تەرمە بێناوەکان و بێباکی خەڵک و دەسەڵات

Monday, 26/02/2018, 2:35

3964 بینراوە


نامەی خۆکوژێکی بێناونیشان: "ئەم دەسەڵاتە نە دەمانکوژێت، نە دەهێڵێت بمرین"
---------------------------
ڕۆژانە بگرە هەموو کاتێک لە سوچی ڕۆژنامەیەکدا، لە دەنگی دزێوی ڕادیۆیەکدا کە گۆرانییەکی پوچی، تورکی، عەرەبی یان ئەم زیقەزیقەی بەناو هونەرمەندە قێزەوەندانە لێدەدات، دوایش هەواڵی خۆهەڵواسینی پیاوێکی بەساڵاچوو، تەرمێکی دۆزراوە، گەنجێکی خۆکوژ، ژنێکی ئاگر تێبەربوو، کچێکی لاقەکراو، خانمێکی بە بەرد کوژراو، خۆکوشتنی پێشمەرگەیەکی کرێچی بڵاو دەکەنەوە.پاشان بێباکانە بۆ رابواردن دەڵێن تەرمەکە: "ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە و لێكۆڵینەوەش لە ڕوداوەكە دەستی پێكردوە و بەردەوامە ".
 ئیتر کەس ناڵێت و نایانەوێت بپرسێت ئێوە ٢٧ساڵە تەرم ڕەوانەی پزیشکی دادوەر دەکەن، تاکە جارێک پێتان نەوتین ئەو کەسە بۆ کوژراوە؟ بۆ مردوە، بۆ سوتاوە؟ چۆن مردوە؟ چی وای لەگەنجێک پیرەمێردێک دەکات کە خۆی بکوژێت؟ 
 ٢٧ساڵە ئێمە تەرم کۆدەکەینەوە لە کوچە و کۆڵانەکانی شار و دۆڵ و دارستانە ڕووتەکان، لە سەرجەم ناو باخ و زەریاکان و ناو ئۆتۆمبێلە علوجەکان، گۆڕستانەکان.لە گەورەترین گەڕەکی شار گەورەتربوون، گۆڕستانەکان ناشرینترین جێگەی شارەکانمانە. مردۆکان ترنجاون بەسەریەکدا، گۆڕەکان لەگۆڕ ناچن دەڵێێ هەرەسی بۆیاخ و بۆیە و ئایەت و کێل و چیمەنتۆیە.
کۆمەڵگای ئێمە لەم دوو سێ دەیەی دواییدا، ڕووبەڕووی تەکانێکی سەخت و ترسناک و دژوار بۆتەوە، هەرئەمەشە مەرگ و کوشتن و خۆکوژیی کەسێک کەس ناجوڵێنێت، ئەم هەموو قوربانیانە بۆ کەسمان نابێتە هەڵوێستەیەک.
 ئێمە دەمانەوێت لە ناو ئەم وێرانەی هەرەسەدا بەدوای سەرەداوێکدا بگەڕێین، تا بتوانین گڕۆڵەی ئەم هەموو قوربانیی و بێنرخییەی تاکەکانی گەلەکەمان کۆبکەینەوە. ئێمە پێویستمان بەوە نییە بەدوای هۆکاردا بگەڕێین، چونکە هۆکارەکان بێشومارن و دەسەڵاتی خۆماڵیش هێندە بێمنەتە، سەرقاڵە بەداماوی خۆیەوە، نایپەرژێتە سەر ئەوەی باسێک لەم تراژیدیایە بکات کە بەرۆکی کۆمەڵگاکەی گرتووین.
ئێوە بڕوانن بزانن ئایا ڕۆژێک سیاسییەکی نەخوێندەواری هەرێم باس لە کەیسی قوربانییەک دەکات؟ ئایا هیچ کات ڕووداوێک بۆتە باسی جیدی و خەڵکی سوکە پرسیارێکیان لەسەر کردووە؟ دەسەڵات لیژنەیەکی درۆی بۆ داناوە و فریوی خەڵکیان داوە و لیژنەش وەک پزیشکی دادوەر هیچ وەڵامێکی نەداوینەتەوە.
 ئەم مەرگە ئەختەبوتیانەی خەڵکی ئێمە پەیڕەویی دەکەن لە بێ ئۆقرەیی و شڵەژانی دەرونیی و دامان لەبەردەم بێچارەییدا، دەڵێ کەوتونەتە بیرەوە و تاکە ڕێگا تەنیا خۆکوژییە.
ئیتر نە مزگەوتەکان، نە ووتارە ئاینییەکان وەڵامێکیان نەداوەتەوە، دەسەڵاتیش نەیتوانیوە ئەم مەرگەسات و بێهیوایە ڕابگرێت و بەر بەو  ناسۆرە بگرێت کە ئێخەی کۆمەڵگاکەمانی گرتووە.
 قەیرانی شوناس لەم نیشتمانە ئەتککراوەی ئێمەدا بۆتە هۆی کەوتنی بەهاکان، ئێمە نازانین کێ تاوانبار بکەین ؟ ئایا قوربانییەکان یان دەسەڵات، یان کەسی نزیکی قوربانییەکان؟ لەبەر زۆری تاوان و رووداوەکان نازانین کامیان تاوانبار بکەین!
 تا ئێستا قوربانییەک بەر لە کوشتنی خۆی، پەیامێکی جیدی لە دوای خۆی جێنەهێشتووە،؟ هیچ پەیامێکیان جێنەهێشتووە، بگرە تۆمەتی قەرزاری، دەرون نەخۆشی، ترسنۆکی، بێزاریان خراوەتە پاڵ، وەک هەموو شتێکی بێبەها خۆی و چیرۆکەکانیان لەناوماندا بەبا داوە.
 ئەگەر قوربانییەکان لە بەر هۆکاری هەژاریی و هەرەسی ئابوریی و خۆکوژیی دەکەن، با ساڵێک لە ساڵەکان خەڵکی ئێمە جەجاجەکان لەناو ئەو قەیران و هەرەسی ئابورییەدا بۆ سەفەری حەج و عەمرە نەچن،  ئەو پارەیە بکەنە پڕۆژەی ڕاگرتنی خۆکوژەکان، من دڵنیام خواش ئەو کارە بەرز دەنرخێنێت.کورد ووتەنی بەدەیان حەج دەنوسرێتەوە و ئێمەش هەواڵی مەرگەساتی تر نەبیستن.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە