بۆ سەرکردە کوردەکان فێری داوای لێبوردنکردن نابن؟

Sunday, 11/03/2018, 23:35

2967 بینراوە


لە دیمانەیەکدا کە تاریق عەزیز دەیگێرێتەوە" تاڵەبانی  بە سەدامی وت دەتبەمە لاهای، سەدامیش لە وەڵامدا وتی بڕۆ لای خوا حەقتان بستێنن"، گەلی کوردیش بە دەست سەرکردە سیاسیەکانیەوە ئاوای لێ  هاتووە، تەنها دەرگای خوایان بۆ گەل و قوربانیانی دەستیان هێشتۆتەوە بۆ سکاڵا کردن و قەرەبوکردنەوەی ستەمەکانیان، تەنانەت دواتریش مێژوو چۆن بە قازانجیانە ئاوای دەینووسنەوە، دە سەیری پەرتوکی بیرەوەرییەکانیان بکەن، خاڵییە لە هەڵەو تاوان و داوای لێبوردن کردن، دەڵێی مەسیحێکی ئەفسوناوین سیاسیەتیان کردووە، دەڵێی رۆستەمێکن لە هەموو جەنگەکان سەرکەوتوونە، دەلێی ماندیلا و  هۆشیمنە و گاندی و لینین و مارکس لەواندا کۆبۆتەوە، هەموو دانا، زانا، مرۆڤ دۆست، یاسا دۆست، زاهید، پیشکەوتنخواز و پاڵەوان و ...... هەزار تایبتمەندی تر.
ئێمە ئەوە چاک  دەزانین وەک چیرۆکی فرانکنشتاین لە جیاتی سەرکردە بۆ رزگاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دێوەزمەمان بۆ مەرگ و برسێتی بەرهەم هێناوە، گۆڕانکاریە جیهانیەکان نەبونایە، ئێستاش لە دوای سفرەوە دەبوین ئەگەر  چاوەڕوانی بەرهەمی ئەوانمان بکردبایا، گەل لەژێر دەستی سەدام و ئەوانیش لە کەرەج و نەغەدە خەریکی قاچاخچێتی و پینەدۆی و سێۆ رنین بوون،لە زۆر بۆنەو کاتدا داوا دەکەین وڵاتان لە پێشیانەوە عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە کورد بکات لە بەرامبەر تاوانەکانی کە لە رابردوودا سەدام حوسێن و ئەوانی دی ئەنجامیان داوە بەرامبەری، داوا دەکەین  تاوانباران دادگایی بکرێن .....، داوا دەکەین قەرەبومان بکەنەوە، داوا دەکەین و داوا دەکەینەوە.......، کەچی لەملاوە کۆمەڵێکی دیکە لەناو خۆماندا هەن، فەرمانڕەواو دەسترۆیشتوو قسەرۆیشتوون، چ ئەوانەی ماون یان ئەوانەی ئۆغریان کردووەو ژیانیان جێ هێشتووە، هەمان داواکاری دەیان گرێتەوە،تاوانی مەزنیان ئەنجمداوەو مافی ژیانیان لە مرۆڤەکان بە تاک و کۆ سەندۆتەوە بە بێ دادگایەکی دادپەروەرانە، بە هەڵەکانیان گەلیان بەرەو جینۆسایدکردن و  مەرگ بردووە، کەچی داواکارییەکە بەرەو رویان ناکەینەوە،قسەی هەندێک لە تۆمەتباران هەندێک راستی تێدایە کە دەڵێن ئێمەش وەک ئەوان،  ئەوانیش لە لای خۆیانەوە پێشێلکاری زەقی مافی هاوڵاتیانی کوردستانن و پێویست دەکات لە سزا رزگاریان نەبێت، ئەگەر دەمانەوێت قەرەبووی قوربانیان بکەینەوە و ماف بگەڕێتەوە بۆ مەزڵومان،دادوەری پارچە پارچە ناکرێت، بەڵکە دادپەروەری  پاکێجێکی یەک جەستەیە و تاوانیش هەرکێیەک ئەنجامی دابێت سزای یەکە، لە پلەو پۆست و ئینتماو زۆری هەوادار و پیاوچاکی ئێستاو دەسەڵاتی تۆمەتبار ناگەڕێتەوە، یاسا  بۆ هەمووانەو دەبێت هەموو ملکەچ بن بۆی، دەبێت لێکۆڵینەوە لە کۆی مەرگەسات و تاوانەکان بکرێت و هەموو بەرامبەر مێژوو بکرێنەوە، ئەدی  ئێمە بە چ رویەکەوە ماف بە خۆمان بدەین  داوا لە مرۆڤدۆستانی نەتەوەی سەردەست بکەیت دان بە هەقیقەتی تاوانەکان بنێت، ئەگەر حەقیقەتی تاوانەکانی  ئەوانی خۆمان بشارینەوە.
لە بیرمە لە ساڵی 2003 بۆ 2004 بۆ یەکەمجار تاڵەبانی بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق، بابەتێکم نووسی لەسەر ئەوەی سەرۆک داوای لێبوردن بکات لە گەلی کورد لە پای تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و تاوانەکانی دی، ئەمە پێش ئەوەی ببێتە داواکاری رێکخراوەکان جەماوەر، چۆن پێ  هەڵشاخانێک بەرەو روم بونەوە، تەنانەت ویستیان پەلاماری جەستەیشم بدەن لە ئەوروپاوە کە داوای لێبوردنکردن بۆتە نەرێتی سیاسی، ئەمە لە کاتێکدا باسی تاوانەکانی خۆیان ئەو کات بڤە بوو، تەقدیس کردنی سەرکردە و بە موقەدەس کردنی هەڵەو  تاوانەکانی بۆ خۆی کارەساتبارترە لە کارەساتەکانی دوژمنان، چونکە دەروازەی ستەمکاری دەکاتە سەر پشت لە وڵات، تا رزگار نەبین لەو موقەدەسە رەنگاو رەنگانە ئەوا کۆیلەداری بە زۆر رەنگ و جۆر دوبارە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە.
قەت سیاسیە دەسترۆیشتوەکانی ئەمرۆی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان ئەم داوایە ناکەن لە دەسەڵاتدارانی بەغدا، بۆ جارێکیش لەسەر مێزی گفتوگۆکانیان باسی لێوە نەکراوە، بگرە ئەوەی رقیان لێی ببێتەوە ئەم دەستەواژەو  داواکاریانەیە، تا دەسەڵاتدار بن نابێت بە داواکاری گەلێک، چونکە زیرەکن چاک دەزانن لەوەی پێیان بڵێن باشە فەرموو لە خۆتانەوە دەست پێبکەن، خۆ ئێوەش کەمتان بە گەل و تێکۆشەرانی سیاسی خۆتان نەکردووە،ئەمانە ستافێکی سیاسین زۆربەیان شارەزاییان لە یاساکان و جاڕنامە گەردونیەکانی مافی مرۆڤ هەیە، ئەوان دەزانن داوای لێبوردن کردن یانی چی؟، بۆچی؟، کەی و لە کوێ بەکار دێت؟، دەزانن دادگاییکردن یانی چی؟، چی بە دوادا دێت؟، دەزانن قەرەبوو کردنەوە چییە و کێ و بۆچی دەکرێتەوە؟،  وەلێ بۆ نایکەن؟، ئەمە پرسیارەکەیە، وەڵامەکەشی لە گیرفانی خۆیاندایە چونکە دەزانن لە رابردوودا چییان کردوە؟،دەچێتە چوارچێوەی کام تاوانەوە؟، دەزانن چیان چاندووە؟، ئەمرۆ کاتی هاتووە، یان وەرزی دێت تا بیدورنەوە، بەم حاڵەتەوە گەل لە کارەساتێکەوە بەردەوام بەرەو کارەساتی گەورەتر دەگوازنەوە.
خۆ ئەوان رۆژانە دەبینن لە سەر بڵاو کردنەوەی هەواڵێکی هەڵە لە پانتایی جیهان، داوای لێبوردن لە گوێگران و بینەران و خوێنەران و ماف پێشێلکراوان دەکرێت، دەزانن کە رێزلێنانێک بە هەڵە دەخوێنرێتەوە داوای لێبوردن دەکرێت،  دەزانن وشەیەکی ناشرین بە یەکێک دەوترێت دادگا بەر دەرگایان لێدەگرێت، کەچی ئەمان لە رابردوودا  تاوانی زۆر گەورەیان کردووە کەچی بێدەنگن، وەک ئەوەی مرۆڤایەتی لە دەیان ساڵی داهاتوو  لە گۆڕیان دەرنەهێنێتەوەو دادگایان نەکاتەوە لە سەر رابردوو وەک دادگاییکردنەکەی عەبدوالمەلیک بن مەروان، ئەمان ئەوەش دەزانن ئەو تاوانانەی کردویانە  قورس و نێونەتەوەین و کات و شوێن هەر بە زیندوییان دەهێڵێتەوە، بەسەر کردنە ژێر لمەوە  ناشاردرێتەوە، کەمیش نین ئەو سیاسی و تۆمەتبارانەی دوای مردنیشیان مێژووە دروستکراوەکان و چەپَڵەکان دادیان نادات و بە تاوانبار خراونەتەوە ناو مێژوەوە، دەزانن ئەوان خەڵکیان بێ دادگایی بەرەو مەرگ رەوانە کردووە، رێزیان لە پەیمانامەو پرۆتۆکۆڵە جیهانییەکان تایبەت بە مرۆڤ و دیلەکانی جەنگ نەگرتووە، بە کۆمەڵ دیلیان لەسەر ناسنامەی سیاسی کوشتووە، خەڵکیان وەک قەڵغانی مرۆیی لە جەنگەکاندا بەکار هێناوە، بانکیان تاڵان کردووە، پێش سوپای وڵاتان کەوتوونە و شەڕی درێژ خایەنی ناوخۆییان هەڵگیرساندووەو بە بلۆک سەری خەڵکیان پان کردۆتەوەو بە تەور لە ملیان داوە، سەدانیان بێ سەروشوێنکردووە، زمانی قسەکردن و پەنجەی نوسینیان بڕیوەتەوە، سامانی سەر زەمینی و ژێر زەمینیان تاڵان کردووە، مناڵ و نەوەکانیان کردووە بە دێوەزمەی داهاتوو ...... ئەرێ گەلۆ لە سەردەمی داوای لێبوردنەکان کە ئەمرۆ تیایدا دەژێین  هەموو ئەوانە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی هەقی داوای لێبوردنکردن نییە؟؟، ئەرێ ئەوان مەزنترن یان پاپای ڤاتیکان هەر رۆژەی لەسەر کردارو بۆچونێکی موقەدەسی رابردوو  داوای لێبوردن دەکات، کە بۆ خودی خۆشی ئەنجامیانی نەداوە، ئەو نەرێتانەی  دوێنێ موقەدەس بوون، ئەمڕۆ لە دەستیان داوە، هەموو موقەدەسەکانی ئەمرۆش سبەینێ پیرۆزییەکان لە دەستە دەن و تاوانەکان هەڵدەماڵدرێن.
راستە سیاسیەکان بە تایبەت کوردەکان خۆیان بە زیرەکترین و لێهاتوترین و نمونەی باڵا دەزانن، دەروێشەکانیشیان کە لە خەڵوەتا خەریکی سەربادانن هەر وا دەزانن، ئاخر سەربادان عەقڵ لە مرۆڤەکان وەردەگرێتەوە، وەلێ وا نییە لەمەدا هەڵەن کە وا هەست بکەن، گەل تا سەر چاوپۆشی لە تاوانەکانی رابردویان بکات، هیچ گەلێک بۆ هەتا هەتایە بە دەروێشی نامێنێتەوە، تا سەر دەمی قوربانیان ببەسترێتەوە، لەناو تاوانی یەکتردا خوێنیان بشارێتەوە.
ئەگەر ئەوان رۆژانە داوای لێبوردن لە هاوسەرو مەعشوق و منداڵەکانی خۆیان لە بەرامبەر بچوکترین و بێبایەخترین شتدا دەکەن، ئەوا پێویستە لە بەرامبەر ئازارێکی قورس کە  بە بەرامبەرەکان و بنەماڵەکانیانیان  گەیاندووە داوای لێبوردن بکەن، ئیتر نهێنی غائیب بوونی نەرێتی ئاوا لە کۆمەڵگای ئێمە لەمڕۆدا ئاسایی بێت ئەوا بۆ سبەی عەیبەیەکی گەورەیە، خاوەنەکانیان دادگایی دەکات.
نهێنیەکانیان هەموو کات بە شاراوەیی نامێننەوە، سبەی داخوازی داوای لێبوردنە کەن، وشەی یاداوەرییەکانیان هاوار دەکەن، قوربانیان داوای قەرەبو دەکەنەوە، داوا دەکەن راستیەکان دەرخرێت و یادیان بکرێتەوەو کەسوکارەکانیان قەرەبوو بکرێتەوە، تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا  داوای لێبوردنی لەسەردەمی کۆیلەداری کرد لە ساڵی 2006، هەرچەندە نەک خۆی بەشدار نەبووە تیایدا، بگرە زیاتر لە 185 ساڵە لە وڵاتەکەی هەڵوەشاوەتەوە، غۆردن براون لە 2010  داوای لێبوردنی لە ناردنی دەیان هەزار منداڵی بەریتانی بە زۆر بۆ ئووسترالیاو نیوزلەندە کرد، دیڤید کامیرۆن داوای لێبوردنی لە قوربانیانی یاریەکەی ساڵی 1989ی هیلیسبیرۆ کرد،  ئیبرام نیکۆڵن سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا  داوای لێبوردنی لەسەر جەنگی ناوخۆیی کرد،ریتچارد  نیکسۆن داوای لێبوردنی لە واتەر غێت کرد و بەو هۆکارە  دەستیشی لەکار کێشایەوە، ریگان لەسەر ئێران گێت داوای لێبوردنی کرد، کیلنتۆن کە گەورە دەوڵەمەندانی ۆڵ ستریتی داوەتی کۆشکی سپی  کرد بۆ کۆکرنەوەی بەخشش بۆ پارتی دیموکرات کە زانرا داوای لێبوردنی کرد،کیسنجەر  لەسەر هاوکاری ئەمەریکا بە کودەتاچیەکانی شیلی بە سەرۆکایەتی بینۆتشە داوای لێبوردنی کرد، کە  تا ئێستا لە دادگای شیلی داواکراوە بە تۆمەتی هاوکاری کودەتا  بەسەر حکومەتی چەپگەرای شیلی سیلفادۆر  ئەلیندی، وەلێ  ئامادەی دادگا نابێت، دیکلیرک  و ماندێلا  داوای لێبوردنیان کرد، دیکلیرک لەسەر سیاسەتی ئاپارتاید، ماندیلاش لە بەرامبەر ئەو بێتاوانانەی بونە قوربانی لەسەردەمی خەباتی چەکداری، کەچی خۆیان کۆتاییان بە ئاپارتایدو زەبروزەنگ هێنا،حکومەتی کەنەداو ئوسترالیا داوای لێبوردنیان لە کۆمەڵکوژی هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیاو کەنەدا کرد.
بەشێوەی گشتی سەردەمی ئێستا سەردەمی دادگایی سەرکردەکانە لەسەر تاوانەکانی رابردوو و داوای لێبوردنیانە لەبەرامبەر پێشێلیە زەقەکان چ ئەوانەی خۆیان کردویانە یاخود بەهۆی دەسەڵاتەوە بۆیان ماوەتەوە.
کەی رۆژێک هەڵدەستین، سیاسیە دەسترۆیشتوەکانی کوردیش پێش ئەوەی نەوەکانی داهاتوو لە گۆڕەکانیان دەریان بهێنن و دادگاییان بکەن، خۆیان دان بە راستیەکاندا بنێن و داوای لێبوردن بکەن و ئیعتیبار بۆ قوربانیەکانیان بگەڕێننەوەو زەرەر مەندان قەرەبوو بکەنەوەو رێز لە یاداوەریان بگرن.
دەبێت مێژوو وەک خۆی قەبوڵ بکەین، نەک وەک ئەوەی لە یاداوەری سیاسیەکان نوسراونەتەوە، نابێت راستیەکان بشێوێنرێت، هاشا لە تاوانەکان بکرێت، لادەرانی مێژوو تاسەر ناتوانن خۆڵ بکەنە چاوی راستیەکانەوە، هەر کەسێک هەڵەی کرد پێویستە دان بە هەڵەکەیدا بنێت و داوای لێبوردن بکات پلە و پۆستی هەرچیەک بێت و دەسەڵاتی سیاسی و مەعنەوی چەندە گەورە بێت،پێویستە  بەرەو روی مێژوو ببینەوە لە هەموو کاتەکان ،پێویستە  راستی بە گەل بوترێت، ئەم پێویستیانە هیچی لە لایەن سیاسیەکانی کوردەوە بە تایبەت دەسەڵاتدارانەوە جێ بەجێ نەکراوە، مێژوو هەر ئەو بەشە نییە ئەوان یاداشتیان کردووە، بەڵکە بەشە گەورەکەی لای قوربانیانە، ئەوەش پشکنینی  بۆ دەکرێت، مێژوو وەک هەر زانستێکی دیکە  بەردەوام لە گۆڕانە.
لایان مسۆگەر بێت قوربانیانی تاوانەکانیان تا سەر بێدەنگ نابن، لە کۆتادا دادپەروەری ئەوان سەردەکەوێت و ماف بۆ قوربانیان دەگەڕێتەوە، دەرخستنی راستیەکانیش  بەشێکە لە قەرەبوو و تۆڵەی قوربانیان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە