لیمۆخان

Thursday, 08/03/2018, 14:03

12236 بینراوە


وشەی سیستەر وشەیەکی ئنگیزیە بەمانای خوشک دێت، لە کودستان بۆ ئەو کەسانش بەکاری دەهێنن کە لە خەستەخانەکاندا خزمەتی هەموو نەخۆشێکیان دەکرد بە بێ جیاوازی، بەلام  پیاوانی ڕۆژهەڵاتی نەیان دەزانی چلۆن هەڵسوکەت لەگەل ژنی کارمەندا بکەن لەو سەردەمەدا؛ لە سەرێکەوە ڕیزیان لێ دەگرتن لەبەر ئەوەی هاوشانی ئەوان بوون، لە هەمان کاتا نەیان دەتوانی وەک ژنێک بیبینن لەبەر ئەوەی کاری وەک ئەوانی دەکرد، بەو پێیەی کە ئافرەت هەمیشە لە هزری پیاواندا وەک کۆیلەیەک بینراوە، بۆ ئەوان گران بوو بە ئاسایی هەڵس و کەوت بکەن لەگەڵ ژنێکی ئازادا. لیمۆخان سیستەر بو، یەکێک بو لە سیستەرە هەرە کۆنەکانی شاری سلێمانی و لە خەستەخانەی سلێمانی کاری دەکرد.
 هەمو ئێوارەیەک نەخۆشێک؛ منداڵێک، پیرە ژنێک، لە بەردەم ماڵەکەیدا چاوەڕیی دەکرد،  بۆ دەرزی لێدان یان بۆ برینێک، بۆ سک چونێک، لەرزوتایەک، هەموو جۆرێک لە نەخۆشی، لەبەر ئەوەی لیمۆ خان هێندەی دکتۆرێک شارەزایی هەبوو لە مێدسیندا و ئەزمونی زۆر بوو. هەندێک جار گاڵتەی بە دکتۆرە گەنجەکان دەکرد، دەیووت ؛ هیچ نازانن. ماڵی لیمۆخان ببوە خەستەخانەی فریاگوزاری بۆ گەڕەک و خەڵکانێک لە دوورەوە دەهاتن بۆ لای، هەندێک جاریش خێزانێک بەنهێنی پەیوەندیان پێوە دەکرد بۆ منداڵ لەبار بردن، هەتاوەکو شەرەفی خێزانێک نەکەوێتە بەر مەترسی لەو کۆمەڵگەیەدا.  لەدوای کار، بە ماندبونێکی زۆرەوە دەگەڕایەوە، بەڵام دەرگای ماڵی لیمۆ خان  هەمیشە  کراوەبو. باش بیریم دێت کە چۆن پێش دەرزی لێ دان، سرنجەکەی لە ناو قوتویەکی فافۆندا لەسەر ئاگر دەکوڵاند و خاوێنی دەکردەوە، پاشان پێش لێدانی دەرزیەکە، پەلەپیتکەیەکی ئەدا لەدەرزیەکە و تۆزێک ئاوی لێوە ڕۆ دەکرد، هەتاوەک و لە ئۆکسجین بەتاڵی بکاتەوە، ئەو حەرەکەیە هەر لەخۆی دەهات . کاتێکیش نەخۆشەکە دەترسا، دەنگی بەرزدەکردەوە و بە پێکەنینەوە دەیووت ؛ لاچۆ، ترسنۆک .
ئەگەر ئەم نەخۆشانەی دەهاتن بۆلای لیمۆخان، هیچ کەسێکیان یەک فلس هەق دەستیان نەئەدا  لەبری ئەو خزمەتەی ئەو بۆی دەکردن، ئەوا هەرگیز بەخەیاڵی لیمۆخانیشدا نەدەهات داوای پارەیان لێ بکات، بەڵام  هەر ئەم نەخۆشانە کاتێک دەچون بۆلای یا شێخ بۆ نوشتەیەک، نیوەی موچەی مانگانەی لیمۆخانیان دەخستە ژێر بەڕەی یا شێخەوە. لیمۆخانیش  موچەکەی بەشی تا سەری مانگی نەدەکرد، بۆیە زۆرجار داوای  لە من دەکرد کە بچم هەندێ کەل و پەلی ماڵەکەی وەک تەنەکە و قاپ و هەندێ شتی تر بۆ بفرۆشم لە بازاڕدا لە چاوەڕوانی موچەکەیدا، منیش زۆر گچکە بووم لەو سەردەمەدا و لەوە تێ نە دەگەشتم. 
ئەوکەسانەی کە قەدری خزمەتی لیمۆخانیان دەزانی، ئەو ژنانە بوون کە لەخەستەخانەکاندا بە برینەکانیانەوە دەیان ناڵاند، ئەو ژنانەی کە خۆیان سوتاندبوو بەهۆی دژواری پیاو سالاریەوە. لەبەر ئەوەی لیمۆخان شارەزاییەکی بێ هاوتای هەبوو لە ساڕێژکردنی سوتاویشدا، وەک خۆی بۆی دەگێراینەوە، چۆن برینەکانی ساڕێژ دەکردن و هەمو ڕۆژێک سێ جار بە سۆندە بە تەوژم، بە ئاوی سارد ئاو پرژێنی دەکردن. زۆر لە ژنە سوتاوەکان بۆ لیمۆخانیان دەدرکاند، هەتا ئەوکاتەی شقارتەکەیان دادەگیرساند بەسەر بەدەنی نەوتاوی خۆیاندا، سووربون لە کارەکەیان،  بەڵام هەر لەگەڵ کڵپەی ئاگرەکەدا، پەشیمان دەبونەوە، ئەفسوس تازە کار لەکار تراز بوو. ئەو ژنە بەدەن سووتاوانە، لەو تەنیایەدا، لەو خەمابریەیاندا، هەر لیمۆخانیان هەبوو، هەندێک جار وەک خۆی دەیگێڕایەوە، دەست و قاچی لیمۆخانایان ماچ دەکرد.
کاتێک ڕاپەڕینی ئەیلولیش دەستی پێکرد، لیمۆخان هەمو ڕۆژێک کەلوپەل و دەرمانی پێویستی دەخستە لاوە بۆ پیشمەرگە، کاتێکیش دەرمان و کەلوپەلەکان زۆر دەبون، من و دایکم بەسوارای کەرێک لە دەرەوەی شاری سلێمانی،  بەخانوە قوڕەکاندا دەمان بردە ئەو دیوی شار.
بەرەبەیانە هێشتا ئاسمان تاریکە، بە تاکسیەک چوین بۆ خانوە قوڕەکان بۆ مالی باجی خانمی نانەوا لە قەراغ شار، کەلوپەلەکانی لیمۆخانمان ڕۆژێک لەوە و بەر لەوێ دانا بوو.  باجی خانمی نانەواش، دوو کەری بە کرێ بۆ گرتبوین.  دەرمان و کەلوپەلەکانمان لەکەرەکان بار کردبوون. دەمەو بەهاربوو، بارانێکی زۆر باری بوو، کەرەکانمان لەناو قوڕاودا وەک خۆمان چەقی بوون،  منیش هەتە هەتە بە دوای کەرەکانەوە. بیرم دێ دایکم ، بەهەر چواردەوری خۆیدا دەی ڕوانی و پشتی سەریشی ببوە چاو، نەوەکا کەمینێک، ڕەبایەیەک لە دوورەوە بمان بینن.  من هیچ خەمم نەبوو، ئەبێت ئەوە بڵیم کە دایکم هەموو ترسی منیشی گرتبوە خۆی. بەهەرچۆنێک بوو گەشتینە ئەو دیوی سەیتەرەکەی سلێمانی، ئەو دیوو ماڵی خۆمان بوو، بە گەیشتنمان بینیمان جمەی دەهات؛ وەک بازاڕێکی تەوا و گەرم خەڵکی دەهاتنو دەچون، سەتەها پیشمەرگەی لێ بوو، وڵاخدار و ئۆرۆمبیل و خەڵکی دەهاتن و دەچوون و .  هەر بە گەیشتنمان سەرنجم دا کە رەنگی دەمووچاوی دایکم گۆڕا، ئێستاکەش ئەو زەردەخەنەیم لەبەرچاوە کە پێشمەرگەکانی بینی. پاشان سوار جێبیک بوینوو کەلوپەلەکانمان گەیاندە پێنجوێن و لەوێ وە گەیاندمانە دەستی شۆڕش.
 بەڵام  پیاوێک خۆی کرد بە خاوەنی ئەو کەلووپەلانە. هەتاوەکو لە دەفەتەری مێژووی شۆڕش و درۆ و دەلەسەدا ناوی تۆماربکەن. من زۆر  دڵگران بووم لەو تەمەنەدا کاتێک ئەو هەواڵەم  بیست، بەڵام کاتێک بۆ لیمۆ خانمان گێڕایەوە، مێشێک میوانی نەبوو، قسەی بەسەردا هێنا، ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئەو،  ئەوەبوو کە ئەو دەرمانانە پێشمەرگەیەک ڕزگار دەکەن لە مردن.
لیمۆ خان ژنێکی هەتا بڵییت جوان خاس بو، ناوەکەی شایەنی جوانیەکەی بوو، ئافرەتێکی هەتا بڵێی مەرد و گورجو گۆڵ بوو، هەمیشە دەم بە پێکەنین بوو. لەبەر ئەوەی کە لیمۆخان لەگەڵ پیاواندا کاری دەکرد ئەو وەک  ژن هەڵس و کەوتی نەدەکرد؛  گۆرەوی مێردەکەی نە دەشت، بۆیە داواکاری کەم بوو لەلایەن کوڕانەوە. ئەوەبوو  مفەوەزێکی عەرەب عاشقی بوو لەخە ستەخانە و پاشان هاتە داخوازی و پەیمانیشی دابوو کە دەتوانێت خۆی فێری کوردی بکات.  پاش مشتومڕێکی زۆر، خێزان و دەوروبەری لیمۆخان ڕازی بوون، بەلام ڕۆژیک لە کۆڵانێکی گەڕەکی دەرگەزێندا، یەکێک لە پیاوەکانی کانی ماسی هەڕەشە لە لیمۆخان دەکات و پێی دەلیت؛ ئەگەر شو بەو پیاوە عارەبە بکات ئەوا بە لە چکە سورەکەی خۆی دەیخنکێنن، لەبەر ئەوەی لیمۆخان نەی دەویست شوو بە پیاوانی کانی ماسی بکات.  بۆیە ئیتر وەهامان بەباش زانی ژیانی لیمۆخان نەخەینە مەترسیەوە و کۆتایمان بەو باسە هێنا.
لێمۆ خان ئەگەر لە سلێمانی دەژیا بەڵام لەدایک بووی شاری پێنجوێن بوو ، کاتێک لەگەڵ برا و خوشکە گەورەکانیدا بە کۆڵانەکانی پێنجوێندا دەڕۆشت، منداڵان بەردبارانیان دەکردن، لەبەر ئەوەی لیمۆخان کچی موفتی پێنجوێنی بوو، کچی مەلا بابی، کچی مەلا ئاگر پەرست، مەلا کافر بوو، لە بەر ئەوەی باوکی لیمۆخانیش نەخۆشی خزمەتکردنی هەبوو؛ هەمو هەفتەیەک بەو دەست کورتیەی، بارە داری دەنارد بۆ مەکتەبەکەی پێنجوێن، هەتاوەکو منداڵان سەرمایان نەبێت، بەڵکو بتوانن ببنە نەوەیەکی خوێندەوار. بۆیە دوژمنایەتی زۆر بوو لە لایەن پیاونی داعشی ئەو سەردەمەوە.
خۆ ئەگەر کەسێک خاوەنی نازناوی خان بێت،  ئەوا ئەو کەسە لیمۆخان بوو، نەک حەمە ڕەشی خان و جەنگیز خان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە