سەرشۆڕی نامە

Saturday, 24/03/2018, 0:26

31141 بینراوە


سەرشۆڕی نامە مەدالیایەکە بەئاسانی بەدەست دێت، چونکە ڕەنج و ماندووبوونی ناوێت، تەنیا هونەرەکەت بخەرە خزمەتی بنەماڵەیەک ئیتر نانت دەکەوێتە ڕۆنەوە و پێویست بە هیچ ئیلاکبوون و ماندوو بوونێک ناکات.
-------------------------------------
• مامۆستای شانۆ و درامای کوردی....
لەسایەی نامەردیی و هونەرەکەتانەوە، نان ئەو نانەیە ئێوە دەیخۆن، کەواتە مامۆستای شانۆ پیرۆزت بێت مەدالیای سەرشۆڕیی و پەیکەری خیانەت، ئەوە هەر تۆی هونەرمەند نیت، کەوا بوویتە قوربانی پاروی چەور و گیرفانی پڕ و جێگەی گەرم و گوڕ و دیوەخانی پڕ دۆلار و ژیانی شاهانە! زۆرن هاو شێوەت، کە نەیانتوانی هونەرەکەیان، یان قەڵەمەکەیان نەخەنە خزمەتی خێڵ وبنەماڵەوە و نەبنە پردی پەڕینەوەی خیانەتکار و خەڵکی ناپاک و وڵاتفرۆش.
هونەر لە دنیادا جوانترین ناسنامەی هەیە، ئەویش ئەوەیە هەر هونەرمەند، یان بەهرەمەندێک لەسەر حیسابی گەل و ئەزموونی کارەکانی خەڵات دەکرێت و جێگای شانازیی هەموو گەلەکەیەتی و پەیکەری بۆ دەکەن وەک سومبوڵێکی نەتەوە سەیر دەکرێت و لە زۆربەی شوێنە گشتیەکانی ووڵات پەیکەری شانازیی و ڕێزی بۆ دروست دەکرێت.
ئێستا ئێوە مەدالیاتان وەرگرتووە پەیکەرتان بۆ دروست کراوە، خاوەنی داهاتێکی خەیاڵین! دڵنیام هیچ شتێک نەماوە پێی نەگەن، تەنیا شانازینامەی ڕاستەقینە و پەیکەری ڕێز و خۆشەویستی نەبێت!
ئێوە وەک هەژار موکریانی و هەندێ شاعیر خاوەنی ڕێز و شکۆی یەک بنەماڵەن و بەس، نەک جێگای شانازیی گەل.
وەک ووتم.... تۆش ناحەقت نییە، کورد لە مێژە هەرچی شکۆ و کەسایەتی خۆی هەیە دەیکاتە قوربانی پاروی چەور و دەسەکەوتی مادیی، بۆیە مێژوومان، هونەر و ئەدەب و فەلسەفەمان گەیشتە جێگا و پێگەی خۆی،  هەموو بێجیاوازی شانازیی پێوە دەکەن!
وەک ووتم....  نیگەرانی ناوێت، چونکە هاوبیر و هاوپیشەی خۆت زۆرن! لەو جۆرە هەر لە سەردەمی میرنشینەکانەوە هەتا سەردەمی ئێستای میرنشینی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی درێژەی هەیە و ئەم کاروانە دوایی نایەت، هەر بەردەوامە لە سایەی خاوەن قەڵەمەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ، هەمیشە هونەر و قەڵەمتان لە خزمەت دەسەڵاتە یەک لە دوایەکاندا بووە و بەردەوام بەدوای پاروی چەور و شوێنی باش و بەرژەوەندی خۆتانەوە بوون، بۆیە حاڵی میللەتەکەمان گەیشتە ئەم ڕۆژەی، کە هەموو شتێک بۆتە مایەی گاڵتەجاڕیی و ڕابواردن.
هونەرەکەی ئێوە وهەموو ئەوانەی بوونەتە شایەری حیزب و چوونەتە دیوەخان و مەقەڕاکانەوە بۆ مەرامی گڵاوی خۆتان و کەسوکاریشتان بەستووە بەکلکی خۆتانەوە و لە تەڕ ئەخۆن و لە وشک ئەنون، ئیتر ئێوە شایەنی نەک شانازیی و مەدالیا و پەیکەرن بگرە ناوتان بە ڕەشیی دەبێ بنوسرێتەوە و بچێتە زبڵدانی مێژووەوە، وەک ئەو دوو بنەماڵە ناپاک و خائین و خۆفرۆشە هەموو خاک و وڵاتیان فرۆشت و گەلیان دووچاری دەردی سەری و مەینەتی کرد!
• پیرۆزتان بێت مەدالیای سەرشۆڕیی و پەیکەری شەرمەزاریی!
• نەفرەت لە خۆتان و لە هونەر و لە ئەدەبتان!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە