تاوانه‌كانی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و كوردایه‌تییەکەی

Monday, 26/03/2018, 19:09

5046 بینراوە


ئه‌وه‌ ٤٠ ساله‌ گونده‌كانمان وێرانه‌ن و ئێمه‌یش بێ لانه‌و ده‌ربه‌ده‌رین. + ٢٧سالیشه‌‌ من و ئه‌ندامانی خێزانم ئاواره‌ی هه‌نده‌رانین. هه‌رده‌م له‌و خه‌یاله‌ دابومه‌ بتوانم له‌ نزیكه‌وه‌ زانیاری له‌و كه‌سانه‌ وه‌رگرم كه‌ به‌رداشی كوردایه‌تی هاڕیونی و هه‌ر ده‌رفه‌تم نه‌بووه‌. هه‌رجاری به‌ ته‌له‌فۆن و پالتۆك و فه‌یسبۆكیش هه‌ولم دابێت و پرسیارم ئاراسته‌ی كه‌سێك كردبێت كه‌ گولله‌ی كوردایه‌تیی پێوه‌نراوه‌، به‌هۆی ترسان له‌ كوردپه‌روه‌رانی دۆلار خۆرو كوتك وه‌شێن، نه‌یانوێراوه‌ وه‌لامی پرسیاره‌كانم بده‌نه‌وه‌. هه‌ر له‌و هه‌ولانه‌مدا، په‌یوه‌ندیم به‌ كوڕێكی سه‌لیم مسته‌فاوه‌ كردو گۆتم، چۆن بتوانین چه‌ند پرسیارێك له‌ باوكت بكه‌ین ده‌رباره‌ی به‌سه‌رهات و كوژرانی منداله‌كانی؟ ئه‌ویش ”گۆتی“، باوكم نه‌خۆشه‌ و بڕواناكه‌م توانای وه‌لامی پرسیاره‌كانتی هه‌بێت، خۆت بگره‌ به‌لكی ته‌ندروستیی باشتر ببێت و بتوانین په‌یوه‌ندیی پێوه‌ بكه‌ین. به‌داخه‌وه‌، له‌ ١٨-٢-٢٠١٨ هه‌والی كۆچی دوایی ناوبراومان پێگه‌یشت. مردنی هه‌ر مرۆڤێكی به‌سه‌لاچوی ئه‌و ناوچه‌، مردنی كۆمه‌لێك زانیاری و چیڕۆكی له‌ناخدا خنكێندراوه‌. 
سه‌لیم مسته‌فایش خاوه‌نی چیڕۆكێكی بێ دادپه‌روه‌ری بو. دانیشتوانی ناوچه‌ی برادۆست له‌ سه‌ده‌ی ڕابردودا، هیچ كات كوچكیان به‌ ته‌نی نه‌بونه‌‌ له‌ده‌ست چه‌ته‌گه‌رایی خێل به‌ناوی كوردایه‌تییه‌وه‌. هه‌رده‌م ڕاوه‌دو نراون و ئاواره‌ و مالوێران كراون. سه‌ره‌ڕای ڕاوه‌دونان، له‌ ده‌ربه‌ده‌ریش چه‌پۆكی كوردایه‌تی و به‌ربه‌ره‌كانێی شێخایه‌تیان له‌كۆل نه‌بۆته‌وه‌. له‌ سالی ١٩٥٨ و ١٩٥٩ زۆرینه‌ی گونده‌كانی ناوچه‌ی برادۆست كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر لوله‌ی تفه‌نگی چه‌ته‌كانی بنه‌ماله‌ی بارزانی به‌ناوی كوردایه‌تیه‌وه‌. دانیشتوانی ئه‌و ده‌ڤه‌ر ئاواره‌ی توركیا كراون و له‌ ناوچه‌ی شه‌مزینان بێ مال و نان و نوانی له‌ سه‌رماو ترساو برسان تولاینه‌وه‌. ناچار له‌ سالی ١٩٦٢ ته‌سلیم به‌ ده‌وله‌تی عێڕاق بوینه‌وه‌ و خێزانه‌كانی بێ به‌رگ و نانیان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌شتی هه‌ولێر. 
ئاواره‌یی و بێمالی له‌ناو خاكی ڕه‌سه‌نی باپیران و به‌ده‌ستی هاوزمانان، ده‌ردێكی زۆر قورس و بێ هه‌ودایه‌. به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و سه‌رده‌م، كه كه‌‌س خاوه‌نی هیچ شه‌هاده‌ و زانیاری و پیشه‌ و بازرگانی نه‌بووه‌، ته‌نها سه‌رانی خێل نه‌بن، ئه‌وانیش ڕه‌ش و ڕوتی بێچاره‌ و برسی و بێ مالیان گه‌له‌دیل ئاسا بۆ مه‌رامی خۆیان به‌كارهێناون‌.
هه‌ژاره‌ ڕاوه‌دو نراوه‌كانیش هه‌رده‌م به‌ حه‌سره‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ر كاوله‌ گونده‌كانیان بونه‌. له‌ سالی ١٩٦٥ هه‌ولێك دراوه‌ به‌ده‌ست پێشخه‌ریی مه‌حمود به‌گی خه‌لیفه‌ و حاجی محه‌مه‌د شێخ ڕه‌شید لۆلانی، كه‌ مه‌لا مسته‌فای بارزانی ڕازی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمان بدات به‌ عه‌فو كردنی هۆزی برادۆست و ڕێگا به‌ ئاواره‌ و خاوه‌ن گونده‌كان بدرێ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر خانووه‌ داڕوخاوه‌كانیان و ببێته‌ كۆتایی شه‌ڕی بارزان و برادۆستان.
 له‌سه‌ر ئومێد هه‌لچنین به‌و هه‌وله‌، زۆربه‌ی خێزانه‌ وه‌ده‌ر نراوه‌كانی برادۆست له‌ ده‌شتی دیانا گرد بونه‌وه‌ و چادر و ڕه‌شمالیان هه‌لدان و به‌شێكیان كه‌پریان چێكردن بۆ كاتێكی نادیار. له‌و كاته‌دا زۆر به‌ هیواخوازییه‌وه‌، چاوه‌ڕوانی ویژدانی كورد په‌روه‌رانه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بون. ویژدانی ئه‌ویش هه‌ر وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی ده‌ست به‌كار بو بۆ جێنۆساید كردنی مال و خێزانی بێتاوان له‌سه‌ر عه‌قلێكی خێلگه‌رایی و به‌ناوی كوردایه‌تییه‌وه‌.
ئێمه‌ چه‌ند خێزانێك له‌ ده‌شتی دیانا كه‌وتینه‌ ڕه‌خ (ڕۆخ) یه‌كتر. هه‌ر خێزانێك چه‌ند منداله‌ هورده‌واله‌ و دوور له‌ بیری تاوانی تاوانبارانی كوردایه‌تیان هه‌بون. ئێمه‌ی مندال‌، هه‌رده‌م به‌ زگی برسی و به‌رگی پنی پنیمانه‌وه‌، بێعارانه‌ له‌ یاری كردن و سه‌ره‌ڕۆیی نه‌ده‌كه‌وتین و دایكانیش عه‌ودال و هیلاك و ناخ به‌سۆ به‌دوامانه‌وه‌ بون.
من و چه‌ندین مندالی هاوته‌مه‌ن و عجول خه‌ریكی یاریی چاوشێركانێ و كه‌لانێ بوین. هه‌ر خێزانێكیش چه‌ند سه‌ر بزنیان هه‌بون. ئێواره‌ بو، دایكانمان زه‌رك و پارزینكیان هه‌لگرتن و ویستیان بڕۆن بۆ بێری بزنه‌كان. ژیانی ئێمه‌ی مندال، جیهانێكی شێوه‌ بهه‌شت و ساده‌ و بێگه‌ر‌د بو. هه‌ر به‌ یاری كردن و ڕاوه‌دونانی یه‌كتره‌وه‌ خه‌ریك بوین. له‌و سه‌روبه‌ندیدا له‌سه‌ر یاری لێمان بووه‌ شه‌ڕو یه‌كتر ڕاوه‌شاندن. دایكیشم ڕاوی نام و چه‌په‌لۆكێكی به‌سه‌ری دادام. قۆلی گرتم و له‌گه‌ل خۆی ڕایپێچام بۆ ناو بزنان. بێر كراو بزن دۆشران و بێری ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بون بۆ مال. دایكانمان بێزار بون به‌ده‌ست عجولی و نه‌ڕاوه‌ستان و سه‌ره‌ڕۆیمانه‌وه‌. دایكم پاله‌ستووه‌كی پێڕانام و گۆتی، وه‌لله‌هی له‌گه‌لمان ناهێیته‌وه‌ بۆ مال و ده‌بی له‌به‌ر بزنان له‌گه‌ل ڕه‌سول و سه‌مه‌د بمینێیته‌وه‌. ڕه‌سول سۆفی، تۆزێك له‌من به‌ته‌مه‌نتر بو. سه‌مه‌د مهاجیر له‌ ده‌وری چوارده‌‌ سالان بو. 
من له‌گه‌ل ڕه‌سول سۆفی و سه‌مه‌د مهاجیر له‌به‌ر بزنان مامه‌وه‌ و له‌ خوار سه‌روكانیی دیانا بزنمان ده‌له‌وه‌ڕاندن. دیاره‌ منداله‌ ڕه‌فیقه‌كانم به‌ كۆمه‌ل له‌ به‌ینی مالی ئێمه‌و مهاجیر شۆشنه‌یی هه‌ر خه‌ریكی كه‌لانێ بون. هێزی كوردایه‌تی كه‌تیبه‌یه‌كی هاونانیان له‌ سه‌روكانیی دیانا دامه‌زراندبو. هه‌ده‌فیان له‌ مال و خێزانی بێتاوان گرتبو. به‌لێ هێزی كوردایه‌تی ده‌ستی له‌ منداله‌ ڕه‌فیقه‌كانم و دایكه‌ شه‌كه‌ته‌كان وه‌شاند. ماله‌كانمان به‌ فه‌رمانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و سه‌رپه‌رشتی مقه‌دده‌م عه‌زیز عه‌قڕاوی هاونباران كران. له‌و هاونباران كردندا، ١٣١ مندال و دایك گیانیان له‌ده‌ستدا. سه‌لیم مسته‌فا ئێشمه‌یی دو مندالی به‌ر هاونانی كوردایه‌تی كه‌وتن و ڕوحی فریشته‌ییان له‌ لاشه‌ جیا بویه‌وه‌. 
موعجیزه‌ بو كه‌ من له‌گه‌ل بێریان نه‌گه‌ڕامه‌وه‌. نه‌گه‌ڕانه‌وه‌م بووه‌ هۆی ته‌مه‌ن درێژی و مانه‌وه‌م له‌ ژیاندا. دلنیام مانه‌وه‌ی من ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بتوانم كه‌مێك له‌و چیڕۆكه‌ خنكێندراوانه‌ وه‌ك خۆیان بگێڕمه‌وه‌. چونكی بناغه‌ی كوردایه‌تی له‌سه‌ر خۆپه‌رستی و چه‌ته‌گه‌رایی و چه‌وساندنه‌وه‌ی كوردان دامه‌زراوه‌ و هه‌رده‌م درێژه‌یان به‌و بناغه‌ داوه‌، هه‌تا ئێستایش خه‌لكانی مه‌زلوم و سته‌م دیده‌ی ده‌ستی كوردایه‌تی، ناوێرن گوزارشت له‌خۆیان بكه‌ن و باسی ئه‌و تاوانانه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌رحه‌ق به‌ مال و خێزانیان ئه‌نجام دراوه‌. هاونی یه‌كه‌م ئه‌و كۆمه‌له‌ منداله‌ی به‌هه‌ده‌ف گرتن كه‌ گشتیان هاوته‌مه‌ن و ڕه‌فیقی یاری كردنم بون و چوارده‌یان به‌ یه‌كه‌م هاون كوژران. ئایییی چه‌ندین جار بۆ ئه‌و ڕه‌فیقه‌ مندالانه‌م گریاوم كه‌ هه‌رده‌م پێكه‌وه‌ له‌ ڕاكردن و یاریی كه‌لانێ، كێلانێ، بڕانێ، چاوشێركانێ، سێڕێزكانێ، شێر و خه‌تانێ، همباندزیانێ، كه‌لامستانێ، كه‌تیلۆكانێ، شارشارۆكانێ، تۆپانێ، ساپساپانێ و ماله‌سیجانێ دابوین و دایكانمان بێزار ده‌كردن. به‌لێ هه‌ر به‌ یه‌كه‌م هاون، سه‌رجه‌م ڕه‌فیقه‌كانی مندالیم له‌ده‌ست چون و هه‌تا مردن ناتوانم له‌بیریان بكه‌م.
به‌لێ زیادتر له‌ مانگێك ڕۆژانه‌ چینه‌ گریانێكم ده‌كردو به‌ دایكم ده‌گۆت، كوا فلان براده‌ره‌م، كوا كوڕی حاجی حه‌كیم و سۆفی سه‌لیم و ئه‌وانیتر؟ كوان بۆ دیار نینه‌ یاری به‌ یه‌كه‌وه‌ بكه‌ین و غه‌ریبییان ده‌كه‌م؟ دایكم به‌ده‌ستمه‌وه‌ قراری نه‌ده‌گرت و ده‌یگۆت، ئۆۆیییی كوڕم چۆن تۆیش له‌گه‌لیان به‌ر تۆپ نه‌كه‌وتی و له‌كۆلم نه‌بویته‌وه‌، ئێ كوڕم ئه‌وان كوژران، كوژران. دیسان به‌ گریانه‌وه‌ ده‌مگۆت، ئێ دایه‌ ده‌توخوا پێم بلێ، كه‌ی دێنه‌وه‌؟ دایكم توڕه‌ ده‌بوو ده‌یگۆت ئێ ده‌به‌سه‌، ناگه‌ڕێنه‌وه‌ نه‌.  جار هه‌بو، هنده‌ك له‌و دایكانه‌ی مندالیان له‌ده‌ست دابون، لای دایكم ده‌بون و دیسان پرسیارو، ئه‌رێ دایه‌، بۆ براده‌رانم ناهێنه‌وه‌ و یاریم له‌گه‌ل ناكه‌ن؟ دایكه‌كان برینیان ده‌كولانه‌وه‌ و ده‌ستیان به‌ گریان ده‌كرد. 
سه‌لیم مسته‌فا ئێشمه‌یی هه‌تا مانگی دوی ئه‌مسال له‌ ژیاندا مابو. به‌داخه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ نه‌خۆش و له‌سه‌ر جێگا بو. هه‌ر چاوی له‌ دادگایه‌ك بو كه‌ له‌دایك ببێت و بتوانێت دادو‌ داوای خوێنی به‌ ناحه‌ق ڕژاوی منداله‌كانی تۆمار بكات. كه‌چی ئه‌و ئومێده‌ی برده‌ ژێرگل و دایكی كوردایه‌تی نه‌ك دادپه‌روه‌ریی لێ په‌یدا نه‌بو، به‌لكو زگ و حه‌مله‌ی ته‌نها خوێن و گریان و فرمێسكی هه‌ژارانی كورد بو. 
به‌ڕێزان و خۆشه‌ویستانم، بابه‌تی قه‌تل و عام كردنی مال و خێزانی بێتاوانی برادۆستان له‌ سالی ١٩٦٥ له‌ ده‌شتی دیانا، ده‌یان چیڕۆكی له‌م چیڕۆكانه‌ی ماون به‌بێ تۆمارو پرسیارو دادگه‌ری و لێپێچینه‌وه‌. دلنیام له‌ ناوچه‌كانیتریش، هه‌ژارانی كورد هزاران تاوانیان به‌سه‌رهاتووه‌ به‌ده‌ستی كوردپه‌روه‌رانی مه‌لایی و جه‌لالیی و هاوبیرانیان و هه‌ر كه‌سێكیش ویستیبێتی ڕاستیه‌كان بدڕكێنی، هه‌ر زوو ده‌ستی كوردایه‌تیی لێوه‌شاوه‌ و بێده‌نگیان كردووه‌.
بۆیه‌ ده‌توانم به‌بێ پێچه‌وانه‌ بلێم، دوای ئه‌و هه‌موو تاوان و كردارانه‌ی كوردایه‌تی، نه‌ك ده‌ستكه‌وتمان نه‌بووه‌، به‌لكو، زه‌ره‌رمه‌ندیی سه‌ره‌كی له‌ گیانی و مالی و مه‌عنه‌وی و خاكی، هه‌ر كوردی ژێرده‌سته‌ و چه‌وساوه‌ بونه‌ و هه‌تا بنه‌ماله‌ خۆپه‌رسته‌كانی كوردایه‌تیش ده‌ست ڕۆیشتوو خودان بڕیار بن، كوردان له‌ جیاتی سه‌ركه‌وتن و ئازادی، ته‌نها ژێركه‌وتن و خوێن و فرمێسك ڕشتنیان به‌رهه‌م ده‌بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە