Wednesday, 28/03/2018, 12:39
4627 بینراوە
ئەوەی، بۆجارێک قومە ئاوێکی لە زەلکاوەکەی بەرپرسانی باشوور، بە تایبەتی لە زەلکاوەکەی بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی خواردبێتەوە، تەنیا چاوەڕوانی ئەوەی لێ ناکرێت لە مامۆستا بدات، بەڵکو چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت لە باوکی خۆشی بدات وەک، ئەو شەقوەشێنەی هەولێڕ.
ڕەوشتی بەرز و نواندنی و پەیڕەو کردنی، لە خۆڕا و لە کتوپڕێکدا لە ناخی مڕۆڤدا سەر هەڵنادەن، ئەگەر ئەو مڕۆڤە پێشوەخت، خاوەن بیروباوەڕ و بۆچوونی بەرز نەبێت، رێز لە بەها مڕۆڤایەتییەکان نەگرێت و خاوەن ویژدان نەبێت.
ژیری و حەکیمی لە مڕۆڤدا، وەک قارچک نییە، بە هەورە تریشقە لە پڕێکدا، لە کەناری ڕووبارەکاندا تەنیا لە وەرزێکدا هەڵتۆقێت، یان بە فشاری چەقۆ و نوکی خەنجەر لە مێشکی مرۆڤدا بچەسپێندرێت و بڕسکێت!
شەقوەشێن، بیستوحەوت ساڵە، نۆکەرە، کڕنۆشبەرە، بێ ڕەوشتە. ئەو بیستوحەوت ساڵە، ڕاوە دۆلار دەکات. لە پەرێز و کێڵگەی دز و پیاو کوژان سەپانی دەکات. لە پەرێزی بێ ئابڕووی وڵات فڕۆشان، بە دزی و بە ئاشکرا لەسەر سامانی گشتی گیرفان پڕ دەکات!
شەقوەشێن، نووقمی، گۆمێکی بۆگەنیوە، کە زیاتر لە نیو سەدەیە، ئاوێکی لێڵی ڕاوەستاوە، پڕە لە مێش و مەگەز، بەڵام ئەو مەلەی تێددا دەکات و لە نێویدا گوزەران دەکات. ئەو، دەچەمێتەوە و دەستێک ماچ دەکات، کە زیاتر لە پەنجا ساڵە، ئەو دەستە تاوان ئەنجام دەدات، بازرگانی بە پرس و سەربەخۆی میللەتێکەوە دەکات، خەڵک دەکوژێت، دزی و درۆ دەکات، واژۆ لەسەر گرێبەستی نەوت و غازی دزراو دەکات، قوت و موچەی هەژاران دەبات. ئەو، رۆژانە سەدان بار دەچەمێتەوە، دەستێک ماچ دەکات، بە هەزاران جار ئەو دەستە لە نێو دەستی ڕۆحانی و ئەردوغاندا گوشراوە و جۆش دراوە بۆ خەیانەت و وڵات فڕۆشتن!
شەقوەشێن، لە رابردوودا، لە ئاخوری جاشایەتییدا بە لێشاو جۆی کڕۆشتوە، کاوێژێ کردوە، کورتانی بۆ درواوە، پۆشتە کراوە و لوشکەی هاویشتوە. ئەو، لەسەر دەستی خۆفڕۆشان، فرچک کراوە و پەروەردە بووە. ئەو، پارەی سەدام و نرخی هێسکوتروسکی ئەنفالەکانی لە گیرفان ناوە، ملکەچی ئەمن و ئیستخباراتی بەعس بووە، چەکی بێ شەرەفی لە شان کردوە، سیخوری بەسەر پێشمەرگە و خەڵکی پاک کردوە. ئەو، جەلادی سەدان خەڵک بووە و لە سێدارەی داون، بە سەدان جار کاتژمێری دەستی شۆڕشگێرانی لە مەچەک کردوە! ئیتر پێم ناڵێن چاوەڕوانی چی لەوە باشترن، لە مرۆڤێکی وەک شەقوەشێنەکەی هەولێر!؟
© 2019- Kurdistanpost