دوای ئەم تراژیدیا گەورەیە، من پێم وابوو ئیدی ئەم وەرچەرخان و کودەتا عەقڵییە، بۆتە باوەڕ دروشم و دیسپلینێکی چەسپاو و گردەبڕ و چیدی پێویست ناکات بە گفتوگۆی بێزەنتینی، چەمکە عەمارەپۆکانی ناو دەقی تیۆریی و دروشمە سوواوەکانی بازاڕی نەوت و خوێن، لە نێو کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردی دا شەنوکەو بکەینەوە: داخۆ ئێمە کوردستانین یاخود ...چین؟،مرۆڤایەتی درۆیە یاخود هەیە ؟!. کوردانە بیر بکەینەوە یان نێونەتەوەییانە؟!. تاد. بەواتایەکی دیکە جارێکی دی بگرە و بەردەیەکی ئەوتۆیی لە پانتایی نووسینی کوردیدا جێگایەک نادۆزێتەوە،چوونکە ئەنفال و هەڵەبجە هەموو شتێکیان یەکلا کردەوە.
ئاخر کورد هەموو تاڵی و سوێرییەکانی چەست و ئەزموونەکانی تێپەڕاند و ڕۆژگارە جۆراوجۆرەکانی دی و کارەساتە خوێناوی و دڵتەزێنەکانی بەسەر هات و لە مەیدانی تاقیکردنەوەشدا هەموو شتی بەسەرهات.
کۆمپانیاکانی دەوڵەتی پۆشکین و گۆتە و شیللەر و کانت و هەموو ئەوانی دیکە، گازی ژەهراوی دروست دەکەن و دەیدەنە دەست، نەوەی حەججازی کوڕی سەقەفی، ئەویش داروبەرد و ئاسمان و زیندەوەر و پەلەوەر و منداڵ و گەورەی شارێکی وەک هەڵەبجەی پێ ژینۆساید دەکات. بە ئاشکرا و بە دەنگی دلێڕەوە بە بەرچاوی جیهانەوە و دنیاش قڕوقەپ دەکات و چاو دەنووقێنێ.کەواتە ئیدی چی ماوە و دەمێنێ بۆ گفتوگۆکردن و خۆ هەڵدانەوە و باخەڵ فەرەحی و وڕێنەی فەلسەفی؟!.
بەڵام بەداخەوە وەک ئەوەی ئێمە لێرەدا دەیبینین و لێی تێگەیشتووین، بەم کورتە نووسینە و چەند نموونەیەکی هاوشێوەیدا دیارە، پەتای ئەم دەرد و وەناقە زۆر لەوە قووڵتر و توندتر بینەقاقای هەندێ دەستە و گرووپی کوردی گرتووە، گەر بێت بە دەیان تراژیدیا و ماڵوێرانی دیکەی نەتەوەیی بەسەرمان دا بێت، هێشتا ئەوانە! ناتوانن ژەنگی بیریان پاک بکەنەوە و هەستی پەستی خۆبەکەمزانییان ناگۆڕێ. پەند و وانە وەرناگرن، گەشە ناکەن و پەردەی شەرمنی نادڕێنن و هەر سوور دەبن لەسەر هەڵوێستی خۆیان.
وەک خوێنەر و تەماشاوان و گوێگر، هەر زوو هەست دەکەیت، ئەو تایپانە لە خەڵک، گەرمترین بابەت و هەستیارین باس لە دوێنێ و ئەمڕۆ و ڕەنگە سبەینێشدا، هەڵبژاردووە و هەڵدەبژێرن، بۆ بەگژداچوونەوە و ڕووشاندن و بێبایەخ و کەم سەنگکردنی، پرسگەلی نەتەوەیی و سیمبۆلەکانی نیشتمان و پیرۆزی و بەهای کولتووری و مێژوویی و نەتەوەیی. بەئامجی بتوانن هزر و مێشکی تاکەکان سەرکوێر بکەن و ئەو هەست و نەستەیان بتاسێنن، کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی باڵای نەتەوە، لەسەر زەمینەی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی و فەرهەنگی کورد، شیاوی هەست پێکردن و بایەخدان و گرنگییە و کارایانە کاری پێ دەکەن و خستوویانەتە گەڕ.بە دیوێکی تریش داگیرکەران و دوژمنانی کورد، لە پلەی یەکەم دا بەس لە کوردبوون دەترسن و ئەم خەسڵەت و باوەڕەیان لا بڤە و جێی مەترسییە.
گەلۆ! ئایا بڕیاری ریفەراندۆم هێندە هەڵە و تاوانەنێکی گەورەیە!؟ وا بێباکانە هەرچی زوڵم و ستەمی داگیرکەر و دوژمن هەیە، شوان ئەحمەد و هاوشێوەکانی لەم ڕێگایەوە چاوپۆشی لێ دەکەن و پاساوی بۆ دەهێننەوە و ڕەوایەتی بە پەرچەکرداری داگیرکەر دەبەخشن؟!. سا ئەگەر بێت و ئەم حوکمە بەڕێزتان و لەشکرەی دیکەش ڕاست و ڕەوا بێت، ئەوە تەواوی ئەوەی پێی دەوترێ شۆڕش و خەبات و پێشمەرگایەتی و ڕێکخستنی ناو شار و ڕاپەڕین و جۆرەکانی تری خەبات هەموویان پلە و مەقامێ لەسەروو ریفەراندۆمەوەن و گەورەترن. کەواتە گوناهی گوناهەکان و تاوانە گەورەکەن...!!؟ ئەی بۆ کرا و تۆ و لەشکرەت، بە باڵای دا هەڵدەدەن و تیۆریزەی دەکەن و بۆ دەستە و گرووپەی خۆتان ڕەوایەتی پێدەدەن و پیرۆزی دەکەن!؟. ئەی بۆ لێرەدا بەوانە ناڵێیت: شۆڕشی نوێی چی و خەبات بۆچی و چما ڕاپەڕین و زۆر پرسیار و شتی دیکەش؟!
شوان ئەحمەد زۆر بێ بنەمایانە و دوور لە زمانی گوڵ، تۆمەتی شۆفێنیزم و هەجووکردنی عەرەب، دەداتە پاڵ غەمبار. هەروەک بزانێ و بیەوێ مەبەستەکەی بپێکێ، ڕستەکانی وا هۆنیوەتەوە. ناوبراو گەرەکێتی لە ڕاستییەک خۆی لا بدات و باز بەسەر هەقیقەتێکدا بدات و بە رۆژی رووناک، تۆمەت بەسەر خەڵک دا ببەخشێتەوە.
شوان ئەحمەد پێمان ناڵێیت! ئەی تۆ بە چ ماف و حەقێ ڕازی دەبیت، بەناوی عروبەوە نیشتمانت داگیر بکەن و بوون و هەبوونت بخەنە مەترسییەوە و مافەکانت پێشێل بکەن!؟. عروبە بە چ مافێ دەوڵەتی بۆ دروست کراوە و خاوەنی دەسەڵاتە و فەرمان بەسەر تۆدا دەکات و ڕێگەی ژیانت لێ قەدەغە دەکات!؟. سەیر و سەمەرەیە کەسێک ئەم دۆخە، ئازاری پێ نەگەیەنێ و هەستی مرۆڤ بوونی پێ بریندار نەبێت!!.
شوان ئەحمەد و هاوئامانجەکانی دەیانەوێ خەڵک دەمکووت بکەن، تاوەکو کەس زات نەکات قسەیەک لەسەر واقیعی تاڵی بندەستی کورد،لەژێر ستەمی تورک و عەرەب و فارس بکات و پەرۆشێک لە بێ مافی و نەبوونی دەسەڵات و قەوارەی کوردی بخوات. هەموو ئەم ئەقڵێتەش بۆ ئەوەیە "هەستی مرۆڤایەتی" گوایە نەڕوشێ! خەونی منداڵانی ئەوانی دیکە! نەزڕێ،زیان بە چینی کرێکاری دەوڵەتە داگیرکەرەکان و میللەتە سەردەستەکانیان نەگات! مۆسکۆ و پەکین و نیگەران نەبن! فۆکۆ و هابەرماز گلەیی نەکەن!. داگیرکەران و دوژمنان تاوانبارمان نەکەن و بە جیاخواز ناوزەدمان نەکەن! مووچەمان بۆ بنێرن و ...تادوایی.
لەڕاستیدا خوڵقاندنی دۆخێکی وا، لە پێشڕا،نیشانەی هەڵکردنی ئاڵای خۆبەدەستەوەدان و ڕازی بوونە بە ژیانی بندەستی و بێ بەشبوون لە کەرامەتی ژیانی ئازادی و شتگەلێکی تریش. دیارە گەر ئەمەش داواکراوەکەی شوان ئەحمەد و هاوشیوەکانێتی، هەموو دروشم و تیۆرییەکان خۆیان پووچەڵ دەکەنەوە و مانایان دەبێتەوە بە سفر.
خەڵکینە! باشە هەر کورد ڕیفەراندۆمی کردووە؟ ئەوە سکۆتی و کاتالانیەکان!؟. هەر کورد هەوڵی سەربەخۆیی دەدات! ئەوە دوێنێ بوو تەیمووری رۆژهەڵات و کۆسۆڤۆ و باشووری سودان!. و دوای داڕمانی شورەوی بەچاوترووکانێک ١٥ دەوڵەتی نوێ دروست بوو و چەندانی میللەتی تر کە تا ئێستا دەستبەرداری ئەو مافە سروشتییە نەبوون و نابن و هەر لە هەوڵداندان. تەنانەت لە کیشوەری هەرە پێشکەوتووی ئەوروپاش،بزاڤی سەربەخۆیی گرووپی ئیتنی و میللەتان هەیە.
شوان ئەحمەد چ پێناسەیەکی شۆڤێنیمان بۆ ناکات. هیچ لە داگیرکەر و کۆلۆنیالیزم تێ نەگەیشتووە و هەست بەو دەسەڵاتە مادییە بێگانەیە ناکات. گەلێ نووسەر ئەم جۆرە دەستەواژانە نابەرپرسانە دەدەنە بەر نووکی قەڵەمەکەیان و هاوکات زۆر خوێنەری ڕواڵەتی، سەرسامن بە بینین و خوێندنەوە و گوێ لێبوونی ئەم وشەگەلی شۆڤێنیزم و فاشیزم و گلۆبالیزم و...هتد.ڕەنگە لای زۆر کەسیش پێوەری ڕۆشنبیریی بێت!.
جا باشە با نموونەی ئەوە بهێنینەوە: ئەگەر ئۆکرانییەک باس لە داگیرکاری رووس و تاوانەکانیان بکات! گەر بێت و ئەرمەنیەک باس لە ستەم و کوشتاری تورک بکات، وامان دانا جوولەکەیەک چیرۆکی هۆلۆکۆستمان بۆ دەگێڕێتەوە،ئایا ئەمە ڕاسیسم و فاشیزم و شۆڤێنیزمە؟!
شۆڤێنیزم،واتە نەتەوەیەک خۆی بە باڵاتر و ژێهاتووتر ببینێ لەوانی تر و نکۆڵی هەبوون و بوونی نەتەوەیەکی تر بکات و لەسەر هەژماری جەستە و هزر و فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە بژی. شۆڤێنیزم دەسەڵاتێکی زەبەلاحی سەربازی و ئابووری و فەرهەنگی سیاسییە،بە دامودەزگای هەمەجۆرەوە. لە هەوڵی کوشتن و بڕین و گۆڕینی دیمۆگرافی و قەدەغەکردنی زمان و شێواندنی مێژوو و سڕینەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی میللەتانی بندەست دا خراونەتە گەڕ. ئەوەی تورکیا و ءیران و عێراق و سووریای دەستکردی ئیمپریالیزم هەیانە و پێرەوی دەکەن و ڕەوایەتی پێدەدەن و تۆش نادیدە دەیگری و ستایشی دەکەیت.
ئایا ئەم قاڵب و دەستوورە، بەسەر ئەو ناوانەی شوان ئەحمەد باسی کردوون،و تێکڕای کورد دا دەچەسپێ؟ مامۆستا مەسعوود محەمەد لەم ڕووەوە دەڵێ:" گەلی کورد لە بارێکدا نییە چاوەڕوانی ستەم و دەست درێژی لێ بکرێت،هەتا پەل بکوتێ و تێڵا بوەشێنێ دەست و کوتەکی لە سنووری ماڵە کاولەکەی خۆی تێپەڕ ناکات. کەسێک بکەوێتە بەر کوتەکی کورد دیارە بە پێی خۆی هاتۆتە بەر ئەو کوتەکە و هەر خۆی دەستدرێژی کردووە لە سنوور و ماڵ و ژیانی کورد". ئەرکی شوان ئەحمەد و هاوئامانجەکانی ڕازیکردن یان نەفرەتکردنە لە گورگ، تا گۆشتی مەڕ نەخوا، نەک گوناهبارکردنی مەڕ، بەوەی شۆقی خۆپارێزی لە گورگ دەدات.
برالە، لەم کۆنتێکسە و دەقەکانی تریشدا و لای مامۆستا شێرکۆ و بەندە و غەمباریش، باس لە بوونەورێک دەکەین، بریتییە لە بونیاتی دەسەڵاتێکی عەرەبی ١٠٠ ساڵێک دەبێ، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی زۆڵەک و ١٥٠٠ ساڵێکە بەناوی ئاین و کولتورێکی داعشئاساوە حوکم دەکات، وەک نەتەوە زاڵ و براگەورە و داگیرکەر. عەرەب خۆیان هەڵگری پەیام و کوولتوری شەڕ و سڕینەوەی و تواندنەوەی ئەوانی ترن و خۆیان کردۆتە خاوەنی دەیان و سەدان دامودەزگای داپلۆسین و ملیۆنەها کۆتوبەندی یاسایی و ئایینییان ڕاگەیاندووە، لەدژی بوون و نیشتمان و نەتەوەیەکی وەک کوردستان و کورد بە نموونە.
شانازیکردن بە "هەنگوین و گوێز و ژن"ی کوردستانەوە، نەشەرمە و نە زیاد ڕۆیشتن و لە خۆبایی بوون و هەڵبواردنی ڕەگەزی کوردە بەسەر ئەوانی دیکەدا و نە سووکایەتیشە بە عەرەب، وەک ئەوەی شوان ئەحمەد دەیەوێ وای نیشان بدات. ئەوجا ئەو سێ شتە لە خۆشترین و جوانترینەکانی دنیان و هەقی شێرکۆ و هەڵۆیە تایبەتمەندی ببەخشێ. هەڵۆ نوسیویەتی{ هیچ میللەتێکی بندەست چەشنی کورد لە لایەن داگیرکەرەکەیەوە ستەم و ئازاری نەچەشتووە}. شوان ئەحمەد وەک بەراوردێک بەم حاڵەتە ،ناوی هندستان و ڤێتنام و جەزائیری بە نموونە هێناوەتەوە. گوایە ئەمانە گەر لە کورد خراپتریان لێ بەسەر نەهاتبێت، وا وەک کورد کارەساتیان بەسەردا هاتووە.
گەلۆ! جا توخوا حاڵی هیچ کام لەم وڵات و میللەتانە وەک هی کوردە!؟. ئایا ئینگلیز زمان و کولتووری هیندی و عەرەب و ڤێتنامی قەدەغە کرد!؟، ئایا نیشتمانی کەسیانی دابەش کرد؟. ئایا ڕاگوێزان و دوورخستنەوە و سیاسەتی دیکەی کۆلۆنیالیستی و سەربازی و فەرهەنگییان بەو ئەندازەی کوردستان تێدا پەیڕەو کراوە!. ئایا ژەهرباران و کیمیاباران و ئەبفال کراون! داخۆ پەیمانی وەک سەنتۆ و بەغدا و جەزائیر و ئێستا چوار وڵاتی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریایان بەسەردا هاتوون و وا گەمارۆدراون.
ڤیکتۆریای شازادەی ئینگلیز، لەساڵی ١٨٩٣ دا بە عەشقەوە، لەسەر دەستی پاسەوانەکەی حافز عەبدولکەریم، کە هاوکات مامۆستاشی بوو، خۆی فێری زمانی هیندی دەکات. داخۆ هیچ کام لە داگیرکەرانی کوردستان، کاری وایان کردووە!؟.یان لە هەوڵی ڕیشەکێشکردن و رێبەندکردنی و سوکایەتی پێکردنیدان.
زانای کۆمەڵناسی گەورەی تورک . بێشکچێ دەڵێ:"دوژمنایەتیکردنی کورد و داگیرکردنی کوردستان،یەکجار بە دڕندەیی و خوێنڕێژانە کراون. بنیادەم ببڕای ببڕ نموونەیەکی تری بۆ ئەم دڕندایەتی و کۆنەپەرستییە لە هیچ جێیەکی تری جیهان دا بۆ نادۆزرێتەوەر. کورد و کوردستانیان بە ڕادەیەک زەوت کرد،کە هەتا ناوی هەردووکیان لەسەر ڕووی زەوی سڕانەوە".
هەڵۆ دەنووسێ: { شێرکۆ بە جۆریک درێژە بە چیرۆکەکە شیعرییەکەی دەدات هەروەک بڵێی شاعیر خۆی لەگەڵ مەفرەزەی پێشمەرگەکاندا بوو بێت یاخود فەرماندەی هێزەکە بووە بێت. لێسەندنەوەی ناسنامەی شاعیریبوون و لە شێرکۆ و بەخشینی ناسنامەی جەنگاوەر پێی}. بەڕاستی من چ گەردێک بەسەر ئەم بۆچوونەوەی خۆمەوە نابینم و من باسم لە هەست و نەست و چاوی کامێرا و هەستی شاعیرانە و هۆشیاری ڕۆشنبیریی وردی و سەرنجدانی بە سەلیقە و بەدیقەتی شێرکۆ کردووە، کە تا چ ئەندازەیەک چۆتە ناو ڕووداوەکانەوە، چەند شاعیرانە(تفاعل) ی لەگەڵ خەیاڵی شیعریدا کردووە.