ساڵح موسلیم بە ڕووداو دەڵێت: ئێمە ژ حەز لە ئێوە ناکەین

Monday, 05/03/2018, 13:33

5825 بینراوە


پرسی کورد، ئەوەندە ئاڵۆزە، بە قەد ئاڵۆزیەکەی، پێویستی بە سەرکردە، ڕۆشەنبیر، نووسەر، تاکی جۆشکراو، بە بڕوا بوون بە پرس و تێکۆشان، پێداگرتن و سووربوون هەیە، تا ئاستی ڕادیکاڵبوون. بەو مانایەی بچووکترین شت، کە بە ئەندازەی نوکی دەرزییەک بێت، زەرەری هەبێت بۆ دۆزەکە، نابێت لێی لادات، باز بە سەریدا بدات، لێی ببورێ و  و لێی خۆش بێت. ئەم جۆرە پرنسیپە، لە مێژووی بەرەنگاریبوونەوەی، ژیانی ڕێکخراوەیی، سیاسیی و سەربازیی پارتەکانی باشووردا، لە لایان سەرانی پارتەکانی باشوورەوە، تەنانەت نەک هەر گرنگی پێ نەدراوە، بگرە، کراوە بە بابەتی، گاڵتە پێ کردن و سووک کردن. لە ئەنجامدا، لە باشوور، پەیڕەو نەکردنی پرنیسیپی بەرز، مۆڕاڵ و سووربوون لەسەر داوا ڕەواکان، بووە بە دیاردەیەک کە وەکو پەتا زۆربەی خەڵک، خوێندەواری پێنووس بەدەستی گرتۆتەوە.

ئەوەی قوڕی گرتەوە و هەشی بەسەر میللەتی کورد کرد لە باشوور، تەنیا، لێپرسراو و سیاسییەکان و دارودەستەیان نەبوون، بەڵکو، بە شێوەیەکی گشتی، خوێندەواری پێنووس بەدەست بوون، کە بوون بە دار و دەستەی ئەم و ئەو، بەشان و باڵی ئەو سەڕۆک ئەم سەڕۆکیان هەڵدەگوت، خەڵاتی ئەم و ئەویان وەردەگرت، پەردەپۆشی هەڵە و خەیانەتەکانیان دەکرد، ڕووداوەکانیان بە شێوەیەک لە خەڵک دەگەیاند، کە بە دڵی گشت بێت، کەس لێیان زویر نەبێت و لە ئەنجامدا دۆلاریان دەست بکەوێت، پارێزگاری لە ژیان و گوزەرانیان بکەن.

ئاشکرایە، کەناڵی ڕووداو، سەرچاوەی ئابوورییەکەی، دوژمنانی میللەتی کورد دابینی دەکەن و بە ئارەزووی بەرژەوەندییەکانیان، ئەو کەناڵە ئاراستە دەکەن. وێرای ئەوە، خوێندەواری پێنووس بەدەست، لێپرسراوی سیاسیی و حکومیی، هەموو پارتەکان، تا دەگات، بەو پارتانەی کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن هەژمار دەکرد، ئەو تاکانەی کە ئیدیعای ئایینی و مارکسیەت و مافی مڕۆڤیان دەکرد، لە هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ، هەڵوێستیان نەبووە دژ بەو کەناڵە، پەیتا پەیتا، بۆ چاوپێکەوتن و خۆدەرخستن، بانگێشتی ئەو کەناڵەیان ڕەت نەکردۆتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە، خویندەوارە  پێنووس بەدەستەکان، ئەوانەی پروپاگەندەی ڕۆشەنبیری دەکەن، هەستاون بە ئامادە کردن و پێشکەش کردنی، بەرنامەی تایبەت بە زنجیرە، دوای زنجیرە و وەرگرتنی پارەی خەیاڵی بۆ هەر زنجیرەیەک و گیرفان پڕ کردن، بەم هەڵویستەیان هەوڵیانداوە، ڕووی ڕاستەقینەی ئەو کەناڵە لە میللەت، بە تایبەتی لە زۆرینەی سادەی شەقامی کوردی بشارنەوە، هەر چۆن بۆ پارت و سەڕۆکە خۆفڕۆشەکان لە ڕابردوو  کردیان و هەنوکەش دەیکەن!

ساڵح موسلیم، لێپرسراوانە، مامەڵە لەگەڵ کەناڵی ڕووداو دەکات، هەوڵدەدا ڕووی ڕاستەقینەی ئەو کەناڵە، بۆ میللەتی کورد، بە تایبەتی زۆرینەی سادە، خەڵکی سەر شەقامی کوردی، دۆست و لایەنگرانی خۆیان، بەدەربخات و پێیان ڕابگەیەنێت کە ئەو کەناڵە، میدیایەکی جێگە متمانە نییە و دارودەستەی دوژمنانە، لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی، بە ئاشکرا لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا، بەبێ سڵمینەوە بە کەناڵی ڕووداو دەڵێت   "ئێمە ژ حەژ لە ئێوە ناکەین"!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە