منداڵەکانمان نەوەی ئەمڕۆن و هـیوای داهـاتووی کوردستانن.. بەنرخترین و گرنگترین سامـان و سەرمایەی گەلەکەمانن.. بۆ ئەوەی نەوەیەکی بڕوابەخۆ و گەشبین و هیوادار پێبگەیەنین.. بۆ ئەوەی داهاتوویەکی شیاوتر و گەشتر بۆ کورد کوردستان دابینبکەین.. نەوەیەکی دڵسۆز گۆش و پەروەردەبکەین کە هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان هەبێت.. نەوەیەک رابهێنین و ئاراستەیان بکەین کە لە داهـاتوودا بتوانن بەرپرسێتی هەڵبگرن و چارەنووسی گەلەمان لە ئەستۆبگرن.. نەوەیەک کە رانەمێنن و بتـوانن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی رۆژگاردا هەڵبکەن و دەربەرن، لەگەڵ داهێنانە تازەکانی تەکنۆلۆژیادا دانەمێنن.. نەوەیەک کە بتوان ئاڵای زانست و زانیاری و پێشکەوتن و داهێنان و تازەگەری بەرزبکەنەوە.. ئەم ئامانجانە و بە دەیان هیوا و ئامانجی تریش.
پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی خوازیاری واش، دەکەوێتە ئەستۆی دایکان و باوکان و مامۆستاکان و نووسەران و هونەرمەندان و میدیا و راگەیاندنەکان و کۆمەڵگا و حکوومەت و هەموو کەسانێکی ئاواتەخـوازی داهـاتوویەکی باشتر و گەشتر بۆ کورد و کوردستان.
زۆر گرنگ و پێویستە کە رێز لە را و لە رادەربـڕینی منداڵەکانمان بگرین.. لێیانگەڕێین و هانیان بدەین و گوێیان لێبگرین با بە ئەوپەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە هـزر و را و لە بۆچوونەکانیان بکەن.. بە ئازادی و بەبێ ترس ئەوی لە دڵیان دایە دەریان ببڕن.
لێیانگەڕێن با چێژ و خۆشی لە منداڵێتییان ببینن، جیهانی خەیاڵ فراوانیان لێتێکنەدەین، جیهانێکە سەرتاسەر لە پاکی و لە بێتاوانی و لە سادەیی و ساوێلکەیی.. پڕە لە هـیوای شیرین و لە خۆزگە و لە خەونی سەوز و لە گەشبینی.. منداڵان دڵیان وەکو پەڕەی گـوڵ وایە.. راستگۆن و درۆ و فـڕوفـێل و خەڵەتاندن و پێچ و پەنا نـازانن.. رق و کینە و بوغز و گێچەڵ و تۆڵەسەندنەوە نازانن.. منداڵان بە پاکی و بێتاوانی لەدایک دەبن.. هـەچ رەفتارێکی ناپەسەند و ناشیرین و نەرێنیش فـێربن.. بێگومان لە گەورەکانەوە فێریان دەبن.. وەکو کورد دەڵێ: " گـەورە ئـاو دەڕێـژێ و بچووک پێی تێدەخـا"
نابێت فەرامۆش و پشتگوێ و پەراوێزیان بکەین و لێیان نەپرسینەوە، پێویستە پرسیان پێبکەین.. را و خواست و رەخنە و پێشنیارەکانیان بە هەند وەربگرین، بە تایبەتیش لەو پرس و بڕیارانەی کە کاریگەریان لە ژیانی ئەمڕۆ و لە چارەنووسی داهاتوویانەوە هەن .. پێویستە رەنگ و دەنگ و ئامادەبوونیان هەبێت.. بەشداربن لە گفوگۆ و لە بڕیارەکان دا .. رێزگـرتن لە ئـازادی رادەربـڕین و گوزارشتکرن سادەترین مـافی رەوای منـداڵانە.