کۆدی بێدەنگییەکەی مەسعود بارزانی ترسنۆکییە

Friday, 16/02/2018, 0:34

5462 بینراوە


پیاوێک لە ترسا و لە شەرما بووە بە دێوانە و لە سەرەی موچەدا وەستاوە، لە ڕیزی بەرمیلە نەوتە بەتاڵەکان وێنە دەگرێت، کە بە بەر چاوی زەقییەوە هێرشی تورکان دەکرێتە سەر عەفرین، ئەمیش دەیان سەربازگەی تورک لە دەورێتی، هەر ڕۆژەو لە دیوەخانەکەی هێمن هەورامی و سەرۆ قادر و ئاری هەرسینی و فوئاد چاوزەق و فەرهاد پیرباڵ و عەلی کەڵەک و حەمە سەعید حەسەن و هەڵکەوت زاهیر و ڕێبوار وەلی و ڕێبوار سیوەیلی چای بۆ دەگێڕن و قسەی بۆ دەکەن، دڵنەوایی دەدەنەوە و باسی ڕیفراندۆمی بۆ دەکەن کە هەنگاوێکی چەند کوردانە و حەکیمانە و ئاقڵانە و ڕۆمانسیانە بوو، ئێستاش ئەمەریکا لەو هەڕەشانەی ئەم پیاوە دەترسێ، کە ووتی "هێندە حساب بۆ ڕەئیتان ناکەین" ئەوەتانێ زانکۆکان لە ئەمەریکاو ئەورپادا لێکۆڵینەوەی قورس و گران لەسەر ئەم ئازایەتیی و خۆڕاگرییەی دەکەن، لە سەر بێدەنگی ئەم مرۆڤە دەکۆڵنەوە، کە هەزار پیاوی لە عەشرەتەکەیدا هەیە و منداڵ و ژن و کچەکانیش هەر حساب ناکرێن، ئەم کابرا مەزنە حسابی بۆ ڕەئی کەس نەکرد لە ڕیفراندۆمدا ئاواش حساب بۆ ژن و کچ و مێینەی عەشرەتەکەی خۆشی ناکات.
 لە لایەکی دیکەوە عەشرەتی بارزان هێندە نائاگایانە خۆیان داوەتە دەستی ئەو کۆنە فاسیدە شیوعیانە کە هەموو ڕۆژێک لەجێگەیەکەوە پێیان رادەبوێرن، لە پارتییەکم پرسی ئەوەت دیوە لە گوڵان بۆ مەسعودیان نووسیوە ؟ بەپێکەنینەوە لەوەڵامدا ووتی: پێی ڕادەبوێرن ئەو بێژیانە دەنا غاندی مەسعود ئەرز و ئاسمان جیاوازیان هەیە...!
 ڕاستە غاندی و مەسعود بەقەدەر ئاسمان ڕێسمان جوداییان هەیە، مەسعود ئەو کاتەی دەنگیشی هەبوو هەر لە بێدەنگ دەچوو، چونکە هەرچی دەووت یان درۆ بوو یان خۆهەڵکێشان، باسی پێشمەرگایەتی دەکرد، تەنانەت کە ڕۆژێک وەکو باوکی مارمێلکەیەکی نەکوشتوە تێیدا.
 سەیرە لەم سەردەمەدا کە ئێمە بەناو ڕێڕەوی مێژوودا ڕێ دەکەین، زۆری مرۆڤەکانی گۆڕیوە بە لەخۆ بێگانەبوون، یان گۆڕیونی بە شتگەلی سەیر و سەمەر و مەسخبوون، کە زیاتر بیر لەوە دەکەنەوە چەندیان هەبێت، نەک چۆن بن ؟ 
 موڵکدارێتی یان دەسەڵات کە کاتێک حاکمێکی موتڵەقیش بوو هیچی بۆنەکرا، چونکە نەی توانی قۆناغی کۆیلەبونی خۆی جێبهێڵێت.
ئاخر کەسێک هێندە ستایش بکرێت، چی لێدەردەچێت ؟ 
 پارتییەکان تەنها ناوی غاندیان بیستوە کە کاتێک غاندی ڕووبەڕووی گرفتەکانی هیندستان و شەڕی هندۆس و ئیسلامییەکان بووەوە، بڕیاری ڕۆژوگرتنی دا، تا لە ڕێگەی برسێتییەوە ئازاری ویژدانی ئاسودە بکات، بەڵام بێدەنگی مەسعود لە بۆقێک دەچێت هەر قیڕەی بێت، ڕاستە راگەیاندنەکان وێنە و هەواڵەکانی بڵاو ناکەنەوە بەڵام هەموو ڕۆژێک لەدیوەخانەکەیدا خەڵکی بۆ دەبەن تا مومارەسەی سەرۆکایەتی بکات، ئەی ئاری هەرسینی کۆیلە نەبوو دەیووت من کاک مەسعود بناسم لەگوندێکیشدا بێت دەوڵەت دروست دەکات...! 
 بەس نییە پارتییەکان کریشنا مورتی عاریف ناناسن دەنا مەسعودیان بەو بەراورد دەکرد و دەیان ووت : ئەگەر مەسعود لە کریشنا نەچێت، ئەوە لەهیرمان هیسە یان یۆنگ دەچێت و ئەو مومارەسەی" زن "دەکات و ئێستا خەریکی ڕامانە.(ئەم کۆپلەیەم بۆ پارتییەکان نییە، چونکە جارێ لێی تێناگەن).
لە کاتێکدا لەهەموو تەمەنی مەسعود و خێڵەکەی بارزان، کەسێک بۆ چرکەیەک تێڕامانی نەکردوە.هێندە ترسنۆکە مەسعود بۆ سەرئاویش حیمایەی لەگەڵدایە.ئیتر دەبێت بێدەنگێکەی لە کێ بچێت ؟
 ئێستا ئەوەی مایەی گرنگی و بایەخپێدانە ئەوەیە کە مەسعود بێنەوە ناو هەواڵەکان و ڕۆژنامە ڕووزەردەکانی پێ پڕبکەنەوە، ئەگەر مەسعود سەدان ساڵ بێدەنگ بێت، یان دەنگی هەبێت هیچ لە مەسەلەی مێژووی خیانەت و تاوان و دزیی و داگیرکاری و پیاوی تورک و فارس ناگۆڕێت و هیچ لە بیر خەڵک ناباتەوە.
 مەسعود لەسەردەمێکدا گوزەر دەکات کە" قەیرانی شوناس"ی هەیە، لەبێئاگایدا لە غروری و لوتبەرزیدا نازانێ چۆن دەژی؟
 کاتێک ڕۆژنامەی گوڵان ئەم وێنەو تایتڵەی بڵاو کردۆتەوە زیاتر لە ١٠٠ دانەیان بۆ بردوە ئەویش بەحیمایەکانی داوە، چوە لەسەر ساترێک وەک قەلەموون هەڵنیشتوە، گوایە ڕامانی دەست پێکردوە دەیان کامێرا وێنەیان گرتوە.
ئیتر بێدەنگێکەی تەنها چەند چرکەیەک بووە ڕۆحی سەرۆکایەتی جارێکی تر لەجەستەی پەژموندەیدا زیندوو بۆتەوەو ووتوێتی خێرا ڕێبوار سیوەیلی و هەڵکەوت زاهیرو فەرهاد پیرباڵ و عەلی کەڵەک و دەبەیەک میزی حوشترم بۆ بێنن، بێدەنگێکەم دەشکێنم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە