کورد لە تاراوگە و خەباتی مەدەنی و گەیشتن بە ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان

Tuesday, 27/02/2018, 0:06

1950 بینراوە


لە ڕابردودا گەلی کورد لە چوارچێوەیەکی جوگرافیای قەتیس و بێ میدیاو بێ کەس و بێ دۆست چەوسێنراوەتەوە و خاکی داگیر کراوەو کۆمەڵ کوژوو جینۆساید کراوە ، دوژمنانی ئەم گەلە هەمیشە چەپۆکی قورس و داگیرکاریان لەسەر کوردستان بوەو زۆر لەم سەردەمە زیاتر کوشت و بڕو داگیرکاریان کردوە ، بەڵام بەهۆی نەبون یاخود کەم بونی کورد لە دنیای دەرەوەو جیهان بە گشتی و نەبونی میدیاو کەناڵ و نەبونی خەباتی مەدەنی نەتوانراوە دەنگی میلەتێکی چەوساوە بە جیهان و بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوروپا بگەیەنرێت ، ئەوەی لە ئێستادا لە خۆرئاوای کوردستان ڕودەدات چ لە کۆبانێ لە شەڕی داعشداو چ لە عەفرین کە وڵاتێکی زل هێزی وەک دەوڵەتی تورکیاو دوهەم هێزی ناتۆ هێرشی داگیرکەرانەی کردۆتە سەر بە نیو هێندەی جینۆسایدی کیمیا باران کردنی شاری هەڵەبجەی باشوری کوردستان نابێت کە شارێک بەتەواوەتی خاپور کراو ژەهر خوارد کراو لە ماوەی ڕۆژێکدا ڕژێمی بەعس توانی کە مەرامی خۆی وەدەست بخات و هیچ وڵاتێکیش لە کاتی خۆیدا نەبو بە ڕژێمی بەعس بڵێت پشتی چاوت برۆیە !! لە ئێستادا و لەم سەردەمی عەولەمەو تەکنەلۆجیایەدا بەو هەمو سەرمایەو چەکی پێشکەوتوو فڕۆکەسەربازیەوە تورکیا بۆ ناتوانێت عەفرین بگرێت ؟؟!!گومان لە خۆڕاگری و بیرو باوەڕی نەتەوەی و کورد پەروەری و بەرخۆدانی شەڕڤانان و یەکینەکانی پاراستنی گەل نیە بەڵام گومانیش لە نابەرامبەری لە چەندێتی و جۆرێتی مەشق و چەک و جبەخانەی دەوڵەتی تورکیاو شەڕڤاناندا نیە ئەوەی کە تورکیا ناتوانێت سنوری عەفرین بشکێنێت و بچێتە ناوەوە چەندی موقاوەمەت و شەڕو بەرگری شەڕڤانانە ئەوەندەیش موقاوەمەتی خەباتی مەدەنیە لە هەمو پارچەکانی کوردستان و لە تەواوی دنیا کە کوردەکان ڕۆژانە بە خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی شەقامەکانی وڵاتانی دنیا پڕ دەکەن و لە دەرگای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن و دەرگای پەڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەگرن و لەدڵی کەسایەتیە سیاسیەکانی جیهان دەدەن و پێیان دەڵێن ئێمەیش میلەتێکی ئازادی خوازو دیموکراتی خوازین و دەمانەوێت وەک تەواوی میلەتانی جیهان بژین و خاک و ماڵ مان پارێزراوبێت ،هەر ئەوەیشە وایکردوە کە دەوڵەتی تورکیا لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا نەتوانێت بەو مقاوەمەتەی شەڕڤانان بەو هێزە نابەرامبەرەوە سنوری عەفرین بشکێنێت ، دەنا خاپور کردنی خاکی عەفرین لەڕوانگەی سەربازیەوە بۆ دەوڵەتێکی وەک تورکیا هیچ جیاوازیەکی نیە لە خاپور کردنی هەڵەبجە و بە چەند کاتژمێرێک دەتوانێت بیکات ، کەواتە دەبێ گەلی کورد و تاکی کورد لەم خەباتە مەدەنیەی کە دەکرێت بە تایبەتی لە تاراوگە نائومێد نەبێت و ڕۆڵی خۆی بە کەم نەگرێت ، بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکان و چالاکیە مەدەنیەکاندا فەرقێکی ئەوتۆی نیە لە خۆچەکدارکردن و سەنگەر گرتندا ،هەردو جۆرەکە تەواوکەری یەکترین و بە هەردو جۆری خەبات کورد دەگاتە ئامانجە نەتەوەی و نیشتیمانیەکانی ، هەر لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین خەونی بەدیهاتنی ئاواتەکانمان نزیکە و گەلی کورد لە ئێستادا گەلێکی ناسراوو کراوەیە بەڕوی جیهاندا و کێشەی ئەم گەلە لە داگیرکاری و چەوساندنەوەی گەیەنراوەتە تەواوی جیهان و ئەم خەباتە مەدەنیانە کە لەئێستادا ئەنجام ئەدرێن زۆر لە خەباتی چەک و شەڕو خوێنڕێژی کە لەوڵاتانی دیموکراتی خوازدا نەفرین کراوە بەهێز ترو کاریگەر ترەبەردەوامیدان بە خەباتی مەدەنی و بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکان و چالاکیە مەدەنیەکاندا گەلەکەمان دەگەیەنێتە کەناری ئارام .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە