کۆسرەت رەسوڵ وەڵامی نامەکەی هێرۆ برایم ئەحمەد دەداتەوە

Sunday, 25/02/2018, 5:10

8113 بینراوە


لە نامەیەکدا هێرۆی برایم ئەحمەد کە مەبەستی گەڕانەوە و هاوبەشیکردنی کۆسرەت رەسوڵە لە کۆنگرەی داهاتووی یەکێتیی، بۆ کۆسرەت دەنووسێت و دەڵێت "ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆ بڕیاردان لە چەسپاندنی رۆژی کۆنگرە، بووەتە مایەی نیگەرانی خۆم و هەموو جەماوەری یەکێتی. من دواجار وەک خوشکێک داوات لێدەکەم کە بە زووترین کات ئەو کۆبوونەوەیە ساز بکەیت بۆ ئەوەی جەماوەری یەکێتی ئەم دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانییە نەجاتی بێتکە ئەوەش بەتەنیا داواکاریی من نییە بەڵکو هی هەموو ئۆرگان و مەکتەب و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتییە".
کوردستانپۆست نامەی ئەم دوو دز و تاوانبارە بڵاودەکاتەوە بە مەبەستی پاراستنی لە ئەرشیفدا  
-------------------
دەقی نامەکەی کۆسرەت رەسول
خوشکی بەڕێز هێرۆ خان
پاش رێز و سڵاو
دوێنێ نامەکەتم وەرگرت، هەر لەگەڵ یەکەم خوێندنەوەیدا هەستم کرد زۆرتر بۆ بڵاوکردنەوە نووسراوە، بۆ کەڵەکەکردنی تۆمەت و پڕوپاگەندەی دەستەگەری و ململانێی نابەجێی ناو یەکێتی نووسراو، نەک بۆ چارەسەرکردنی وەزعی پەرێشانی یەکێتی و جەماوەری گەلەکەمان".
تۆ لە هەموو کەس ئاگادارتری کە بەندە هەموو کات خاوەنی رای خۆم بووم، تەنانەت لە حزووری مام جەلالیشدا هەمیشە هەڵوێستی خۆم راشکاوانە دەربڕیوە، هیچ کات سڵم لە هیچ پەرچەکردارێکی ئەم و ئەو نەکردووەتەوە. هەمووان لەم راستییە ئاگادارن کاتێ لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا کاک نەوشیروانی رەحمەتی، هاوڕێی 40 ساڵەی خەباتی مام جەلال وازیلێهێناین، ئەو کاتە ئێمە بۆچوونی خۆمان بەڕوونی خستەڕوو، کە لەگەڵ رەنجاندنی خۆی و هاوڕێکانی نەبووم. 
لە پاش نەخۆشکەوتنی مامیش زۆر جار گلەیی ئەوەمان لێکراوە لە بڕیارمنەداوە و دەسەڵاتەکانی خۆمم بەکارنەهێناوە، دیارە ئەوەش تەنیا بۆ خاتری ئەوە بووە کێشەکان لەوەی کە هەیە زیاتر تەشەنە نەکەن و لێکترازانی زیاتر روونەدات.
بەداخەوە تۆ خۆت و کەسوکارەکەت بەبێ گوێدانە مێژووی یەکێتی و بێ حیسابکردن بۆ پێگەی مام جەلال و خەباتی هاوڕێکانی بە رێکەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ ئەملاو ئەولادا، یەکێتی-تان دووچاری کۆمەڵێک هەڵەی سیاسی حیزبی و نەتەوەیش کردووەتەوە، ئیحراجییەکی مێژوویی یەکجار گەورەشتان لەبەردەم خەڵک و جەماوەرەکەیدا بۆ دروستکردووە.
سەبارەت بە ئەرکی مێژووی سەرشانی خۆشم دەتوانم بە شانازییەوە ئەوە بڵێم، کە ئەوە ئێمەین پارێزەری راستەقینەی چەپکە گوڵەکەی مام جەلالین: 
* ئێمە نەبووین کە کاک نەوشیروان و هەڤاڵەکانیمان لە یەکێتی بێئومێد کرد.
* وەدەرنانی چەندین هەڤاڵی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و دەیان کادیری تێکۆشەری تری یەکێتی، کە ئێستا لە دەرەوەی یەکێتین، لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە لە دەرەوەی ئۆرگانە شەرعییەکان زۆر بە ناحەق کار و رەفتاری وەڕەسکەرانەیان بەرامبەر کردوون.
ئێستاش لە ئەنجامی درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی چەوتانەدا کارێکتان کرد کە هەڤاڵ جێگری دووەمی سکرتێری گشتی حیزبەکەمان ناچار بە جیاکردنەوەی لیستی هەڵبژاردن کردووە، کە وا پێدەچێ ئێوە بەوەشەوە نەوەستن و نیازتان بێت چەندین تێکۆشەری خاوەن ئەزموونی تری یەکێتییەکەمان ناچار بە دوورکەوتنەوە بکەن.
سەرباری هەموو ئەوانەش ئێمە وەک هەمیشە و بە هەموو توانامانەوە پێداگری سەرسەختانە لەپێناو پاراستنی تەبایی و یەکڕیزی ناو هەڤاڵان و هەڵنەوەرینی ریزەکان و بوژاندنەوەی یەکێتی دەکەین.
حەزدەکەم ئەوەش بڵێم کە من زۆر باش لە ئەمانەتی مێژوویی سەرشانی خۆم تێدەگەم، کە ئەمانەتی خوێنی دەیان هەزار تێکۆشەری گەلەکەمان و گیانبەختکردووی رێگای کوردایەتییە، هەر ئەوەش پاڵنەری سەرەکیمان بووە کە لە وێستگە هەستیارەکانی ژیانی رێکخراوەیماندا لە ئاست سیاسەتە چەوتەکان بێدەنگیمان هەڵبژاردووە و تەحەموولی لە رادەبەدەرمان هەبووە. ئێستاش کە باس دێتە سەر باسی بەستنی کۆنگرە، بەداخەوە ئێوە وەک هەمیشە راو و بۆچوونەکانتان جێگر نین و لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا قسەیەک دەکەن و، لە دانیشتنە تایبەتەکانیشدا پێچەوانەی رای خۆتان دەوەستنەوە.
بەڵام کاتێ چارەنووسی یەکێتی دەبەسترێتەوە بە ئەنجامدانی کۆنگرە و بە حوکمی پێگەی سیاسی و حیزبیمان ئۆباڵە مێژووییەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە، بۆیە پێمباشە لێرەدا زۆر راشکاوانە بڵێم "بەڵێ من لەگەڵ بەستنی کۆنگرەم لە نزیکترین دەرفەتدا". بەڵام لەگەڵ دەربڕینی را و سەرنجی خۆم کە ئایا چی جۆرە کۆنگرەیەک ببەستین:
1- کۆنگرەیەک زامنی پارێزەری ریزەکانی یەکێتی بێت  نەک پێچەوانەکەی.
2- کۆنگرەیەک دەرئەنجامی یەکێتییەکەمان بەرەو حیزبی بنەماڵەیی نەبات بە نزیکەکانی خۆشمەوە، وە بەراستی یەکێتی بکاتەوە بە حیزبی شەهیدان
3- کۆنگرەیەک یەکێتی بکاتەوە بە یەکێتییەکەی هەمووان، نەک یەکێتییەکی قۆرخکراو لەلایەن دەستە و تاقمێکی دیاریکراوەوە.
4- کۆنگرەیەک کە ئاشتکەرەوەی کادیری و جەماوەرە زیز و توڕەکەی بێت و ببێتە هۆکاری سەرلەنوێ کۆکردنەوەی هەموو تواناکان.
5- کۆنگرەیەک کە داڕێژەری سیاسەتێکی نیشتمانییانەی شەفا و روون و یەکێتییانە بێت بۆ ئاییندەی گەلەکەمان.
کۆسرەت رەسول عەلی
24-2-2018  
لە خوارەوە کلیکی نامەکەی هەردووکیان بکە:
www.kurdistanpost.info/kosret/Namey_kosret_Hero.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە