نە ئەیبەخشین و نە لەبیری دەکەین، ئەو کەسەی تۆڵەی چگوارای کردەوە

Friday, 09/03/2018, 21:17

4081 بینراوە


مۆنیکا ئارتەل لە ڕۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر لە شاری مۆینیخی ئەڵمانیا لەدایکبووە و دوای شەڕی دووهەمی جیهانی باوکی بەرەو بۆلیڤیا کۆچیکردوە و لەو وڵاتەدا بە کاری وێنەگرییەوە خەریکبووە و دوای ئەو کارەش دەستیکردوە بە جووتیاری لە کێڵگەیکدا، لەو کاتەدا مۆنیکا هەرزەکارێکی تازە پێگەیشتووبوو، کە لە ساڵی هەزار و نۆسەد پەنجا و دوودا لەگەڵ خێزانەکەی لە ئەڵمانیاوە بەرەو مۆلیڤیا کۆچیانکرد.
ئەو لە مۆلیڤیا لەگەڵ باوکی لە چەندین کاری وێنەگرتندا بەشداریکرد و بەو هۆیەوە شێوازی ڕاگرتنی کامێرای ڤیدۆ و چۆنیەتی ڕاگرتنی چەکیش فێربوو.
مۆنیکای خۆێن گەرمی تازە پێگەیشتوو لە ساڵی هەزار و نۆسەد و پەنجا و هەشتدا لەگەڵ ئەندازیارێکی کانزادا کە دووڕەگەزی مۆلیڤیایی، ئەڵمانی هەبوو، یەکتریان ناسی و ژیانی هاوسەریان پێکهێنا، مۆنیکا لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بەرەو کانزایەکی مس لە باکووری شیلی ڕۆیشتن و لەوێ لەگەڵ ژیانی سەخت و پڕ لە مەینەتی کرێکارانی ئەو ناوچەیەدا ئاشنابوون.
مۆنیکا دوای ماوەیەک لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لەیەک جیابوونەوە و دوای ماوەیەک گەنجێکی تری ناسیی، کە خاوەنی بیروباوەڕی چەپ و کەسێکی خەباتگێڕبوو و لە پێناو ڕزگاری وڵاتەکەی تێدەکۆشا کە لەژێر ستەم و نادادپەروەرییدا بوو، هەر بۆیە مۆنیاکا لەو گەنجە شۆڕشگێڕانە نزیک بووە و کاریگەری هاوڕیتی ئەوان بوو بەهۆی ئەوەی کە بیری سیاسی مۆنیکا ڕادیکاڵتر ببێت.
لە ساڵی شەستەکاندا و لەگەڵ چوونی چگوارا بۆ بۆلیڤیا، مۆنیکا پەیوەندی کرد بەو جوڵانەوەوە و دوای ئەوەی هەندێ کاری بچووکی لەئەستۆگرت و سەرکەوتووانە ئەنجامیدان، کە لەو کاتەدا شۆڕشەکەیان خەباتی ژێرزەمینیان ئەنجامدەدا دژبە دەسەڵاتداران و دەوڵتی سەربازی، بۆیە مۆنیکا بەهۆی لێهاتووییەوە بوو بە ئەندامێکی چالاکی سوپای ئازادی شۆڕشی بۆلیڤیا.
دوای کوژرانی چگوارا لە نۆی ئۆکتۆبەری هەزار و نۆسەد شەست و حەوت، ئەفسەری سوپا رۆبیرتۆ کینتانیا بوو بە نەفرەتلێکراوترین کەس کە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە بەدوایدا دەگەڕان، دوای چوار ساڵ لە کوشتنی چگوارا لە مانگی چواری هەزار و نۆسەد و حەفتاو یەکدا لە کاتێکدا رۆبیرتۆ کینتانیا  لە ژووری کارەکەیدا، وەکوو باڵوێزی بۆلیڤیا سەرقاڵی کارکردن بوو، مۆنیکا هاتە بەردەمی و بەبێ دوودڵی بە دەمانچە بێدەنگەکەی تۆڵەی کوشتنی چگوارای لێکردەوە و چەندین فیشەکی پێوەنا.
دوای ئەو ڕووداوە کاربەدەستانی شاری هامبۆرگ مۆنیکا ئارتیلیان وەکوو بکووژی ڕۆبێرتۆ کینتانیا ناساند، هەرچەند ئەوە بەتەواوەتی نەسلمێندرا، بەڵام دوای ئەو ڕووداوە مۆنیکا بوو بە یەکێک لە مەترسیدارترین شەڕوانی سوپای ئازادی شۆڕشی بۆلیڤیا و لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە فەرمانی گرتنی لەهەموو دوونیادا بۆ دەرچوو و لە هەموو شوێنێکدا بەدوایدا دەگەڕان.
  ئس والدو چەتو پەرێدۆ سەرکردەی سوپای ئازادی گەلی بۆلیڤیا لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا و هەشتدا لەلایەن دەرهێنەری ئەڵمانی کریستیەن بۆدیسیەنەوە وێنەی تۆماردەکرا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕۆبێرتۆ کینتانیا سەرەکیترین ئامانجیان بووە بۆ کوشتن و لەناوبردن، چوونکە ئەو بوو کە فەرمانیکرد هەر دوو دەستی چگوارا بە مردوویی ببڕدرێتەوە و بۆ دڵنیابوون و ناسینەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ناردی بۆ لاپاز، هەروەها ئەو سەرکردەیە گووتی مۆنیکا ئارتەل دوای ئەوەی بەسەرکەوتووانە ئەرکەکەی ئەنجامدا و تۆڵەی ئەو سووکایەتی کە بە تەرمەکەی چگوارا کرابوو، کردەوە بە سەلامەتی گەڕایەوە بۆ کوبا و لەگەڵ (ڕژە دوبرە) یەکتریان بینی.
بە وتەی ڕژە دووبرە مۆنیکا ئارتەل ئامادەیی خۆی پیشاندا کە کلاوس باربی کۆنە سەرۆکی گەشتابۆی لیۆنیش بۆ شیلی بڕفێنێ و لەوێشەوە بۆ فەڕەنسای ببات تا لە دادگای نازییەکاندا بیداتە دەستی یاسا، چوونکە لە سەردەمی کوشتنی چگوارادا کلاوس بابی وەکوو ڕاوێژکاری سەرۆکی نهێنی دەزگای هەواڵگری پۆلیس کاری دەکرد.
لە کاتێکدا لە دوانزەی ئۆکتۆبەری هەزار و نۆسەد و حەفتاو سێدا مۆنیکا خەریکی دووبارە ڕێکخستنەوەی سوپای ئازادی بۆلیڤیا لە شاری ئەل ئالتۆی پارێزگای لاپاز بوو، دوای گەرانێکی زۆر و شوێنکەوتنی بە نهێنی، خۆی و چەند شەڕڤانێکی دیکە لەلایەن پۆلیسی نهێنییەوە ئاشکرابوون و دوای گرتنیان، تیربارانکران.
تەرمی مۆنیکا هەرگیز نەدرایەوە بە خانەوادەکەی تا لە مەراسمێکی شایستەدا بەخاکی بسپێرن، دەسەڵاتداران تەرمەکەیان شوێنبزرکرد و هەرگیز کەس نەیتوانی  بیدۆزێتەوە و بۆ هەمیشە لە گۆڕێکی وندا، ئارامی گرت.
لە پارێزگای لاپاز لە سەر دەرگای یەکێک لە گۆڕستانەکان تابلۆیەک هەڵواسراوە و لەسری نووسراوە، گیانی مۆنیکا ئارتەل لەم گۆڕستانەدا ئارامی گرتووە..! 
بەو شیوەیە ئارنەسۆ چیگوارا گیانی لەدەستدا و بە فەرمانی ئەفسەر رۆبێرتۆ کواینتانیا هەردوو دەستیان بڕییەوە، هەربۆیە هەرگیز بەلای شۆڕشگێڕانەوە شیاوی قەبوڵکردن نەبوو و بە سووکایەتیان دەدایەقەڵم کە لە ڕۆژی نۆی ئۆکتۆبەری هەزار و نۆسەد و شەست و نۆدا سوپا بەرانبەر تەرمی چگوارا ئەنجامیاندا و ئەو ئەفسەرە بوو بە نەفرینکراوترین کەس لەلای خەڵکی چەپ و ئازادیخوازانی هەموو دوونیاوە.
هەر دوای کوشتنی چگوارا ئەو ئەفسەرە بە قۆناغی تفنگەکەی بڕبڕەی پشتی یەکێک لە شەڕڤانەکانی شکاند و بە دەمانچەکەی کوشتی، ئەو شەڕڤانە ناوی ئینتی بوو و یەکێک لەو پێنج کەسە بوو کە بە سەلامەتی دەربازیببوو، هەروەها یەکێک لەو کەسانەش بوو کە سەرکردایەتی جووڵانەوەی (چێ)ی دەکرد، لە بۆلیڤیا.
وڵاتی بۆلیڤیا لە ترسی تۆڵە کردنەوە، ڕۆبێرتۆ کواینتانیای کرد بە بالوێزی وڵاتەکەی لە شاری هامبۆرگ بۆ ئەوەی لەو پۆستەدا گیانی پارێزراوبێت و وەکوو پاداشتێکیش بەرامبەر کوشتنی چگوارا.
ڕۆژی نۆی مانگی چواری ساڵی هەزارونۆسە و حەفتاد و یەک لە کاتی نیوەڕۆدا، ڕۆبێرتۆ کواینتانیا لە شوێنی کارەکەی لە قونسوڵخانەی بۆلیڤیا درایە بەر گولەی دەمانچەی ژنێک کە بە قژیکی بۆری دەسکرد رازبووەوە و چاویلکەی بەرهەتاوی لە چاودابوو.
مۆنیکا بە ناوی ژنێکی گەشتیاری ئۆستڕالییەوە کە دەیویست زانیاری لەسەر گەشتوگوزار لە هەموو دونیادا وەربگرێ، کاتی چاوپێکەوتنی لەو بالوێزخانەیە وەرگرتبوو و ڕۆبێرتۆ کوینتانیا لە ژوورەکەی خۆیدا چاوەڕوانیبوو، ئەو ژنە شەڕڤانە دوای بەئەنجامگەیاندنی ئەرکەکەی بەسەرکەوتووی و بەبێ ئەوەی سەرەداوێک لە دوای خۆی بەجێبێڵێ ئەو شوێنەی بەجێهێشت، مۆنیکا پێش چوونە دەرەوەی قژە دەسکردەکەی و دەمانچەکەی شاردەوە بەبێ ئەوەی کەس بێتەسەر ڕێی و بە سەلامەتی دوورکەوتەوە.
لە گیرفانی جانتاکەیدا نووسراوەیەکیان دۆزییەوە کە لە سەری نووسرابوو یان مەردن یا سەرکەوتنی سوپای ئازادی گەل..!
ئەوەش گووتەی مۆنیکا ئارتەلە، کە دەڵیت (نە دەیبەخشین و نە لە بیری دەکەین)..!

وەرگێڕانی مەنسور جەلال
لە پەیجی ئاگرە سوورەوە وەرگیراوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە