ئێستا لە تورکیا قوماشی سور دەست ناکەوێت

Saturday, 17/02/2018, 22:46

8220 بینراوە


تورکیا دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە، یان بکشێنەوە و قبوڵی بکەن، کە ڕۆژئاڤا نیشتمانی گەلێکە ئازادی دەوێت، یان هەموو تۆپی قوماشەکانیان سوربکەن و پەیتا پەیتا لە تابوتەکانیان بپێچن.
---------------------
هندییەکان دەڵێن: پێش هەموو کاولکارییەک ڕەشەبا دێت.
عەفرین وەرچەرخانی رەوڕەوەی مێژووە بۆ گەلەکەمان، عەفرین وەڵامێکە بۆداگیرکاری و ئینکاری کردنی گەلێک لە جیهاندا.هەموو دەبێت بزانین کە لەشەڕدا خۆ بەزلزانین ئاوات لێبەسەر دێنێت و کێشەت بۆ دروست دەکات.
 ئەردۆغان و هاوەڵە دینییەکانی وایان دەزانی عەفرین باشورە لەکوێدا بیانەوێت سەربازگای تێدا ئاوەدان بکەن، وایان دەزانی، دەتوانن کەسانی خۆفرۆش و خائینی وەکو سەرانی کوردی تێدا دروستبکەن، یان ساڵێ حەفتاکانە بە سوپاوە بچێتە قوبروس و دنیای پۆخڵ لە ئاستی ئەو داگیر کاریەدا چاو و گوێ و دەمیان بگرن.
 عەفرین هەموو ئەفسانەکانی تورکی تێکشکاند و بە تورکانی ووت : " ئەگەر ئەخلاقی مرۆڤ بوونتان نەبێت، یاسا بەکەڵکی چی دێت ".؟
 ئێمە کەسمان شادمان نین بە نمایشی ئەم هەموو لاشەیە کە وەک ماسی لە قتودا ڕیزکراون، بەڵام دەزانین و ئەم دیمەنە پێمان دەڵێت : گەر بچنە ناو عەفرینەوە و داگیریشی بکەن منداڵ و ژن و پیرو پەکەوتەکانیش بکوژن، ناتوانن نکۆڵی لە ئازایەتیی و مەردی و بەرخۆدانی گەلێک بکەن.
هەموومان دەزانین کاتێک خەڵک دەترسێت ئەفسانەی وا دروست دەکەن، کە تەنها لە فیلمە کارتۆنییەکاندا جێدەگرێت، بەڵام کاتێک ترس وەلا دەنێن، ئیتر مەرگ و دڵەڕاوکێش دووردەکەونەوە.
 کورد دەبێت فێربێت تەنها نەکڕوزێتەوە و فرمێسک بۆ کەسانێک نەڕێژێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان هاو خەم و سۆز نەبوبێت بۆی و بەشەقامەکاندا ڕێپێوانی بۆ نەکات، لەبەر ئەوەی هاوسۆزی دینی هەبێت بۆی، چونکە کورد تەنها خۆیەتی بەتەنها.
لە بورماوە نزا و پاڕانەوە بۆ خەلیفە ئۆردوغان دەکرێت، کە بەسەر کورددا سەربکەوێت، کوردی موسوڵمانیش بۆ بورما دەگری، کە زوڵمیان لێدەکرێت
 ئەوان هەر خەریکی پلانی شەیتانین دژمان لەژێر ناوی دیندا، ئێمەش تەنها سورەتی فاتیحا بۆ قوربانییەکانمان دەڵێنەوە و وادەزانین دەیجورێک ڕوودەدات و لەم کوشتارگایە و قوتارمان دەبێت؟ 
هەتا ئێمە تاریکیی و دڵە ڕاوکێ لەناو دەستەکانما بگوشین، هەموو ڕۆژێک عەفرین و داگیرکەرێک زیاد دەکەن لەسەرمان و دەمانسڕنەوە، بەڵام تاکە جارێک ئەگەر وەک پاڵەوانەکانی ڕۆژئاڤا بە ئاگابێینەوە، ئیتر بۆ هەتاهەتایە ژیان بە سەربەرزی دەکەین.

 ئەزمونەکانی دنیا ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە بەختەوەری بەبێ خەبات و بەرخۆدان نایەتە دی، ئە گەر بتەوێت بەسەر ترسا زاڵبیت، ترس بشکێنی دەبێت ڕووبەڕووی بیتەوە.
ڕۆژیاڤا ڕووبەڕووی ترس بوونەتەوە، ئێستا بە پێچەوانە ئەوە ترسە لەبەریان هەڵدێت ئێمەی کوردی باشووریش لەگەڵ دەسەڵاتێکدا ٢٧ساڵە دەژین، کە هەرگیز بە مەعیریفە نەگەیشتوین، گەر ساڵانێک لە کوچە و شەقامەکاندا مەعیرفە ویستبێتی بەسەرمان بکاتەوە و وانەی ڕەوشت و بەرگرییمان بداتێ، ئەوا دەسەلات لێی زەوت کردووین.ئێمە لەسایەی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیەدا تەنها گۆڕستانەکانمان گەورە و گەورەتر کردووە مردوو لە سەر مردوو دەنێژین، بۆ زیندووەکانیشمان بەشەقامەکاندا دەڕۆین لە مردوو دەچین.بەڵام ڕۆژئاڤا لەسەر تەرمەکان لەسەر شەهیدەکان ساز لێدەدەن، گۆرانی دەڵێن سەمادەکەن، ئەگەر یەک دوو شەڕڤانان بەیەک بگەن سەما دەکەن، گۆرانی دەڵێن، هەست دەکەیت کە سەرکەوتن چەندە نزیکە، بۆیە دواجار دەبێت تورک و داگیرکەران لە کۆتادا هەموو قوماشەکانیان بکەن بە ڕەنگی سو، چونکە تابوتەکانیان لەهەڵکشاندایە، داگیرکەران دوو ڕێگەیان لەبەردەمدایە، یان بکشێنەوە و قبوڵی بکەن ڕۆژئاڤا نیشتمانی گەلێکە ئازادی دەوێت، یان هەموو تۆپی قوماشەکانیان سوربکەن و پەیتا پەیتا لە تابوتەکانیان بپێچن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە