کۆمەڵکوژ کۆتایی کورد و سەرکەوتنی هەمیشەیی ئەوان نییە

Wednesday, 21/03/2018, 4:27

3733 بینراوە


لەدوای هاتنی ئیسلامەوە هەتا ئێستا هەر کاتێک گەلە مسوڵمانەکان هێرشیان کردۆتە سەر کورد بەناوی خوداوە هێرش و کۆمەڵکوژییان کردووە ، و بە کوردیان گووتوە کە خودا دژی ئێوەیە ، و ئێمەش یار و سەربازی خوداین و شەریعەتی خوداتان بەسەردا دەسەپێنین ! هەر لەبەرئەوە زۆرجار کورد ڕقی له هەموو دین و پەرستگایەک بووە ، کە ڕەوایەتی بداتە کۆیلایەتی کورد ، کوردی بەرگری دەکات دژی دین و سەرکردەیەک ڕەوایەتی بداتە کۆیلایەتی ، و لەگەڵ برسێتی و کۆمەڵکوژی کورد دابێت .

ئەوەی ڕاستییەکی بەڵگە نەویستە مێژووی دەسەڵاتی ئیسلام ( نەک خودی دینی ئیسلام ) پڕیەتی لە خوێن ، خوێنی لێدەچۆڕێت ، پڕیەتی لە تاڵانی و کاولکاری و مەرگدۆستی و چەتەی خوایی ، پڕیەتی لە حەجاج و معاویە و و یەزید و عبدولمەلیک و موعتەسەم وعبدولحەمید و سەلیم و ئەردۆغان ....... ، قڕکردنی ئەمازیغییەکان و قبتییەکان و قەڕامیتەکان و زەنجەکان و ئەرمەن و کورد و بە کەنیزەککردنی کچانی قەوقاز کە دواتر ژمارە و نەوەکانیان ئەوەندە زۆر بوون دەوڵەتی مەمالیکیان دامەزراند ...... بەرهەمی ئەم مێژوو و فتوحاتەیە ، کە دەڵێت ماڵەکانیان تاڵان بکەن ، ئافرەت و منداڵەکانیان بکەنە کەنیزە و غەنیمە . جیزیە و سەرانەیان لێ وەربگرن . نێرینەکانیشیان سەرببڕن . هەردینێک بانگەشەی ئەوپەڕی عەدالەت بکات مافی ئەوەی نییە جوانییەکانی بە مرۆڤ بفرۆشێتەوە ، بەڵکو ئەو کۆمەڵکوژ و تیرۆرانە لەسەر هەڵگرانی پەیامەکانی ئەژمار دەکرێت .

هەموو ئەو کۆمەڵکوژی و کوشتار و داگیرکاری و نادادپەروەری و کۆیلایەتیەی مێژووی ئیسلام ، کورد نە ئەنجامیداوە و نەلێی بەرپرسیارە ، بەڵکو خودی کور دەیان جار قوربانی دەستی ئەو عەقڵێتە دژە ئینسانی و ژیانی و مەرگدۆستەیە . لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە سەڵاحەدینی ئەیوبی( سەردەستەی گروپی بە کۆیلەکردنی ناوکورد ) بوو هەر زوو ئیسلامی بۆیان لە دەستی خاچدروشمەکان ڕزگارکردەوە ، دەنا نەک دوای جەنگی یەکەمی جیهان هەر ئەو کات جیهانی ئیسلام دەبووە کۆڵۆنیای خاچدروشمەکان ، هەموو تاوانکاریەکانی مێژووی ئیسلام لەسەردەستی عارەب و تورک و فارس ڕوویداوە ، بەڵام ئەم ئیسلامییە عەیاره بیست و چوارانەی کورد خاوەنداری لێدەکەن !
ئەحمەدی موفتی زادە دەڵێت : " سەرم سوڕماوە چۆن ئەم دینە بەدەست مەلاکانەوە ماوە ". منیش دەڵێم سەرم سوڕماوە ئەم دینە چۆن بەدەست گروپ و تاقمە ئیسلامییەکانەوە ماوە .

هەر لەداگیرکاری ئیسلامەوە لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕاشدی و ئەمەوی و عەباسی و سەفەوی و و قەجاری سەلجوقی وعوسمانی تا دەگاتە سەردەمی دەوڵەت نەتەوەی عەرەب و تورک و فارس و دابەشکردنی کوردستان بەفشار و بەرژەوەندی ئیمپریالیزم لە ڕێکەوتننامەی لۆزانی ساڵی 1923 بەسەر ئێران و عێراق و تورکیا و سوریادا تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ ئەم سێ نەتەوە ئیسلامە چەندین کۆمەڵکوژیان دژی کورد ئەنجامداوە ، داگیرکاری و تاڵانی کوردستان لەسەرەتایی داگیرکاری ئیسلام و پاشان کۆمەڵکوژی دێرسیم و ڕۆبۆسکی و کۆمەڵکوژی وان و کیمیابارانی سەردەشت و قۆناغەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی قامیشلۆ و ئیتنۆساید و جینۆسایدی فیزیکی و کەلتوری و ئابوری و سیاسی و یاسایی و بەعارەبکردن و فارسکردن و تورککردن و ڕاگوستن و ئاوارەکردن و دواین کۆمەڵکوژیش ئەمەی عەفرینە .

ئەوەی ڕاستییەکی حاشە هەڵنەگرە ئیمپریالیزمی بێ ئەخلاقی ئەمریکا و ڕووسیا و ئەوروپایی بانگەشەکەری دیموکراسی و عەلمانییەت و مافی مرۆڤ و مافی گەلان ، بەرژەوەندی نائەحلاقییان لە کورد گەورەترە ، دابەشیانکردین ، و بوونە چەک فرۆش بە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا بۆ قڕکردن و جینۆساید کردنمان .

کاتێک حکومەتی عێراق بۆ چەوساندنەوەی گەلی کورد هەموو ڕێگەیەکی گرتەبەر ، کوردیش لە وەڵامی ئەو سیاسەتەدا لە خەبات و بەخۆدانی بەردەوام دا بوو ، حکومەتی عێراق تەواو لاواز ببوو ، بۆ ڕزگاربوون لە کورد ، ڕێکەوتننامەی جەزائیری لە ساڵی 1975 دا لەگەڵ ئێران واژۆکرد ، بە هاوکار و ئاگاداری ڕووسیا و ئەمریکا و ئەوروپا و تەواوی ووڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان  کورد دووچاری ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی بوویەوە، بەڵام ئەم ڕێکەوتنە نەبووە هۆی کۆتایی کورد ، بەهۆی ململانێی نێوان ئەو دوو دوژمنە هەر 5 ساڵ دواتر جەنگێکی هەشت ساڵە لە نێوانیاندا ڕوویدا ، و بووە هۆی وێران بوونی هەر دوو ووڵات لە ڕووی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئاینییەوە ، ئەوان بۆ قڕکردنی کورد ئەم ڕێکەوتنەیان کرد ، بەڵام نەخۆیان قازانیان لێکرد ، نە کوردیش کۆتایی هات ، و جەنگێکی ماڵ وێرانکە ڕووبەڕووی هەردوو لایان بوویەوە .

لە هەر چوار پارچە دوژمنان چەندین جوڵانەوە و ڕاپەڕینیان سەرکوت کرد ، لەوانە شۆڕشەکانی شێخ مەحمود ، شێخ ڕەزا ، سەید ڕەزای دەرسیم ، سمکۆی شکاک ، ئارارات ، شێخ ئەحمەد ، کۆماری کوردستان ، مەلا مستەفا ، ئەیلول و چەندین تێکۆشانی دیکەی کورد ، بەڵام نەتوانیان کورد بتوێننەوە و نە خۆشیان بوونە خاوەنی ئابورییەکی بەهێز و دەوڵەت و ئاسایش و ئاشتییەکی هەمیشەیی .

ئێستاش دوای ڕێکەوتنی ڕووسیا و سوریا و تورکیا بە ئاگاداری ئەمریکا و ئەوروپا و ووڵاتە ئیسلامی و عەرەبییەکان ، بۆ گۆڕینەوە عەفرین بە ئدلیب و غۆتە ، بە مانای ئاشتی سەرتاسەری ئەوان و کۆتایی ئێمە نیە ، ئەمە سەرەتایی جەنگێکی گەورەی ماڵوێرانەکەرە ، کە دواتر تورکیا باجەکەی زۆر بە قورسی دەدات ، خەبات و بەرخۆدان و شۆڕشی خۆرئاواو باکوریش بە پشت بە ستن بە هێزی گەل و فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆ لە بن نایەت و تاو دەسەنێتەوە .

سیاسەتی ڕووسیا لەگەڵ کورد لەسەر بنەمای خیانەت لەکورد وەستاوە ، هەر لە خیانەتی ڕووسیا لە کورد دژی کۆماری کوردستان لە مهابات بەرامبەر نەوتی ئێران ، دواتریش خیانەتی ڕووسیا دژی خۆرئاون ، تا کورد نەگاتە سەر دەریا و ببێتە ناوچەیەکی ستراتیجی و گەیاندنی غازی سروشتی ناوچەکە بە ئەوروپا و ببێتە بەدیلی غازی سروشتی ڕووسیا بۆ ئەوروپا ، دەرئەنجامی ئەم سیاسەتەی ڕووسیاش کۆمەڵکوژی مهابات و عەفرین بوو .

ئەم هاوکێشەیە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئێمە دەبێت تەنیا پشت بەهێزی گەل ببەستین . چونکە ئەروپا و ئەمریکا و ڕووسیا دابەشمان دەکەن ، و دواتر بۆ بەرژەوەندی خۆیان بڕیار لە چارەنووسمان دەدەن ، و تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا و ووڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکانیش جینۆسایدمان دەکەن و بوونیشمان بە مەترسی دەزانن .

لەڕاستیدا ئەوەی لە خۆرئاوا ڕوودەدات شەڕی دوو ئایدۆلۆژیایە ، ئایدۆلۆژیایەکی ئیخوانی میانڕەو ! کە بە هەموو هێزیەوە هاواردەکات تیرۆر ، کاولکاری ، سەربڕین وێرانکردن ، ئایدۆلۆژیای ئاپۆیزم ، شۆڕشی خۆرئاوا کە پڕ بە گەروو هاوار دەکات ئاشتی ، ئازادی ، پێکەوەژیانی مرۆڤ و نەتەوەکان ، هاووڵاتی ئازاد و یەکسان ، ئەم ئایدۆڵۆژیایە ڕەققەی پایتەختی داعش و مەنبەج و چەندین گوند و ناحیە و قەزای دیکەیان ئازادکرد هیچ تاوانکارییەکیان ئەنجامنەدا جگە لە ژیاندۆستی و ئاواکردنی سیستمێکی دیموکراسی ، ئایدۆلۆژیای ئاکەپە تەنیا عەفرینیان داگیرکرد ئەوەی  مەغۆل و جەنگیزخان و هۆلاکۆی پاپیرەگەورەیان نەیکرد ئەمان بە بەرگی ئیسلامەوە کردیان .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە