ڕیوی گردەکە و گەندەڵ و پیسخۆرەکانی بەغداد

Thursday, 22/02/2018, 0:26

5633 بینراوە


لە ژێر سایەی، پەروەردە و بەرخوردانی پارت و سەرکردە پێشڕەوەکانی باکوور و رۆژئاوای وڵات، بە ژمارەی سەری هەر خێزانێک، شۆڕشگێڕێک لە دایک دەبێت، بەڵام لە باشووردا لە ژێر سایە و پەروەردەی سەرکردەی خۆفڕۆش، بودەڵە، دز و بێڕەوشت، بە ژمارەی سەری هەرخێزانێک گەندەڵێک لە دایک بووە! 
لە ڕۆژئاوا، کچۆڵە، کچ، ژن و پیرەژن بە گڕ و تەوژمی توڕەیی و پشتیوانییان لە دۆزی ڕەوای میللەتەکەیان، ئاسمان و زەوی هەڵدەدڕن. لە نێو ئەو تەوژمەدا، دەگمەنە ببینی تاکێکی مێیینە بە پارە و پۆست هەڵخەڵەتێ! 
ئەگەر خوانەخواستە، ڕۆژێک هات و ڕێککەوت، ئاسمان و زەوی تێکەڵ بە یەک بوون، دەریا و ڕووبارەکان ئاوەژوو بوونەوە، مانگ و ئەستێرە یاخی بوون لە ئاسمانی شەوە زەنگا، خۆر ئاراستەی خۆی گۆڕی و وەرزەکانی تێکەڵ بە یەک کرد، ئینجا تاکێکی مێینەی شەرڤان، بڕیار بدات، ویژدان بخاتە ژیر پێڵاو و خۆی بفڕۆشێ، خیانەت لە دۆزی ڕەوای میللەتێکی ٤٠ میلیۆنی بکات و بکەوێتە گفتوگۆ و ڕیککەوتن، لەگەڵ سەرانی عیراق، ئێران، تورکیا و سوریا، لە پشت پەردە و لە ژوورە داخراوەکاندا، سەفتە دۆلار وەربگرێت، بەبێ شەرمانە بانگەواز بکات و ببێت بە کاندیدی ئەوان، ئاخۆ هەڵوێستی کۆمەڵگەیەکی پەروەردە بووی بە ڕۆحی بەرەنگای بوونەوەی وەک رۆژئاوا، بەرامبەر بەو خیانەتە چۆن دەبێت؟ وەک کۆمەڵگەی باشوور دەکەونە چەپڵە لێدان و بە شان و باڵ هەڵگوتنی؟ پێی دەڵێن "ئافەرین، تۆ زانیوتە چۆنی بخۆیت"!
گەلۆ، ئاخۆ، دەبێت هەڵوێستی سەرکردەیەکی زیندانکراوی بە تاقی تەنیای لە خۆ بردو چۆن بێت؟ یان هەڵوێستی پیرە هەڵۆ بەرزەفڕەکانی قەندیل چۆن بن، کە تاڵە موویەک، لە سەریان نەماوە لە کێوەکانی کوردستان بۆر و سپی هەڵنەگەڕابن؟ تۆ بڵێی  هەڵوێستیان وەک هەڵوێستی ڕیویە، سک زلە، تەمەڵەکەی گردەکە بێت؟ کە کەوتۆتە پینە و پەڕۆ کردن، بە شان و باڵ هەڵگوتنی، خانمێکی کۆنە گۆڕان کە ناوی لە لیستی عەبادیدا تۆمارکردبێت!؟ نەخێر، هەرگیز مەحاڵە، هەڵوێستی ئەوان بەو جۆرە بێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە