هەمدیسان کۆمەڵگە!

Monday, 02/04/2018, 11:31

2747 بینراوە


مەحجووب گوتی:
- با جارێک قوتابخانە بنیات بنێین، ئینجا دەبێ گفتوگۆ لەسەر یەکخستنەوەی فێرکردن بکەن. ئەم خەڵکە چۆن بیردەکاتەوە؟ کات بە کۆنفراس و شتی بێ ماناوە دەکوژن! کەچی منداڵی ئێمەش چەندین میل دەبڕن تا دەگەنە قوتابخانەکەیان! باشە ئێمە مرۆڤ نین؟ ئەوەنیە باج و سەرانە دەدەین؟ بۆ لەم وڵاتە مافمان نییە؟ هەموو شتەکان لە خەرتوومن، هەموو بودجەی دەوڵەت لە خەرتووم خەرج دەکرێ. یەک خەستەخانە لە مرۆی هەیە، سێ ڕۆژە ڕێیە، ژنان لە کاتی منداڵبووندا گیانیان دەردەچێ.

(ئەلتەیب ساڵح) لە رۆمانی (وەرزی کۆچ بەرەو باکوور) لە وەرگێڕانی (سەباح ئیسماعیل) زۆر جوان درکی بە مەترسیی بێ پلانیی کێشەی شارنشینی ( Urbanization)* واتە گواستنەوەی خەڵک لە گوندەوە بەرەوە شار کردوە، کۆمەڵناسان گرنگییەکی زۆر بەو چەمکە دەدەن.. چونکە زۆربەی وڵاتە دواکەوتووەکان کێشەیان هەیە لەو بارەیەوە یان بە واتایەکتر بەدەردی دیکە ئەو بێ پلانییە دەناڵێنن.

لە نیشتیمانی ئێمەش ساڵانێکی زۆرە خەڵک لە گوندەوە بەرەو شارەکان ڕادەگوازرێن،  وشەی ڕاگواستنەوەش زیاتر ئەوەمان بۆ دەردەخات کە جێگۆڕێیەکە پتر بارێکی ناچاریی بووە، دیارە دەسەڵاتی هەرێمیش وەک قەیرانێک سەیری ئەو کارەساتەی نەکرد.. ئەگەر وەک قەیران سەیری بکردبایە ئەوە بە دوای هۆکار و چارەسەرەکانیشدا دەگەڕا، بەڵکە ئەو خاڵەی پتر قۆستەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی تا کلتوری خێڵەکیی بەسەر خەڵکەکە زاڵتربکا.

ئەوە یەکلابۆتەوە پێویستییەکانی ژیان لە نێو شارەکان باشترە وەک لە گوند.. کەچی ئەوە بە ئاشکرا لە هەندێک گوند بەدیدەکرێ کە خەڵکەکە دەستی بە پێویستییە سەرەتاییەکانیش راناگات. لە ئەوروپا کارێکی راشکاوانە دەکرێ بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییە کەمتربکەنەوە.. بۆیە دەبینی پێداویستییە گشتییەکانیان بۆ زۆربەی گوندنشینەکان دابینکردوە تەنانەت لە هەندێک رووەوە ژیانیان لە گوندەکان باشتر و ئاسانتر کردوە، با ئەوەش بڵێم؛ ئەوروپاییەکانیش درەنگ دەستیان بەو پرۆسەیە کرد.. هۆکارەکەشی ئەوە بوو بە خێرایی بەرەو وڵاتی پیشەسازیی هەنگاویان نا، بەڵام بۆ وڵاتانی شێوە ژینگەی ئێمە زۆر لەبارترە چونکە هێشتا خەڵكێکی زۆر هەن وەک ئارەزوو حەز لە ژیانی گوندنشینیی دەکەن، بۆیە دەکرێ سوود لە هەڵەی ئەو وڵاتە پیشەسازییانەش وەربگیردرێ کە کەمترین گرنگییان بە لایەنی کشتوکاڵ دا.

لە باشووری وڵات بە هۆی شەڕ و پێکدادان لە نێوان دەسەڵاتى بەعس و هێزی پێشمەرگە گوندێکی زۆر خاپوورکران و خەڵکەکەشی بە تۆبزیی بۆ شار و شارۆچکەکان راگوێزران.. لەبەرئەوەی رێژەکە زۆر بوو شارەکانیش کە خۆیان هێشتا سیمای شاریان نەگرتبوو.. هەروا بە هۆی ئەو هەموو چەوسانەوەی بە درێژایی مێژوو بەرۆکی ئەو میللەتەی گرتبوو.. ئیدى شارەکان وێرانتر بوون، ئەوەی بە خەڵکەکەش کرا لەو کاتە تەنیا داڵدەدانی خزم و کەسوکارەکانی خۆیان بوو، لە هەمان کاتیشدا خەڵکەکە بێ ئەوەی پلان هەبی بە خەستیی کەوتنەوە نێو فەرهەنگی خزمایەتی، هەموومان ئەو راستییە دەزانین لە کاتی ئاساییدا گواستنەوەی خەڵک لە گوندەوە  بۆ  شار وردە  وردە ئەو پەیوەندییە خێڵەکییە لاوازتر دەکا.. کەچی ئەو بارودۆخە ناچارییەی بەسەر ئێمەدا هات بە پێچەوانەوە پەیوەندییە خێڵەکییەکەى بەهێزتر کرد.

حیزبی بەعس هەمیشە کاری لەسەر ئەو راگواستنە کردوە، بە گوێرەی ئەو دانپێدانانەی ئەندامەکانیان کە لە راپۆرتەکاندا هاتوە ئەوان هەردەم پلانیان هەبووە چۆن نەیارەکانیان لەنێوببەن، کوردیش وەک نەتەوە هەرگیز نەکەوتۆتە نێو بەرنامەی دۆستایەتیی ئەوان.. ئەگەر پەیماننامەیەکیشیان لەگەڵ کورد مۆرکردبێ تەنیا بۆ ئەوە بووە تا خۆیان بەهێزبکەن بۆ هێرشێکی دیکە.

راستە دەسەڵاتی بەعس دەسەڵاتێکی بێ سنوور و دڕندە بوو بەڵام ئێمەش بە هەمان رامان و تێگەیشتنی ئەوان لە نێو ماڵی خۆمان شەڕمان لەگەڵیان دەکرد و هەرگیز شەڕەکەمان نەگواستەوە نێو ماڵی دوژمن. لە هەندێک شوێن دوو چەمک و تێگەیشتنی نەخۆش بە زەقیی ململانێی یەک دەکەن و بەرانگژی یەکدی دەبنەوە.. واتە دەسەڵات و بەرهەلستکار.. بەو بارەش میللەتەکەمان لە باشوور دوو جار تووشى ماڵوێرانیى بۆوە؛ جارێکیان لەسەر دەستى دوژمن و جارێکى تریش بە دەستى خۆمان.. هەڵەبجە و ئەنفال و چەندان شوێنی دی دەرەنجامی پێکدادانی ئەو دوو مینتالیتێتە نەخۆشەیە ، لە کاتێکدا نەمانتوانی بیانپارێزین کردماننە خۆراکی بەناو شۆڕش.

نزیکترین پرۆسەی راگواستن کە  دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم راگواستنەکانی ١٩٨٦ تا راپەڕینەکەی ١٩٩١ بوون.. لە پاش ئەوە کۆچڕەو دەست پێدەکا و پاشان ئەو سێ شارە (دهۆک و هەولێر و سلێمانی) بە فەرمیی دەکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی کوردی، ئەو حیزبانە بە هۆی ئەوەی چەندان ساڵ لە چیا و پێدەشتەکانى کوردستان شەڕیان دژی دەسەڵاتی حیزبی بەعس دەکرد تاکە شتێک بیریان لێدەکردەوە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە بوو نەک ئاوەدانکردنەوە.. جۆری بەرەنگاربوونەوەکەش بە شێوەیەکی نەریتیی بوو.

ئەو شارانەش وەک ئاماژەم پێدان بە هۆی ئەوەی لە رووی فەرهەنگییەوە لە لایەن فەرهەنگی گوندەوە داگیرکرابوون.. لەبەرئەوەی هەژاریی و خزمایەتی خڕیکردبوونەوە.. ئیدی پێویستیان بە هێزێکی رادیکاڵ هەبوو تا رزگاریان بکا و یاسا و دەستوورێکی هاوچەرخ بێ و ئەو قۆناغە هەڵگەڕێتەوە و بیباتەوە سەر رێچکە ئاساییەکەی خۆی، کەچی تووشی هێزێک بوون دابڕاو لە شارستانیەت بە واتای وشە؛ سەرکردەکانی ئەو هێزانە هەوڵیاندا کۆمەڵێک دروستبکەن لە خۆیان بچێ.. دەرگەیان بۆ چەکدارە خۆفرۆشە کوردەکان و نەیارەکانی دوێنێ واڵاکرد.. هاوڕێیە دڵسۆزەکانیان تووشی دوو هەڵویست کرد.. یان دەبوو خۆیان لەگەڵ ئەوان بگونجێنن یان دەبوو گۆڕەپانەکە چۆڵ بکەن.. وەک قۆناغی سەرەتایی دەستیان بە بڵاوپێکردنى دڵسۆزان کرد.. هێدی هێدی هەموو ئەو جومگە گرنگانەیان کۆنترۆڵ کرد کە کۆمەڵی بەرەو پێشەوە دەبرد:
- ئاودیوکردنی زۆربەی ئەو ئامێر و کەرەستانەی کە نیشتیمانی پی ئاوەدان دەکرێتەوە، دیارە خەڵکە دڵسۆزەکە زوو لەوە گەیشت ئەوانە نیازیان نییە ولات ئاوەدان بکەنەوە.. ئیدی لێیان دوورکەوتنەوە.
- سیاسەتی برسییکردن و خۆ بە خاوەن نەزانینی خەڵک.
- گواستنەوەی شەڕ و ململانێیەکانیان لەگەڵ یەکدی لە چیاوە بۆ نێو شارەکان.

 هاوڕێیەکم بۆی گێڕامەوە گوتی:
- لەگەرمەی قەیرانەکان سەرەک وەزیرانم دیتوە لەگەڵ چەند وەزیر و چەند ئەندامەکی (مەکتەبی سیاسی) بە دیار دوو بەندبێژ دانیشتوون و مێزیان رازاندبۆوە (سەیری ئەو 'زەوق'ە بکە!)، ئەو قۆناغە لە لایەن بەرپرسەکان بە قۆناغی وڵاتێکی خاپوورکراو کە رژێم بۆی بەجێهێشتبوون ناوى دەهێنن و باسى لێوە دەکەن.. کەچی ئەوها ئاوەدانیان دەکردەوە!

دەستیان بەسەر شوێنە گشتیەکاندا گرت و تیۆری (کەسى شیاو لە شوێنی شیاو) کە لە چیا وێردی سەرزمانیان بوو تێکوپێک دا و دامەزراوەى حکومییان کردە حیزبیی؛ ئەو کەسەی بۆ خۆیان دەیانخواست لەو شوێنانەیان دادەنا ئەگەر نەخوێنداوەریش بایە. بێگومان هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر وا بزانین ئەوان بە هەڕەمەکیی کاردەکەن.. نەخێر ئەوانیش کۆمەڵێک پرەنسیپی گرنگیان هەیە و کاری لەسەر دەکەن.. سوود لە ئەزموونی دراوسێیەکانیان وەردەگرن.. بۆ نموونە بڕوانامەی بێ زانست و زانیاریی گەورەترین دروشمی ئەو وڵاتە دیکاتۆر و دواکەوتووانە بوو.. ئەوان پشتیان پێ بەستا.. بە دەیان کەسیان نارد بۆ ئەو وڵاتانە ە بڕوانامە و ئەزموونیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە، ماوەیەکی زۆرە هەموو شتێک کە خۆیان دەیانەوێ لەسەر ئەو خەڵکە هەژارە تاقیدەکەنەوە، ئامانجیش دیارە چەندەی خەڵکەکە لەو دامەزراوە پێشکەوتوو و شارستانییانە دووربکەوێتەوە هێندە بۆ نەریتە کۆن و دواکەوتووەکان دەگەڕێنەوە. لە یەکێک لە گەڕانەوەکانم لە ماڵێک بووم کچێکی ١٦ ساڵەیان زگی دەهێشا و یەکێکیان گوتی:
- بیبە لای مەلا.. 
- بۆ بیباتە لای مەلا؟
- هەندێک قورئانی لەسەر دەخوێنی.
- جا ئەوە چ پەیوەندیی بە نەخۆشییەکەی ئەو هەیە؟
ئیدى ئەوانەی لەوێ بوون وەک کۆرسێک لێم هاتنە وەڵام و گوتیان:
- خۆ قورئان لەسەر خوێندن خراپ نییە..
ئیتر باسی ئەوەیان بۆ کردم کە (مەلا ئەو کارە بۆ خوا دەکا!) خۆ هەر پارەشی ناوێ.. ئێمە بۆ خۆمان هەندێک پارەى لە ژێر دۆشەکەکەی بۆ بەجێدەهێڵین (شوێنەکەشیان بۆ دیارکردبوون!).

گەڕانەوە بۆ مەلا و نوشتە کارێکی زۆر وردی ئەو دەسەڵاتەیە.. ئاساییە خەڵکەکە متمانەی بە پزیشک و دەرمان نەمێنێ و خۆیان رادەستی کەش و هەوای (قەدەر) کە چەمکێکی دیینییە بکەن.. تەنیا ئەوە فێرى مرۆڤەکان دەکەن کە (ئەوەی خوا نەیکوژێ نامرێ!).. مارکس رێک لەو بارەدا ئاین بە ئەفیون دەزانێ، دیارە قسەی من لەسەر ئاین و باوەڕدارانی نییە.. بەڵکە مەبەستم لە دەسەڵاتێکی دواکەوتووە کە چۆن ئاین دەکاتە ئامرازێک بۆ دواکەوتنی کۆمەڵ، بڕوام وایە دەکرێ بە یاسا و دەستوورێکی سیکۆلار دینی ئیسلامیش لە دەوڵەت جودابکرێتەوە.

بە کورتییەکەی هێز و راگەیاندنێکی قین لەدڵیان دروستکرد.. تینوو بە گیانی ئەو خەڵکە بەدبەختە، کۆمەڵێک دروشمیان هەبوو هەموو کات بە چاوی ئەو خەڵکەیان دادەداوە.. بۆ نموونە وەک ئەو قسانە: ''ئێمە ئێوەمان گەیاندە ئەو ڕۆژە'' و ''ئێمە خەباتمان دەکرد و قوربانییمان دەدا'' و... تد.. بەوەەش هەر کەسێک رەخنەی بگرتبا یا ناڕازیی با پێیاندەگوت: ''وا دیارە سەردەمی سەدامت پێ باشتربووە؟ ئەو رۆژانەت لەبیرچوو کە سەدام ئەنفالی دەکردین'' و چەندین قسە و دەستواژەی ناشیرینى دیکە!

هەر بۆ ئەوەی وردتر قسە لەسەر ئەوە بکەین چۆن ئەو کۆمەڵەیان دروستکرد تا ئازادانەتر تێیدا بسوڕێنەوە.. خەڵکانێکیش بە ناوی رۆشنبیر بهێنن و بە دەیان وتار بنووسن و پێمان بڵێن ''ئەوە میللەت نییە..عیلەتە''!

پارە خەرجکردنێکی زۆر بۆ لەتکردنی ئەو گرووپ و رێکخراوانەی نەکەوتبوونە ژێر کۆنتڕۆڵیان.. کڕینی ویژدانی نووسەر و کەسە ئەکادیمییەکان.. پەراوێزکردنی خەڵکانی دڵسۆز، کە ئەو خەڵکانە کەوتنە ژێر دەستى خۆیان ئیدى ناڕەزاییەکانی خەڵک تەنیا وەک ناڕەزایی دەمێننەوە؛ ئەگەر تووڕەبوونەکانی خەڵکیش بگاتە ئاستێک هێرش بکەنە سەر بارەگا و دامودەزگەکانیان ئەوە هەندێک نووسەریان هەیە بەرگێکی (گاندی) لەبەردەکا و دەڵێ ''ئێمە لەگەڵ داواکارییەکانتاین.. ئێوە مافی خۆتانە.. بە داخەوە نەدەبا ئێوە بەو شێوە ناشارستانییە بجوولێنەوە و هێرش بکەنە سەر بارەگایەکان''.

 زۆر قسە لەسەر لەسەر ئەوە کراوە کە نووسەران و رۆشنبیران بوونەتە پەرژینێک بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتە، دیارە ئەو پێوەرەش یەکلابۆتەوە کەهەر وڵاتێک دەسەڵاتێکی دیکاتۆر بەڕێوەی ببا واتە نووسەران و رۆشنبیرانی چالاک نین، بەڵام من نامەوێ قسە لەسەر ئەو لایەنە بکەم.. بەڵکە لایەنی زمانە.. بەشێک لە نوسەران کۆششێکی زۆر دەکەن تا زمان بگەڕێننەوە بۆ قۆناغی خێڵەکیی ئەوەش بە بیانووی گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی، دیارە هەر کۆمەڵێک کە گەشەدەکا زمانەکەشی لە رووی چەمک و دەسەتەواژە و ئیدیۆم و... تد گەشە دەکا.. بەڵام ئەو نووسەرانە بۆ ئەوەی تێروانین و هۆشمەندیی نوێ لە دایک نەبێ دژایەتیی ئەو نەوە نوێیە دەکەن چونکە ئەو جۆرە نووسەرانە بە دوای ژینگەیەکدا دەگەڕێن گونجاوتر بێ بۆ خۆیان.. بۆیە دەبینی بەرژەوەندییان لەگەڵ مانەوەی ئەو دەسەڵاتەیە.

ئەوەشمان لەبیر نەچێ بەشێک لەو نووسەرانە لە خوێندنگەی ئەو حیزبانە لە دایک بوونە.. بێجگە لەو نووسەرانەی لەگەڵ دەسەڵاتن.. جا هەر کێ بێ.. دەیانەوێ تەنیا لە جیهانە نێرگزییەکەی خۆیان بژین.. بە نوسینەکانیان کار لەسەر ئەوە دەکەن خەڵک بێ یادەوەریی بکەن.. بە کۆمەڵێک شتی پووچ و ئەندێشەبازیی خەریک دەکەن. 

دیارە خاڵێکی ترسناکتر لە گەشەی زمان کە تا ئێستاش بە زەقیی دەبیندرێ ئەوەیە بەشێک لە زمانزانەکانی ئێمە سەرچاوەی سەرەکییان زمانی عەرەبییە.. ئەوەش تووشی دوو کێشەی کردووین؛؛ یەکەم ئەوەی عەرەب بیڵێ راستە ئێمەش بیڵێین، بەوەش لەو لایەنەوە زمانەکەمانیان بەعەرب کردوە چونکە تۆ ناگەڕێیتەوە سەر ئەوەى کورد چی دەڵێ بەڵکو ئەوەت پێ راسترە کە عەرەب دەیڵێ! دووەم زمانی عەرەبی چەمک و دەستەواژەیەکی گەللەک زۆری خێڵەکیی و دینیی تێدایە.. ئەو کارەش بە بەرنامە لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێ، وشەگەلەکی یەکجار زۆر هەن لە زمانی کوردی دەکرێ بە یاسا سنووریان بۆ دیاربکرێ چونکە بێ رێزیی بە ماف و بەها و شکۆی مرۆڤ دەکەن.

دوا قسەم ئەوەیە ناکرێ نکۆڵیی لەوە بکەین کە کۆمەڵەکەمان دواکەوتووە.. هۆکارەکانیش زۆر دووبارە و چەندبارە کراونەتەوە.. بەڵام ئەو کەسەی دەیەوێ کار بۆ چاکسازیی یان گۆڕانکاریى کۆمەڵایەتی بکا دەبێ بشزانێ ئەو جۆرە کۆمەڵانە پێویستیان بە لێبووردەیی هەیە و ناکرێ سەرزەنشتیان بکەی. دیسان ئەو رستەیە دووبارە دەکەمەوە؛ بە بڕوای من یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەو بارودۆخەی ئێمە تێیکەوتووین ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتەی باشووری وڵات دەیەوێ کۆمەڵێک دروستبکا لە خۆی بچێ نەک پێچەوانەکەی.. دیارە گشت پیداویستییەکانی کۆمەڵیش لە دەست خۆیەتی، ئەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی ویرانکردوە خودی دەستەبژێرە سیاسی و ئەدەبییەکەیەتی.







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە