داگیرکردنی هەرێم لە برادۆستەوە دەستیپێکرد

Saturday, 31/03/2018, 22:58

3496 بینراوە


ڕیفراندۆمە وێرانکەر و بێواتاکەی مەسعود بارزانی شاری زەردەواڵەکانی ناو دەسەڵاتی عێراق و تورکیا و ئێرانی ئاڵۆسکان، ئاگری هیستریای ئەوانەی ڕق و کینەی دێرینە و تازەیان  لە کورد هەیە کە گوایە ئیسرائیلێکی دوهەم دروستدەکات لە ئەنکەرە و تاران و دیمشق و بەغداوە بەرزبۆوە .پارتی و یەکێتی بە ڕادەستکردنی کەرکوک و ناوچە کوردوستانیەکانی تری دەرەوەی هەرێم ، هەروەها بە ڕادەستکردنی نەوتی کوردوستان و گومرگەکان و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلەیمانی عێراقیان ئارام کردۆتەوە. ئێران لە ڕێێ پیاوکوژەکانیەوە بە شەهیدکردنی خوشک و برایانی حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی  کوردوستان، سەقامگیری و  ئاسایشی هەرێمەکەمان دەخاتە مەترسیەوە. تورکیا ئیتر ئیشی بەوە نەماوە بێپرس بە عێراق لەگەڵ کۆمپانیا بێعەقڵەکەی شیمالی عێراق (حکومەتی پارتی و یەکێتی) بازرگانیی نەوت درێژەپێبدات، کە بە  مژینی دوایین تنۆکی گەلەکەمانی برسی کردوە. وادیارە تورکیا دەیەوێ بە بیانوی بونی پەکەکە  لە قەندیل هەرێمی کوردوستان داگیربکات ، ئەم ڕاستیانەی خوارەوە بەڵگەی بۆچونەکەمن، ١. سوپای تورکیا بەتایبەتی لە مانگی ئوکتۆبەری  ٢٠١٧ وە  وردە وردە ، بە بێدەنگی و بەخشکەیی هاتۆتە قوڵایی هەرێم ، بۆ نمونە جێگە ستراتیجیەکانی دەڤەری برادۆستی سەربە  ناحیەی سیدەکانی داگیرکردوە و  کردونی بە بنکەی سەربازی. ٢. بە ئازادی لە ئاسمانی کوردوستانەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆمبارانی ناوچەکانی هەرێم دەکەن تا ئەو ئاستەی چەند جارێک گوندی گەڵاڵەی نزیک سلێمانی یان بۆمبارانکرد.٣. ئۆردوگان ئامادە نیە هیچ کۆبونەوەیەک لە گەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێم بکات .٤. کۆبونەوە ئاشکرا و نهێنیەکانی نێوان بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگریی  تورکیا و عێراق  ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبوندان.٥. عیبادی لە دوا قسەیدا وتی ئێمە دژی هەمو جۆرەکانی تیرۆر لە عێراق شەڕدەکەین کە دیارە مەبەستی لە پەکەکە یە. ٦.لە دوای ئازادکردنی موسڵ و شەنگالەوە عێراق یەکجار ناڕەزایەتیی بەرامبەر تورکیا دەرنەبڕیوە لەسەر ئەو دەسدرێژیکردنە بەردەوامانەی دەیکاتە سەر ئاسمان و خاکی عێراق لە هەرێمی کوردوستانەوە.
٧. ئەمریکا کە بە حساب دۆستمانە و  لە دانەچیڕەی گورگەکانی دەوروبەرمان دەمانپارێزێ تا ئێستا ناڕەزایەتیەکی بەرامبەر تورکیا دەرنەبڕیوە لە سەر دەسدرێژییە سەربازیەکانی بۆ سەر هەرێم.
ئێستا چی بکەین؟ 
بەڕای من دەبێت  لە حیزبە کاراکانی دەروەی پارتی و یەکێتی ئەنجومەنێک  دروستبکرێت بۆ دەسپێکردنی هەڵمەتێکی دیبلۆماسی و جەماوەری و میدیایی بۆ بەرەنگاربونەوەی نیازی تورکیا لە داگیرکردنی باشوری کوردوستان . دەبێت ئەم ئەنجومەنە سود وەربگرێ  لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ، هەروەها بۆ هاوکاری و پشتیوانیی یەکتر دەبێت لە پەیوەندیی بەردەوامدابێت لەگەڵ  حیزبە کاراکانی بەشەکانی تری کوردوستان.حکومەتۆکەکەی نێچیروان و قوبادیش بە پشتگیریکردنی دارایی و تەکنیکی و زانیاریی هەواڵگری دەتوانێ هاوکاریی ئەم  ئەنجومەنە بکات. یەکەم کاری ئەم ئەنجومەنە سەردانێکی ڕێکخراوبێت بۆ نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان وکونسولگەریەکانی وڵاتان لە هەولێر بۆ ئاگادرکردنەوەیان لە دۆخەکە و وەک ڕێخۆشکەریش بۆ سەردانێکی دیبلۆماسیی بۆ  ناوەندەکانی دەسەڵات لە نیۆرک و بروسل و مۆسکۆ و هتد. ئەنجومەنەکە دەتوانێ لە ڕێی میدیاکان و لە ڕێی خۆپیشاندانی جەماوەریی گەورە ڕای گشتیی کوردوستان ئاگاداربکاتەوە لە مەترسیی ڕاستەقینەی داگیرکردنی هەرێم. لە سەر ئاستی عێراقیش دەبێت بە هاوکاریی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق ڕای گشتیی عەرەبی عێراق لە مەترسییەکانی تورکیا ئاگاداربکرێنەوە ، هەروەها دەبێت وەفدێکی ئەم ئەنجومەنە بە زوترین کات سەردانی  بەغداد بکات بۆ وتووێژ لەگەڵ عیبادی و ڕاستەوخۆ و بوێرانە ئەم پرسیارەی لێبکات: ئایا ئێوە  ڕێکەوتنێکی هاوشێوەی ئەوەی سەدام و شای ئێرانتان بە نهێنی لەگەڵ تورکیا و ئێران ئیمزاکردوە بۆ هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و داگیرکردنەوەی کوردستان؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە