قاسملوو، قاسملوو،رێگات درێژەی هەیە!

Saturday, 17/02/2018, 22:20

3660 بینراوە


بنەما بۆ دامەزراندنی حیزب یان ڕێکخراوەیەک زۆرن.لە بەر چآو گرتنی بنەما سیاسی وکۆمەڵایەتی وئابووری وفەرهەنگی و... چەند مەرجێکن بۆدەست پێکردنی خەباتێکی دژواروچر بۆ گەیشتن بە ئامانج ستڕاتیژیەکانی نەتەوەیەکی بن دەستی وەکو نەتەوەی کورد. هەرکەس دەتوانێ چەند کەسێک لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە وحیزبێک دابمەزرێنێ وئاڵای حیزبی ودرووشم وگۆرانییەکیش بکاتە سروود ولە سەریان بڕوا. لەوبوارەدا کورد دەوڵەمەندە! زۆر حیزب ورێکخراوەوکۆڕوکۆمەڵ وتاقم وگرووپ هاتن وچوون. بەڵام هیچکامیان بەرگەی زستانێکی پڕ لە تۆف وباهۆزیان نەگرت و بوونە سێ شەشەی بەهارێ کە هەر تاوێک روویان لە لایک دەکرد تا هێدی هێدی دەتوانەوە ودەست لە قاچ درێژتر دەگەڕانەوە سەر ماڵ وحاڵێک کە لێی هاتبوون.
لەو رێگوزەرەدا / خەڵك/ یان جەماوەر رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ. بەوواتایە گەلی هوشیار فریوی زەرق وبەرقی درووشم وقسەی قەببە قەببەی هیچ سەرکردە یان حیزبێک ناخوا.ئەوەی کە ماڵی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە سێ چەپەی بە قوڕ گرتووە، دەمارگرژی وناسیونالیزمێکە کە وەک خۆرە دەگیانی کورد کەوتووە لەو بەشە لە وڵات وبەری نادا. هیچ دەرمانێکی چارەسەریش لە بەر دەستدا نییە، جگە لە کوێرایی حافیزەی مێژووی وناکارئامەدی حیزبەکان وبەرپرسانی حیزبی.
" بەڵگەکانی رێ ونکارکامەن؟"
تەمەنی حیزبی، ڕادەی خوێندەواریی بەرپرسانی حیزبی، زیاد بونی شەهید لە حیزبێکدا، ئاڵا، سروود،پێشمەرگە وچەک.ئەوەی کۆتاییان یەکجار گرینگە. چەکمان پێیە، بەڵام نازانین چۆن شەڕی پێبکەین.دەبینە پێشمەرگە بەڵام واتای پێشمەرگایەتی نازانین.جگە لە کۆمەڵگای بەرتەسکی ئەو حیزبەی کە تێیدا لایەنگر یانژی ئەندامین، هیچ کۆمەڵگایەکی دیکە ناناسین.ئەوەی ئەندامانی کومیتە ناوەندی پێمان دیکتە دەکەن وەک دەروێشێکی سەر هیشک ئەنجامی دەدەین. خۆئەگەر بەرپرسێکی حیزبی جگە لە زمانی کوردی، دووزمانی دیکەشی زانی لێمان دەبێتە فەیلەسوف وکارزان.هەر کات بڵێ: ماست رەشە، ئێمەش دەڵێن، رەشە!
ناخوازم بگەڕێمەوە سەر مێژووی دروستکردنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان / ئێڕان / لە سەردەمی کۆماروسەردەمی قازی موحەممەد (د،خ ). تەنیا ئەوەندە دەڵێـم : رووسەکان بەتۆبزی / ژێ، کافیان / هەڵوەشآندەوە وحیزبی دێمۆکڕاتیان قوت کردوە وگووتیان بڕۆن وەدووی خودموختاری بکەون، کوردستانی گەورە بە ئێمە جێ بە جێ ناکرێ وکاتیشی نییە ،ئاخر لە سەفەری نوێنەرانی کورد بۆ ئازەربایجانی سۆڤیەت داویان لە باقرئۆڤ کردبوو کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیان بۆ دامەزرێنێ!.ئەوە دوای ٧٢ ساڵ لە تەمەنی ئەو حیزبە ڕێک نیوەی تەمەنی حیزبیان لە کەمپەکانی کۆی سەنجەق لە ژێڕ چەنگی بنەماڵەی بارزانیدا تێپەڕێوە کە چی لێکترازان ونامۆیی بۆتە رێبازی ئەو ٢ دێمۆکڕاتانە!
" قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە "
من لەو درووشمە تێ ناگەم.هەردووکلا / دێمۆکڕاتەکان / بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی ساویلکە  وەکی بنێشتە خۆشکە ئەو درووشمە دەجوونەوە. بۆ خۆشیان نازانن چۆنی لێکدەنەوە.هەر درووشمێک کە دەدرێ گەلێک مەبەستی لە پێشە کۆمەڵێک پڕۆژەی لە پێشە، درووشم بە کردار پێک دێ بە قسەی قۆڕ ناگاتە جێ .هێزودێپڵۆماسییەکی خورت وزانستیانە گاڕانتی پێگەیاندنی درووشم دەگەیننە مەبەست.لەوەش بترازێ قسەی قەببە لە دوورەوە لە ناو کەمپەکاندا بایی فلسێکێش نییە. خۆهەڵاوەسین بە قازی موحەممەدوکۆمارو قاسملوو بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نابێتە نان وئاووکاروخودموختاری ورزگاری. دوای ١٣ ساڵ لە دابڕان ئەو چووتە لەتە حیزبە تازە دەڵێن: لە سەر ناوی حیزب ڕێک ناکەوین! ئێوە ئەگەر ببنەوە یەک حیزبیش خۆ ئەو توانایەتان نییە لەو شوێنەی کە تێیدان بجووڵێن.ئەوە قەراری بنەماڵەی بارزانییە کە لە سەرتان دەدرێ. ئەوانیش بۆ مانەوەی خۆیان کۆماری ئیسلامی بە ئێوە ناگۆڕنەوە.
" کورتەیەک لە کارنامەی سیاسی قاسملوو"
عەبدولڕەحمان وسوق ناسراو بە قاسملوو لە شآری ورمێ لە ٢٣دێسامبری ساڵی ١٩٣٠ لە دایک بووە. باوکی قاسملوو ناوی موحەممەد خان قاسملوو بووە کە یەکێک لە دەرەبەگەکانی ناسیونالیستی سەر بە عەشیرەی شکاک بووە.قاسملوو ژیانی سیاسی خۆی لە ناو حیزبی توودە دەستپێکردوە / حیزبی کومونیستی ئێڕان / . ئەوکات حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لقێک بووە لە حیزبی توودە.دوای بەستنی کۆنگرەی ٣ی ئەو حیزبە قاسملوو تا لە ژیاندا مابوو سکرتێری ئەو حیزبە بووە.( سەیر لەوەدایە دوای رووخانی شای ئێڕان،قاسملوو رقی لە هەر کەس بوایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەیگووت: ئەوە توودەیی وجاشە!)
دوای رووخانی کۆمارلە شآری مهاباد، ناوەندی چالاکی ئەو حیزبە وڵاتی عێڕاق دەبێ. پاش سەرهەڵدانی گەلانی ئێڕان حیزب دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان وبەرەنگاری کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە. هاوکات کە گیرۆدەی شەڕ دەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی ئێڕان دەبەن، پڕۆژەی چەند شەڕی دیکەش تیف تیفە دەدا، شەڕی دەگەڵ مەنگوڕەکان، شەڕدەگەڵ کۆمەڵە، شەڕ دەگەڵ رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ/ جوێ بۆوە لە حیزب / شەڕی ماڵوێرانکاری نەغەدە، شەڕی خۆدڕێنی ناو شآرەکان، دەستپێکردنی وتووێژ دەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەشێکن لە کارنامەی سیاسی قاسملوو لەو ماوەیەدا کە دەبیری یەکەمی حیزب بووە. لە کۆتاییشدا کاتێک کە زانی بە شەڕ دەرەقەتی کۆماری ئیسلامی نایە وکێشەی کورد ئاوا چارەسەر نابێ لە ساڵێ ١٩٨٧ لە ڕێگای جەلال تاڵەبانی پەیامی وەستاندنی شەڕودەستپێکی پڕۆژەی ئاشتی نارد بۆ دەسەڵاتدارانی تاران.!
هەر ئەو سیاسەتە بوو کە یەکەم تەڵەی ترۆری خۆی بە دەستی جەلال تاڵەبانی بۆ ڕآخراودیتمان چۆن ترۆرکراولە ناویان برد!دوای خۆشی هەم ئەو حیزبە دەگەڵ کۆمەڵە ئاشت بۆوە وهەمیش دەگەڵ ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ هەمیسان بوونەوە یەک حیزب. بەڵام زۆری نەخایاند پەتای لێکترازان دووبارە یەخەی بەرنەدان وبۆ جارێکی دیکەش قەڵەشتیان کەوتە نێوانی. ئەوە ١٢ ساڵە حەول دەدەن یەک بگرنەوە! کە چێ دەڵێن: لە سەر ناوی ئەو حیزب رێک ناکەوین!
" کامە ڕێگا درێژەی هەیە؟"
جەلیل گادانی ئەندامی کومیتە ناوەندی حیزب، لە چەند حەوتووی رابوردوو لە سەر شاشەی / ئەن،ئاڕ،تیڤی / وەک بیرەوەری باسی رابوردووی ئەو حیزبەی دەکرد. باسی زیندان ودەستگیر کردنی ئەندامانی حیزبی دەکرد لە هێرشی بەربڵاوی سەردەمی شآی ئێڕان گیران. ( باوکی منیش هەر ئەوکات زیندانی کرا). لەو هێرشەدا زۆر کەس گیران. بەڕێز گادانی گێڕآیەوە کاتێک دوکتور قاسملوووسمایل قاسملووی ئامۆزای پێکەوە گیران.قاسملوو لە زیندان بە سمایلی ئامۆزای دەڵێ: تۆ بڵێ منم ڕەحمان قاسملووم! ناوی خۆت مەڵێ! هەرکات من ئازاد بوم حەول دەدەم تۆش ئازاد بکەم! سمایلی ئامۆزای فرێوی ئەو بەڵێنیە دەخوا.
کاتێک قاسملوو زیندان دێتە دەرێ و / دەنگۆیەکی بە هێز هەیە کە قەولی هاوکاریی بە ساواک داوە بە مەرجێک کە ئازادی بکەن. چریکەکانی فیدایی خەڵکی ئێڕان لە شآری بۆکان کاتی خۆی لە سەررۆژنامەی رەسمی خۆیان ئەو بەڵگەیان بڵاو کردبۆوە . هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی هێرشیان کردنە سەروتاروماریان کردن !/ ئازاد کراو رووی لە هەندەران کرد. سمایلی ئامۆزاشی لە زیندان مایەوە! کە دیتی ڕەحمانی ئامۆزای درۆی دەرگەڵ کردوە، هەر چی دەیزانی لە زیندان ئاشکرای کردوراستەوخۆ بووبەهاوکاری / ساواک / ی شآی ئێڕان. هەرچی بەدەنەی حیزبی بە خڕووپتوونی بە گرتنیدا! پاشآن دوای ماوەیەک زیندانی ئازاد کرا وهاتە شآری مهاباد کلینێکی پزیشکی دامەزراند. ئێستێ من نازانم لەوێ ماوە یان لە ژیاندا ماوە؟
" کۆتایی"
ئەوە بەشێکی بچووک بوو لە ڕێبازوڕیگای قاسملوو. ئێستێ پرسیار ئەوەیە : ئێوە ماوەیەکی دوورودرێژە لە باشووری کوردستان زەمینگیر کراون. رێگای قاسملووش بەرنادەن! من نازانم ئەو ڕێگایە چۆن درێژە پێدەدەن؟ خودموختاری ودەوێ؟ بڕۆن وەریبگرن. فدڕآڵیو دەوێ بڕۆن حەولی بۆ بدەن، دەوڵەتی کوردیتان دەوێ؟ بۆ شەڕی بۆ ناکەن؟ کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنن؟ دەفەرمون ، کێ پێشی پێگرتوون بڕٶن بیڕووخێنن. کورسی بە تڕآن گەرم دانایە. چارە سەر کردنی کێشەی کورد هەروا هاسان بەر نایە.دەست لە فریدانی کورد هەڵگرن. لە هەموان سەیرتر ئەوەیە کە دەڵێن: ئێـمە پژاکمان قەبوڵ نییە،چون ئێڕانی نین!و سەر بە پ،ک،ک،یە! کەسێک نەتان ناسێ وادەزانێ نازانێ ئێوە سەربەکێن. لە سەردەمی شەڕی نێوان ئێران وعێڕاق ١٤ وڵات چەکیان بە کۆماری ئیسلامی ودەوڵەتی عێڕآق دەفرۆشت بۆ ئەوەی قازانجی خۆیانی لێبکەن وئاوری شەڕ خۆشتر بکرێتەوە! لەوگەرمە بازاڕەدا فرۆش، فرۆشی چەک بوو بە کۆماری ئیسلامی! ئەو وڵاتەی کە خومەینی دەیگووت: دەبێ لە سەرگۆی زەوی پاک بکرێتەوە! ( مەبەستی ئیسڕآییل بوو) کاتێك خەبەریان دا بە خومەینی کە ئەو چەکانەی کە دەیکڕێن هی دەوڵەتی ئیسڕآییلە! خومەینی گوتی: ئەوانەی چەکتان پێدەفرۆشن، ئیسڕآییلین؟ گووتیان نا ئەوانە دەڵاڵی چەکن وئیسڕآییلی نین. گووتی من فتوادەدەم لە بواری ئایینی شیعە دا کارم بەوە نییە چەک هی دەوڵەتی ئیسڕاییلە، خۆ فرۆشیارەکان ئیسڕآییلی نین چەکەکان بکڕن! هەروەها پێنج وڵاتی ئەندامی داییمی شوڕای نەتەوەیەکگرتووەکان کە خاوەنی / وێتۆن / وپرسی مەزنی جیهانی بە بێ پرسی ئەو وڵاتانە قەت چارەسەر ناکرێ، ئەوانیش پێنج قۆڵی چەکیان هەم بە ئێڕان وهەمیش بە عێڕاق دەفرۆشت! لە کاتێكدا رۆژهەڵاتی کوردستان دوارۆژێکی نادیار هەبوو، حیزبی دێمۆکڕات وکۆمەڵە درووشمی رووخاندنی کۆماری ئیسلامیان دەدا بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵكی هەژار!جا بۆ خۆت ئەو سیاسەتە لێک بدەوە کوردی هوشیارو دورناس.
قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە بەو واتایە دێ کە جەلال تاڵەبانی وبارزانی تەڵەیەکی دیکەتان بۆ ڕاخەن وپێتان بڵێن: وەرن دەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەستدەکەین بە وتوووێژ بۆ چارە سەری کێشەی کورد لە ئێڕان. بەڵام دوای چەند جار دیدارو وتووێژ هەمیسان تەڵەی تڕۆرتان بۆ راخەن ولە خشتەتان بەرن! ئاخر ئەوە یەکێک لە رێگاکانی قاسلموو بوو بۆ دەربازبون لە قەیرانی حیزب ی وسیاسی. ئێوەش کە باوەڕتان بە / ڕێگای / قاسملوو هەیە بیسمیللا... وەرنە پێش. دەنا درۆ دەکەن. جێگاتان گەرم وتەختەپەینە،قەببە،قەببەش، درووشمان مەدەن.
جەعفەرکەریمی
سندوقی : کوردستانپۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە