هاوڕێ شەهیدەکەم لەئەنفالی یەکدا بەپێوە شەهیدبوو

Friday, 03.02.2018, 0:36

3957 بینراوە


چۆن بتوانم سه‌نگه‌ره‌که‌م
جێ بهێڵم...؟ 
له‌ناو دڵما هه‌ڵکه‌نرابێ
چۆن بتوانم ده‌ست به‌رداری
میلله‌تێ بم ...؟ 
که‌له‌ی سه‌ری خه‌ونه‌کانی 
به‌پاچی ژان و برسێتی 
شه‌ق کرابێ ...

که ‌له شه‌قامه‌ قیره‌که‌ په‌ڕینه‌وه‌،  ڕێچکه‌که‌مان هێنده‌ زۆربوو، بە سانایی ڕێگه‌مان نه‌ده‌کرد، جاشی ناو پایگاکان له ‌ئێمایان ده‌ڕوانی ، ژماره‌مان هینده‌ زۆر بوو، وه‌ک ڕوبارێکی درێژ ڕێگامان ده‌کرد.  تینوو ماندوو برسی بووین، چونکە  له ‌زۆربه‌ی ئه‌و ڕێگه‌یه‌وه‌، که‌ ‌هاتبووین زۆری گونده‌کان چه‌ند ماڵێکی که‌میان تێدا مابوون، بۆیه‌ ئاسان خۆراکمان ده‌ست نه‌ده‌که‌وت.
 به‌هه‌ر نرخێک بوو گه‌شتینه‌ گوندی سورداش .  هاوڕێکه‌م چونکه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیکانیدا بووکە لەتیپی ٥٧ ی سەگرمەبوو، ده‌بوو له‌گه‌ڵیاندا به‌ره‌و شه‌ده‌ڵه‌ بکه‌وتایه‌ته‌ ڕێ،  له‌ناو قوتابخانه‌که ی گوندە چۆڵکراوەکەی سورداشدا ، هێزێکی تری لێبوو کە نیگابانی ئەو ناوچەیان دەکرد . له ‌ژووره‌وه‌دا کەڕاڕەوێکی تاریکو درێژکەلانەبوو ، چه‌ند چرایه‌کی بلوری چڵکنیان داگیرساندبوو بەدیوارەکەوە، هه‌ندێک له  پێشمەرگەکان  لەخه‌وی قوڵدا بوون . ئێمەش  داوامان لێکردن ‌وه‌ک میوان ئه‌و پ. م مته‌فه‌ریقانه‌ بمێنینه‌وه‌ لایان،  چونکە  زۆر ماندووبووین توانای ڕێکردنمان نەمابوو .
ئه‌وان زۆر به‌نادڵی گلیان داینه‌وه‌ ، پێیان ووتین  تکایە  بێ ده‌نگ بن، چونکە  تانکی سه‌ر شه‌قامه‌که‌ زوو زوو گوله‌ی تۆپمان تێده‌گرێ ،  به‌نده‌ له ‌تاریکێکه‌د ماڵئاوایم  له ‌حه‌مه‌ی هاوڕێم کرد و  هەر لەتاریکیدا  نامەیەکی خرانه‌ ناو ده‌سمه‌وه‌ ، ووتم : ئه‌وه‌چییه‌ ؟ هاوڕێکەم  لەوەڵامدا ووتی : " مه‌یکه‌ره‌وه‌ تا یه‌کتر ده‌بینینه‌وه" .‌ 
من پێکه‌نیم ڕاستی له‌به‌ر دڵێ ئه‌و ئه‌گه‌رچی هه‌موو گیانم شه‌ڵاڵی ئاره‌ق بوو، نامەکەم  خزانده‌  باخه‌ڵم  وئه‌م لاو لای یه‌کمان ڕاموسی  و ماڵئاوایمان  لەیەکتر کرد ، دوایی  من چوومه‌ ژووره‌وه‌ ، ئەوانیش بێپشودان بەڕێکەوتن.   نیگا بانه‌که‌ کە لەتاریکێکەدا وەک تارمای وەستابوو ، زوو به هێواشی ده‌یووت کاکه‌ کۆمه‌ڵ مه‌که‌ن و به‌ده‌نگی به‌رز قسه‌مه‌که ن تکاتان لێدەکەم .  ئیتر  حه‌مەی هاوڕیم  که‌وته‌ ڕێگا و منیش  چومە ژوورەوە  له‌ژووره‌وه‌  هاوڕیەکی تری لێبوو، ڕێکه‌وتێکی خۆش بوو،  ئه‌و پێش ئێمه‌ له ‌بادینان گه‌ڕابۆوه.
 من مامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشو بده‌م و بتوانم تۆزێ بخه‌وم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاوڕێکەم که‌وتین به‌سه‌ر قسه‌داو تا ده‌مه‌و به‌یان هه‌ر قسه‌مان کرد لە بارەی بادینان و پێشهاتەکانی ڕۆژانی داهاتوو، چێشتهەنگاوێکی زوو  منیش هه‌ستام و که‌وتمه‌ڕێ ‌به‌ره‌و گوندی  شه‌ده‌ڵه‌.  هه‌موو شتێک  بۆنی شه‌ڕی لێ ده‌هات بێ وه‌ستان چووم بۆ گوندی مالومه‌ ، هاوڕێیه‌کم له‌وێ بوو له ‌به‌ینی مالومه ‌و چۆخماخدا چه‌ند ژووری چکۆله‌یان دروست کردبوو، سه‌ربازی ڕاکردوو بوون،  به‌نده‌ ئێواره‌ دره‌نگ گه‌یشتمه‌ لای هاوڕێکه‌م سه‌یرم کرد زۆر چۆڵه‌وانییه‌ و کەسی وای بەدەورەوە نەمابوو.
 ووتم: چی ده‌که‌یت ؟  لەوەڵامدا ووتی: نازانم به‌ته‌مام بڕۆم به‌ره‌و ئێران ، گەر بتوانم کەسێك لەماڵەوە بێت بۆلام پارەم بۆ بێنێت ، ووتی دەبینی  کۆمه‌ڵه‌ش هۆردوگاکه‌یان چۆڵ کردوه‌،  بایەقوش لەمناوە دەخوێنێت ، هه‌نێ په‌تاته‌ی کوڵاندبوو خواردمان ، تۆپباران ده‌ستی پێکرد، من زۆرجاران له‌ژیانما تۆپبارام دیبوو، به‌ڵام وه‌ک و ئه‌و شه‌وه‌ له ‌ژیانما نه‌م دیبوو وه‌ک باران تۆپ ده‌باری، کونێکی دروست کردبوو تەنها  مرۆڤ خۆی هەڵدەخڵەتان  دەنا  بەرگەی هیچی نەدەگرت کە بەربکەوتایە ، که‌ چووینه‌ کونه‌که‌وە من هه‌ستم به‌سه‌رما ده‌کرد، لایته‌که‌م ده‌رهێنا سه‌یرم کرد گیانم ده‌له‌رزێ ،  زۆرم لاسه‌یر بوو هه‌ستم نه‌ده‌کرد بترسم،  به‌ڵام ئه‌م له‌رزه‌ بۆچی ؟  بەهاوڕێکه‌م ووتی :هه‌موو شه‌وێک وایه‌ ؟  بەڵێ ماوەیەکە  وایە  ئه‌مه‌ تۆپبارانی ئێرانه‌، نزیکی یه‌ک کاژمێری پێ چوو. به‌هاوڕێکه‌م ووت: برالە  وا ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ین، شه‌هیدیش بین هیچ نییه‌ لایەنی کەم مانایەکی هەیە  ، بەڵام  تۆ بۆ ؟ تاریک و ڕوون هاوڕێکەم  جێشت  بۆ لای برایه‌کم چوم بۆ یاخسه‌مه‌ر،  وام لە به‌هاوڕێکه‌م کرد ئه‌ویش بڕوات به‌ره‌و ئێران و هەردوایمن کەوێتەڕێ  ،  پێم ووت : تۆ هیچ شانسێکی نییه‌، بنێرێت به‌دوای که‌سوکاریدا تا پاره‌ی بۆ بێنن، هه‌موو ڕێگاکان گیراون  دڵنیابە  هامشۆکردن  لەهیچ شوێنێکەوە نی یە . دوایی ماوەیەک ڕۆشتن   هەرچۆنێک بوو گه‌یشتمه‌ لای براکه‌م چونکە ماوەی ساڵێک بوو نەمدیبوو ، پێم  ووتم: ئه‌م شه‌و ده‌مێنمه‌وه‌  سبه‌ی هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌ی به‌مۆڵه‌ت له ‌بادینان گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ یه‌ک ده‌گرینه‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ره‌و شنۆ و له‌وێوه‌ ده‌چینه‌وه‌ بۆ لای هاوڕێکانمان هێزەکەمان له ‌بادینان. 
 شه‌و کاتژمێر سێ بوو تۆپ و ڕاجیمه‌ هاویشتن که ‌زۆربه‌یان کیمیاوی بوون ئه‌و شاخ و داخه‌ی دابێژا، ئه‌و تۆپ بارانه‌ی دوێنێ شه‌و له‌چاویدا هه‌ر هیچ نه‌بوو،  هه‌موومان به‌شیوه‌یه‌کی که‌م بریندار بووین چاومان ئاوسا و ئاو به‌لوت و چاومانه‌وه‌ نه‌ده‌وه‌ستا هەوای ئەم ناوە وا پیس بوو ، پاش ماوەیەک بوو به‌هاوار هاوارێک ،له‌ماڵێکدا "شه‌ش که‌س شه‌هید بوون " ئیتر ئه‌نفال ده‌ستی پێکرد چێشت هه‌نگاو فڕۆکه‌ی جه‌نگی ده‌ستی کرد به‌بۆردومان کردن چوار پ م شه‌هید بوون . که‌مال بۆزانی و سورکێو شه‌هید غه‌فور چاوجوان و دوو پ م تر من به‌ره‌و سه‌رگه‌ڵوو چوم بۆ خه‌سته‌خانه ی شۆڕش .‌

پێشتر له ‌باسی ئه‌نفالی یه‌کدا ئه‌وه‌م باس کردوه‌ له ‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ دوژمن پێشڕه‌وی کرد، هاوڕێکه‌م  شەهید حەمە" بی کەی سی" له‌گه‌ڵ تیپه‌که‌یاندا چوبونه‌ قه‌ره‌نگوێ له‌پشتی شاخی سارا له‌قه‌ڵه‌م پاشا دامه‌زرابوون .  له‌دوه‌هه‌مین ڕۆژی ئه‌نفالدا کاتێک "بی که‌ی سێ" که‌ی ده‌وه‌ستێ له‌توڕه‌بوندا دوای چاککرنی هه‌ڵده‌سێ به‌پێوه‌ شه‌ڕده‌کات . هاوڕێکانی تکای لێ ده‌که‌ن،  به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و قاره‌مانه‌ گوله‌یه‌کی قه‌ناس سه‌ر سنگی ده‌پێکێ و شه‌هید ده‌بێ،  له‌قه‌ره‌نگوێ به‌خاکی ده‌سپێرن، دوای ئه‌نفالی یه‌ک و داگیرکردنی  ناوچەکە . جاش هه‌رچی گۆڕی تازه‌هه‌یه‌ هه‌ڵی ده‌ده‌نه‌وه‌ و لاشه‌کان ده‌فرۆشن  بەداگیرکەران .جاشێک تا ئێستا به ئازایه‌تێوه‌ باسی ئه‌و تاوانانه‌ی نەکردوە، ئایا لاشەکان براون بۆ کوێ و لەکوێدا  شاراونەتەوە  ؟ 
به‌نده‌ له‌شاخی دابان بووم، که ‌گوێم له ‌ڕادیۆ بوو باسی شه‌ڕه‌کانی ده‌کرد ئه‌وده‌م به‌رده‌وام ڕادیۆ هه‌بوو زانیم "حه‌مه‌ی هاوڕێم شه‌هید بوه‌" منیش نامه‌که‌م ده‌رهێنا پیشتریش چه‌ند جارێک خوێندبومه‌وه‌ ئه‌و شعره‌ی" ڕه‌فیق سابیر" بوو که ‌داوای لێکردبووم ، که‌ شه‌هید بوو ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی بۆ بکه‌مه‌ پۆسته‌ر که‌ کوردستانیش ڕزگار بوو له‌سه‌ر کێله‌که‌ی بۆی بنووسم. 
 ئیتر دوای ئه‌نفالی یه‌ک که ‌ناوچه‌که‌مان چۆڵ کرد،  له ‌شاری سه‌قز من پۆسته‌ره‌که‌م بۆ دروست کرد و له‌گه‌ڵ خۆما بردم بۆ بادینان ،  چونکم حه‌مه ‌فه‌رمانده‌ی کەرتبوو له‌کۆمیته‌ی شێخان له ‌بادینان، پێش چه‌ند ساڵێکیش نامه‌یه‌کم بۆ کاک" ڕه‌فیق سابیر" نوسی ئاگادارم کرد که ‌هۆنراوه‌یه‌کیم بۆ پۆسته‌ری هاوڕێیه‌کی شه‌هیدم به‌کارهێناوه‌. لە وه‌ڵامی دامه‌وه‌ ده‌ڵێ، جێگه‌ی خۆشییه ‌بۆ من که‌شعرێکم به‌باڵای هاوڕێ یه‌کی شه‌هیدا هه‌ڵده‌واسی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هاوڕێکه‌م گۆڕی نییه‌ تاله‌سه‌ر کێله‌که‌ی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی بۆ بنووسم  .
من حه‌مه‌" بی که‌ی سی" هاوڕێ ی منداڵێم بوو، له‌ یه‌ک گه‌ڕه‌ک بووین ،شه‌و ڕۆژ پێکه‌وه‌ بووین . هه‌رخۆشم ڕێکم خست بۆ ناو" کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران" یادی به‌خێر هێنده‌ ساده‌بوو، هیچ سۆفیه‌ک هێنده‌ی ئه‌و پاک نه‌بوو ، له ‌هه‌موو نامه‌کانیادا که‌ بۆی ده‌نوسیم له‌سه‌ره‌وه‌و خواره‌وه‌ ده‌ینووسی کوردستان یان نه‌مان . ٣٠ ساڵ له مەوبەر  یه‌کێک له ‌ئازیزترین هاوڕێکانم له‌ده‌ست دا و شەهیدبوو ، من دوای ڕاپه‌ڕین بەشەرمەزاریەوە چووم بۆ سەردانیان ، ئه‌وان  له‌خانۆکانی کارگه‌ی جگه‌ره‌ دەرکرابوون ، وەک ماڵێ ئێمە ، دواجار  له ‌ژوورێکدا کرێچی  بوون له ‌قالاوه‌  لەخوار ئابڵاخ  ، له‌سه‌ر شیوێکی بۆگه‌ن ژیانیان دەکرد،  ده‌ستی دایکە خەجێم  ماچ کرد. ئه‌و ڕۆژه‌ی کە حه‌مه‌ شه‌هید ببوو  خێزانەکەی له‌ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی کوردستان گوێ یان له ‌ناوەکەی ببوو کە شەهید بووە ، دایکه‌ مهره‌بانه‌که‌ی کە لەپەپولە دەچوو  دوای ئەوهەواڵە  زمانی شکابوو، توانای قسه  کردنی نەمابوو  نەیتوانیبوو ووشەیەک چی یە بیڵێت ، تا ماڵ ئاوای کرد لەژیان. باوکیشی  له ‌هه‌ژاری و خه‌م و خه‌فه‌تا ، سوێی بۆوه ‌و گیانی سپارد و ئەم دنیایەیان  جێهێڵا ..... یادیان به‌خێر. 
حه‌مه‌ هاوڕێم ببوره‌لێم که ‌من دواکه‌وتم بۆ لاتان بێم ، به‌س پێت ده‌ڵێم خۆزگه‌م به‌خۆت تۆ به‌س نییه ‌بۆ خه‌ونی ئازادی شه‌هید بووی ، که‌چی ئێستا له‌جێ ئه‌و هه‌موو ماندوو بونەمان  کێ حوکم ده‌کات و کێ  بوە بەمیراتگری ئەو هەموو قوربانی دانە  ؟  ئه‌زیزم یادت به‌خێر، هاوڕێ به‌رزه‌که‌م چه‌نێ جێگه‌ی شانازی بۆمن و گه‌له‌که‌م،ئه‌وکاته‌ی خه‌ڵکی ڕاکردووی قه‌ره‌نگوێم بینی له‌قاسمه‌ڕه‌ش له‌دوای ئه‌نفال ووتیان : ئه‌گه‌ر چوینه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆمان قه‌ڵه‌م پاشا ناو ده‌نێین شه‌هید حه‌مه‌ "بی که‌ی سی"  هاوڕێکه‌م تۆ مردنێ مردی هه‌موو مرۆڤێکی شه‌ریف ئیره‌یت پێ ده‌بات .