پارتی، هەڵگرە بارت گرانە، لە بەروارییەوە بۆ خەیلانی!

Friday, 02/03/2018, 13:37

8017 بینراوە


لە دوای کۆڕەوی بەهاری ساڵی ١٩٩١، لە باشووری وڵات، کۆمەڵگەی کورد بە ژن و پیاو، بە لێشاو، ڕوویان لە نێو پارتە کوردییەکان کرد، بە تایبەتی ئەو پارتانەی کە باڵا دەست بوون، وەک ینک و پدک. بە شێوەیەکی گشتی، خەڵک، بە هەمان عەقڵیەتی زەمانی بەعس، ڕوویان لەو پارتانە کرد، واتە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی و دەستکەوت، نەک لەسەر بنەمایی بڕوا و پرنسیپ. 
ینک و پدک، دەرگەیان ئاواڵا کرد، بۆ ئەو حەشامەتە. سەرکردەی هەر دوو پارت، گوێی خۆیان خەواند، لە مێژووی سەڕۆک جاش، ئەنفالچی و کۆنە بەعسی و سیخور لە هەر دوو رەگەزی نێر و مێ، تەنیا بۆ مەبەستی فرەوان کردنی، بەرەی جەماوەریی پارتەکانیان و  دژایەتی کردنی یەکدی. لە ئەنجامدا، حەشامەتی ئینتیهازی و سەرکردەی بودەڵە، نادڵسۆز و بەرژەوەندیی پەرست، لە خاڵێکدا یەکتریان گرتەوە و شان بە شانی یەکدی، لە سەر بنەمای، بەخشینی پارە و پۆست لە لایەن سەرانی ینک و پدکەوە، ماستاو سارد کردنەوە، کڕنۆش بردن،  بوون بە کۆیلە و خزمەتکار لە لایەن حەشامەتی بەشدار بوو. لە ئەنجامدا ئەم جۆرە کارکردنە، بوو بە میکانیزمی کارکردن و لە دایکبوونی سیستەمێکی گەندەڵ و کارێگەر و پەیڕەو کرا، لە نێو هەموو جومگە سەرەکییەکانی پەیکەری حزبی و حکومی.      
چوون بۆ بەغداد و بوون بە ئەندام پەرلەمان، وەزیر و پۆستی دی باڵا، بۆ ژن و پیاو، لە نێو هەموو پارتەکانی هەرێم، بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، پارە، ئیمتیاز و پۆست بووە، نەک بۆ خزمەت کردن بە دۆزی کورد. ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو، ڕوویداوە، کە ئەندامەکان، لە نێو خۆیاندا، لەسەر وەرگرتنی ئەو جۆرە پۆستانە گەلێک ناتەبا بوونە، کە لە ئەنجامدا دژایەتی یەکتریان کردوە، تا ئاستی جنێو بە یەکتر دان، زویر بوون و کەوتونەتە دژە سەنگەر، لە حزبەکەی خۆیان.

ناردنی کادیر، لە سەر ئەو بیناغەیە و ئەو بنەمایە، بۆ بەغداد، زەمینەیەکی رەخساند، چاوەروانی ئەوەی لێ بکرێت کە، زۆرێک لە ئەندامان بە ژن و پیاویانەوە، هەڵخلیسکێن، چی بە خۆدەرخستنیان لە میدیاکان، یان دەست کردن بە دزی و بندیوار ناو نووس کردن، یان خۆ نزیک کردنەوە لە حزبە عەرەبیەکان بۆ دەستەکەوتی ماددی.
ناردنی کادیری ژن، لە نێو پارتەکانی هەرێم، بۆ بەغداد، بۆ نوێنەرایەتی کردنی پارتەکانیان، لە نێو پەرلەمانی عیراق، لە ژێر ناوی نوێنەرایەتی کردنی کورد، لە دوای روخانی رژێمی سەدام لە ٢٠٠٣وە، پەیڕەو کرا، لە ژێر فشار و مەرجی ئەمریکا، لە بەشداری پێکردنی کادیری ئافرەت لە پەرلەمان و دامودەزگا حکومییەکان، نەک لە سەر بیناغەی بڕوا بوونی سەرانی ئەو پارتانە بە توانای ئافرەت، یان بڕوای ئەو ئافرەتانە بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەیان.
 هەڵبژاردنی ئەو کادیرە ژنانەی کە دەناردران بۆ بەغداد، لەسەر، بیناغەی لێهاتووی نەبووە، ئەوەندەی لەسەر بیناغەی خزمایەتی، کۆیلایەتی، کڕنۆش بردن و بەرژەوەندیی هاوبەش بووە. ئەم جۆرە کەشوهەوایە، کاردانەوەی هەبووە لە جۆری مامەڵەکردنی ئافرەتەکان لە بەغداد و بۆیان گرنگ نەبووە، بۆ دەستەکەوتی زیاتری ماددی، عەیبە بهێننە سەر نەتەوەکەیان و حزبەکەیان، نمونە نەسرین بەرواری، بە شانازییەوە، بنەماڵەی بارزانی، لەسەر میلاکی خۆیان کردیان بە وەزیر لە بەغداد، کەچی ئەو لە نیوەی ڕێگە، شوی کرد بە وەلەکە عارەبێکی خێزاندار. هەنوکە، سەڕۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، ئاڵا، ئەسەدی و  تاڵەبانی، لە سەر لیستی مەشهەدانی، خۆی کاندید کردوە بۆ پەرلەمانی عیراق. سەڕۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، خۆی لە لیستی عەبادی کاندید کردبوو، بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عیراق، سەرەڕای ئەوەی دواتر، لە ژێر فشار، خۆی کێشایەوە، بەڵام  وێرای ئەوەش، ئەو هەڵوێستەی دوایی ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو ژنە ئامادەیی ئەوەی تێددا نەبووە گوێ نەداتە هیچ قیەمێکی ئەخلاقی، سیاسیی و حزبی. 
ئەمڕۆ، لە میدیاکاندا، بڵاو کراوەتەوە کە، پەیریوان خەیلانی، ژنێکی دی کوردە، پارتیە و پەرلەمانتارە لە فراکسیۆنی پارتی، لە بەغداد، ئەم مانگە، نوێنەرایەتی ژنانی عیراق دەکات، لە کۆبوونەوەی، لوتکەی جیهانی ژنان، کە لە بنکەی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبەستریت. 
ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاست بێت، گومانی تێددا نییە، کە هەڵبژاردنی ئەو ئافرەتە، بۆ ئەو کۆبونەوەیە، لەم باردۆخەی ئێستا، بێ پشتیوانی سەرانی عەرەبی دەسەڵاتدار نییە لە بەغداد. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەو ئافرەتە نوێنەری پارتییە و وەک خۆیان گوتەنی نوێنەری کوردە! پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئەو خانمە، چ کاری بە نوێنەرایەتی ژنانی عیراق هەیە؟ دواتر حزبەکەی ئەو خانمە، تا دوێنی رێفراندۆمی بۆ سەربەخۆی ئەنجام دەدا، ئەمڕۆ چۆن ڕێگە دەدات، ئەندامێکی کە پلەیەکی باڵای هەیە، نوێنەرایەتی ژنانی عیراق بکات؟ 
لەدەرئەنجامدا، دەبێ بڵێین، پارتی هەڵگرە، بارت گرانە، لە نەسرین و یاوەرەوە بۆ خەیلانی! 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە