ئەفرین و پرسی مافی بەهێزتران لە سیاسەتی جیهانیدا

Saturday, 24/03/2018, 22:49

2418 بینراوە


تیۆرییەکانی مافی سروشتی (Right of Nature) نزیکەی لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەم بەدوواوە سەریانهەڵدا. نوێنەرەکانیان بۆ نموونە بریتی بوون لە تۆماس هۆبس، جۆن لۆک، ڕووسۆ، پوفندۆرف.
-------------------
بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە هێندە بەسە کە ببێژین، فەیلەسوفای ئەم جۆرە تیۆرییە، سەرباری هەموو جیاوازییەکانیان، دەگەڕانەوە بۆ دۆخی سروشتی تاکو پرسی ڕێکخراوی سیاسی ئاوەڵابکەن، واتا ئەوان مرۆڤیان لەو دۆخەدا پێش سەرهەڵدانی دەسەڵات وەردەگرت. ئەوە کە لە دۆخی سروشتیدا باڵادەست بوو، بریتی بوو لە مافی بەهێزتران. بۆ نموونە دەشیا لە گوندێکدا باوکێک و حەوت کوڕەکەی بە دەسەڵاتتر بن لە چەند باوکێکی دی کە کوڕیان کەمتر بوو یان نەبوو. خاوەنموڵکێک دەسەڵاتی زیاتر بوو لە بێموڵکێک و هتد.
ئێمە ئەمڕۆ بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان ئەم پەیوەندییە سروشتییە بە ئاشکرا و بڵاوی دەبینین، واتا دەبینین کە چۆن مەسئولی سیاسی لە دەرەوەی یاسایە، یان مرۆڤ تۆڵە دەسێنێت، واتا یاسایەکی سروشتی پیادە دەکات کە پێچەوانەی یاسای پۆزەتیڤە (یاسای دانراوی مرۆڤی)، یان پێناسەی ناموس دەکات و هتد. لێ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە کە بابەتەکەی پرسی ئەفرینە، گەرەکە ببێژین: بمانەوێت و نەمانەوێت ئاوەزی سیاسەتی جیهانی ڕەچاوی بەهێزترەکان دەکات، چونکە بەو ڕێیەوە هەر ئەکتەرێک (دەوڵەتێک) ئاشتی بۆ خۆی دابین دەکات. پرسی گەلی چەوساوە ی مافمەند تەنیا کڕووزانەوەی داماوانی نێرینەی سەر ڕووی زەمینە، کە لە بنەڕەتدا و بە دیوێکی دیکەدا زۆردار و چەوسێنەرەوەی ژن و زارۆکی خۆیانن، وەک کوردەکانی ئێراق. بۆیە ئاساییە ئەمڕۆ نێوەندەکانی سیاسەتکردن لە جیهاندا کەم یان زۆر خۆبێدەنگکردنیان پەیوەند بە ئەفرینەوە هەڵبژاردووە یان تەنیا گەڤی تورکیا دەکەن. ئەوە هیچ لە بەرژەوەندیی ئەڵمانیادا نییە کە بۆ خاتری ئەفرین پەیوەندییە ئاڵۆزبووەکەی خۆی لەتەک تورکیادا ئاڵۆزتر بکات. تورکیا ژمارەیە لە سیاسەتی جیهانیدا، لێ کورد ژمارەی دوای کۆمایە، چونکە دەوڵەتی نییە.

ئاشکرایە کە لە پەیوەندیی بەم چەشنەدا تەنیا پشت بە خۆ بەستن مایەی مانەوە و تەنانەت ڕابوونە. لە ئاگایی بەم چەشنەوە ئیدی مرۆ لە داماوی و کڕووزانەوە ڕزگاری دەبێت. ئەمە بە پوختی لە ڕۆژئاڤا پیادەدەکرێت – لانی کەم تا ئەمڕۆ ئاوایە و پێدەچیت بەرهەڵستییەکە ستراتیژیی بێت نەک کەفوکوڵی کورد بە کوشتدەر.
ڕێکخراویی کەس، شێوەی گرتنی چەک و تەقاندنی، وەستان، ژست و هتد، سەراپا گەواهی دەدەن بۆ هەڵوێستی ئاگامەندانەی شەڕڤانان. ئەمەیە لە پرنسیپدا تورکیای بەگیرهێناوە. ئەم ئاگاییە دەبێژێت: جیهان چۆنە با وا بێت، گرنگ ئەوەیە یەک تۆز لێی ناپاڕێمەوە. هەمیشە مرۆڤ مێژووکرد بووە، منیش نامەوێت لە مرۆڤ نە زیاتر و نە کەمتر بم. نە پاڵەوانی فشەکەرم و لە تێکەوتندا کتوپڕ بکڕوزێمەوە یان حیکایەت بۆ هۆی تێکەوتنم بهۆنمەوە، نە داماوی پلیشاوەم کە تەنانەت تورک و ئاجەم و ئارەب بە سەرمدا بڕۆن! بە کورتی: مرۆڤی بەم چەشنە کە کەرامەت و ئیززەتی نەفسی لەدەستنەداوە، پێی نەنگییە خەڵکان بە بەزەییەوە لێی بڕوانن. لێ مەسەلەکە لەوەش زیاترە: ئەو هاتووە لە گۆڕینی جیهاندا بەشداری بکات. زۆر بە لایەوە ئاساییە کە چەندین کۆنفرانسی ئاشتی بۆ سوریا ببەسترین و ئەو بانگ نەکرێت. جا چییە؟ بۆ ئەو سیاسەتی نێوخۆ سیاسەتی دەرەوەیە.
بێگومان نابێت ڕەوتی جیهان چۆنە، هەر ئەوها بێت. نابێت لە پرنسیپەوە مافی بەهێزتران هەبێت. لێ ڕەوشەکە خۆی بە هەڵوێستی پشتبەخۆبەستوو لێژ دەبێت. پرسەکە نەفیکردنی نامۆبوونی کەسی و ئەوجا بەر-خۆ-دانە، ڕابوونێکە کە زار کەمدووی کرۆکدەربڕ دەکات و لەشیش چالاک. جگە لەوە تەنیا ئەفرین لە مەترسیدا نییە، بەڵکو هەروەها تورکیاش. کەواتە بۆ هیچ کامیان گەرەنتی مانەوەی هەمیشەیی نییە. بۆ هیچ دەوڵەتێک گەرەنتیی مانەوەی هەمیشەیی نییە. ئەوەش هەمیشە مرۆڤی خالق بووە کە پەرجووی هێناوە نەک خودای مەخلوقی مرۆڤ.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە