دەستگیر کردنی سالح موسلیم و شاندی حکومەتی هەرێم!

Monday, 02.26.2018, 21:18

3565 بینراوە


دەستگیر کردنی سالح موسلیم، لە چیک، لە سەر داوای حکومەت و سەرکردەی تیرۆرستان، رەجەب ئەردوغان، شەرمەزاریەکی ئێجگار مەزنە بۆ ئەوروپا، کە سەدان ساڵە، پروپاگەندەی بە دیموکرات بوونی سیستەمی سیاسی و پشتیوانی لە مافی مرۆڤ دەکات!
گوێگرتن لە داواکانی رەجەب، سەخافەت و بچووکی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا پیشانی دنیا دەدات.

----------------------------
هەڵوێستە سیاسی و سەربازییەکانی، پارت و سەرکردەکانی باکوور و ڕۆژئاوای وڵاتەکەمان، لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات، هەڵوێستی بەرزن، هۆکاری گرنگن، لە نزیک کردنەوەی میللەتەکەمان لە یەکتری، دەربڕینی یەک هەڵوێستی و یەکگرتن، بۆ بەرز نرخاندنی، ئەو هەڵوێستانەی، کە دەمێکە میللەتەکەمان چاوەڕوانی ئەوە بووە، کە سەرکردەی لەو جۆرەی تێددا هەڵکەوێت، ڕۆژانە سەروەرییەکی مەزن لە مێژوودا تۆمار بکات کە مایەی شانازیی بێت.

گەڕانی سالح موسیلم، بە وڵاتان، بە تایبەتی لە ئەوروپا، بوێرانە، بە مەبەستی پیادە کردنی خەبات و چالاکی بووە، کە لە ئەنجامدا، خزمەتێکی گەورەی، بە دۆزی میللەتی کورد، کردوە بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای وڵات، کە ئەمە بۆتە هۆکاری ئەوەی تورکیا و سوریا، نیگەران و ناڕەحەت بن و هەوڵدەن تەڵەی بۆ دابنێن!

بە بەراورد کردن، لە ماوەی بیستوحەوت ساڵدا، حکومەتی هەرێم و حیزبەکانی باشوور، شاند ڕەوانەی هەندەران دەکەن، گوایە بۆ دەرپەڕاندنی ئەرک و کاری حیزبی و حکومی! ئەوەی پێویستە بگوترێت، ئەو شاندانە، لە هەندەران، جگە لە پەیڕەو کردنی گەندەڵی و پیسخۆریی و بەدڕەوشتی بەولاوە هیچی تریان ئەنجام نەداوە، کە مایەی سەربەرزی بێت، وەک ئەوەی سالح موسلیم ئەنجامی داوە لە هەندەران!

ساڵی ٢٠٠١، یان ٢٠٠٢، شاندێک بە ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم، هاتن بۆ ئوستورالیا، شاری سدنی، وەک ئەوەی خۆیان گوتیان، بۆ "ئەنجامدانی کاروبار و ئەرکی حکومیی و حیزبی و پەیوەندیی بەستن لەگەڵ دانیشگاکانی ئوسترالیا"! کوردێکی زۆر چوون بۆ فڕۆکەخانە، بۆ پێشوازی لە وەفدی حکومەت! بەڵام من نەچووم! بۆ بەیانی تەلەفۆنەکەم لێیدا، هەڵمگرت، دکتور "کەماڵ خۆشناو" بوو.
کاتی پێشمەرگایەتی، لە شاخ دکتۆر "کەمال خۆشناو"م ناسی بوو، وەک پیاوێکی بە تەمەن و خاوەن خۆڕەوشتی بەرز، رێزم لێدەگرت، ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە لە نێوانمان مابوو. لە تەلەفۆنەکە، دوای چاک وچۆنی و گلەی، کە بۆ نەچووم بۆ پێشوازی لە فڕۆکەخانە، گوتی "پێمخۆشە چاوم پێتان بکەوێت".

بۆ ئێوارە، خۆم و خێزانەکەم، چووین بۆ ئەو هوتێلەی کە شاندی حکومەتی هەرێمی لێ دابەزی بوو، لە ژوورەکەی دکتور کەمال، دانیشتین چاوەڕێ بووین ئەندامانی شاندەکە، ببینین و وەک  پەیرەو کردنێکی دابونەریتی کوردەواری، بەخێرهاتنیان بکەین.

دوای دانیشتنێکی زۆر، پرسیارم کرد، کە هیچ ئەندامی ئافرەت لە شاندەکە هەیە؟ لە یادم نەماوە، پێم وایە  دکتور کەمال گوتی "نەخێر، یان گوتی، ئافرەتێک لە شاندەکە هەیە، لە ماڵی یەکێک لە خێزانی پارتیەکانی سدنی دابەزیوە". دواتر پرسیارم کرد، کوان ئەندامانی شاند؟ دیار بوو دکتور کەمال، شەرمی کرد، بە ڕاستەوخۆ وەڵام بداتەوە، بەڵام تێیگەیاندم و گوتی " بۆ خۆت دەزانی، پیاوی شەرقی کە دێتە ئەو وڵاتانە، هەڵپەی هەندێک شوێن دەکات"! منیش، تێگەیشتم کە ئەندامانی شاند، جگە لە دکتور کەمال، هەموویان چوو بوون بۆ شوێنی ناجور! بە تەوسێکەوە، گوتم" دیارە شاندەکە، گەلێک دڵسۆزن، کاتیان بە فیڕۆ نەداوە و پەلەیان بووە، بۆ پەیوەندیی بەستن لەگەڵ دانیشگاکان، جێبەجێ کردنی ئەرکە حکومیی و حیزبیەکانیان"!؟

دواتر دکتور کەمال خۆشناو، گوتی "بە تەنیا بێزار دەبم، ئەگەر میوان ڕادەگرن، دێم بۆ ماڵێ ئێوە". بەمجۆرە، لەگەڵ ئێمە هۆتیلێ بەجێهێشت، تا تەواو بوونی ماوەکەی کە ١٠ڕۆژ بوو، لە ماڵی ئێمە میوان بوو. ئەمە هۆکاری ئەوە بوو، کە من بە ووردی ئاگاداری ئەوە بووم ، کە شاندی بەرێز خەریکی چین لە شاری سدنی!

شاندی هەرێم، دەورە درابوون، بە کۆمەڵێک ماستاوچی، کێبڕکێ بوو، کە کێ بتوانێت خۆی لە ئەندامانی شاند نزیک بکات، دەعوەتی ماڵەوەیان بکات، نیەت سافی دەرببڕێت و دەستکەوتێک لە کوردستان مسۆگەر بکات! گومانی تێددا نییە، کە  ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە، بۆ هەندێک لە ماستوچییەکان، بەرهەمی هەبوو و نانیان کەوتە ڕۆن! 

شاند، خەرج و مەخارجی سەفەرەکەیان، لەسەر حکومەتی هەرێم بوو، وەک شۆڕەسواری گۆڕەپانی بەدڕەوشتی، لە سدنی، بە شەو دەچوون بۆ یانەی شەوانە، بە رۆژیش، دەگەڕان وێنەیان لە شوێنە خۆشەکانی سدنی دەگرت، بە بازارە گران فڕۆشەکاندا دەگەڕان، بە پارەی دزی، جلوبەرگ و بۆنی گران بەهایان بۆ خۆیان و ماڵومنداڵیان دەکڕی! ئەمە ئەرکە حیزبی و حکومییەکانی، شاندی حکومەتی هەرێم بوو لە شاری سدنی، کە دڵنییام، ئەرکی هەموو شاندەکانی دی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دی، کە لە باشوورەوە بۆ دەرەوەی وڵات ناردراون بە هەمان شێوە بووە!





(دەنگدراوە: 21 . زۆرباشە: 4.5/5)