حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی نهێنی دەستكاری پاشەكەوتی مووچەی پلە باڵاكانی كردووە

Tuesday, 03/04/2018, 20:54

4336 بینراوە


28ی ئازاری 2018، دوای چەندین كۆبونەوەی لیژنە تایبەتەكان‌و وەزارەتی دارایی‌ و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان‌و راوێژكارەكانی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر سیستمی نوێی پاشەكەوتی مووچەداو بەپێی بڕیارەكە بڕی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كەمكرایەوە.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و رێباز حەملان وەزیری دارایی‌و ئابووری، رایانگەیاند بڕی پاشەكەوتی مووچەی پلە باڵاكان دەستكاری نەكراوەو وەك خۆی ماوەتەوە.
ڕۆژنامەی (ژیان) زانیویەتی حكومەتی هەرێم پاشەكەوتی مووچەی پلە تایبەتەكان كە وەزیرو پەرلەمانتارانن‌و مووچەیان لەسەرو پێنج ملیۆن دینارەوەیە بەپێچەوانەی وتەكانی سەرۆكی حكومەت‌و وەزیری دارایی، پاشەكەوتی مووچەیان كەمكراوەتەوە.
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك كە دەست ئەو ڕۆژنامەیە كەوتوون"بڕی پاشەكەوتی پلە باڵاكان كەمكراوەتەوە بەشێوەیەك هەر بەرپرسێك مووچەكەی لە پێنج ملیۆن زیاتر بووبێت‌و پێشتر لەسەدا 75ی پاشەكەوتی مووچەكەی بۆ كرابوو، بەڵام لەئێستادا بەپێی سیستمە نوێكە لەسەدا 50ی پاشەكەوتی مووچەكەیان بۆ دەكرێت‌و لەسەدا 25ی پاشەكەوتی مووچەكەیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە".
لەبەدواداچوونەكەی (ژیان)دا دەركەوتووە "ئەنجومەنی وەزیران نموونەیان بەوە هێناوەتەوە كە ئەگەر كەسێك مووچەكەی بریتی بێت لە پێنج ملیۆن‌و 100 هەزار دینار، پێشتر بە سیستمی پاشەكەوتی كۆن لەسەدا 75ی مووچەكەی پاشەكەوت دەكرا واتا یەك ملیۆن‌و 275 هەزاری دەدرایەو لەئێستادا بەپێی سیستمە نوێكە رێژەكە بۆتە لەسەدا 50، مووچەكەیان دەبێتە دوو ملیۆن‌و 550 هەزار دینارو بەوەش یەك ملیۆن‌و 275 هەزار دیناری بۆ خراوەتە سەر موچەكەی.
سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیران، بەمەرجی ناونەهێنانی بە (ژیان)ی وت "نزیكەی 950 كەس لەوانەی خاوەن پلەی تایبەتن‌و مووچەكەیان لە 5ملیۆن زیاترە، سودمەند دەبن لەم سیستمە نوێیەی مووچە".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە