بەیاننامەی "بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن"

Saturday, 31/03/2018, 17:49

4398 بینراوە


رێگای قەیران دەنگدەرەکان رایدەکێشن بۆ پیسخۆران
دیموکراتیی سیستێمێکی پێشکەوتووە کە کۆمەڵگا بە تێکۆشان پێی دەگات. دیموکراتیی سیاسیی ئامادەکردنی بڕیاری خەڵکە لە سەر پرەنسیپی زۆربە. ئەو کات کۆمەڵگا لە رێگای هەڵبژاردن و دەنگدانەوە ویستی زۆریینەی خەڵک دەکات بە بڕیاردەر. بۆ هەموو لایەک چ براوە چ دۆڕاو پرەنسیپە کە دەستەڵات بچێتە دەستی براوەوە. بۆ ئەوەی ئەم مەبەستانە بەرقەراربن دەبێت هاوڵاتیان یەکسان بن، ئازادیی بیروڕاو هەلومەرجی دامەزراندنی پارتی سیاسیی هەبن، هەڵبژاردن و دەنگدان بێ ساختەو رێک و رەوان بن و پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان دیموکراتییانە رێکبخرێن. 
هەڵبژاردن و دەنگدان لەو وڵاتانەشدا بەکار دێن کە هەلومەرجی دیموکراتییان تیادا نییە. دیکتاتۆر جەماوەری گەل راپێچ دەکات بۆ بەردەمی سندوقەکانی دەنگدان و ئەنجامی دەنگدانەکەش لە پێشەوە دیارە. نموونەی بەکارهێنانی هەڵبژاردن و دەنگدان لە سەردەمی دەستەڵاتی سەددام حسەین لە عێراق و دەستەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا رونن. بۆیە خودی هەڵبژاردن مانای دیموکراتیی ناگەیەنێت.
لە باشوری کوردستانیشدا لە ساڵی (١٩٩٢)ەوە هەڵبژاردن لە لایەن دەستەڵاتدارەکانی باشورەوە رێکدەخرێت. جەماوەری باشور بە درێژایی ئەم ٢٦ ساڵە بە جۆرەها شێوە راپێچ کراوە بۆ بەردەمی سندوقی دەنگدان. لەگەڵ ئەم هەموو هەڵبژاردنانەدا کە کراون تا هاتووە گەل و هاوڵاتیی زیاتر ئیرادەیان لە دەست داوە. تا هاتووە دەستەڵاتداران ئاسانتر لە ئەرکی نیشتیمانیی و بەڕێوبەریی کۆمەڵگا لایان داوە. تا هاتووە زیاتر جەماوەری گەل بە بێ هیچ مەرجێک لەسەر دەستەڵات دەنگی داوە بۆ دەستەڵاتێکی نەگۆڕ. تا دێت قەیرانەکانی باشور قوڵتر دەبنەوە. تا دێت هاوڵاتیان زیاتر رادێن لەگەڵ بێ مافیی و کۆیلەیەتیی خۆیاندا.
ئەمڕۆ بۆ هاوڵاتیانی باشوری کوردستان چەند راستییەک رون و رەوانن: هەڵبژاردنەکان پڕ فێل و دەستێوەردانن. دەستەڵاتدارەکان گردو موڵکی گشتییان لەسەر خۆیان تاپۆ کردووەو تاوانبارن نەک سیاسیی. ئۆپۆزیسیونەکان بەشێکن یان هەڵقوڵاوی پیسخۆریین و بۆ هەڵخەڵاتاندنی جەماوەرن. پەڕلەمان کارتۆنییە و میدیاکان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کار بۆ دەستەڵاتدارە بازرگانەکان دەکەن. دەستەڵاتدارەکان دەستبەرداری دەستەڵات نابن. پۆست و هەلی کاسبی دەستکەوتن و دابەش دەکرێن بە سەر ئەو کەسانەدا کە داردەستی دەستەڵاتدارێکن.
نموونەی ئەم راستییانە دەریدەخەن کە هەڵبژاردن و دەنگدان لە باشوری کوردستاندا بۆ ئامادەکردنی ویستی زۆربەی خەڵک نییە. بەڵکو بۆ تازەکردنەوەی ملکەچیی جەماوەرە بۆ ئەم سیستێمی دەستەڵاتدارییە پیسخۆرەی کە هەیە. هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا رەوایی دەدەنەوە بە دەستەڵاتێکی ناڕەوا. بۆیە هاوڵاتیان بە بەشدارییان لە هەڵبژاردن و دەنگداندا نیوەی بەرپرسیاریی ئەو قەیرانە هەڵدەگرن کە باشوری تێکەوتووە. هەرچەندە لە خۆپیشانەکاندا بە هەزارەها کەس لە سەر جادە هاوار دەکەن بڕوخێت دز، بەڵام بە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا خۆشیان دەبن بە راگری ئەو دزانە. بە بەشدارییان رەواییان پێ دەدەنەوە. دەستەڵاتدارانیش پشت ئەستور بەو رەواییە جەماوەر ژێردەستە دەکەن. کولتوری کۆیلەیەتیی هەر چاوەڕێیە ئەوانەی خراپیان کردووە چاکی بکەن. ئەوانەی باشوریان تاڵان کردووە رەحم بکەن و موچە بدەن. لە راستییدا ئەمەیە گرفتەکە. رێگای نەهامەتیی جەماوەری دەنگدەر بۆ دەستەڵاتی پیسخۆری رادەکێشێت. لە بەرامبەر بەم ملکەچییەدا ئێمە "بەرەی بایکۆت" رادەگەیەنین. داوا دەکەین هەر هاوڵاتییەک لای خۆیەوە هەڵوێست بگرێت. نەچێت بۆ دەنگدان. پیشانی بدات لە بەرەی بایکۆتدایە. نەچونی تۆ بۆ دەنگدان رەتکردنەوەی گاڵتەکردنە بە دیموکراتیی بە هەڵبژاردنیشەوە. هیچ بیانوییەک نییە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردندا. ئەوە نەبێت بەشدارییت پیشانی دەدات تۆش یەکێکی لەوان.

بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە