کە ئاراس و ژیانەکانیان لەژێر ناوی کوردایەتی و چینایەتدا بەکوشت دا. ئەم بەکوشتدەرانە لە ساڵی 1991 بەدوواوە تا ئەمڕۆ سەر بە دەسەڵاتدارانی سەرەکیی نێو کوردەکانی ئێراقن. لەوێشدا کە گۆیا ئۆپۆزیسیۆنن، بۆ نموونە لە "گۆڕان"دا، هێشتا هەر پیاوە ترسنۆکەکانی دوێنێن و بە ڕێز و ئیعجابەوە لە خێڵەکییە کێوییەکان دەڕوانن.
ئایا چە ئەلتەرناتیڤێکی ئەخلاقی بۆ ئەم دۆخە هەیە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە. سەرەتا گەرەکە لەم پەیوەندییەدا ڕەخنەییانە ببێژین، کە چەندین ئاڕاستەی گەنجانەی چەپ یان ناسیۆنالیستی لەگۆڕێن و ئاماژەن بۆ سەرهەڵدانی پرسیاری هەمەلایەنیی نەوەکانی نوێ. جگە لەوە ئەمڕۆ ڕوون بۆتەوە کە نەتەوەچێتی و ناسیۆنالیزمی سلێمانی بە تایبەتی و کوردانی نێو ئێراق بە گشتی قرچەڵۆک بوون، بەڵێ لە گشت ڕوویەکەوە شایانی گومانلێکردنن، چونکە نە ڕزگاریی نیشتمانی و نە دادی سۆسیالیان لەتەک خۆیاندا هێنا، بەڵکو تەنیا چەندبەرەکی و چەوساندنەوە، یان دەسەڵاتی بەهێزترانی حیزبی و خێڵەکییان و ئاغایانیان لەتەک خۆیاندا هێنا. لە لایەکی دی پرسی مۆرالی نوێی خەبات لای کوردەکانی ئێراق بۆیە پڕکێشەیە، چونکە ئەوان دەمێکە تووشی دەردی رواڵەتگەری و خۆبادان بوون. ئەوان لە کوردانی هەموو کوردستانەکانی دی دواکەوتووترن، کەچی خۆیان لە هەموویان بە پێشکەوتووتر دەزانن! ئەوان لەبارەی دواکەوتوویی خۆیان هیچ نازانن! جگە لەوە لە بنەڕەتدا تەنیا شۆڕشی خوێناوی چارەسەری پرسەکانی کوردانی ئێراق دەکات، لێ شۆڕش (ڕێڤولوسیۆن) لە شۆڕشگێڕان جیانابێتەوە کە لەنێو ئەواندا هێندە دەگمەن و پەرتەوازەن، کە ئیدی شۆڕش لای ئەوان نەشیاوی هەڵگیرساندنە. ئەمە هاوکات ئاماژەیەکە بۆ فاکتێکی دی، واتا: گومانی تێدا نییە کە تیۆرییە سیاسییەکەی ئوێجئالان زۆر گرنگە بۆ دانوستانکردنی پرسیارە نێومرۆڤییە ئیسلامییەکان و جێندەر و هتد.، لێ هاوکات زەحمەتە بەهۆی نەبوونی شۆڕشگێڕەوە وەک تیۆریی سیاسیی پیادە بکرێت، یان مەگەر قەندیل وڵاتە زۆرەکانی قەومگەلە زۆرەکەی کوردانی نێو ئێراق داگیر بگات و ئەوجا قەومگەلەکە لە پێناوی چێکردنی ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتییانەی بەرگەگیراودا خڵتانی خوێن بکات.
بێگومان ئەوە هەڵوستێکی ئەخلاقییە کە گەرەکە مرۆڤ هیوادار بێت کوردەکانی ئێراق جارێکی دی ژارباران و ئەنفال نەکرێنەوە. لێ لەو ڕوانگەیەوە کە کوردەکان وەک سەرجەم لە هەبوونی کوردستاناندا دەوڵەمەندن (سێ دانەی دیکەیان هەن!) و بە تایبەتی لە رۆژئاڤا کەرامەتی کوردان تا ئەمڕۆ بڵند ڕاگیراوە، ئەوا سەرنج بە هەر چوار لادا ئاڕاستە وەرگرێت، ئەوەش گرنگیی کوردەکانی ئێراق یەکجار کەم دەکاتەوە. لە سەرێکەوە ئەوان تەنانەت شایانی ئەوە نین کە مرۆ بەزەیی پێیاندا بێتەوە، چونکە بەردەوام دەکڕوزێنەوە، دەخۆن و دەخۆنەوە، دەخەون و خۆیان دەگەوزێنن، بەبێ ئەوەی بتوانن لەوە بهزرێن کە دانانی حەسارێکی "چا" لەسەریان ڕەنگە پتر لە نیوەیان تێکبدات، لەنێو ئەو ڕێژەیەشدا بگرە بەشێکی زۆریان شێت بکات. لێ مرۆ هێشتا هەر بەهۆی پرسی بکەری ئاگامەند و کولتووری بە بابەتکراوەوە ناتوانێت پشتیان تێبکات.
لەم پەیوەندییەدا زۆر گرنگە هەڵوێستەیەک لەسەر نەتەوەچێتی سلێمانی بە تایبەتی و کورەکانی نێو ئێراق بەگشتی بکەین. ئەم نەتەوەچێتییە هەرگیز نەیتوانی بیسەلمێنێت کە لوڕ یان هۆرامی کوردن. ئەوە فاکتە کە لوڕ بە پێچەوانەی کەلهوڕ خۆی بە کورد نازانێت، بۆیە مرۆ ناتوانێت بەزۆر بییانکات بە کورد. ئەوجا لەو ڕوانگەیەوە کە هۆرامییەکان لە ناخەوە خۆیان بە کورد نازانن، ئەوا گەرەکە ڕێگەی خۆیان بگرنە بەر، چونکە ئەوان کورد نین، بەڵکو هۆرامین. ئیدی بۆ بە نەتەوەچێتیی یان تەنانەت ناسیۆنالیزمی سلێمانی بچەوسێنرێنەوە؟ هۆرامییەکان تا ئەمڕۆ لەبیریان نەچۆتەوە کە سلێمانییەکان چییان بە ئەوان نەکرد. هەر وەک هاوڕێیەکی هۆرامی گۆتی: "تەختیان کردن". لێ بۆچی ئەوان ئەمڕۆ دۆست نەبن و لە کرۆکەوە ناحەز بن یان بە ناچاری و خۆحەشارداوی خۆیان بە کوردایەتییەوە خەریک بکەن؟ هەمان پرسیار گەرەکە پەیوەند بە ئێزدییەکانەوە بکرێت. ئاخر ئەوە ڕوون نییە، کە داخۆ ئەوان لە بنەڕەتەوە خۆیان بە کورد نەزانیبێت، بەڵکو نەتەوەچێتیی کوردانی نێو ئێراق ئەوانی پەلکێشی کوردایەتی کردبێت (هاوشێوەی هۆرامییەکان)، یان ئەوان بە پێچەوانەوە خۆیان لە ناخەوە بە کورد زانیبێت، لێ بەهۆی چەوساندنەوەی ئیسلامەوە دەیانەوێت ڕێگەی دی و جیاواز لەوەی کوردەکان بگرنە بەر. بە هەر حاڵ ئەوان خۆیان بە خەڵکی ئێزدیخان دەزانن و زمانەکەیان ناودەنێن ئێزدەکی. ئەوە کەمتر گرنگە کە ئەو زمانە لە دیدی ئێمەوە کرمانجیی باکورە (هیچ نەمساییەک نابێژێت کە ئەو بە ئەڵمانی دەئاخڤێت). جگە لەوە گەر بەم تێڕوانینە ڕاگەیەنراوەی سەرەوە کوردەکان لاوازتر ببن، ئەوا با ببن.
لە بنەڕەتدا کوردەکانی نێو ئێراق ئەمڕۆ نێوەندێکن بۆ دانوستانکردنی ڕەخنەییانەی فرەبابەت یان نێوبابەتی. سەرەڕای ئەوە ئەمڕۆ لایەنێک ساغبۆتەوە: لە کوردەکانی ئێراق تەنیا مەرگ زەرد دەبێت: تێکشکاندنی سروشتی دەرەوە و ناوەوەی مرۆڤ - خۆ و جیهان.




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)