بەهەموو پێوەرێك ئیتر كاتی مانگرتنی بەردەوام و سەرتاسەریە..

Sunday, 25/03/2018, 16:08

2910 بینراوە


كاتێك دەسەڵاتی حوكمران ملهورانە دەستورو یاساكانی وڵات بخاتە ژێر پێ و لە ئاكامدا ماف وئازادی هاوڵاتیان پێشێل بكرێ‌، بۆ راستكردنەوەی ئەو دۆخە سەرەتا خەڵك پەنا دەباتە بەر رێگە یاسایی وئاشتیەكان، تا دەسەڵات بێنێتەوە سەر رێگەی ئاسایی خۆی وبەگوێرەی بنەما یاساییەكانی دەستور وڵات بەرێوە بەرێت، ئەگەر هەموو هەوڵە یاسایی وئاشتیەكان شكستی هێنا، خەڵك ناچار دەبێ‌ پەنا بۆ رێگای توندو تیژی و یزەبروزەنگ بەرێ‌ تا چارەنوسی ئەو دەسەڵاتە لادەرە بەلایەكدا بخا، وەك چۆن لە مێژووی میللەتان روویداوە، ئەویش بە بەرپاكردنی راپەرین وشۆرش، ئەو شێوازەش بۆ راگرتن وپاراستنی شكۆی دەستور و رووبەرووبونەوەی دەسەڵاتی ستەمكار دانپیانراوە لەلایەن ئاینی مەسیحی و ئیسلام و بیرمەندانی سەردەمی ووریابونەوەی ئەوروپاو هەندێك زانای دەستوریش لە سەدەی نۆزدەو بیستدا، هەروەك چۆن لە یاسای تاوانكاری حالەتی دیفاعی شەرعی بۆ پاراستنی سەروماڵی تاك بریاردراوە، بەهەمان شێوەش پەنابردنە بەر توندو تیژی و بەرپاكردنی شۆرش و راپەرین دژی حوكمرانان هەرچەندە رێگایەكی نایاسایی ونائاساییە.
    دەسەڵاتی حوكمرانی هەرێم 27 ساڵە بە عەقلیەتی خێل وشاخ حوكم دەكا، دوور لە هەر شێوازێكی دامەزراوەیی و دەستوری بۆ حوكمرانی، لەسایەی ئەو دۆخەوە پرنسیپەكانی هاوڵاتیبون ویەكسانی تاكەكان لەبەردەم یاسادا خراونەتە ژێر پۆستاڵی میلیشیاكانی دەسەڵاتەوە. ئەگەر كەلتورێكی حوكمرانی و ئیداری باشی پاشماوەی دەوڵەتی عێراق لەو هەرێمە وجودی هەبوو كرایە قوربانی بەرەوەندی تەسكی حزب وكەسەكان و هەوڵی شێواندن وسرینەوەی درا. ئێستا لەو هەرێمەدا نان بۆ قەسابەو گۆشتیش بۆ نانەوا !! مالكی هەشت ساڵ سەروەزیری عێراق بو هاواری دونیامان لێ‌ هەڵساو هەمو مەسەلە نەتەوایەتیەكانمان خستە تای تەرازوویەك و كردمانە گۆزەبانەی لادانی مالكی، كەچی لەو هەرێمە وێرانەیەی ئێمەدا نێچیروان بارزانی بیست ودوو ساڵە سەروەزیرەو كەسیش هاواری لێ‌ هەڵنەستا، هەموو لایەك پێی رازیبون بەوانەی لافی ئۆپۆزسیۆن ودیموكراسی و دادپەروەریش لێدەدەن، چونكە هەمو خولەكانی پەرلەمان متمانەیان پێدراوەتەوە وگوێمان لە دەنگی نارازی نەبوە دژ بەكاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. 
     وا بۆ چوارساڵ دەروا خەڵك كەوتۆتە مەینەتی وسەختی گوزەرانەوە بەهۆی سستەمی زالمانەی دزینی مووچەوە كە بەپێچەوانەی دەستوری عێراق وبنەما یاساییە كارپێكراوەكان لەلایەن ئەو دەسەڵاتە سەپێنراوە، هەر شێوازێكی ئاشتیانەو یاسایی هەیە لە خۆپیشاندان و بایكۆتكردن گیراوەتە بەر بۆ گوشار خستنە سەر دەسەڵات تا كۆتایی بە دزینی موچەی فەرمانبەران بێنێ‌، بەڵام ئەو دەسەڵاتە هێندە قێزەون وملهورە گوێی بە هیچ نەدا و دوای چاوەروانیەكی زۆر بەغداشیان هێنا سەر خەت بۆ شەرعیەت دان ودرێژەدان بەو سستەمە لە رێكەوتنێكی پشت پەردەوە بەم شێوە هەمو هیواو ئاسۆیەكیان لە گۆر نا بۆ چارەسەری سستەمی دزینی مووچە !!
     بۆیە دەبێت خەڵكی هەرێم چاوەرێی هیچ نەكات لەم دەسەڵاتە ئەگەر بەجدی بەدوای چارەسەری حاڵی خۆیدا دەگەرێ‌، پێویستە تەواوی چین وتوێژەكانی خەڵك هەست بە بەرپرسیارەتی مێژووییان بكەن و بیر لە گرتنەبەری ئەو رێگایە بكەنەوە كە گوشاری كرداری و مەترسیدار لەسەر حوكمرانان دروست دەكات، ئیتر سەردەمی خۆپیشاندان وگردبونەوەی كاتی بۆ چەند سعاتێكی كەم بەسەرچوە، دەبێ‌ مانگرتنی سەرتاسەری و بەردەوام( بێ‌ پسانەوە شەو و رۆژ) لەلایەن تەواوی چین وتوێژەكانی خەڵك ئەنجام بدرێ‌  لە بەردەم فەرمانگەكان، زانكۆكان، شوێنە گشتیەكان و ناوبازارەكان،  واتە بتوانرێ‌ سیمای جوڵەو ژیانی ئاسایی بوەستێنرێ‌ و دامودەزگا حكومیەكانیش پەك بخرێن و سیاسەتی نارەواو زالمانەی ئەو حوكمرانیە ریسوابكرێت و هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردنیش لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە ئەنجام بدرێ‌ بەهەمان شێوە بایكۆت بكرێت،  چونكە چارەسەر تەنهاو تەنها لای خەڵكە نەك لای دەسەڵاتێكی دزو ستەمكار كە  تەنها لە خەمی بەرژەوەندی بازنەیەكی تەسكی خۆیدایە، بۆیە بێدەنگی زیاتری خەڵك زولم وستەمی زیاتری دەسەڵاتدارانی بەدوا دادێت. دڵنیاش بن لەوەی دەسەڵاتی شاخنشین ئەو قەیرانەی بە عەمدی دروستكردوە، بەمەبەستی ریسواكردن وزەلیلكردنی زیاتری خەڵكی كوردستانە، ئەگینا داهاتی هەرێم بە هەمو پێوەرێك زۆر لەوە زیاترە كە نەتوانێ‌ موچەی فەرمانبەران دابین بكات. بۆیە ئیتر كاتی ئەوە هاتوە بیست وحەوت ساڵەكەی بێكەسی شاعیر بەرزكەینەوە بەرانبەر ئەدمۆنسە خۆماڵیەكان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە