پارتە کوردییەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی هەڵەبجە

Friday, 16/03/2018, 3:54

2615 بینراوە


مرۆڤ کە بیرکردنەوەی باشی هەبوو بۆ کردارەکانی، کرداری خراپ ناکات، چونکە ئەو بیرکردنەوەیە دەگۆڕێت بۆ هەست و کاریگەری لە سەر کردارە خودیەکان دادەنێت، بەڵام شەڕی هەڵەبجە یەکێک لە بیرکردنەوە سەقەتەکانی سیاسیەکانی ئەوسای کورد بوو کە کرا، بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی باشی لێناکرا، چونکە بیرکردنەوەی خراپی لە پشتەوە بوو، ئەویش لە پێناو بەرژەوەندی گروپەکان گەل تێکەڵاو شەڕێکی ماڵوێرانکەر کرا، لە زۆر لاوە کە دەیخوێنیتەوە شوێن پەنجەی شەیتانانە بە تاوانەکەوە دیارەو ناشرینیەکانی بە عەبای دڕاوی ئێستای  ئەم سیاسیانە ناشاردرێتەوە، مێژووی تاوانی هەڵەبجە مێژوویەکە لە ناو گازو ئێسک و پروسک و ناشرینی و  تاواندا غەرق  بووە، لە هەموو 16ی 3 یەکدا سەر دەردێنێتەوە.

ئەوانەی تاوانیان ئەنجامدا لە هەڵەبجە، لە بەعسەوە بۆ ئێران و بۆ حیزب و تاکی لایەنە کوردیەکان ((چونکە تاوانی مەزن و دزی دەخرێتە ئەستۆی تاکەکان، بەڵام لێپرسینەوەو سزا دان لە ئەستۆی لایەنەکانە، کە ئەنجامیان نەدا  ئەوجا دەبنە شەریکە بەش لە تاوان و گەندەڵی))، ئەوان هەموو لەو رۆژانە  مرۆڤایەتیان لە ناخی خۆیاندا کوشت، بۆیە هەر  هەوڵێک  بۆ سووککردنی تۆمەتەکەیان بدرێت و داکۆکیان لێبکرێت دەچێتە چوار چێوەی خیانەت لە قوربانیانی تاوانەکەو رزگارکردنی تۆمەتبار لە لێپرسینەوەو دەرخستنی راستیەکان.

تاوانی هەڵەبجە هەر ئەوە نییە کە نغرۆ بوونی شار لە گازی کیمیاوی و 5000 قوربانی و ئازارەکانی کامیلەکان و عەلیەکان  و ئاراس و لوقمان و حیکمەتەکان و دەیانی تری لێکەوتبێتەوە، وە یان  ڕوی دڕندەیی ڕژێمی بەعس دەربخات، ئەوانەی ئەمڕۆ قازانجیان بینیوە لە ڕوخاندنی سەدام بێن لە هەڵەبجە، لەسەر مۆنمێنتی قوربانیان  و  کەلاوەکانی نەعلەتی رژێمی بەعس  بکەن و شەرعیەت بە دەسەڵات و کردارەکانیان و  جەنگەکانیان بدەن، سیاسیەکانی کورد هەمیشە قازانج و  تام لە بینینی  ڕۆڵی قوربانیەوە دەبینن ،تۆمەتبارانی  16-3ش   کە دزیان کرد و هەڵەبجەیان بە هەڵە کوشندە سیاسییەکانیان بۆ ئەو مەرگە ساتە برد بە هێنانی سوپای ئێران ،ئەو رۆژانەی دواتر خۆیان بە بەشێک  لەو قوربانیانە دەناسێنن، بۆ ئەوەی چیاوکی سیاسیان پێ بدرێت.

ئەو جەنگاوەرانەی لە پەلاماری هەڵەبجەدا، ڕزگار کردنی دراوی ناو بانکەکەی هەڵەبجەیان  بە بەهاتر دەزانی لە ڕزگار کردنی خەڵکی هەڵەبجە، وێنای  کەسایەتی راستەقینەی  ئەو فەرماندارانە دیاری دەکات، واتا لە پلە بەندی بەهاکاندا لای ئەوان هەمیشە پارە گرنگترە لە مرۆڤ وەک دواتر رونتر سەلماندیانەوە، پارەیەک  هەمیشە تاقیکردنەوەی باڵا بووە بۆ فەرماندارانی کورد و هەمیشە بەرەو بێباوەڕی و خیانەتیانی بردووە وەک عەلی وەردی دەڵێت :تا بەرژەوەندی زیاتر بێت باوەڕ  لاواز تر دەبێت، ئەوانیش رێچکەی ئێستایان بۆ ئەو رۆژانە دەگەڕێتەوە.

چیرۆکی تاڵانکردنی  بانکەکەی هەڵەبجە، تاکو دنیا دنیایە،  لە پاڵ وێنەکەی عومەر خاوەر، دەربڕی مەزڵومیەتی خەڵکی ئەم شارەیە، کە لە چرکە ساتێکدا  روح و ماڵ و سەرمایەکانیان هەموو پێکەوەدزران، بڕینی بانکی هەڵەبجە لە دیرۆکی تاوانەکاندا  بوو بە  سومبولی تاڵان و بڕۆی شار لە لایەن هێز گەلێکەوە گوایە بۆ بەختەوەری و یەکسانی دەستیان داوەتە چەک و پەیمانی بوون بە رۆبن هودیان دابوو بە هەژاران، کەچی لە پڕ دەبن بە گەورەترین دز، هەروەک چۆن عومەر خاوەر بووە  بە سومبولی 5000 شەهید بەهۆی مناڵەکەیەوە، ئاوا ئەوانیش بوون بە ناشرینترین دزی کوردی .

تاوانی  هەڵەبجە پڕە لە چیرۆکی سەیر و سەمەرە ،چ  لە لایەن بەعس و ئێرانەوە، یان لە لایەن لایەنەکانی کوردییەوە، بەمەش  هەندێک پێشمەرگەی تاوانکار بوونە جەلاد جەماوەریش بووە قوربانی دەست قوربانی وەک ئێدوارد سەعید  دەڵێت "بوونە قوربانی قوربانی "، جیهانی غەریب و عەجائیب، ناشرینی بێ وێنە، ناشرینیەکانی ئەو کات، بە دەسەڵات و هێزو دەوڵەمەندی  ئەمڕۆی تۆمەتباران هەرگیزاو هەرگیز  ناشاردرێتەوە و جوان ناکرێت، بە زەبروزەنگیش پرسیارەکان  لە قوڕگی جەماوەر خەفە ناکرێن، هەر دەبێت لاپەڕەکانی هەڵبدرێتەوە بۆ ئەوەی وەک خۆی چۆن بووە ئاوا  بچێتە مێژوەوە.

ئەزموونی ناشرین و سەرنەکەوتوو پێویستی بە شیکردنەوەی قول هەیە نەک شاردنەوە، پێویستە لێکۆڵینەوەو لێکدانەوەی  لەسەر بکرێت، پێویستە بە بۆچوونی نوێوە سەیری ئەو ئەزموونە بکردرێت، هەموو ئەزموونێک بە نرخە ئەنجامگیری لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لە سەری بکرێت، شیکردنەوەی ئەزمونەکان باشتر کەسە سەرکەوتوو و شکست خواردووەکان لە قۆناغە مێژووییەکاندا دەناسێنێت، لە ئەزموونە تاڵەکان مرۆڤەکان وەک ئەوەی هەن دەناسرێن و قیناعەکان هەڵدەماڵرێن و رووەکان ئاشکرا دەکرێن، هەڵسوکەوت بە تایبەت ناشرینەکانی وەک هەڵەبجە، پێچەوانەی بیروباوەڕ، لایەن توشی قەیرانی ناسنامە دەکات، ئەمەش وایکردو وا دەکات هەموو بیروباوەڕەکانی تۆمەتبار  بکەوێتە ژێر پرسیارەوە، گومان لە سەر هەموو رابردووی تاوانکار درووست بکات، هەڵەبجە بەم ئەرکە هەڵستا و ئەم پەیامەی گەیاند، تەواوی بیروباوەڕی ئەو شۆرشگێڕە ئەفسونیانەی بردە ژێر پرسیارەوە، کە تاوانیان بەرامبەری کرد.

سەرکردەکانی ئەوکات، ئەوانەی  کە بڕیاری ئەم کردە سەربازیەیان دا، هیچ کات نایانەوێت باس لەم تاوانە بکرێت و بەرەو روی رەخنە ببنەوە، یاخود هەر قسەیان لەسەر بکرێت، چونکە لە نیەتیاندا نییە دووبارەی نەکەنەوە، جۆرج سانتیانا دەڵێت :ئەو کەسانەی کە ناتوانن ڕابردوو وەبیر خۆیان بهێننەوە، تاوانبارن بە دووبارە کردنەوەی(( ل132، نهێنی سەرکەوتن لە ژیاندا-برایان ترێسی ،و.محەمەد شەهدی ،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵات 2009))، کەواتە نهێنی دان نە نانی ئەوان و ئەمان بە راستیەکان چییە، جگە لە بردنەوەی گەل بۆ نەهامەتیەکی دیکەو بەرهەم هێنانەوەی شکست و ناشرینییەکان.

یەکەم کاری هێزە داگیر کەرەکەی هەڵەبجە لە دوای 15ی ئازار، نە پاکسازی شار بووە لە هێزە سەرکوتکەرەکان، نە رێکخستن و هوشیار کردنەوەی خەڵک بوو لە هەموو ئەگەرێک، نە سەردانی رێکخستنەکان و ماڵی شەهیدان بووە، بەڵکە تاڵان بووە:پاش شکستی چاوەڕوانکراوی هێزەکانی بەعس و دابەزینی هێزە کوردی و ئێرانییەکان و مەجلیسی ئەعلا، کارە دزێوەکانی تاڵان و دزی و فەرهودی فەرمانگەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە دەستیپێکرد کەوتنە فڕاندنی سەیارەو مومتەلەکاتی دائیرەکان، پاشان بووە کێشە و کێبڕکێ بۆ داگیر کردنی بیناکان بۆ کردنیان بە بارەگای حیزبی (لڤین- ئەو هەڵە ستراتیژییەی کیمیابارای لێکەوتەوە- یاسین رەسول عوسمان – ژمارە 87  بەرواری 15ی مارتی 2009 ل12).

ئەوەندەی لە شەڕی هەڵەبجە گرنگی بە پاراستنی بانکی شار و  پارەی ناو قاسەکەی  درا لە لایەن فەرماندە سەربازیەکانی پێشمەرگەو ئێرانەوە، بە ئەندازەی زەڕەیەکی  ئەوەندە گرنگی بە سەلامەتی خەڵکی شار بدرایا،  ئەوە ژمارەیەکی  زۆر کەمتر لەوەی ئێستا هەیە قوربانی دەدرا، کە دواتر وەک خۆیان چەندین جار دوبارەیان کردۆتەوە، ژمارە زۆرەکەش 5000 بۆیان بوو بە نیعمەت و دەستکەوتی هەڵەبجە لە دەیان ملیۆن دیناری ناو بانکەکەی کردە  ملیارها دۆلار، ئەوانەی ئێستا من دەیاننووسمەوە، وتەی من نین ، بەڵکە شایەدی و وتەی خودی فەرماندەکانی هێرشەکانن بۆ سەر شاری هەڵەبجە، وەک دەبینیین  لە ناخۆشترین هەل و مەرجی سەربازیدا ، لەسەردەمی مەرگی بە کۆمەڵی گەلدا ، فەرماندەکان  هەموو بیر و هۆشیان لای دەسکەوتە و  ژیانی چەندین هاوڕێی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە لە پێناو  پاراستنی پارووی چەوری  ناو قاسەکە :  ئێوارەی یەکەمی گرتنی هەڵەبجە ، یەکێک لەو شوێنانەی بایەخی زۆرمان پێ دا (( بانقی ))  هەڵەبجە بوو - کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوکەت حاجی مشیر ل  52 .

دوای گرتنی شاری هەڵەبجە ینک  ئەرکی پاراستنی بانکەکەی گرتۆتە ئەستۆ، بۆیە هەموو  تۆمەتەکان بەرەو رووی ئەو دەکرێتەوە لە بڕینی بانکەکە ((چەند پێشمەرگەیەکی ینک کە ژمارەیان 15 کەس دەبوو بە سەرپەرشتی م،ح،ع  ماوەتی  بە فەرمانی بەرپرسەکەیان بانکیان گرتە ئەستۆ، لەو ماوەیەدا دووجار بە کۆستەرەو لەحیم هەوڵیان دا قاسەی بانکەکە بشکێنن، بەڵام بە هۆی تۆکمەیی قاسەکەوە کە لە ناو دیواردا بوو ،بۆیان نەشکێنرا (لڤین – ژمارە 87-ل15).

قادری سەعید سۆفی بەڕێوەبەری بانکی هەڵەبجە بڕی پارەی ناو بانکەکە دیاریدەکات ((  بانکی هەڵەبجە ئەوکات بڕی 780000 دیناری خەڵکی تێدا بوو هەموی دزرا ))  (کێ بانکەکەی هەڵەبجەی  بڕی – لڤین  ژمارە 87 -  ل  16  -  هونەر حەمە ڕەشید  - عیرفان ئەحمەد-بژار ناشاد ) .

قادر سۆفی سەعید: بانک دوو کلیلی هەبوو، یەکێکیان لای من بو، یەکێکیشیان لای بەرپرسی سندووق بوو،ئەوانەی بانکەکەیان بڕی کلیلیان نەبوو، بەڵکە بە تی ئێن تی دەرگاکەیان تەقاندبوەوەو شکاندبویان،دواتر هەموویان دزیبوو، کە ئێمە دوایی گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە، بۆمان دەرکەوت بەم شێوەیە دزراوە ( لڤین ژ 87 –ل17)، وەلێ حەمەی حەمە سەعید دەڵێت"قادری سەعید سۆفی وتویەتی 5 سەعات بەر لە گرتنی هەڵەبجە بەرپرسی ئیستخبارات کلیلەکانی لێوەرگرتبێ گومانی ئەوە هەیە ئەوان واتا عێراق چی تیابوبێت بردبێتیان ە قفڵیان کردبێتەوە –گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەکە-حەمەی حەمە سەعید چاپی یەکەم 2014 لاپەڕە 101 ".

بەڵام  پێشمەرگەیەکی ئەوکاتی ینک  رای جیاوازی لەمبارەیەوە هەیە: فایەق گوڵپی (بانقی هەڵەبجە پێش تەقاندنەوەی کلیلەکەی وەرگیرابوو لە بەڕێوەبەری بانقەکە، پێش تەقاندنەوەی پارەکە دزرابوو، من وامبیستووە بەڕێوەبەری بانقەکە کلیلەکانی داوەتە شەوکەتی حاج مشیر و ئەو پارەکەی دزیووە، یەکێتی و پارتیش دواتر هەندێک لە کادیرەکانی خۆیان سزا دا لەسەر ئەو بابەتە، هەندێک لەو کەسانەیان گرت وەک  کەماڵ شاکیر لە سنە، بەڵام دوایی  حکوومەتی ئێران دەستیخستە ناو کارەکەو سوڵحیانکرد لە نێوان خۆیاندا، بەڵام ئەوە دەڵێم کە مامۆستا شاهۆو حەمەی حەمە سەعید  یەک شتیان نەدزیووە، کە ئەوان زۆر دژایەتی منیش دەکەن لە ناوچەکە، ناکۆکی نێوان نەوزاد نۆرۆڵی و شەوکەتی حاجی مشیر لەسەر مەسەلەی هەڵەبجە بوو، کە شەوکەت هەندێک شتی هێنابوو، بەڵام نەوزاد شکاندبووی ( لڤین -87 –ل17)، بەمجۆرە دەبینین بە 870000 دیناری ئەوکاتە دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە بەڵکە پەلاماری شتی بچوکیشیان داوە، هەرچەندە حەمەی حەمە سەعید لە هەمان لاپەڕەی پەرتوکەکەیدا دەڵێت " لەم کاتانە یەکێتی هەڤاڵ جەبار فەرمانی ناردە ناوچەکە لە گەڵ لیژنەیەک بۆ دوو ئەرک، یەکەم سەرپەرشتی کردنی هێزەکانی یەکێت لە ناوچەکەو دووەم بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی کە وتراە دەستیان بۆ ماڵی خەڵک درێژ کردووە .   ..... چەند کەسێکیان بانگ کرد و چەند رۆژیش گلیان دانەوە لە گوندی جەلیلە، پارتیش بەهەمان شێوە لیژنەیەکی لێپرسینەوەیان دانا لێکۆڵینەوەیان لە گەڵ چەند کەس کرد ، بەڵام کەس سزا نەدرا.... .

لە کاتێکدا هەڵەبجە بۆنی سێۆو سیرە بۆگەنی خەردەل دای گرتبوو، قوربانیان بە لۆری تەرمەکانیان بار دەکرا  و بە کۆمەڵ دەنێژران بە سەر  یەکترەوەو  بە بەرچاوی کامیراکانی جیهانەوە، عومەر خاوەر خەوی ئەبەدی  بە ڕزگارکردنی کوڕە تاقانەکەیەوە دەبینی، مردن تەنها بە موو  لە هەمووانەوە دوور بوو، کەس باوەڕی بە چاوی خۆی ناکرد،  لەو شەوە چارەنووس سازەدا  فەرماندەی گشتی ڕزگارکردنی هەڵەبجە خەوی پەمبەیی  بە ڕزگارکردنی قاسەکەوە دەبینی، ئەمەی خوارەوە وتەی من نییە، بەڵکە دانپێنانی خودی فەرماندەی هێرشەکەیە بۆ سەر هەڵەبجە، وڵات بە وڵات خەڵک دەنێرێت لە بری داو دەرمان بۆ بریندارەکان کەچی  بۆ پەیدا کردنی کۆسرەو مەکینەی لەحیم و موجازەفە بە روحی هاوڕێکانیەوە دەکات بۆ شکاندنی قاسەی بانکەکەی هەڵەبجەو گەیشتن بەدراوەکەی ناوی: بۆ شەوی 16-17-3-1988 چەند بە ئامێری هۆکی تۆکی هەوڵم دا  تاوەکو (( کاک مەجیدی حاجی علی )) م پەیدا کرد و لێم پرسی کێ لای بانقەکەیە ئایا ئێوە ئێستا لە کوێن ، وەڵامی دامەوە  ئێمە وە هەموو پێشمەرگەکان لە شار نەماوین  و کەس خۆی لەناو شاردا ناگرێت لە ترسی کیمیاباران ، کەس خۆی نادا بە کوشت بۆ پاسەوانی کردنی بانق. ووتی خەمت نەبێ نەک هەر ئێمە هیچ کەس لەو گەڕەکەدا نەماوە لە ترسی کیمیاوی، بۆ ڕۆژی 18-3-1988 تۆزێک بارودۆخەکە هێور بوویەوەو بۆردومانی ناو شار کزبوو، دوبارە داوام لە(( کاک مەجید حاجی علی )) کرد کە بە خۆی پێشمەرگەکانی بڕۆنەوە ناو شار  بۆ پاراستنی بانقەکە کە تا بزانیین چی لێ بکەین هەر بەو شێوەیە بە هەزار حاڵ توانیمان پێشمەرگەکانی ڕازی بکەین بڕۆنەوە ناو شار ئاگایان لە بانقەکە بێت هەرچەندە هەموو ئەیان ووت (( کاک شەوکەت )) پێشمەرگە ناتوانێ لەناو شاردا بمێنێ، هەندێکیان بریندار بووبوون ڕۆیشتبونەوە  بەرەو ووڵاتی خۆیان لە دیوی ئێرانەوە، ئەوەشی کە ماوە خۆیان ناخەنە بەر مەترسی مردن لەبەر قاێەیەک کە نازانرێ چی تێدایە- کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوکەت حاجی مشیر ل53 .

تەنها بە نیگابانیکردن لەسەر پاراستنی  قاسەکە نەوەستان، بەڵکە کۆمەڵێک پێشمەرگەی بێچارە، جەستەی خۆیان خستە بەر  مەترسی بڕیاری چاوچنۆکانەی  فەرماندەکانیان، لەو ڕۆژانەدا  نەک تەنها مرۆڤ، بگرە بەرد و شاخ  زەویش خۆی لەبەردەم شوێنەواری ژەهر بارانەکە ناگرت، کەچی نیگابانی و پاراستنی بانکەکە بەردەوام بوو بە چرکەش لێی جیانابنەوە، ئەگەر هەموو خەڵکی هەڵەبجە گیانەڵایان بدایا بۆ تۆزێک داوو دەرمان، ڕزگارکەرانی شار گوێیان لێیان نەبوو وەک بینیمان و خوێندمانەوە لە زمانی خۆیانەوە، مێش نابوو بە میوانیان چونکە ماسکی دژە گاز و دەرزی دژە کیمیاویان پێبوو، بەڵام بۆ شکاندنی قاسەکەو پاراستنی دەستکەوتەکان ناوی لە هەوڵی بێوچاندا بوون و بە دوای حەتمیەتەوە بوون بۆی تا پەیدای بکەن،  وڵاتان دەگەڕان بۆ پەیداکردنی ئامێر و دەزگایەک تا نێچیرەکەیان بۆ ئازاد بکات و دەرگاکەیان بۆ بکاتەوەو شاد بنەوە بەوەی لە پێناویدا باوەڕو ئامانجەکانیان کردە قوربانی،

هێشتا تارمایی کیمیاوییەکە بە تەواوەتی لەسەر شار نەنیشتبوەوە، تەرمی قوربانیان  لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان نەنرابوون، بەرپرسانی پێشمەرگە  بۆ شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەچن بۆ هێنانی کۆسرە و لەحیم  تا قاسەکەی پێ بشکێنن، بۆ ئەوەی  دەستیان بە دەسکەوتەکانی ناوی بگات و غەنیمەکەی حەڵاڵ بکەن : بۆ ئەم مەبەستە (( کاک حامید و مامۆستا ێاڵح )) ڕۆیشتن بۆ پاوە لەوێ (( دینەمۆو کۆسرەکەیان هێنا )) چونکە لە هەڵەبجە کارەبا نەمابوو بەهۆی بوردومانەکەوە. ڕۆیشتبوون زۆر هەوڵیان دابوو بۆ بڕینەوەی قاێەکە بەڵام بێ سوود بوو هیچی لێ نەبڕی بوییەوە  چونکە پۆڵایەکی زۆر قایم بوو . بۆ ڕۆژی 19-3 هاتنەوە لام ووتیان هیچ سوودی نی یە و ناکرێتەوە - کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوکەت حاجی مشیرل  54.

لە 16-3 بە دواوە شار بۆتە وێرانە، نغرۆ بووە بەسەر یەکدا، ژەهریش کردویەتی بە جەهەنەمە راستەقینەکەو رۆژی حەشرە، لێ بەرپرسان  بە بست لە قاسەکە دوورناکەونەوە، لەو کاتەی هەزاران کەس لە خەڵکی هەڵەبجە کوێر دەبن بە گازی کیمیاوی، ئەمان نیگابانی چڕتر دەکەنەوە لەسەر قاسەکە، چاوەکانیان زەقترو تیژتر دەکەنەوە بۆ پاراستنی تاڵانیەکەی ناوی، لەو کاتەی  سەدان منداڵ بەبێ سەرپەرشتیار دەمێننەوە لە پەناگەو ناو شیوو دۆڵەکان و لوتکە ساردەکانی هەورامان خۆیان گرمۆڵە دەکەن و لە برسان فرمێسکەکانیان دەخۆنەوە و دەبنە نیچیری ئێرانیەکان و تا ئێستا نابینرێنەوە، هەزارانیان بەدەم سوتانەوە خۆزگەیان بە مەرگ دەخواست، کەچی  ڕزگارکەرانی هەڵەبجە، دەورو پشتی قاسەکە چۆڵ ناکەن لە پێناو گەیشتن بە دەسکەوتەکەی ناوی ، پەلەیانە زوو بیشکێنن و پارەکەی ناوی فریای ئەوخەڵکە بخەن و گەرمیان بکەنەوە، کە لەو دیو سنوورەوە لە برسان و لە سەرما یەک لە دوای یەک بەدەم ئازارەوە سەر دەنێنەوە !!، ئەمەیە درۆزنی و دوڕویی سیاسەت ، کەچی گوایا لە ناکاودا زرمەی ناخۆشتر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەبیستن ، خەونەکانیان دەبێت بە سەراب، هەرچەندە جەماوەر ئەوەندە درۆی بۆ کراوە باوەڕی بەم سیناریۆیەی خوارەوەش  نییە(( بۆ ئاگاداری ئەم نوسینەی کاک شەوکەت لە وەڵامە بە تۆمەتبارکردنەکان بۆیە وەک داکۆکینامەیەک نوسراوە تا تۆمەتەکان لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە، بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت ئەوجا بڕیاری تۆمەتبارکردن بدرێت )) : شەوی 21-22-3-1988 لە کاتێکدا من و مامۆستا ێاڵح قادر و کاک حامیدی حاج خالید و کاک قادر کۆکۆیی لەگەڵ کۆمەڵێکی تر لە لێپرسراوەکانی ((ی ن ک )) لە عەبابەیلێ بووین سەعات ((10)) شەو گوێمان لە تەقینەوەیەکی گەورە بوو لە ناو شاری هەڵەبجەدا - کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوکەت حاجی مشیرل5 5، کاک حەمەی  حەمە سەعیدیش لە هەمان پەرتوکدا ئاوا باسی سیناریۆی بڕینی بانکی هەڵەبجە دەکات"ئێرانییەکان داوایان کرد دەستەیەک پێشمەرگە ببنە پاسەوانی بانقی هەڵەبجە. شەوێک عێراق زۆر تۆپبارانی ناوشاری کرد،من لە عەبابەیلێ بووم پێشمەرگەکان هاتنەوە و ووتیان ناتوانین لەناو شاردا بمێنینەوە، چەند رۆژ پێش ئەمە یەکێتی ویستی ئەو بانقە بکاتەوە نەیان توانی ئەویش لە رێی لیژنەیەکەوە کە ئەوانی لە بیرم مابێ  مامۆستا ێاڵەح ماواتی و حامیدب حاجی خالید بوون، بەرپرسی پاراستنی بانقەکە مەجیدی حاجی عەلی لە تیپی 37ی شار باژێر بوو.
هەر لەو هەفتەیەدا بوو، رۆژێک ئێمە لە خانووەکانی شێخ کەماڵی عەبابەیلێ دابووین ئۆتۆمۆبیلێکی پیکاپ لاندکرۆزەر هات کە هی پاسدارەکانی قەرارگای رەمەزان بوو، ووتیان ئەمشەو بانقەکەیان بڕیوە.
کاک شەوکەت و چەند کەس لە گەڵیان رۆشتن و دوای هاتنەوە، ئێمە پرسیمان چی لێهاتووە؟ کاک شەوکەت وتی: بانقەکە تەقیوەتەوە بەڵام دیارە پێشتر بە کلیل کراوەتەوە ئەو پارەو زێڕەی تیای بووە بڕاوە،
دواتر تەقێنراوەتەوە، چونکە تەنها پارەی وردەی ئاسن بڵاوبووەتەوە ئاسەواری زێڕو پارەی کاغەز هیچ نەکەوتووە ل100-101.
کە ئەم هەواڵە جەرگبڕە ناخۆشە دەبیستن، بێشک بەلایانەوە لە بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە جەرگبڕتر بوو، ئێشی لە 5000 تەرمی شار گەورەتر بوو، بۆیە بە پەلە خۆیان دەگەیەننە بانقەکە تا فریای خەونەکانیان بکەون، بە بان تەرمەکانا دەڕۆن و ئاوڕ لە نوزەی بریندارەکان نادەنەوە، بۆ ئەوەی  زوتر دەست لە ملی دینارە سەوزەکان بکەن ، کەچی بە وتەی خۆیان بەبێ ئومێدی دەگەڕێنەوە، هەرچەندە زۆربەی  خەڵکی هەڵەبجە گومانیان لە ڕاستی ئەم وتەیە  هەیە : هەر شەو سەعات ((12)) کاک حامیدی حاجی خالید  و مامۆستا ێاڵح کە ئەو هەواڵەیان بیست یەکسەر ڕۆیشتین بۆ هەڵەبجە، سەردانی بانقەکەیان کردبوو کە دیبوویان بە تەواوی دیوارەکانی ڕووخاون  و (( قاێەکەی )) تەقی بوویەوە ... کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوکەت حاجی مشیر  ل 56 . کەچی ئەوان چەند کاتژمێرێک  خۆیان دەگرن، بە پێی سیناریۆی پەرۆشییەکان پێشوی خۆی بێت راست نییە

((سەر لە بەیانی من و مامۆستا ێاڵح ڕۆیشتین یۆ هەڵەبجە و سەردانی لای بانقەکەمان کرد هیچ پاسەوانێکی لێ نی یەو قاێە و بیناکە هەموی تەقێنراوەتەوە لە ناو بەرد و ئاسن و دیوارە ڕوخاوەکانیدا تەنها دوو نیوە تورەکەی بچووک پارەی ئاسنمان دۆزییوەوە لە (( 10 فلس +25 فلس +50 فلس+100 فلس+250 فلس)) کە هەمووی نەی ئەکردە شەش هەزار دینار . سەیر لەوەدابوو کە هەموو ماندووبووین تەنها یەک لەت دیناری کاغەز یان 10 دیناری یان 25 دیناریمان نەدۆزییەوە کە بیسەلمێنێ کە قاێەکە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە ، ئەگەر چەند نموونەیەکمان دەست کەوتایە دەرئەکەوت قاێەکە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە- کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوکەت حاجی مشیر ل  57 .

دوای تەقاندنەوەی قاسەکەش  لە خوێنی بە ناهەق ڕشاوی  پارەکەی ناوی  خۆش نابن و لێپرسینەوەی لەسەر دەکەن ، کەچی خوێنی 5000 هاووڵاتی  کەس نییە لێی بپرسێتەوە و تەرمەکانی بژمێرێت و خاوەندارییەتیان لێ بکات، لێپرسینەوەکانیش بۆ شاردنەوە نەک دەرخستنی راستییەکان  :  پێش نیوەڕۆی 23-3-1988 لەوێ کۆبوینەوە کە لێپرسراوی یەکەمی حیزبەکان هاتبوون لە ناوچەکەدا ، چونکە کۆبونەوەکە لەسەر داوای من بوو ، لە پێشدا من قسەم کرد پێم ووتن تەقینەوەی ئەم بانقە نابێت هەروا بە ئاسانی بڕوات بە تایبەت ئێمە وەک (( ی ن ک)) لێپرسراوی یەکەم بووین لە سەرەتای شەڕدا کە شاری هەڵەبجە گیراوە 58 .گرنگ نییە بانکەکە و پارەکەی ناوی  کەوتبێتە دەست کێ، کە زۆر ڕیوایەت و  چیرۆکی جۆراوجۆری  لەسەر دەگێڕنەوە، گرنگ ئەوەیە ئەوەی دزیویەتی بەشێک بووە لە هێزی بەناو ڕزگارکەری هەڵەبجە" سەری هەڵەبجەییەکان بۆ بەعس ماڵەکەشیان بۆ هێرشبەران " .

ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ ئێمە، ئەوەندەی گرنگی بە بانکەکەی هەڵەبجە دراوە لەو رۆژە ڕەشە، هەزاریەکی  ئەوەندە گرنگی بە چارەنووسی خاوەند پارەی ناو بانقەکە نەدراوە!، بۆ ئەوەی ببن بە خاوەندی شەرعی پارەی بانقەکە تاکە ڕێگا ئەوەیە لە خاوەنەکەی ڕزگاریان بێت .

بەم جۆرە دەبینین   هەڵەبجەییەکان بە دلی هەموو پێکەوە بۆ مەرگ بردراون، شەریشِ لەسەر میراتەکانیان سازکراوە، هەموو کات لە مێژووی نوێی کورددا شەڕ بۆ دەسکەوتە نەک خەڵکەکەی  .



قەرەبووکردنەوەو داوای لێبوردنکردن



پشیلە هەر پشیلەیە و تاوانیش کێ بیکات  هەر تاوانە پێویستە لێپرسینەوە لە بکەرانی بکرێت، ئەو لایەنانەی ( ینک ، پدک، سۆسیالست ،بزووتنەوەی ئیسلامی،مەجلیس ئەعلا- کۆماری ئیسلامی ئێران) کە بڕیاری ئەم جەنگە نەگریسەیان داو هەڵەبجەیان بۆ چالاکیەکەیان هەڵبژارد و دەستیان کرد  بە تاڵان و رێگە گرتن لە خەڵک و بە بارمتە گرتنیان تاوانیان ئەنجامداوە بە تایبەتی بڕیار بە دەستانی ئەوکاتی ئەو لایەنانە کە تا ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، هەموو ئەوانەی گلاونەتە تاوانەکەوە بە تایبەت رابەرە دەستڕۆیشتوەکانیان لە بڕیاردان، رابەرایەتیکردن، زانینی جەنگەکەو ئاگادارنەکردنەوەی خەڵک و لایەنەکانی رۆژهەڵات، دزیکردن  و رێگە گرتن لە هاووڵاتیان بەرپرسن لە بەشێک  لە تاوانەکە و پێویستە داوای لێبوردن  بکەن لە قوربانیان و بنەماڵەکانیان و بۆ مێژووش پێویستە راستیەکان دەرخرێت و بە دۆکۆمێنت بکرێت، هاوکات لایەنەکانیان پێویستە لە بودجەی حیزبەکانیان بەشێک لە قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە بە تایبەت بانکی هەڵەبجە و دزینی ماڵی هاووڵاتیان بگرنە ئەستۆ، لە تاواندا کەس وەک بڕیاردەرو جێبەجێکار بەرپرسن و هاوبەشن لە تاوان.

کۆمەڵگاکان کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە ڕێبەرەکانیان پرسیاری بەجێ و باش لە خۆیان بکەن و دان بە هەڵەکانیان بنێن، ئەوان نەیان زانیووە کە کونی بچوک دەبێتە هۆی نقوم بونی کەشتی گەورە، بڕیارێکی هەڵەی سەربازی بچووک (( هەڵەی گەورە بوو )) لەوانەیە تاوانی مەزنی وەک هەڵەبجەی لێبکەوێتەوە.

ئەو چەکدارانەی ئەو رۆژە هەڵەبجەیان کرد بە شاڕێگای سەفەری پاسداران بۆ کەربەلا، هیچ گرنگیان بە هاووڵاتیان نەدا ومرۆڤایەتیان لە ناخی خۆیان کوشت:سام لابود یەکێ لە کرێکارەکانی کەشتی ماریا لوئیزا گیانی خۆی بۆ تۆمار کردنی فلیمێک لە بریندار بوونی دوولفین بەهۆی ڕاوە ماسی لە مەترسی هاویشت  ل242- هەنگاوی بچووک بۆ سەرکەوتنی گەورە  -ئانتۆنی ڕابینز ،و.محەمەد شەهدی  -دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی ڕۆژهەڵات 2010 ، کەچی ئەم سیاسیانە بە هەنگاوی شەڕی هاوبەش لە گەڵ ئێران نەک دۆلفینێک  ملیۆنان مرۆڤ و گیاندارو  گوندیان نغرۆ کرد، تا ئێستاش لە شوێنەواری ئەو ژەهر بارانە ژینگە پاک نەبۆتەوە.
پێویستە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار بوو لە شەڕی هەڵەبجە  قەرەبووی ئەوانە بکەنەوە کە نەیتوانیووە گرەنتی پاراستنی ژیانیان  بکەن بە تایبەتی لە تاوانەکانی جینۆساید، دەبوایا لایەنە سیاسیەکان گرەنتی پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانیان بکردایە لە بری دزینی ماڵیان و رێگە گرتن لە رزگارکردنی خۆیان.
بۆیە ئەوان هەموویان لە تاوانێکدا هاوبەشن، ئەویش ئەوەیە نەیانتوانی هاوکاری و کۆمەکی ئەو خەڵکە بکەن کە ژیانیانیان خستە مەترسییەوەو بەرەو دۆزەخیانیان برد .
لە کاتێکدا لایەنە کوردیەکان هیچ کەسێکیان سزا نەدا بەرامبەر بەو هەموو کارە دزێوانەی لە هەڵەبجە و ئەنفال ئەنجامدران کەچی دەبینین :ژەنەرال یاماشیتا لە گەڵ 900 یابانی دیکە لە دوای جەنگ بە تاوانی جەنگ ئیعدامکران، بە تاوانی ئەوە ئیعدام کران لە کۆتایی جەنگدا سەربازەکانی تاوانیان ئەنجام دابوو ،لەو کاتەی کۆنترۆڵی بەسەریانا نەمابوو ((ژەنەراڵ یاماشیتا)) 501  سنە الغزو مستمر –نعوم تشومسکی،المدی ،گبعە الپانیە 1999ێ386.
بە پێچەوانەشەوە زۆر جار  لە مێژوودا لە ژێر پەردەی ڕزگار کردندا تاوان ئەنجام دراوە و کەچی  لە تاوانبار نەپرسراوەتەوە:ساڵی 1965 زانکۆی  ئۆکسفۆرد  دکتۆرای  شەرەفی بەخشی بە ترۆمان کە فەرمانی  بۆردومانی  هیرۆشیماو ناکازاکی  دا، لە کوردستانیش بە هەمان شێوە  زۆر جار دەبینین  خەڵات دەبەخشرێتە ئەو تاوانبار و تۆمەتبارانەی پرسی جینۆسایدی گەلی کورد، یاخود ئەوانەی بروسکەی پیرۆزبایی تاوانی هەڵەبجەو ئەنفالیان بۆ تاوانباران نووسی دەبردرێنە پێشەوەو دەکرێنە واجیهەی راگەیاندنەکان.
لە کاتێکدا خەڵکی هەڵەبجە بەهۆی دەبەنگی بڕیاردەرانی شەڕی هەڵەبجەوە سەرو ماڵیان چوو ، ئەو پارەیەی دایان نابوو بۆ رۆژی رەش بووە پاروی چەوری دزەکان، سەیر بکەن هاووڵاتیەک ئاوا چیرۆکی هاووڵاتییەکی داماو دەگێڕێتەوە کە هەولی وەرگرتنەوەی پارەکەی بووە لە بانکی هەڵەبجە: بانکی هەڵەبجە دەکەوێتە ناوەندی شار و بانکێکی کۆن و تۆکمە بوو، لەو کاتەدا پیاوێکی دراوسێمان بەڕێوەبەری بوو ، زۆر باش لە یادمە لە حەوشەکەماندا باوکم و بەڕێوەبەری بانک و چەند پیاوێکی دراوسێمان گفتوگۆیان دەکرد دەربارەی هێرشەکە  و ئایندەی هەڵەبجە و کاردانەوەی، پیاوێی هەورامی هات و داوای 16000  دیناری سویسری دەکرد، بەڕێوەبەری بانک سوێندی خوارد کلیلەکانی لێسەندراون و ئاگای لە بانک نەماوە، لە راستیدا نازانم  ئایا پیاوانی رژێم کلیلەکانیان لێسەندبوو یان پێشمەرگە و هێزە کوردییەکان (لڤین –ژ87 –ل15).

ئەم کارە دزێوانەی  لە هەڵەبجە ئەنجامدران هەموو دەچنە چوارچێوەی تاوانە نێونەتەوەییەکانەوە کە زۆربەیان ئێران ئەنجامی داون ((  تاوانە گەورەکە کە کیمیا باران و ئەنفالکردنی خەڵکەکەیەتی بەعس ئەنجامی داوە ))  ،بەپێی مادەی 8  خاڵی د،فەقەرەی ئەلف لە ئەرکانەکانی تاوان بە پێی پەیمانامەی رۆما  "پێشێلی  گەورە بەرامبەربە پەیمانەی جنێف 12-8-1949 کرا لە :"لە ڕوخاندن و دەست بەسەردا گرتنی  سامانی نا سەربازی چ حکوومی یان سڤیل"قوتابخانە،کارخانە،کتێبخانە،نەخۆشخانە،بانک.... ".ئیعدامی  بێ دادگایی  دیلەکانی کۆمەڵە و ناچار کردنی  یەکیان بۆ کارکردن لە ڕیزەکانی بەرامبەر ،پەلاماری  ناوچەی سڤیل نشین، دەرکردن و گواستنەوەی خەڵکی هەڵەبجە دوای  داگیرکردنی ... .

المادە8(2)(هه)5

جریمە الحرب المتمپلە فی النهب

الارکان

1-ان یقوم مرتکب الجریمە بالاستیلا‌و علی الممتلکات معینە.

2-ان یتعمد مرتکب الجریمە حرمان المالک من هژه الممتلکات والاستیلا‌و علیها للاستعمال الخاێ او الشخێی.

3-ان یکون الاستیلا‌و بدون الموافقە المالک.

4- ان یێدر السلوک فی السیاق نزاع مسلح غیر دولی او یکون مقترنا به.

5-ان یکون مرتکب الجریمە علی علم بالڤروف الواقعیە التی تپبت وجود نزاع مسلح (( ێ309وپائق اساسیە مختارە ژات ێلە بالمحکمە الجنائیە الدولیە "منشورات محکمە الجنائیە الدولیە"،گبعە الپانیە 2009 )).

دەبوایە دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان، بەرپرسانی دەست ڕۆیشتووی لایەنەکانی جەنگی هەڵەبجە بچونایەتە سەر مەزاری شەهیدان و داوای لێبوردنیان لە هاووڵاتیان بکردایە، لە بودجەی حیزبەکانیان رێژەیەکی  زۆریان بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەڵەبجە ببڕدایەتەوە، هاوکات بە نرخی رۆژ و بە خستنە سەری قازانج بە پێی هێزی کڕینی ئەو 870000 دینارە لەوکاتە قەرەبووی زەرەرمەندانی بانکی هەڵەبجەیان بکردایەتەوە، هەرچەندە هەنگاوێکی زۆر بچووکی ناتەواو لەم بوارەدا نراوە وەک بەڕێوەبەری بانکی ئەو سەردەمە دانی پێدا دەنێت، ئەوەش لام روونە زۆربەی بەر دەستڕۆیشتووانی ناو حیزب کەوتووە:

قادر سۆفی سەعید : ئێمە تا ماوەیەکی زۆر پارەکانمان بۆ ئەو کەسانە دەگێڕایەوە کە داوایاندەکرد، بەڵام دواتر وەستێنرا ،بەهۆی ئەوەی خەڵک زۆر درۆیانکرد،لەوەی کە چەندێک پارەیان لە بانقدا بووە (لڤین –ژمارە 87 – ل 17).

لە کۆتاییدا دەڵێم کاتی ئەوە هاتووە سیاسییە بڕیار بە دەستەکانی ئەوکاتی لایەنەکانی شەڕی هەڵەبجە، ئەوانەی لە ژیاندا ماون تا فرسەتیان لە بەردەستدا ماوە، با  لە 16ی ئادار بچنە هەڵەبجە و داوای لێبوردن لە خەڵکەکەی بکەن و لە مومتەلەکات و بودجەی حیزبەکانیان قەرەبووی زیان لێکەوتوان و هەموو دانیشاوانەکەی  بکەنەوە، ئەوانەشی نەماون لە مومتەلەکاتی کەسی ئەوەی بەناویانەوەیە یان حیزبەکانیان قەرەبووی خەڵکەکە بکرێتەوە، هەرچەندە ئەمان شانسی داوای لێبوردنیان لە دەست چووە، وە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ گەڕان بەدوای راستییەکانی ئەم دۆسیەیە پێک بهێنرێت و تەواوی لایەنە شاراوەکانی بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت، تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تژییە لە نهێنی خەردەل خەڵکەکەی کوشت وەلێ نهێنییەکانی بە زیندویی هێشتۆتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە