نەورۆزی ئەفرین

Tuesday, 20/03/2018, 13:38

2060 بینراوە


شاری ئەفرین بە پێکهاتە ڕەنگاوڕەنگەکەیەوە، لە کورد و عەرەب، تورکمان، سونی، عەلەوی، ئەرمەنی و ئێزیدی، لە پاش ڕزگاربوینیان لە دەستی ڕژێمی ئەسەد، توانیان بۆخۆیان کانتۆنێکی سەربەخۆی خۆیان دامەزرێنن، لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی گەلانی ئازاددا.
ئەم خۆسەرییە نەک بووە هۆی گەشانەوەی ئابوری و کۆمەڵایەتی، بەڵکو وەک پەناگەیەکی ئارام و ئاسایشی سیاسییانە، زیاتر لە نیو ملێۆن ئاوارەی عەرەب ڕویان تێکرد و لە مەڵبەند و گوندەکانی چواردەوەر، ئامیزیان بۆ کرایەوە و لەگەڵ خەڵکی عەفریندا، دڕێژەیان بە ژیانی خۆیان ئەدات و لە بوارەکانی ئابوری و بازرگای و کۆمەڵایەتی هاوشانیان بوون.
شارێک کە  تورکیا لە سێ لاوە، هاوسنووری بوو، تاکە دەرچەیەکی بچوکی هەبوو بۆ هاتوچۆ و پەیوەندەی بە دنیای دەرەوەی خۆی و دووکانتۆنەکەی تری کوردەوە.  
بەڵام لەگەڵ ئەم پێگە جوگرافییە سەختە و ئەم بێ دەرەتانی و ئەو فشارە زۆرەی پەنابەران، توانی لە سەر پێی خۆی بوەستێت و گەشە بە خۆی وەک دەوڵەتچەیەکی بچوکی سەربەخۆ بدات، وە ژیان و ئاسایش و ئابوری دانیشتوانەکەی ڕێکخات و پیێکات.
وە هێزی یەپەگە و یەپەژە، پاشان پێکەوە لە هێزی سوریای دیموکرات، توانیان ئاسایشی خەڵکەکە دابین بکەن و وەک هیزێکی ئامادە باش، هەمیشە بۆ ڕوبەڕوی هەر ئەگەرێک ببنەوە.
ئەم ئاشتی و پێکەوەژیان و ئارامییە، نە بۆ تورکیا و بازرگانانی جەنگ، جێی پەسەند بوو، نە بۆ خودی ڕژیم و چەتە بە ناو ئیسلامییەکانی بەکرێگیراوی تورکیا هەر ئەکرا، چونکە:
زمانی کوردی و کولتوری ڕەسەنی کوردی و دەسەڵاتداریی گەلانی ئازاد گەشەی کردبوو، بۆ خەڵکی ناوچەکە دەرکەوتبوو، کە لە هەموو ناوچەکانی تری سوریا باشتر و پوختر و مرۆڤانەتر، دەسەڵاتی کورد بەڕێوە ئەچێت.
شتێک نەمابوو بە ناوی دەمارگیری نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزادیی.
گیانی لێبوردەیی و یەکترپەسەندکردن و ڕێزلەیەکگرتن، وەک بنچینەی سیاسەتی پەیەدە، پەیڕەو ئەکرا، کە یەکەم جارە لە وڵاتی شام پیادەبکرێت.
کەس هەستی بە نامۆیی  و بێزارکردن و چەوساندنەوەی ئەتنیکی و ئایینی نە ئەکرد، هەموو خۆیان بە خاوەنی ئەو ئەزمونە تازەیە ئەزانی.
هەر بۆیە تورکیایەک و بە تایبەتی ئاکەپە، کە کورد وەک تیرۆریست لە قەڵەم ئەدات، ئەبوایە ئەو نمونە جوانە تێکبدات و لەناوی بەرێت،،. 
ڕژیمە ستەمکارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە سەر ململانی ئاینی و ئەتنیکی میللەتان ئەژین، دونیا بە ڕەش و سپی ئەبینن و هەمیشە میللەتانی خۆیان ئەکەن بە دوژمنی یەکتر، بۆ ئەوەی خۆیان لەسەر دەسەڵات بهێڵنەوە و  میللەتەکانیش سەرقاڵی شەڕی لابەلایی ئەکەن، تا میللەتێکی هیلاک و بێئومێد و کەساس بخوڵقێنن.
فەلسەفەی نوێی میللەتانی خۆرهەڵاتی ناوین، تازە چەکەرەی کردووە، هەموو ئەو ستەمکارانەی بە سەدان سالە گەمە بەم جیاوازییانە ئەکەن و خۆیانیش بە پاشا و پایەدار، بە سوڵتان و سەرۆک ئەهێڵنەوە. ئیتر شوێنپێیان لە سەری 21 دا شل ئەبێت و ناوچەکە بەجێدێڵین.
یەکەم کارێک کە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی سوپای ئازاد و تورکیا کردیان؛ ڕوخاندنی پەیکەری کاوە و زەردەشت بوو.
هەر بۆیە نیاز و ئامانجیان دیارە کە نایەوێت، کورد نمونەیەکی جوان بدات بە گەلانی ناوچەکە، ئەگینا من لەوباوەڕدام، تازە ناتوانن لەوێ بمێننەوە، لە کورترین دەرفەتدا، گورزی کاوەیان لە لایەن شەڕەڤانانەوە بەر ئەکەوێت، وە ئەم داگیرکردنەش کاتییەوە و ئەڕەوێتەوە. هەڵەبجە و ئەنفال و ‌قڕکردنی زۆرمان بینی، کورد و بێ ئومێد و ماتەمینیان نەوتووە.
کەواتە، جەژنی نەورۆز بکەنە جەژنی عەفرین، جەژنی بەرخۆدان،
بەرگی کوردی ئاڵوواڵا بپۆشن، بەڵام بە شکۆوە ڕێپیوان و نەورۆز بڵێنەوە.
ئاگر بکەنەوە، چونکە ئەوان حەزیان لە ڕوناکی نییەوە  و ئاگریش بە سومبولی کورد ئەزانن.
مانگی ئازار تاکە مانگی کوردییە کە لە بنچینەدا لە وشەی ئاتر، ئاگر، ئازروە هاتوە، کە مانای ئاگرەکەی زەردەشت و کاوەیە. ئیتر چۆن وەک ئاگر نەپشکوێین و نەگڕێین. 
عەفرینیش، بەمانای ئەفرینە ،لە ئافراندنەوە هاتووە، یانی ئافرێندراو و خوڵقێنراو، کە لە دایکبوونی سەرەتای شۆڕشی ڕەسەنی کوردییە بۆ ژیانێکی نوێی تۆلەرانس و هاوپەیمانانە، کە هەموو مرۆڤەکان مافیان پارێزراو بێت و پێکەوە بونیادی شارستانییەکی نوێ لە خۆرهەڵاتی ناویندا پیادە بکەن.
هەموو ڕیگاکانی یەکتر قڕکردن و یەکتر توانەندنەوە و یەکترپەسەند نەکردن تاقیکرایەوە، ئیتر کاتی ئەوەیە وەک گەلانی پێشکەوتوی دونیا پێکەوە بژین و یەکترمان خۆشبوێت و پیکەوە بژین.
ئاگری نەورۆزی عەفرین، ئەبێت زۆر گەش و بەژن زراف بێت لە هەر کاتێکی تر، بۆ ئەوەی کەس نەڵێت کورد مردووە،چونکە کورد زیندووە.
بەڵام شکۆی شەهیدان و قوربانیانی گەلەکەشمان لە ئەفرین لە یاد نەکەین و ناوی ئەفرین و بەرزڕاگرتنی گەورەیی بەرخۆدانی عەفرینیش لە یاد نەکەین.
قوربانیدانی گەورە، مژدەی گەورەی بەدوا دێت، قەد بێئومێدیش نابێتە ڕێگای ڕزگاری گەلان.

20.3.2018 لاهای

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە