بۆ ئەلیزەبێت، زانیوتە، کچە شەرەڤانی بریتانی، لە عەفرین، تاجی مەلیکی مرۆڤایەتی لەسەر نا!

Monday, 19/03/2018, 11:53

4735 بینراوە


ماتت بلەکی، نووسەری بریتانی دەنووسێت،
ئاننە کەمبل، ژنێکی بریتانی، شان بە شانی شەڕەڤانان بەرەنگاری لە عەفرین دەکرد، لە هێڕشە سەربازییەکانی تورکیا و بەکرێگیراوانی بۆ سەر شاری عەفرین، ئاننە کەمبل شەهید بوو و گیانی بەخشی بە پرسی مرۆڤایەتی و کورد.
ئاننە کەمبل، تەمەن بیستوشەش ساڵ،  بەخۆبەخشی پەیوەندیی کردوە بە هێزی یەپەگە بەشی ژنان، بۆ بەشداری کردن لە جەنگی دژ بە داعش. دوای هێرشەکانی تورکیا، بۆ سەر شاری عەفرین، ئاننە، لە لێپرسراوەکەی دەپاڕێتەوە کە ڕێگەی بدەن، بچێت بۆ شاری عەفرین بۆ بەرەنگاری بوونەوە دژ بە هێڕشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو شارە.
لێپرسراوی هێزی ژنانی یەپەگە، ڕەزامەند نابێت لەسەر داواکەی ئانن، بەڵام ئەو سوور دەبێت و پێداگری دەکات لە سەر داواکەی. دواتر، لێپرسراوی بەشی ژنانی هێزی یەپەگە، ڕێگەی پێدەدات بچێت بۆ عەفرین لە کۆتاییەکانی مانگی یەکی ٢٠١٨دا و لە ١٦/٣/٢٠١٨دا شەهید دەبێت.  شایەنی باسە، لەوەتەی هێڕشەکانی تورکیا دەستی پێکردوە بۆ سەر شاری عەفرین لە کوردستان، ئەوە یەکەم و تەنیا ژنی بریتانی نییە، کە بەخۆبەخشی پەیوەندیی کردبێت بە هیزی یەپەگە و یەکەم ژنی بریتانیش نییە شەهید بوو بێت .

دیرک کەمبل، باوکی ئاننە باسی کچەکەی دەکات و دەڵێت" ئاننە، کچێکی جوان و خۆشەویست بوو، ئەو کەساییەتیەک بوو، دەچوو بۆ هەر شوێنی بۆ بونیات نانی جیهانێک کە خۆی بڕوای پێ بوو" هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "ئاننە، بڕوای بە مافی مرۆڤ هەبوو و مرۆڤ دۆست بوو، خۆی بەخشی لە پێناو بیروباوەڕەکانی.
ئاننە، کچێکی جدی بوو، خاوەن بڕوایەکی عەقیدەیی بوو، لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە جیهانێکی باشتر بەرهەم بهێنێت بۆ مرۆڤاییەتی، کاتێک کە شەهید بوو، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند بوو دژ بە هێڕشەکانی تورکیا لە ١٦/٣/٢٠١٨".
___________________________________________________

شاری عەفرین، لەگەڵ ئەوەی کە پشتیوانی نێودەوڵەتی نەبوو لەسەر ئاستی دەسەڵاتداران و سەڕۆکی وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا و ڕوسیا، بەڵام لەسەر ئاستی خەڵکی سەر شەقام، مرۆڤی بە ویژدانی وەک ئان و نووسەری بە هەڵوێستی وەک ماتت و چومسکی و دەیانی دی، لە نێو کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی پشتیوانی لێ کرا.
ئاشکرایە لە وڵاتانی سەرمایەداری، سیستەمی دیموکراتی بە هەموو ماناکانی پەیڕەو ناکرێت، ئەوەندە گوێ لە دەنگی شەقام ناگیرێت، ئەوەندەی گوێ لە بەرژەوەندیی و کەڵەکە کردنی سەرماییە دەگیریت و لە بەرنامەی کاردا پلانی بۆ دادەرێژرێت.
ئانن، خەڵکی وڵاتێکە، هەنوکە مەلیکەی وڵاتەکەی سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ زەماوەندی نەوەکەی "هاری"، بە سەدان میلیۆن پاوەندی ئەسترلینی خەرجی ئەو زەماوەندە دەبێت، کە بەرهەمی رەنج و بازووی چینی زەحمەتکێشی بریتانییە.  هەروها مەلیکە ئەلیزبێت، وەک ڕۆژی ڕووناک زانیاریی هەیە، دەربارەی تاوانەکانی ڕەجەب کە ئەنجامی دەدا لە عەفرین دژ بە مڕۆڤایەتیی و نەتەوەی کورد، بەڵام مەلیکە ڕازی نییە بە وشەیەک سەرکونەی ئەو هێڕشە ناڕەوایەی تورکیا بکات بۆ سەر شاری عەفرین، کە بە سەدان هەزار کەسی بێ تاوان ئاوارە بوون و شەهید بوون، بەڵام ئاننی کچۆڵەی خاوەن هەڵوێستی بەرز. لە ١٦/٣/٢٠١٨دا  کە ڕۆژی کارەساتی هەڵبجەشە، تاجی مەلیکی مڕۆڤایەتیی خستە سەر و لە عەفرین ماڵئاوایی کرد. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە