بۆ خۆپیشاندەران: ئاگادارى ئەم (مین)ەى گۆڕان ببن

Saturday, 31/03/2018, 22:40

4916 بینراوە


دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، سوپایەک لە جنێوفرۆش پەیدا بوون، هەرکەسیک ووشەیەک لەسەر ئەم بزوتنەوەیە و نەوشیروان بڵێت هەزار جار لەخوشک و دایکى ئەبەن.
--------------------
گەرچى گۆڕان لەسەردەمى نەوشیروان مستەفادا و ئێستاشدا دید و جیهان بینیەکى ڕۆشنى نەبوو، توانى تاڕادەیەک دەنگی ناڕازیی خەڵک بباتە پێشەوە، ئەم حیزبە لەبرى سیاسەتکردن، زۆرتر خەریکى کاردانەوەى ڕۆژانە بوو بەبێ هیچ پرەنسیپێکى ڕۆشن.
 پێش هەڵبژاردنى ساڵى ٢٠٠٩ خەڵکى کوردستان و بەتایبەت لە زۆنى سلێمانى لەسەر بەرمیلێک باروت بوون تەقینەوەى زۆر نزیک بوو بۆ ڕاماڵینى دەسەڵاتى بنەماڵەکان، دابەزینى لیستى گۆڕان بە کۆمەڵێک دروشمى قەبەوە ئاستى ناڕەزایەتییەکانى هێنایە خوارەوە و لە چاوەڕوانى چالاکى کۆمەڵە ئەندام پەڕلەمانێک قەتیسیدا.خودى نەوشیروان مستەفا بەو باکگراوندە گەورەیەى کەلەگەڵ حیزبى کوردیدا هەیبوو خۆى کاراکتەرێکى سەرەکی بووە، کەتبووە تەوەهومى ئەوە کە لەڕێگەى سندوقى دەنگدانەوە دەسەڵات لەچنگى بنەماڵەکان بهێنێتە دەرەوە و سیستەم بگۆڕێت، لە ئۆپۆزیسۆنبونى بزوتنەوەى گۆڕاندا ئۆپۆزیسیۆنێکى نەفەس کورت و پشوو درێژ نەبوو، بەشدارى لەحکومەتێکى جوت بنەماڵەدا کرد بەناوى حکومەتى بنکە فروان و پێچەوانەى ئەو دروشمەى کە بەرزیکردبۆوە کەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو لە نمونەى سوکترین و بێهەڵوێسترین کەسانى هەڵبژارد بۆ بەشدارى لە حکومەت و زۆر زوو پارتى دەستەمۆیکردن و هەمویان لە هەولێر بوونە ڕێویکى گەڕ و لە سلێمانیش سنگ شێرى ماکەر پشت.
 لە خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوباتدا، یەکەم کاردانەوە پێش حیزب و دەسەڵاتى جوت بنەماڵە، کاردانەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بوو، کە خۆپیشاندەرەکانیان بە گێرەشێوێن ناوزەدە کرد، بەڵام کە خۆپیشاندانەکان درێژەى کێشا و پەلامارى بارەگاى حیزبی درا و لەو بەرەنگار بوونەوەیەدا گەنجانى سلێمانى ئازایەتییەکى بێوێنەیان نواند، چەندەها گیان بەختکردوى لێکەوتەوە، گۆڕان سوارى شەپۆلى ناڕەزایەتیەکان بوو بە ئاقارى حیزبیکردنیدا برد، ئەمە گەورەترین خیانەت بوو، کە گۆڕان لە خەڵکی کرد، سەراى سلێمانى لەباتى ببێتو شوێنى جۆشدانى خەبات و بەرەنگارى و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانى جەماوەرى کاسبکار و بازاڕ و هەمو توێژە ناڕازى داماوکراوەکان، بە پلان کردیان بەمەیدانى وتارى بێمانا و بێسەروبەرو خێمە هەڵدان و دواتر ئیسلامیکانیش بەهاوکارى گۆڕان بەردەرکی سەرایان کردە مەیدانى نوێژى هەینى و دروشمى ئیسلامى سیاسى، ئەوە بووە هەلێکى زێرین بۆ کپکردنى ئەو ناڕەزایەتییانە و دواتر لەسەر خوێنى ئەو گەنجانەو ئەو خۆپیشاندانە، گۆڕان هەندێک دەستکەوتى حکومەتى بەدەست هێنا.ئەوە سێ ساڵە مامۆستایان ناڕەزایەتییەکى کەم وێنەیان دەستپێکردووە لە بایکۆت و خۆپیشاندان چەندەها شێوەى ترى ناڕەزایەتى، ئەم بزوتنەوەیە هیچ هەڵوێستێکى جدى نەبووە وێراى ئەوە لەو ڕووداوە گرنگانەى لە کوردستان و ناوچەبوون بەیاننامەیەکیان دەرکردووە و لە ڕیفرانۆمەکەى میتى تورکیا کە مەسعود سەرپەرشتى ئەکرد کەوتنە دوایى و پەنجەى بەڵێ و مۆرکراویان پیشانى مەسعود ئەدا، پێشتریش لە ڕیگرى لە سەرۆکى پەڕلەمان و دواتر داخستنى پەڕلەمان و شاربەدەرکردنى وەزیرەکانیان هیچ هەڵوێستێکى جەماوەریان نەبووە، بەکورتى ئەم حیزبە بۆ ئەوە خوڵقاوە ئەم هەڵبژاردن بۆ ئەو هەڵبژاردن دێتە گۆو خۆی نمایش دەکاتەوە.لە ئێستا کە بزوتنەوەیەکى جەماوەرى و بایکۆت لەئارادایە سوار کۆڵى شەپۆلى ناڕەزایەتیەکان بوون.لە شۆڕشى گەلانى ئێران ساڵى ١٩٧٩ هەتا شەش مانگى ئەو شۆرشە نە هیچ دەنگێکى ئیسلامى نەخومەینى لە ئارادانەبوون دواوتر توانیان سوار شەپۆلى ناڕەزایەتیەکان ببن.
 ئەگەر بپرسین کەپەڕلەمان کڵۆمى لێدرا، نەیانتوانى بزوتنەوەیەکى جەماوەرى ڕێکبخەن و عەرشى بنەماڵە بهێننە لەرزە، کە سەرۆکى پەڕلەمان دەرکرا هەمدیسان هەروا بێهەڵوێست بوون لەتەوەهومى ئەوەدابوون وڵاتان لەسەریان بێنە وەڵام، لەو ماوەیەدا کەوتبونە خورتە و بۆڵە و ئەندامى جڤات هەیە هاوڕێمە چەند جار لێمبیستووە کە جنێوى بەخەڵک ئەدا.
 لەناڕەزایەتیەکانى ساڵى پاردا گۆڕان ئەندامەکانى نارد لەسەرا خێمەیان هەڵدا، بەڵام پاش سەعاتێک ئاشبەتاڵیان لێکرد.بەداخەوە ڕابەرایەتى ئەم بزوتنەوە جەماوەریەى ئیستا لاوازە و بزوتنەوەى گۆڕان جارێکی تر سوارى کۆڵى ناڕەزایەتیەکانى خەڵک بووە، جەماعەتێکیان خێمەکەى ناردەوە بۆ ناو خۆپیشاندانەکە و لەوەدا سەرکەوتوو بووە و لەبەردەم دادگاى سلێمانى خێمەیان هەڵداوە و کە ئەوەش جوڵەى ناڕەزایەتیەکانى لەبار بردووە و بوو بە ئەجینداى حیزبى.
 ١ * لەبەردەم دادگاى سلێمانى خێمە هەڵدراوە، دادگا دەسەڵاتى جێبە جێکار نیە (السلطة التنفیذية) و بگرە چەردەیەک لە دادوەران و دواکارى گشتى پشتیوانى خۆیان بۆ داخوازى ڕەواى مامۆستایان و فەرمانبەران کرد و بەیاننامەیان دەرکرد.
٢* خێمە هەڵدان لەبەردەم دادگا هیچ دەلالەتێکى نییە، بەڵکو نوێنەرى دەسەڵات لە سلێمانى پارێزگارە و ئەبوایە خێمە لەوێدا هەڵبدرایە و گۆڕان لەوەدا سەرکەوتوو بوو، کە ڕوى ناڕەزایەتیەکانى لەدەسەڵاتى جێبەجێکار وەرگێرراوە.
 ٣* خێمە هەڵدان و قەتیسکردنى ناڕەزایەتیەکان بەو شوێنە دوورخستنەوەى توێژەکانی ترى کۆمەڵ لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە، کە ئەبوایە ئەم پرۆسەیە هەنگاوى گەورەترى بنایە و بیگواستایەتەوە بۆ ئاستێکى باڵا و بیکردایە بە یاخیبونى مەدەنى (عصیان ) سەرجەم ژیانى لەم شارەدا پەکبخستایە و دەسەڵات ملکەچ و ڕسوا ئەبوو.
 ٣* بوونى ئەم خێمەیە و باڵادەستى گۆڕانە لە پێناوى ئەوەى هەندێک لە داخوازییە داراییەکانى لەبەرامبەر یەکێتى بباتە پێشەوە و مانگانەکەى پێزیاد بکات.
 ٤* ئەم خێمەیە بوارى بۆ ئیسلامى سیاسى ڕەخساندووە هەتا خۆیان نمایش بکەن و نوێژى سیاسى لێبکەن بەوەش سیماى مەدەنى و داخوازیەکانى خۆپیشاندەران ببەن بەناخى زەویدا.
 ٥ * سەرانى بزوتنەوەى گۆڕان دەرچووى قوتابخانەکەى جەلالین و ژیانى خەڵک هیچ بایەخێکى نییە، ئەوان نانى قوربانیبوونى خەڵک ئەخۆن، بوونى خێمە ئامانجێکى ئاسانە هەتا دەسەڵات بە ئاسانى ئەتوانێت لایببات.
 ٦ * بوونى خێمە بۆ بزوتنەوەى گۆڕان خێرێکیترى هەیە لەبەر ئەوەى سەرانى حیزبەکە سەرکردەى مەیدانى نین (بەنمونە وەکو دەمیرتاش) ئیتر سەردانى خێمە و وتنەوەى چەند دروشم و قسەیەکى سواو شانى خۆیان خاڵى ئەکەنەوە.
 مەلا کامەرانى گۆڕان یەکەم کەس بوو بەرەنگارى کانتۆنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان بووەوە 
 داخوازم لەخەمخۆرانى ئەم ناڕەزایەتى و بایکۆتە خۆیان خێمەکان لاببەن نەبنە نێچیرى حیزبێک کە ئەیەوێت دەستکەوتى مادى چنگ بکەوێت و بیکات بەمەیدان و کەمپین بۆ بانگەشەى حیزبى و ئەندام پەڕلەمانەکانیان.ئێوە لەو حیزبە داوا بکەن با لەحکومەتى خۆجێى سلێمانى بکشێتەوە ماناى چیە حکومەتێک دز بێت تۆ چەمکێکى بۆ بگریت، داوابکەن باگردى زەرگەتە ببێتە مڵکى بزوتنەوەکە و سەرانیان هەموو ڕۆژێک لەگەڵ ڕەوتى خۆپیشاندانەکەدابن، دڵنیابن ئەوانە هیچیان ناکەن.
 دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، سوپایەک لە جنێوفرۆش پەیدابوون، هەرکەسیک ووشەیەک لەسەر ئەم بزوتنەوەیە و نەوشیروان..بڵێت هەزار جار لەخوشک و دایکى ئەبەن بەشیوەیەکى وەها کە ڕوى لۆمپینەکانى یەکێتى و پارتییان سپیکردۆتەوە، هەزار جار دەباشان و سەرى ڕەش بخەرە ڕستەى بێفەڕکردنەوە لەوانەیە گوێت لە سوکە کاردانەوەیەک ببێت، ئەگەر بڵێیت با گردى زەەرگەت ببێت بەمڵکى گۆڕان و لە چنگ کوڕانى نەوشیروان دەربهێنریت ئەوە پێت ئەڵێن دەستنوێژ بگرە ئینجا باسى گردەکە بکە.
 ئێستا گردەکە سەرقاڵى ئەوەیە چەند ئارام شێخ محەمەدێکى تر بۆ بەغدا بنێرێت، خۆپیشاندەرانى بەغدا ئەوەندەیان لە ئارامى شێخ محمەد دا و شەق لاى لە شەقیتر نەئەکردەوە هەتا هێزى هەڵکێشانى پانتۆڵەکەى لێبرابوو، تۆ بڵێیت ئەندامانى تازەیان ئەوەندە بوێریان تێدا بێت ئەگەر ئەوانیش تووشى چیرۆکى ئەو پانتۆڵە ببن لەبەر حورمەتى حیزبەکەیان بەغدا جێبهێڵن.
 ئەوە بۆ دوو ساڵە دیوارى دەرەوەى گردى زەرگەتە داڕماوە هەتا ئێستا چاک نەکراوەتەوە، ئەگەر دیوارێکى خۆیان پێچاک نەکرێتەوە، چۆن کۆمەڵگا چاک ئەکەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە