دادگای گەل و دادگای مێژوو (1)

Friday, 03.30.2018, 17:10

1866 بینراوە


سیسته‌می سیاسیی، واتا ئەو سیستەمەی کە ده‌ستوری تێدا نووسراوە و رۆڵی ده‌سته‌ڵاته‌کانی تیا دیاری کراوە وەک یاسا، ده‌زگای بڕیادان و جێبه‌جێ کردن.
هەر دەوڵەت و حکومەتێک (دیموکراتی، دیکتاتۆری، یان هەر جۆرێکی دیکە)، پێناسەیەکیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی سیاسیی و دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان، ئەو پێناسانە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسیی، کە لە باشووری کوردستاندا هەیە لەلایەن چەند بنەماڵەیەکەوە بەڕێوەدەبرێت، کە بۆ خۆیان پارت و رێکخراوی سیاسییان بۆ خۆیان دروست کردووە، نیشتیمان و کۆمەڵگایان لە نیوان خۆیاندا دابەش کردووە، بۆ خۆشیان لەگەڵ بنەمالە و کەسە نزیکەکانیان لە دەرەوەی (دەستور، یاسا، ده‌زگای بڕیادان و جێبه‌جێ کردن) رەفتار دەکەن و وڵات بەڕێوە دەبەن و سیستەم و دەستوری دەسەڵات بۆ کاروباری سیاسیی و بازرگانی خۆیان دەگونجێنن، کە لەلایەن دوژمن و داگیرکەرانەوە هاریکاری دەکرێن.
ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی پارتەکانی باشوور لە هەرێمی کوردستان، دەزگای بڕیاردان تێیدا کار ناکات، یاسا تێیدا کارا نییە و بڕیارێکی یاسا تێیدا جێبەجێ ناکرێت، دەزگا حکومییەکانیش وەک کەرەستەیەک بۆ کار و چالاکی بازرگانی خۆیان بەکریان دەهێنن، بۆیە لەناو ئەو سیستەمە جەنجاڵەدا، خیانەت و سیخوڕی گەشەی کردووە، ئاستی موراڵی زۆربەی کۆمەڵگا گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر نزم، هەرچی لەو وڵاتەدا دەکرێت لە رێژەی شەرمکردن چۆتە دەرێ، دواییان بێشەرمی لە ئاستی بایۆمەترییەکاندا و لە فرتو وفێلی دەنگداندا دەبینرێت، کە ئەمە جێگای باسێکی دیکەیە.
دروستبوونی سیستەمی بەڕیوەبردنی ئاوا لەلایەن پارتەکانی باشوور، گەورەترین خیانەتی نەتەوەییە، بۆیە ئەوانەی لە پشت ئەم سیستەمەوە وەستاون تاوانبارن لە ئاستی هەرەبەرزی خیانەت. سەرانی ئەو پارتانە و ئەوانەی بەرپرسیارێتیان لە بەڕیوەبردنی ئەو سیستەمەدا هەیە، دەبێت لە رێگای کۆدەتا و چالاکی سیاسیی ژێرزمینانە، یان هەر گۆڕانکارییەکی دیکە بەرەو رووی دادگای گەل بکرێنەوە، ئەوانەی لە ژیانیشدا نەماون، یان نامێنن ببرێنە بەر دەم دادگای مێژوو، رێگا لەبەر دەم منداڵ و کەسوکار و نەوەکانیان بگیرێت کە رێچکەی باوانیان نەگرن، ئەوەیش بەوەی نەهێڵرێت ئەمانە بۆ پاشەڕۆژ ببنە جێگەی باوان و بنەماڵەکانیان بگرنەوە. ئەم نووسینەم بۆ ئەو مەبەستەیە کە دەمەوێت لەسەر دادگای گەڵ قسە بکەم و هاسانکارییەک بکەم بۆ پاشەڕۆژی شێوازی دادگاییکردنەکە.

دادگای مێژوو:

دادگای مێژوو بەستراوە بە رووداوە مێژووییەکانەوە، کە ئەو تاوانکار و ناپاکانە دەگرێتەوە، کە گەل و نەتەوەی خۆیان تووشی کارەسات و شکستی گەورە کردووە، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتیان هەبووە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە، یان تاوانەکانیان شاردراوەتەوە و پێنەزانراوە. کارەکتەرەکان کەسانێکن، بەمەبەست و بە پلان کارەساتی ناخۆش و جەرگبڕ و خیانەتیان بەرامبەر بە خاک و گەلی خۆیان کردووە.
دادگای مێژوو هەر هەمان مانای دادگای گەل دەگرێتەوە، بەڵام ئەمانە لە ژیاندا نەماون، لە نمونەی مەلا مستەفای بارزانی و جەلال تالەبانی و کەسانی دیکە، کە هەندێکیان دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی و بە بەڵگەی دۆکۆمێنتکراو دادگایی بکرێن و بخەرێنە نێو لاپەڕە رەشەکانی مێژووەوە.
هەر گۆڕانکارییەک لە باشوور ئەگەر رووی دا، خەڵکی کوردستان نابێت تاوان و خیانەتی ئەم سەرکردە و بەرپرسانە لە یاد بکات و بهێڵیت ئاوا بەسەر مێژوودا تێبپەڕێنرێت و تاوانکاران سزای خۆیان وەرنەگرن.
دادگای گەڵ لەو کاتانەدا کارا دەبێت کە دادگاکانی سیستەمی سیاسیی، وەکو وڵاتێکی دیموکراتی لە کار کەوتبێت، نەتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت. بۆیە لێرەدا دادگای گەڵ بەو ئەرکە مێژووییە هەڵدەستێت، هەڵبەت لێرەدا دەبێت بگوترێت، کە تاوانکار و جۆری تاوانەکان دیارییکراو دەبن، لەم حاڵەتەدا دادگای گەل تاکە دادگایەک دەبێت کە توانکاران دەباتە بەردەم دادگا و بڕیاری دادگا بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
کاتێک ئێمە باس لە شۆڕشیش دەکەین، شۆڕش تاکە رێگایە بۆ لابردنی ئەو سیستەمە و راماڵینی ئەو بازرگانە سیاسییانەی کە دەسەڵاتیان بەدەستە. خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی جەماوەریی، دەنگدان و هەڵبژاردن، هەرچەندە لایەنی پۆسەتیڤی خۆی هەیە، بەڵام بۆ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، کە بە هێزی چەک بە خوێةڕشتن دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، یان وەکو دەڵێن ئەو پەیمان و گرێبەستەی کەلەگەڵ خەڵکدا بەستوویەتی بەجێی نەهێنابێت و لایدابێت، بە داخەوە دەبێت بە شێوەی توندوتیژی و بە راپەڕین دەسەڵاتیان لێبسەندرێتەوە. بوونی ئەمەش ئەرکی رێکخراوێکی سیاسییە، کە جەماوەری لە پشتییەوە بێت. ئەو رێکخراوانەی کە ئەمڕۆ بوونیان هەیە و دروستبوون، هەمووی دروستکراوی پارتەکانی دەسەڵات خۆیانە.
دروستبوونی رێکخراوێکی سیاسیی پێویستییەکی هەنوکەییە کە لە دەرەوەی پارت و ئەو رێکخراوانەی باشوور دەبێت کار بکات، لەپاڵ پەیامە سیاسییەکەی خۆیدا، پلانی بەڕێوەبردنی هەبێت، هەر ئەمیش بڕیاری چۆنێتی بڕیارەکانی دادگای گەل بدات، هاریکاری خەڵک بێت، بەبێ ئەوەی دەستێکی دەرەکی کار بکاتە سەر بڕیارەکان، هەروەک چۆن لە عێراق و لیبیا بەرامبەر بە سەدام و قەزافی کرا، جگە لەوە نابێت بڕیاری دادگای گەل بەپێی میزاج و رق و تۆڵەی تاکە کەسیی بڕیاری تێدا بدرێت. وەک ئەوەی کە دوای تێکشکانی ئەڵمانەکان لە پاریس بەڕێوە چوو، دەبێت بڕیارەکانی دادگای گەل خۆی لە هەڵەی مێژوویی بپارێزێت و بۆ دوارۆژ مێژوویەکی رەش بۆ بڕیارەکانی دادگا نەنوسرێتەوە وەکو ئەوەی دوای جەنگی جیهانی دووەم لە فەڕەنسا رووی دا.